کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاوپەیمانیی پێنج حیزبی کوردستانی و گۆڕانی هاوکێشەکانی دەسەڵات لە ئێران

15:41 - 9 رەشەمه 2725

ڕەحیم نزهەت زادە

پێشهاتەکانی ئەم دواییە لە کایەی سیاسیی ئێراندا، بەتایبەتی پێکهێنانی هاوپەیمانی لە پێنج حیزبی کوردستانی، واوەتر لە هاوپەیمانییەکی کاتیی حیزبی، کاریگەریی ستراتیژیکی هەیە. ئەم هاوپەیمانییە نەک تەنیا لە هەرێمی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا لەرزی دروست کردووە، بەڵکوو کاردانەوەی ئاشکرا و هەندێک جار توندیشی لەنێو بەناو بزووتنەوە ئۆپۆزسیۆنە ناوەندگەراکان، هێز و کەسایەتیی لایەنگر و هاوپەیمانییەکانیان لەگەڵدا بووە. کاردانەوەگەلێک کە ناوەڕۆکیان، وەک داتای سیاسی، دەربڕی گرنگی و توانای کاریگەریی ئەم هاوپەیمانییە داهێنەرانەیەن.

سەرەتا پێویستە جەخت لەوە بکرێتەوە کە هاوپەیمانیی نێوان لایەنە کوردییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە چوارچێوەیەکی مێژوویی، بە دەیان ساڵ ململانێ، سەرکوت، پارچەپارچەبوون و کێبڕکێی نێوان لایەنەکاندا شێوەی گرتووە و پێک هاتووە. لەم ڕوانگەیەوە، خودی وەدیهاتنی ئەو شێوازە لە یەکگرتن، بە هەنگاوێکی چۆنایەتی لە پێناسەکردنەوەی پەیوەندییە نێوخۆیییە نەتەوەیییەکانی کورد دادەنرێت. ئەم گۆڕانکارییە، ئەگەر بە ئاراستەی قووڵبوونەوە و فراوانکردن هەنگاو بنێت، دەتوانێت ببێتە هۆی زەمینێکی یەکگرتوویی سیاسی، کە لە دانوستانە نێوخۆیییەکان یان نێودەوڵەتییەکانی داهاتوودا، پێگەی نوێنەرایەتیی نەتەوەیی کورد جێگیر و قایم بکات.

پرسیاری سەرەکی ئەوەیە لە ئەگەری لەباربوونی هەلومەرج و پەرەپێدانی چوارچێوەی ئەم هاوپەیمانییە، نەیارانی مافە نەتەوەییەکانی کورد، ڕووبەڕووی چ ئاستێک لە ئالەنگاری و گرژیی دەروونی دەبنەوە؟ ئەزموونی مێژوویی ئەوەمان بۆ دەردەخات، کە هەر کاتێک هێزێکی سیاسیی پێشتر پەرشوبڵاو، بە یەکگرتوویی بەرهەم بهێنرێتەوە، هاوسەنگیی هێز گۆڕاوە. لە وەها دۆخێکدا، دژبەران نەک تەنیا ڕووبەڕووی بزووتنەوەیەک، بەڵکوو لەگەڵ ئیرادەیەکی بەکۆمەڵ و هاوئاهەنگ ڕووبەڕوو دەبنەوە؛ ئیرادەیەک کە توانای دانوستاندن و هاندانی ڕێکخراوەیی کۆمەڵایەتی و ڕەوایی سیاسیی زیاتری هەیە.

لە ڕوانگەی گوتاری و ئەمنییەوە، کاردانەوەکانی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بەم هاوپەیمانییە، پێشبینیکراو بوون. پێکهاتەی دەسەڵات لە ئێران بەردەوام ترسی لە هەر لێکتێگەیشتنێکی سەربەخۆی نێوان هێزە نیشتمانییەکان هەبووە، چونکە لێکنزیکبوونەوەیەکی لەم چەشنە، دەتوانێت توانایەکی بەهێز و پێشبینیکراو بۆ بەرزکردنەوەی داواکارییە یاسایی، کولتووری و سیاسییەکان لە ئاستێکی یەکگرتوودا دابین بکات. بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە، کۆدەنگیی هەندێک لە بزووتنەوەی ئۆپۆزسیۆنی ناوەندگەرایە، لە پێوەندی لەگەڵ ئەم نزیکبوونەوەیەدا ڕەخنەگرانە؛ بزووتنەوەگەلێک کە لە گوتاری خۆیاندا بانگەشەی د‌ێموکراسی دەکەن، بەڵام لە کردەدا، بەرامبەر بە ڕێکخراوبوونی نەتەوەی کورد، هەڵوێستی بەرگریکارانە یان تەنانەت شەڕخوازانە دەگرنە بەر.

لەم چوارچێوەیەشدا، لێدوان و هەڵوێستەکانی ئەم دواییەی ڕەزا پەهلەوی هەڵگری شیکردنەوەن. هەرچەندە ئەو خۆی وەک داکۆکیکاری یەکگرتوویی ئێران بناسێنێت، بەڵام شێواز و چوارچێوەی دەربڕینی ئەو سەبارەت بە هەر پێکهاتەیەکی نەتەوەییی کوردی، ئاماژەی نیگەرانیی ئەون لە پێکهێنانی دەسەڵاتێکی ڕێکخراو لە دەوروبەردا. ئەم نیگەرانییەی، لەبری ئەوەی تەنیا لە خەمی "یەکپارچەیی خاک"دا بێت، کاردانەوەی ترسە لە دووبارە دابەشکردنەوەی دەسەڵات لە پێکهاتەی سیاسیی داهاتووی ئێراندایە. چونکە هەر ئاستێک لە یەکگرتوویی نەتەوەیی لە کوردستان، بە هەمان پێوانە، توانای کاریگەری دانانی لەسەر پرۆسەکانی گواستنەوەی دەسەڵات جا چ لە سیناریۆی داڕمانی کۆماری ئیسلامیدا بێت، یان لە سیناریۆی ڕێککەوتنە کاتییە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ حکوومەتی ئێستادا بەرز دەکاتەوە.

