
خالید قادری
پوختە (Abstract)
لە سەردەمی هاوچەرخدا، شەڕی سایبێر بووە بە بەرەیەکی سەرەکی لە شەڕی دەروونی و شەڕی ڕاگەیاندن. لەم توێژینەوەیەدا هەوڵ دەدەم سایبێر وەک ئامرازێکی ستراتیژیک لە چوارچێوەی پرۆفایلینگی نەتەوەیی شیکاری بۆ بکەم، بەتایبەتی لەسەر نەتەوەی کورد. لە وتارەکەدا ئامانجم دیاریکردنی چۆنیەتیی هێرشە سایبێرییەکانە کە بە پشتگیریی زانیاریی مێژوویی و دەروونی، بۆ کۆنترۆڵی هەستی تاک و کۆمەڵ، زیندووکردنەوەی کارەسات، دروستکردنی ترس و شکاندنی یەکڕیزیی نەتەوەیی بەکار دەهێنرێن. هەروەها، وەڵامی کورد و پووچەڵکردنەوەی ئەم ستراتیژییانە کە ڕۆژاوای کوردستان وەک نموونەیەک شیکاری بۆ دەکرێت، کە تێیدا هەندێک لە ترسە مێژووییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو کەم بوونەتەوە. ئەم توێژینەوەیە سایبێر و پرۆفایلینگی نەتەوەیی وەک دوو بەشی یەکگرتوو لە شەڕی هاوچەرخدا پێشکەش دەکات.
وشە سەرەکییەکان: سایبێر، شەڕی سایبێری، پرۆفایلینگی نەتەوەیی، شەڕی دەروونی، کورد، Cognitive Warfare.
پێشەکی
دوای شەڕە کلاسیکییەکان، بەرەکانی شەڕ گۆڕانکارییەکی بنەڕەتییان تێدا هاتووەتە دی. پێوەرەکانی شەڕ تەنیا لەسەر خاک و هێز نین، بەڵکوو لەسەر مێشک، هەست و بڕیارەکانی مرۆڤ ڕوو دەدەن. لەم چوارچێوەیەدا، سایبێر بووە بە فەزایەکی سەرەکی کە لەو ڕێگەیەوە شەڕی دەروونی و شەڕی ڕاگەیاندن بەشێوەیەکی بەربڵاو دەست پێ دەکات. ئەم توێژینەوەیە وەک بەردەوامییەکی ئەکادیمی بۆ توێژینەوەی پێشووی نووسەر لەسەر پرۆفایلینگی نەتەوەیی، سایبێر وەک ئامرازێکی کارا بۆ جێبەجێکردنی ئەو پرۆفایلینگە شیکاریی زیاتری بۆ دەکات، بەتایبەتی لە بواری نەتەوەییەوە.
چوارچێوەی تیۆری: سایبێر و شەڕی دەروونی
لە ڕووی ئەکادیمییەوە، سایبێر تەنیا بواری تەکنۆلۆژی نییە، بەڵکوو زانیاریی دەروونییە کە تێیدا بەرەنگاربوونەوە لەسەر هەست، باوەڕ و تێگەیشتنی کۆمەڵگە ئەنجام دەدرێت. لەم چوارچێوەیەدا، جیاوازیی نێوان هێرشە تەکنیکییەکان (Cyber Technical Operations) و هێرشە دەروونییەکان (Cyber Psychological Operations) گرنگە.
شەڕی سایبێریی دەروونی (Cognitive Warfare) لەم قۆناغەدا، ئامانجی تێکدانی شێوازی بیرکردنەوەی ئاسایی مێشکە نەک تەنیا سیستەمەکان. ئەم شێوازە شەڕکردنە پێویستی بە زانیاریی وردی دەروونی و مێژوویی نەتەوەکان هەیە، کە ئەوە لە پرۆفایلینگی نەتەوەییدا بەشێوەیەکی گشتی باسم کردووە.
سایبێر و کۆنترۆڵی هەست لەسەر نەتەوەی کورد
پرۆفایلینگی نەتەوەیی کورد نیشان دەدات کە هەندێک هەست بەشێوەیەکی مێژوویی قووڵ لە ناخودئاگای کورددا جێگیر بوون، لەوانە:
ترسی تەنیا مانەوە.
ترسی خیانەتی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی.
ترسی شەڕی براکوژی.
هێرشە سایبێرییەکان ئەم هەستانە بەشێوەیەکی ئانقەست زیندوو دەکەنەوە، بە بەکارهێنانی ئەکاونتی ساختە (ناڕاست)، هەواڵی دەستکاری کراو و دیسکۆرسی مێژوویی. ئامانجی لێرەدا دروستکردنی هەستی لاوازی و بێهیواییە نەک گەیاندنی هەواڵ و ئاگاداری.
زیندووکردنەوەی مێژوو وەک چەکی سایبێری
یەکێک لە کاریگەرترین شێوازەکانی شەڕی سایبێری، بەکارهێنانی مێژوو و بیرەوەرییە کۆمەڵایەتییەکانە. لەسەر کورد، کارەساتە مێژووییەکان زۆرجار بەبێ پەیوەندیی بابەتی دووبارە بڵاو دەکرێنەوە، بۆ ئەوەی هەستی ناکامی، بێهیوایی و بێباوەڕی بە داهاتوو زیندوو بکرێنەوە. ئەم شێوازە شەڕکردنە کە چەکێکی سایبێرییە، ئاکامی شەڕەکان دەگۆڕێت و کاریگەرییەکەی زۆرجار قووڵترە لە هێرشی فیزیکی.
