کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەراوردێک لە نێوان دوو ڕاپەڕینی «ژینا» و بەفرانباری ئەمساڵدا؛ ئەگەر و گریمانەکان

11:26 - 8 رەشەمه 2725

مستەفا مەعرووفی 

لە سێ ساڵی ڕابردوودا دوو ڕاپەڕین لە ئێراندا ڕوویان داوە کە هەردووکیان لە شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە هەتا کاتی خۆیان، گەورەترین ڕاپەڕین بوون. لەگەڵ ئەوەدا کە هەردووکیان کۆماری ئیسلامییان کردبووە ئامانج، بەڵام لە نێوەڕۆک و سەرچاوەوە جیاواز بوون. ناسینی سروشت و لێکدانەوە و وردبوونەوە لە ڕەوتی ئەم دوو ڕاپەڕینە دەتوانێ یارمەتیدەر بێ بۆ هەڵبژاردنی میتۆد و تاکتیکی گونجاو لە هەر ئەگەر و پێشهاتێکی چاوەڕوانکراودا.

 

وێکچوونەکان

ڕاپەڕینی ژینا (ژن، ژیان، ئازادی) ١٤٠١ (٢٠٢٢) و ڕاپەڕینی بەفرانباری (١٤٠٤ – ٢٠٢٦) هەردووکیان ڕاپەڕینێکی شۆڕشگێڕانە بوون؛ دروشمەکان ڕاست لە دژی کۆماری ئیسلامی بوون و دروشمی سیاسی و ڕووخێنەری نیزامی سیاسی بوون. سێ دەیەی پێ چووبوو کە دروشمی پیشەیی و هەنووکەیی وەک ناڕەزایەتی بە گرانی، دۆخی خراپی ڕێگاوبان و کەمیی مووچەی کارمەندان و ئیمکاناتی خوێندن و هتد، کە پێوەندییان بە ژیانی ئاسایی و گیروگرفتی ڕۆژانەوە هەبوو، بێ وەڵام بمێننەوە و بزووتنەوەی ڕیفۆرمیستی لە دەیەی ٧٠ (٩٠ی زایینی) سەرهەڵبدا.

باڵی ڕیفۆرمخواز لەبەر ئەوەی کە داخوازییەکانی تەنیا لە چوارچێوەی ڕێژیمدا مانەوە و لە ناڕەزایەتیی کۆمەڵانی خەڵکدا کە هەر دەهات و بەرینتر و ڕادیکاڵتر دەبوون، بەجێ ما و سەرەنجام لەگەڵ دەسەڵاتدا مایەوە و لەنێو دەسەڵاتدا توایەوە و شوێنەواری لەنێو خەڵکدا نەما. ئیدی لە ڕاپەڕینی ١٣٨٨دا بە «بزووتنەوەی سەوز» کە بە ناڕەزایەتی لە ئاکامی هەڵبژاردنی سەرکۆمار هەڵگیرسا، ڕاپەڕینەکان بە تەواوی نێوەڕۆکی سیاسییان بە خۆیانەوە گرت و لەو کاتەوە ڕیزی نێوان خەڵک و ڕێژیم وەک دوو بەرەی دژبەپەک بە تەواوی جیا بووەوە. لەو کاتەوە دیار بوو کە هەر ڕاپەڕینێکی دیکە ڕوو بدا، بەرین یان سنووردار، دژی ڕێژیم دەبێ. هەر بۆیە ڕاپەڕینی ژینا و بەفرانباری ئەمساڵ هەر لەسەر ئەو بەستێنە شۆڕشگێڕانەیە بوون بەڵام بە شێوەیەکی بەرینتر و بەربڵاوتر.

هەردوو ئەم ڕاپەڕینە لەنێو دەیان خۆپێشاندان و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لە ماوەی تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا، گەورەترین ڕاپەڕین بوون؛ چ لە ڕووی پانتایی جوگرافیای ئێران (هەردووکیان هەر ٣١ پارێزگاکەی ئێرانیان گرتەوە) و چ لە ڕووی بەشداریی جەماوەرییەوە. ناڕەزایەتییەکان لە دژی ئەو ڕێژیمە گەیشتوونەتە جێگەیەک جگە لە پێگە و شوێنە نیزامییەکان و ئەو گەڕەکانەی چاوەدێری و کۆنتڕۆڵی چڕیان لەسەرە، هیچ ناوچەیەکی ئەمن و هیچ پێگەیەکی خەڵکیی جێی متمانە بۆ ئەو ڕێژیمە نەماوەتەوە. سەرانسەری ئێران دەکرێ شوێنی بەرهەڵستکاریی خەڵک لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامیدا بێ. دوور نییە لە قۆناغەکانی دواتردا هەندێک شوێن و بنکەی نیزامی و هەندێک لە هێزە نیزامییەکان ڕیزەکانی خۆیان لە ڕێژیم جیا بکەنەوە و شۆڕش بچێتە قۆناغێکی بێ گەڕانەوەوە.

