
ئاسۆ مینبەری
هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی و بەتاڵانبردنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ڕێبەندانی ساڵی ٥٧ی هەتاویدا، دەسپێکی پرۆژەیەکی ئیدئۆلۆژیک بۆ بەچۆکداهێنانی ژنان بوو. پێش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران، وێژمانی زاڵ ئەوە بوو کە ژنی هاوشانی پیاو لە خەبات و وەک هێمای فیداکاری و وشیاری پێناسە دەکرد. دەستوپێوەندییەکانی خومەینی بەڵێنیان دابوو کە دەسەڵاتی نوێ، پێگەی مرۆیی ژن دەپارێزێت و ژن لە "کاڵا"بوونی لە دەسەڵاتی پێشوو ڕزگار دەکات و پێگەیەکی باڵاتر، شیاوتر و کاراتری پێ ببەخشێ. ئەم ڕێژیمە لە سەرەتاوە بە دروشمگەلێکی وەک ئازادی، دادپەروەری و کەرامەتی مرۆیی، هیوایەکی بێوێنەی خستە نێو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە و بەتایبەتیش ژنانەوە، بەڵام لەگەڵ هاتنەسەرکار و جێگیربوونی یەکەم پەلامارەکانی بۆ سەر ئازادیی ژنان بوو.
لە پێناسەی ڕێژیمی تازە بەدەسەڵات گەیشتوودا، ئازادیی ژن نەک بژاردەیەکی تاکەکەسی بەڵکوو لە چوارچێوەی "بەها ئیسلامییەکان" دا پێناسەی بۆ دەکرا. چوارچێوەیەک کە لە سەرەتادا بەڵێنی دابوو ژن لە هەڵاواردن، توندوتیژی و نادادپەروەری بپارێزێ، بەڵام هەقیقەتەکە ئەوە بوو کە ئەم دەسەڵاتە ژنی لە هاووڵاتییەکی خاوەن مافەوە بۆ سووژەی یاسادانان، کۆنتڕۆڵکردن و پێناسەکردنەوەی ئیدئۆلۆژیک گۆڕی. ئەم دەسەڵاتە بە خێرایی یاساکانی پێناسە کردنەوە و لە جیاتی پێداگری لەسەر ئەو بابەتانەی کە بەلێنی دابوو، پێداگریی لەسەر پێناسەکردنەوەی جێندەریی ڕۆڵی ژن کردەوە و بەم شێوەیە ڕۆڵی ژنی تەنیا لە چوارچێوەی بنەماڵە و پیڕەوکردنی ئیدئۆلۆژیی خۆیدا دەبینی.
زۆر زوو بنەماڵەکان گۆڕانیان بەسەردا هات و یاساکانی پێوەندیدار بە پرسەکانی وەک هاوسەرگیری، جیابوونەوە و سەرپەرستیی منداڵ گۆڕدران و باڵادەستی لە یاساکاندا بە پیاوان درا. لێرەدا بوو کە بنەماڵە بوو بە یەکەکی گرینگی بەرهەمهێنەرەوەی بیرۆکەی پیاوسالار و ئیدئۆلۆژیکی دەسەڵات بە جۆرێک کە ژن زیاتر وەک تاکێکی ئەرکدار پێناسەی بۆ کرا و لە خاوەن ماف بوون داماڵرا. حیجابی زۆرەملێ بەسەر ژندا سەپێنرا و بوو بە یەکێک لە گرینگترین هیماکانی ڕێژیمەکە و هاوکات جەستەی ژن بوو بە مەیدانێک بۆ نمایشکردنی ئۆتۆریتەی سیاسیی دەسەڵات. هاوکات لەگەڵ ئەمە بەشداریی ژن لە کۆمەڵگە کاڵ بووەوە و سەربەخۆیی ئابووریشی لێ زەوت کرا. بەم شێوەیە ڕێژیم لە سێکوچکەی بنەماڵە، حیجاب و کاردا هەوڵی دا ژنی گوێڕایەڵی دەسەڵاتەکەی بەرهەم بێنێ.
