
مستەفا شڵماشی
لە کاتێکدا کە هەستی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لوتکەدایە، کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕێکخراوترین کۆمەڵگەیە بە بەراورد لەگەڵ ناوچەکانی ئێران؛ ویستی کۆمەڵانی خەڵک لەو بەشەی کوردستان لە هەموو کاتێک زیاتر خوازیاری یەکگرتنی حیزب و ڕێکخراوەکانیانە. یەکگرتنی پێنج حیزبی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بەرنامە و بۆچوونی جیاواز و بە مێژووی خەباتی جۆراوجۆرەوە، وەڵامێکی ئەرێنییە بۆ ویستی کۆمەڵانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
ئەم یەکگرتنە، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستانی گەورە بەگشتی بەهێزتر دەکات. حیزبەکانی کوردستان لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دەسەڵات و هەروەها لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی سەرانسەریی نێوخۆ و دەرەوەی ئێراندا بەهێزتر دەکات؛ ئەگەر سوودی باش لەو یەکگرتنە وەربگیرێت، گومان لەوەدا نییە کە دەبێتە هۆی وەرچەرخانێکی مێژوویی لە خەبات و تێکۆشانی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا.
بەڵام دەبێت ئەوەمان لەبەرچاو بێت کە هەرچەند ڕاگەیاندنی ئەم یەکیەتییە، واتە "هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران" گرنگ و پڕبایەخە، ئەگەر لە کاتی خۆیدا و بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە هەنگاو بۆ داڕشتن و بەکارهێنانی ڕێکارەکانی چالاککردنی ئەم یەکیەتییە هەڵنەگیرێت، زۆری پێ ناچێت کە دڵساردیی تێ دەکەوێت و کۆمەڵانی خەڵک بێهیوا دەکات و لە ئەنجامدا سەرکەوتوو نابێت. بۆیە پێویستە هەرچی زووتر ڕێکاری یەکخستنی هێزی پێشمەرگە، ڕێکاری پێکهێنانی تیمی دیپلۆماسی، ڕێکاری پێکهێنانی دامەزراوەی نەتەوەیی بۆ بەڕێوەبردنی کوردستان لە کاتی ئازادیدا، ڕێکاری بەڕێوەبردنی خودی یەکیەتییەکە و هەروەها چەندین دامەزراوەی ستراتیژی، بەرنامەداڕشتن و بەڕێوەبەری دابڕێژرێن.
پێویستە ئەم یەکیەتییە هەوڵ بدات لە تەواوی توانستەکانی بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا سوود وەربگرێت؛ هەوڵ بدات سەرنجی حیزبەکانی دەرەوەی یەکیەتییەکەش بۆ لای خۆی، یان لانی کەم بۆ هاوکاری لە هەندێک پڕۆژەدا ڕابکێشێت. پێویستە کەسایەتییە سیاسی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی، هونەری و ئەکادیمییە سەربەخۆکان لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە و لە پسپۆڕی و ئەزموونەکانیان کەڵک وەربگرێت. هەموو ئەندامان و لایەنگرانی ئەو حیزبانەی کە لەو یەکیەتییەدا بەشدارن، لە کاروبارەکاندا بەکار بهێنێت، پەیوەندیی بەردەوامی لەگەڵیان هەبێت و بڕیارەکان و بەڵگەنامەکانی یەکیەتییەکەیان پێ بگەیەنێت و داوایان لێ بکات کە ئەوانیش بە کۆمەڵانی خەڵکی بگەیەنن.
بەم جۆرە دەتوانێت لە هەموو توانستەکانی بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا سوود وەربگرێت تا بتوانێت هەموو هێزی بزووتنەوەکە بە دۆست و دوژمن بناسێنێت، بۆ ئەوەی لەو ڕێگەیەوە هەمووان حیسابی لەسەر بکەن. ئەو کاتە دەکرێت زۆرتر پەل و پۆ بهاوێژێت و هەوڵ بدات لە ئاستی ئێران و دەرەوەی ئێراندا هاوپەیمان بۆ خۆی بدۆزێتەوە، تا ببێتە چەقی پڕۆژەی پێکهێنانی جێگرەوە بۆ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، کە لە هەلومەرجی ئێستادا گەورەترین خاڵی لاوازی ئۆپۆزیسیۆن و گەورەترین هەلی مانەوەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییە.