هەردوو ڕاپەڕینەکە بە چەکی دەستی و هەندێک جار بە چەکی نیوەقورس وەک دۆشکە و تیربار (بە تایبەتی لە بەفرانباری ئەمساڵدا) سەرکوتی خوێناوی کران. هەر وەک چۆن ویست و داخوازییە ڕیفۆرمیستییەکان لە ڕابردوودا بێ وەڵام مانەوە، دروشم و خۆپێشاندانی مەدەنی و سیاسییش لەم دوو ڕاپەڕینەی دواییدا بە توندی و بە زەبری چەک سەرکوت کران. ڕەوتی بەرەو ڕادیکاڵچوونی ڕووداوەکان و خۆپێشاندانەکان لە لایەک و سەرسەختی و دڵڕەقیی ڕێژیم لە لایەکی دیکەوە، ئەگەری بەرەنگاربوونەوەی قورستر و تەنانەت بەرەوڕووبوونەوەی چەکداریی هەیە و لە داهاتوودا دوور نییە خەڵکی ئێرانیش وەک کوردستان بێنە سەر ئەو باوەڕەی کە جگە لە بەرگریی چەکدارانە، ڕێگەیەکی دیکە لە بەرامبەر ئەو ڕێژیمەدا نەماوەتەوە.

سەرکوتی خوێناویی هەردوو ئەم ڕاپەڕینە، سەرکۆنە و مەحکوومییەتی بەرینی کۆماری ئیسلامیی لە لایەن دنیای ئازاد و دێموکراتیک و ناوەند و کۆڕ و کۆمەڵە مرۆڤدۆستەکانی لێ کەوتەوە و پشتیوانی و هاودەردیی ئەوانی بۆ خەڵکی ڕاپەڕیو بەدوای خۆیدا هێنا. کەواتە هەلومەرجی نێونەتەوەیی بۆ ڕاپەڕینێکی سەرانسەری و یەکلاکەرەوە لە دژی کۆماری ئیسلامی ئامادەیە و شەریکە ئابوورییەکانی ڕێژیم وەک چین و ڕووسیە کە سوودێکی زۆری ئابووری لە بەستراوەیی ئێران بە خۆیانەوە دەبینن، ئامادە نابن سوود و سەرمایەکانیان بۆ بەرگری لە ڕێژیمێک کە مەشرووعییەتی خەڵکی نەماوە، بخەنە مەترسییەوە.

سەرەنجام، هەر دوو ئەم ڕاپەڕینە لاوازییەکی گەورەیان هەبوو؛ کە بریتی بوو لە نەبوونی جێگرەوەیەکی جێگای متمانە و سەرانسەری کە بتوانێ ڕاپەڕینەکان ڕێک بخات و بەڕێوەیان ببات و ببێتە مەرجەع بۆ هەموو لایەک و ببێتە بژارە بۆ جێگرەوەی ڕێژیم. لە ڕاستیدا ئامانجی ڕاپەڕینەکان بۆ خەڵک دیار بوو کە لە دژی کۆماری ئیسلامییە، بەڵام دیار نەبوو بۆ کام جێگرەوە، چونکە جێگرەوەیەک نەبوو. لە ڕاپەڕینی بەفرانباری ئەمساڵدا ڕاستە کە بەرچاوترین دروشم ئەوانە بوون کە بە لایەنگری لە ڕەزا پەهلەوی دەدران، بەڵام ڕەزا پەهلەوی بەبێ ڕێکخستن و کار و بەرنامەی ڕوونی سیاسی، بەبێ ئەزموون و ڕابردووی کاری حیزبی و ڕێکخراوەیی، نەیدەتوانی ڕۆڵی جێگرەوە ببینێ؛ جگە لەوەی کە هەر لە سەرەتاوە دژی نەتەوەکانی دیکەی ئێران هەڵوێستی دەگرت کە نزیک بە نیوەی دانیشتووانی ئەم وڵاتە پێک دێنن و ئامادە نەبوو لەگەڵ هێز و لایەنەکانی دیکە هاوکاری بکات.