لە ڕوانگەی تیۆرییەوە، یەکڕیزیی نەتەوەیی و یەکگرتوویی، پێشمەرجی گەیشتن بە مافە جێگیرکراوەکانە لە پێکهاتەی فرەنەتەوەییدا. لە غیابی وەها یەکگرتووییەک، داواکارییەکان بە پارچەپارچەکراوی دەمێننەوە و تەنانەت لە گفتوگۆ و دانوستاندنە سیاسییەکانیشدا، گرنگییان پێ نادرێت و پشتگوێ دەخرێن. بەڵام کاتێک نەتەوەیەک بتوانێت بە دەنگێکی تا ڕادەیەک یەکگرتوو داوای مافەکانی بکات، ئەگەری جێگیرکرانی مافە مێژوویی و هاوچەرخەکانی بەرز دەبێتەوە. لێرەدا چەمکی "فرەبوون لە یەکڕیزیدا" گرنگییەکی دووهێندە لەخۆ دەگرێت؛ هیچ حیزب و بزووتنەوەیەک بە تەنیا نوێنەری تەواو و کامڵی نەتەوەیەک نییە، هەروەها هیچ کامێکیان لە لایەنی دیکە بە "نەتەوەیی"تر نایەتە هەژمار. مەرجێک بۆ سەرکەوتن لە هاوکێشە ئاڵۆزەکانی هێزدا، قبووڵکردنی تەواوکەری یەکتر بوونە لە چوارچێوەیەکی هاوبەشدا.

بەم پێیە، کاردانەوە ڕەخنەئامێزەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو -چ لە لایەن پێکهاتەی دەسەڵاتی فەرمیی ئێران، یان چ لە لایەن هەندێک گرووپی ئۆپۆزسیۆنی ناوەندگەرای دەرەوەی وڵاتەوە- لە حەقیقەتدا تیشک و بەرچاوڕوونی دەخاتە سەر پێویستیی فراوانکردنی ئەو هاوپەیمانییە. ئەگەر ئەم هاوپەیمانییە بتوانێت حیزب و ڕێکخراوە کوردستانییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش، کە بە هۆکاری جیاجیا تا ئێستا بەشداری ئەو هاوپەیمانییەتییە نەبوون، لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە، ئەوا ئاستی نوێنەرایەتیی نەتەوەیی ئەو هاوپەیمانییەتییە بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزتر دەبێتەوە. وەها گشتگیرییەک، نەک هەر دەسەڵاتی چانێڵێدان و دانوستاندن زیاد دەکات، بەڵکوو هاوکات، پەیامێکی ڕوون بۆ ئەکتەرە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان دەنێرێت: نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەبری پارچەپارچەبوون، بەدوای گواستنەوە بە ئاراستەی بە ڕێکخراوبوونی جێگیر و بەردەوامدایە.

بێگومان شێوەگرتن و بەرجەستەبوونی ئەم ئامانجە، پێویستیی بە تێپەڕین لە هەندێک ڕکابەریی مێژوویی و ئەولەوییەتدانە بە بەرژەوەندیی بەکۆمەڵ بەسەر ڕەچاوکردنە حیزبییەکاندا. ئەزموونە جیهانییەکان دەریانخستووە کە یەکیەتییەکی بەردەوام نەک بە سڕینەوەی جیاوازییەکان، بەڵکوو لە بەڕێوەبردنی داهێنەرانەوە شێوە دەگرێت. لەم ڕووەوە کولتووری لێبوردەیی، گفتوگۆی نێوخۆییی نەتەوەیی و قبووڵکردنی فرەچەشنیی فیکری، ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەیان هەیە. گەیاندنی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ "کەنارێکی ئارام" -تەعبیرێکی مێتافۆریک بۆ سەقامگیری و ئاسایشی نێوخۆیی- لە گرەوی فراوانکردنی هاوسۆزی، هاوئاهەنگی و هاوپەیمانیدایە.

لە کۆتاییدا، هاوپەیمانیی پێنج حیزبی کوردستانی، نەک تەنیا وەک ڕووداوێکی ڕێکخراوەیی، بەڵکوو دەبێت وەک نیشانەی هێدی هێدی ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی دەسەڵات لە ئێراندا سەیر بکرێت. ئەگەر ئەم پرۆسەیە لەگەڵ عەقڵانییەتی سیاسی، شەفافییەتی گوتاری و بەشداری ڕێک بخرێت، لە هەر سیناریۆیەکی سیاسیی داهاتووی ئێراندا دەتوانێت چەسپاندنی مافە نەتەوەییەکانی کوردی لەگەڵدا بێت. یەکگرتوویی نەتەوەیی، لە وەها ڕوانگەیەکدا، نەک نابێتە هەڕەشەیەک بۆ سەر سەقامگیری، بەڵکوو دەبێتە مەرجێک بۆ ئاشتیی بەردەوام و بەشداریی یەکسان لە پێکهاتەی سیاسیی داهاتوودا.