بزووتنەوەی کورد ئەگەر بە بەهێزی خۆی دەربخات و هەموو خاڵە پۆزەتیڤەکانی خۆی بە جوانی بناسێنێت و سوود لەو مێژووە پڕشنگدارە وەربگرێت کە لە خەباتدا بەدەستی هێناوە، دۆستی سروشتی لە ئاستی سەرانسەریی ئێراندا زۆرە و تەنیا پێویستە بیانکاتە هاوپەیمانێکی کارا. بەر لە هەمووان خەباتکارانی نەتەوە ژێردەستەکانی دیکەی ئێران لە بەلووچ، تورک، عەرەب، تورکمان و هتد، هاوچارەنووسی نەتەوەی کوردن لە ئێرانی ئێستادا و بەدرێژایی زیاتر لە سەد ساڵی ڕابردووش هەر هاوچارەنووسی بوون؛ دەکرێت کار لەسەر ئەم هاوچارەنووسییە بکرێت و ببێتە هاوپەیمانی. کاتێک بەرەیەکی بەرفراوان لە حیزب و ڕێکخراوەکانی نەتەوە ستەملێکراوەکانی ئێران دروست ببێت، گومان لەوەدا نییە کە هێزە دێموکرات و چەپەکانی ئێرانیش گرنگی بەو بەرەیە دەدەن و لەگەڵی دەبنە هاوپەیمان. جگە لەوانە، ڕێکخراوی موجاهیدینی خەڵقی ئێرانیش کە فرەنەتەوەبوونی ئێرانی قبووڵە و بەرنامەیەکی خۆبەڕێوەبەریشی بۆ دابینکردنی مافی نەتەوەیی نەتەوە ستەملێکراوەکانی ئێران واژۆ کردووە و تا ئێستاش ڕایدەگەیەنێت کە پێی وەفادارە، دەکرێت جۆرێک لە هاوکاریی لەگەڵدا بکرێت.
ئەگەر هەنگاو بۆ بەدیهێنانی ئەو خاڵانەی لەسەرەوە باس کران بە لێبڕاوییەوە هەڵبگیرێن، گومان لەوەدا نییە کە "هاوپەیمانیی حیزبەکانی کوردستانی ئێران" گەشە دەکات و دەبێتە هۆی پێکهێنانی بەرەیەکی ڕزگاریخوازیی هەموو نەتەوەکانی ئێران و دروستکردنی جێگرەوە بۆ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی. ئەو کاتەیە کە ناوەندە بڕیاردەرەکانی جیهانیش گرنگیی پێ دەدەن و کۆمەڵانی خەڵکی سەرانسەری ئێرانیش هیوای پێ پەیدا دەکەن و پشتی پێ دەبەستن.
لەو بارودۆخەدایە کە دەکرێت بڵێین دەبێتە خاڵێکی وەرچەرخان لە چۆنیەتیی پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ لە ئێراندا. ئێران بۆ ئەوەی بەسەر مێژووی پڕ لە کارەسات، خوێنڕێژی، ستەم و دیکتاتۆریدا باز بدات، پێویستی بەوەیە لەسەر دەستی هەموو نەتەوەکانی نێو ئێرانەوە بە شێوەی سازان (تەوافوق)، دێموکراسیی پەرلەمانی و فیدراڵی بنیات بنرێتەوە؛ بۆ ئەوەی بۆ هەمیشە کۆتایی بە ناوەندگەرایی و کۆکردنەوەی هەموو سەروەت و سامان و دەسەڵاتی ئێران لە ناوەنددا بهێنرێت. ئێرانێکی دێموکراتیکی فیدراڵ دەتوانێت بەهۆی ڕکابەریی تەندروستی نێوان نەتەوەکانی ئێران و بەکارهێنانی داهاتی گشتی بە شێوەیەکی دادپەروەرانە لە هەموو ناوچەکاندا، بەزوویی و بەخێرایی گەشە بکات و تۆڵەی ئەو سەد ساڵە بکاتەوە کە بەهۆی کۆکردنەوەی دەسەڵات و داهات لە ناوەند و لەژێر دەستی یەک دیکتاتۆردا، ڕێگەی پێشکەوتنی لێ گیرابوو.
پیرۆز بێت هاوپەیمانیی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
سەرکەوێت خەباتی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
سەرکەوتوو بێت خەباتی نەتەوەکانی ئێران بۆ دامەزراندنی کۆماری دێموکراتیکی فیدراڵ.