سێ هۆکار ناوی ڕەزا پەهلەوییان زەق کردەوە: یەکەم، شکست و بەلارێداچوونی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ و نۆستالژیی -بە تایبەتی نەتەوەی فارس- بۆ سەردەمی ڕێژیمی شا. دووەم، هێنانە پێشەوەی ڕەزا پەهلەوی لە لایەن ئیسرائیلەوە بۆ ترساندنی کۆماری ئیسلامی و سێیەم، دەزگای ڕاگەیاندنی بی بی سی و بەتایبەت ئێران ئینتەرنەشناڵ. کەواتە بەبێ ڕێکخراوە و بەرنامەیەکی ڕوونی سیاسی و لە مەیداندابوونی ڕێبەرانی شۆڕش، جێگرەوە لەسەر شاشەکان و چەند هەزار کیلۆمەتر دوور لە سنوور دروست نابێ.

شۆڕش ڕاگواستنی دەسەڵاتە لە ڕێژیمەوە بۆ بەرەی دژەڕێژیم (جێگرەوە)؛ ئەگەر جێگرەوە نەبێ شۆڕشێک ڕوونادات. وای دابنێین خەڵکی ڕاپەڕیو دەست بەسەر هەموو دامودەزگاکانی حکوومەتی و ناوەندە نیزامییەکاندا دەگرن، دەبێ بە کەسانێک یان هێزێکیان بسپێرن. ئەگەر ئەمە نەبێ ئاڵوگۆڕی دەسەڵات نەکراوە و شۆڕش سەرنەکەوتووە و کەس جێی ڕێژیمی نەگرتووەتەوە. لەنێو ئەو دۆخەدا ڕێژیم هەرچەند لاواز و پەککەوتووش بێ، هەر لە جێی خۆیەتی. لە شۆڕشی ١٣٥٧ی گەلانی ئێراندا دەوڵەتی بەختیار و دەوڵەتی مەهدیی بازرگان هەبوون؛ پاش ڕاگەیاندنی دەوڵەتی بازرگان، سپا ڕایگەیاند کە لە نێوان ئەو دوو دەوڵەتەدا بێلایەنە. هەر ئەم بێلایەنییە بە واتای ڕووخانی دەوڵەتی بەختیار بوو؛ ئەگەر دەوڵەتی بازرگان وەک جێگرەوە نەبووایە، دەوڵەتی بەختیار هەر لە جێی خۆی دەبوو. خومەینی و ئاخوندەکان و ڕووناکبیرانی مەزهەبیی ئەو کات توانیبوویان بە باشی خۆیان ڕێک بخەن، بە چەشنێک کە نەک هەر ببن بە جێگرەوەی ڕێژیمی پاشایەتی، بەڵکوو بەرنامە و توانای سەرکوت و هێرش بۆ سەر تەواوی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی دیکەشیان هەبێ کە بیانەوێ لە پێکهاتەی حکوومەتی داهاتوودا بەشدار بن. لە شۆڕشەکانی دیکەی وڵاتانیشدا هێزێک، جێگرەوەیەک هەبووە کە توانیویەتی جێگەی ڕێژیم و سیستەمی پێشوو بگرێتەوە تا شۆڕش سەرکەوێ. تەنانەت ئەگەر ئەم جێگرەوە لە سەردەمی ڕاپەڕینی ژیناشدا هەبووایە، لەوانە بوو ئاکامێکی باشی هەبووایە.

 