ئەگەرچی یاساکان و سیاسەتی ڕێژیم ئامانجی دیکەی هەبوو بەڵام، هەقیقەتی کۆمەڵگە ڕێبازێکی دیکەی گرتە بەر. ژنان بە پێچەوانەی چاوەڕوانیی ڕێژیم دەستەمۆ نەبوون و خڕاگریی تایبەتیان نواند. ژنان بە خوێندن هەنگاوێکی گرینگیان لە پێناسەی پێگەی خۆیاندا هەڵگرت و سەرەڕای بەرتەسککردنەوەی فەرهەنگی و جێندەری، درێژەیان بە خوێندن و بەرزکردنەوەی ئاستی وشیاریی خۆیان دا و ڕوانینی ڕەخنەگرانەیان بە دەسەڵات و بەربەستەکان وای کرد بە پێچەوانەی خواستی ڕێژیم کە دەیەویست ژن لە چوارچیوەیەکی ئیدئۆلۆژیکدا کۆنتڕۆڵ بکات، بەستێنی گەشەی نەوەیەکی وشیارتر و مافویستتری دروست کرد. ئەمە وای کرد کە ژنان سەرەڕای سیاسەتی کۆنتڕۆڵ، وردەوردە جێ پێی خۆیان لە کۆمەڵگەدا قایمتر کردەوە و نەک تەنیا لە کۆمەڵگە دوور نەکەوتنەوە بەڵکوو توانییان ببنە ئەکتەرێکی سەرەکی.
لە دەیەکانی ڕابردوودا و لەگەڵ دەسپێکی شەپۆلەکانی ناڕەزایەتییەکان، بەرخودانی ژنان لە ئاستی تاکەکەسی تێپەڕی و ئەمجارە پێداگرییان لەسەر بەشداری لە ئەکتی بەکۆمەڵ و سیاسیدا دەکردەوە. لێرەدا بوو کە ژن لە سووژەی سیاسییەوە بوو بە بکەری ناڕەزایەتییەکان. ئەم بوون و پێداگرییە وای کرد کە لە چوار دەیەی ڕابردوودا، پرۆژی ژنی ئیدئۆلۆژیک تووشی شکست بێت. هەر لەم قۆناغەدا هاوکات لەگەڵ توندتربوونەوەی یاساکان بۆ سنووردارکردنی ژن، ئەم توێژە زیاتر هەوڵی پەرەدان بە پەروەردە و سەڵماندنی بوونی خۆیان دا و نەک تەنیا لە کۆمەڵگە دوور نەخرانەوە بەڵکوو ڕێڕەوی مێژوویی ژیانی خۆیان گۆڕی. لە ماوەی ٤ دەیەی ڕابردوودا، ژن لە خۆراگریی پچڕپچڕ و تاکەکەسییەوە، بوو بە ئەکتەری سەرەکیی ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان و لە پەراوێزەوە هاتە ناوەندی خەباتەکە.
ئەگەرچی لە سەرەتاکانی هاتنە سەرکاری ڕێژیمدا چالاکیی ژنان زۆر بەتەسک کرایەوە بەڵام ژنان کەم یان زۆر هەر لە مەیداندا بوون، دواتریش وەک لیدەر هاتنەوە مەیدان و داواکارییەکانی خۆیان خستە پاڵ داواکارییەکانی کۆمەڵگە.
لە چوارچێوەی ڕێژیمێکدا کە جەستەی ژن کەرەستەیەک بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بە ئەژمار دەهات، ژن مانایەکی دیکەی بە جەستەی خۆی بەخشی و بوونی ژن لە گۆڕەپانی خەباتدا، مانای سیاسیی پێ بەخشرا. کەوایە سیاسەتی کۆنتڕۆڵی ژن، خولقانی ژنی ناڕازی و ئاگای بەدواوە بوو. ئەگەرچی ڕێژیم بە داتاشینی یاسا و سیاسەتی ڕەگەزتەوەر هەوڵی زۆری دا ژنان بە دڵخوازی خۆی پێناسە بکات بەڵام، ئیرادەی ژنان، ئاقاری ڕووداوەکانی گۆڕی.
ژنان بە هەنگاوهەڵگرتن لە گۆڕەپانی زانست و شکاندنی تابۆکان، وەک بکەرێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەرکەوتن و توانییان شوناس و بوونی خۆیان پێناسە بکەنەوە. پرۆژەیەک کە بڕیار بوو ژن لە قاڵب بدات و گوێڕایەڵ و ملکەچ باری بێنێ، وای کرد کە ژنی سەرکەش، وشیار و مافخواز پەروەردە بکرێت و زیاتر لە چوار دەیە هەوڵی کۆماری ئیسلامی بۆ دروستکردنی ژنی ئیدئۆلۆژیک شکستی هێنا.