جیاوازییەکان

ڕاپەڕینی ژینا (ژن، ژیان، ئازادی) «بابەت‌تەوەر» بوو؛ بابەتەکەش هەڵگری چەمکی یەکسانی و ئازادی بوو. شکاندنی دابونەریتی لەمێژینە و یاساکانی دژەژنی کۆماری ئیسلامی گرنگترین پەیامی ئەم ڕاپەڕینە بوون، هەر بۆیە ڕاپەڕینێکی پێشکەوتنخوازانە بوو کە تا ئێستاش نەک هەر لە ئێران، بەڵکوو لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا لە ڕووی ئامانج و نێوەڕۆکی یەکسانیخوازانە و پێشکەوتووانەیەوە بێوێنەیە. ڕاپەڕینێک بوو بۆ دەرچوون لە بازنەی مێژوویی توندوتیژی دژی ژنان و دیکتاتۆری وەڕێ کەوت. بەڵام ڕاپەڕینی بەفرانباری ئەمساڵ کە سەرەڕای زۆر دروشمی دێموکراتیک و پێشکەوتووانە کە دەبیسران، تا ڕادەیەک «شەخس‌تەوەر» بوو. ئەم ڕاپەڕینە ڕەهەندێکی ئابووریی بەهێزی هەبوو؛ داڕمانی بێوێنەی بەهای تمەن و قەیرانی قورسی بژێوی، وای کرد کە بەشێکی بەرچاوی خەڵک لەنێو بێهیواییدا ئاوات بۆ ڕابردوو بخوازن. هەر بۆیە دروشمێکی بەرچاو، گەڕانەوە بۆ سیستەمی پاشایەتی بوو؛ واتە گەڕانەوە بۆ دواوە بە ئومێدی دەستکەوتنی سەقامگیرییەکی ئابووریی هاوشێوەی پێشوو. ئەوەی لە بەفرانباری ئەمساڵدا لە شەقامەکانی تاران و شارەکانی دیکە ڕابرد، تا ڕادەیەک هاوشێوەی بەفرانباری ١٣٥٧ بوو؛ بە جیاوازییەش کە ئەم جارە لە جیاتی خومەینی، ناوی ڕەزا پەهلەوی دەبیسترا. لە ڕاستیدا ئەم جۆرە لە کەس‌تەوەری، نەک پڕۆژەیەکی سیاسیی ورد، بەڵکوو پەرچەکردار و پاشکۆی ئەو تووڕەییە ئابوورییە قورسە بوو کە باڵی بەسەر ڕاپەڕینەکەدا کێشابوو.

مەکۆ و سەرچاوەی ڕاپەڕینی ژینا کوردستان بوو. هەلومەرجی کوردستان هەمیشە لە ژێر کاریگەریی ناوەنددا بووە، ئەوە یەکەم جار بوو کە ناوەند دەکەوتە ژێر کاریگەریی کوردستان. ٤٤ ساڵ بوو سەرکوتی خوێناویی بزووتنەوەی ئازادیخوازانە لە ئێران هێزێکی وای لە مەیداندا نەهێشتبووەوە، بەڵام لە کوردستان هەرچەند کۆماری ئیسلامی لە ماوەی چەندین ساڵدا بە تێچوویەکی زۆری مرۆیی و ماددی توانی لە ڕووی نیزامییەوە زاڵ بێ، بەڵام هەرگیز نەیتوانی هێزە سیاسییەکانی کوردستان لەنێو ببات و هەرگیز مەشرووعییەت و نفووزی لەنێو کورددا پەیدا نەکرد. بەشداری‌نەکردنی خەڵکی کوردستان لە ڕێفراندۆمی دیاریکردنی نیزام لە ساڵی ١٣٥٨دا لە ژێر ڕێنمایی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هێزە سیاسییەکانی دیکەدا، پاش ٤٤ ساڵ ڕاستی و دروستییەکەی بۆ هەموو خەڵکی ئێران دەرخست و ئیعتیبار و نفووزی کورد و پێگەی کوردستانی لە سەرانسەری ئێراندا زیاتر کرد. ئەو کات لە ناوچەکانی دیکەی ئێراندا ٩٨ لە سەد دەنگی ئەرێنییان بەو ڕێفراندۆمە دا. کوردستان هەمیشە مەیدانی کێشە و ململانێ سیاسییەکان و شەڕ و تێکهەڵچوون لەگەڵ هێزەکانی کۆماری ئیسلامی، وێککەوتنی بیروبۆچوونە جیاوازەکان و بیری دێموکراتیک و ململانێی ئایدیۆلۆژییەکان بووە. لە کوردستاندا ژنان لە کاروباری سیاسییدا لە ڕیزی ئەحزابی سیاسیی کورددا نەک هەر بەشدارن، بەڵکوو بەرپرسیشن؛ کەواتە مەسەلەی یەکسانیی ژن و پیاو لە کوردستاندا تا ڕادەیەکی باش چووەتە پێش، هەر بۆیە لەو بوارەدا کوردستان پێشەنگ و دەوڵەمەندە و سروشتی بوو کە ئەم رووداوە بکەوێتە ژێر کاریگەریی بزووتنەوەی سیاسی–دیموکراتیک و پێشکەوتووانەی کوردستانەوە.

بەڵام مەکۆ و سەرچاوەی ڕاپەڕینی بەفرانبار لە تاران و ڕاست «بازاڕ» بوو. لە شوێنێکەوە بوو کە تەنیا دەکەوێتە ژێر کاریگەریی ڕووداوە ئابوورییەکان و هەڵکشان و داکشانی بازاڕ؛ لە شوێنێک سەری هەڵدا کە پێگەی نەریتیی کۆماری ئیسلامی بوو. ڕاپەڕینی بەفرانبار لە شوێنێکەوە هەڵگیرسا کە کێشە و ململانێیەکان، کێشە و ململانێی ئایدیۆلۆژی، سیاسی و ڕۆشنبیری نین، تەنانەت مەسەلە دیکتاتۆری و دیموکراسیش نییە؛ مەسەلە گەشە یان نوشوستیی داراییە. هەر بۆیە تەنیا سیاسەتە هەڵەکانی کۆماری ئیسلامی کە بوونە هۆی شکستی ئابووری و دابەزینی بازاڕ و نرخ و دراوی وڵات، دەیانتوانی بازاڕ بەدەنگ بێنن. بە تایبەتی کاتێک نرخی یەک تاکە دۆلار خۆی لە ١٥٠ هەزار تمەندا دی، کە بە بەراورد بە دۆلاری ٣ تمەنی لە سەردەمی ڕێژیمی پاشایەتیدا بازاڕی هاندا کە ئاوات بۆ گەڕانەوە بۆ سەردەمی پاشایەتی و دۆلاری ٣ تمەنی بخوازێت. هەر بۆیەش سروشتی ئەم ڕاپەڕینە لە نێوان ئەو و ڕاپەڕینی ژینادا جیاواز بوو.

جیاوازی لە ڕادەی زیانە گیانییەکاندا؛ هەردوو ڕاپەڕین لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە خوێناویترین ڕاپەڕین بوون. بەڵام ڕاپەڕینی بەفرانبار بەپێی زانیاری و هەڵسەنگاندن و بەراوردەکان لە لایەن زۆر سەرچاوەوە، نەک هەر لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا بەڵکوو لە مێژووی هاوچەرخی ئێراندا بێوێنە بووە. جارێ ڕادە و مەودای کارەساتەکە بە تەواوی ڕوون نییە. مەزندە دەکرێ ٣٠ هەزار کەس و بەپێی هەندێک هەڵسەنگاندن زیاتریش، لە ماوەی دوو هەفتە ڕاپەڕیندا بە تایبەتی لە ١٨ و ١٩ی بەفرانباردا کوژرابن. لە باری کاتییەوە ڕاپەڕینی ژینا درێژتر بوو؛ نزیکەی ٤ مانگی خایاند، واتە لە ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠١ەوە تا ٢٠ی بەفرانبار، ناوی ٥٤٠ کوژراو ساغ بووەوە کە بێگومان لەوە زیاتر بووە. هەتا کاتی ئەم ڕاپەڕینە لە هەموو شەڕ و ڕووداوەکاندا کوردستان زۆرترین زیانی گیانیی داوە. ڕێژیم لە تاران و شارەکانی دیکەی ئێراندا لە بەرامبەر خۆپێشاندەران و بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکاندا تا ڕادەیەک نەرمییەکی تاکتیکیی دەنواند، بەڵام لە کوردستان خۆیان ناچار بە ڕەچاوکردنی ئەو تاکتیکەش نەدەزانی؛ بە ئاشکرا و بەبێ پەردە خەڵکیان دەکوشت. لەسەر گۆڕی یەکێک لە شەهیدەکانی دەستی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە یەکێک لە شارەکانی کوردستان پیاوێک دەڵێ: «سەرکوت لە تاران بە باتوومە، لە کوردستان بە گوللەیە». لە ڕاپەڕینی بەفرانباردا کۆماری ئیسلامی لە تاران و شارەکانی دیکەش ئەم تاکتیکەی وەلانا و ئەوەی کرد کە لەمێژ بوو لە کوردستان دەیکرد. هەر بۆیەش لە شارە گەورەکان کە سەدان هەزار کەس لە خۆپێشاندانەکاندا بەشدار دەبوون، ڕادەی زیانەکانیش زۆر بوو کە هەتا ئێستا بێوێنە بووە.

 

ئاکام

بەراوردێکی تەنانەت خێرا و کورتیش دەمانگەیەنێتە ئەو ئاکامەی کە؛ ٤٧ ساڵ سەرکوتی ئازادییە دێموکراتیکەکان و سانسۆر و چەقبەستوویی سیاسی لە ئێراندا، دەرفەتی بوونی ئۆپۆزیسیۆنێکی یەکگرتوو و دێموکرات و سەرانسەری کە ببێتە جێگرەوە بۆ کۆماری ئیسلامی – لانیکەم هەتا ئێستا – نەهێشتووەتەوە. هەر بۆیە لە ئەگەری ڕووخانی کۆماری ئیسلامیشدا -بە هەر هۆیەک- مەترسیی ئەوە هەیە کە دیسان «خەڵک بزانن لە دژی کێ ڕاپەڕیون و شۆڕش دەکەن بەڵام نەزانن بۆ کێ» و مێژوو دیسان دووبارە بێتەوە. هەر بۆیەش ئەم جارە بەبێ هیچ هۆیەکی لۆژیکی و سیاسی ڕەزا پەهلەوی زەق بووەوە، تەنیا لەبەر هۆی نۆستالژی و ئەفسانە و حیکایەتی مەزنیخوازانە کە تەنیا بابەتگەلی ئەدەبین نەک ڕێگا و مێتۆدی کۆنکرێتی سیاسی و واقیعی بۆ ئیدارەی وڵاتێک.

هەڵسەنگاندنی ئەم دوو ڕاپەڕینە سەرانسەرییە پێمان دەڵێ هەتا جێگرەوەیەکی سەرانسەری و دێموکراتیک کە ڕێز لە ئیرادەی هەموو پێکهاتە جیاوازەکانی ئێران بە هەموو جۆراوجۆرییە نەتەوەیی و ئایینییەکانەوە نەگرێت و جێگەی ڕێز و هیوای زۆرینەی هەموو پێکهێنەرەکانی ئێران نەبێت، تەنانەت ئەگەر خۆپێشاندانی لەمەش گەورەتر بکرێت، ئەگەری سەرکەوتنی زۆر کەمە؛ تەنانەت ئەگەر سەریش بکەوێت ئەگەری شەڕی نێوخۆیی لە ئارادا دەبێت.

٤٧ ساڵی ڕابردوو نیشانی داوە کە هەتا خۆپێشاندان بەرینتر و دروشمەکان سیاسیتر و ڕادیکاڵتر بوون، توندوتیژی و سەرکوتی ڕێژیمیش خوێناویتری بووە؛ ئەمە بەو واتایەیە کە ڕێژیم بە خۆپێشاندان لاناچێت و ئەگەری ئەوە هەیە ڕووبەڕووبوونەوەی چەکدارانە ڕوو بدات.

بەراوردێک لە نێوان ئەم دوو ڕاپەڕینەدا دەریخست کە کوردستان ئەزموونێکی دەوڵەمەندی لە کاری سیاسی و ڕێکخراوەییدا هەیە، هەر بۆیەش لە سەرانسەری تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا کوردستان هەمیشە وەک دوایین سەنگەری ئازادیخوازی ماوەتەوە. هەتا ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ و هەڵگیرسانی شەڕی ١٢ ڕۆژە لەگەڵ ئیسرائیل، کۆماری ئیسلامی توانیبووی ناوچەیەکی زۆر لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بخاتە ژێر هێژمۆنیی خۆیەوە و نفووزێکی زۆری پەیدا کردبوو و خۆی وەک زلهێزی ناوچە نیشان دەدا، بەڵام لە نێو سنووری خۆیدا هەرگیز کوردستانی بە تەواوی پێ بەچۆکدا نەهات.

ڕاپەڕینی ژینا و ڕووداوەکانی دواتری کوردستان دەریانخستووە کە بیری نەتەوەیی تێکەڵ بە وشیاریی سیاسیی خەڵکی کوردستان یەکجار زۆر پتەو و بەربڵاوە؛ ڕاگەیاندنی یەکگرتووانەی هێزە سیاسییەکانی کورد ڕوو بە خەڵکی کوردستان و سەرانسەری ئێران، ڕاپەڕینی ژینای وەڕێ خست؛ کوردستان دوای ٤٤ ساڵ شەڕ و سەرکوتکران، زەمینەی ئەو ڕاپەڕینە بەشکۆیەی پێک هێنا. کەواتە کورد پێویستە توانا و ئیرادەی خۆی لە یەکگرتنی نێوخۆیی و یەکپارچەییدا ببینێت بۆ ئەوەی ڕۆڵی پێشەنگانەی خۆی لە هەر ئەگەر و گۆڕانێکدا کە چاوەڕوان دەکرێت، بگێڕێت.