هێرشە سایبێرییەکان هەوڵ دەدەن ناکۆکیی نێوخۆیی توندتر بکەن، ئەمەش بەشێوەی:
دروستکردنی دژایەتیی نێوان ناوچەکان.
بەهێزکردنی دیسکۆرسی حیزبی دژی یەکتری.
زیندووکردنەوەی سیناریۆی شەڕی براکوژی. ئەم سیناریۆیانە بەپێی پرۆفایلینگی نەتەوەیی داڕێژراون و لە سایبێرەوە جێبەجێ دەکرێن.
دروستبوونی باوەڕە نەتەوەییە نێوخۆییەکان وەک ئاکامی شەڕی سایبێری
(Internalized National Beliefs as Outcomes of Cyber–Cognitive Warfare) یەکێک لە کاریگەرترین و مەترسیدارترین ئاکامەکانی شەڕی سایبێری و Cognitive Warfare ئەوەیە کە باوەڕ و هۆشیاریی نەتەوەیی لە نێوخۆی نەتەوەکەدا دەستکاری دەکرێت، بەشێوەیەک کە نەتەوەکە خۆی باوەڕ بە گوتارە دژایەتییەکان دەهێنێت، بەبێ ئەوەی ئاگاداری سەرچاوە و ئامانجیان بێت.
بۆ نموونە، لەنێو ئێمەی نەتەوەی کورددا، ژمارەیەک باوەڕی گشتی دروست بوون کە زۆربەی کات وەک "ڕاستیی مێژوویی" وەردەگیرێن، بەڵام لە ڕووی زانستییەوە دەتوانرێت وەک ئاکامی پلانی سایبێریی درێژخایەن هەژمار بکرێن:
١. "کورد خۆخۆرە" – دروستکردنی ناسنامەی خۆ-دژایەتی: ئەم باوەڕە کە "کورد خۆخۆرە" یەکێکە لە قووڵترین دەستکارییە دەروونییەکان. لە شەڕی Cognitive Warfareـدا، ئەمە پێی دەوترێت: Internalized Self-Hostility Narrative. ئامانجی ئەم دیسکۆرسە: دروستکردنی دوژمن لە نێوخۆدایە، گواستنەوەی هەستی تاوانباری و لاوازکردنی هەستی مافخوازیی نەتەوەیی. بە تێپەڕبوونی کات، ئەم بیرکردنەوەیە وەک "ڕاستییەکی سادە" جێگیر دەبێت نەک وەک دیسکۆرسێکی دروستکراو.
٢. "کورد لە شەڕدا ئازایە، بەڵام لەسەر میزی گفتوگۆ دەیدۆڕێنێت": ئەم باوەڕە بەشێوەیەکی زیرەکانە دوو کاری سەرەکی ئەنجام دەدات:
ناساندنی کورد وەک نەتەوەیەکی ناتوانا لە بواری سیاسیدا.
لاوازکردنی متمانەی نەتەوەیی بە تواناکانی خۆی لە گفتوگۆ و ستراتیژدا. لە شەڕی سایبێریدا، ئەم دیسکۆرسە هۆشیاریی نەتەوەیی لە قۆناغی "قوربانیی شەڕ"ـەوە دەهێنێت بۆ قۆناغی "ناتوانای سیاسی"، کە ئەمە بەردەوامییەکی ستراتیژیکە.
٣. "کورد هەرگیز یەکگرتوو نابێت" – نۆرماڵکردنی پەرتەوازەیی: ئەم باوەڕە یەکێکە لە کاریگەرترین ئامرازەکانی شەڕی سایبێری، چونکە:
یەکڕیزی وەک شتێکی "مەحاڵ" پیشان دەدات.
هەوڵی یەکگرتن پێشتر لە مێشکدا دەشکێنرێت. لە زانستی دەروونناسیدا، ئەمە پێی دەوترێت: Learned Disunity. کاتێک نەتەوەیەک ئەم باوەڕە قبووڵ دەکات، دوژمن پێویستی بە هێرشی دیکە نابێت.
گۆڕینی مانای پێشمەرگە: لە پارێزەرەوە بۆ خۆنەویست
گۆڕینی مانای پێشمەرگە لە ناخودئاگای کۆمەڵایەتیی کوردیدا، یەکێکە لە قووڵترین ئاکامەکانی شەڕی سایبێری. پێشمەرگە لە مێژووی کورددا سیمبولی فیداکاری و پارێزەری خاک و ناسنامەیە، بەڵام لە شەڕی سایبێریی نوێدا، وێنەکە بەشێوەیەکی هێواش دەگۆڕدرێت بۆ:
کەسێکی خۆنەویست.
ئەکتەرێکی بێ ئایدیۆلۆژیا.
بەشێک لە کێشە، نەک چارەسەر. ئەم گۆڕانکارییە، نەتەوە لە بنەمای پاراستنی خۆی دادەبڕێت. لە بواری دەروونناسییەوە، کەسێک کە "خۆ-نەویست" بێت، ناتوانێت "نەتەوە-ویست" بێت. شەڕی سایبێری ئەم پرەنسیپە دەروونییە وەک ئامراز بەکار دەهێنێت بۆ: خۆ-بێبایەخکردن، گومان لە ناسنامە و گۆڕینی شانازی بۆ شەرم. ئاکامی کۆتایی ئەوەیە کە نەتەوە خۆی بە دەستی خۆی لە ئاستی دەروونیدا بڕووخێت.
گرنگیی ئەم شیکارییە لەسەر کار و ئامانجەکانی سایبێر
شەڕی سایبێری نیشان دەدات کە:
شەڕی سایبێری تەنیا هێرش نییە، بەڵکوو دروستکردنی باوەڕەکانە.
زۆربەی باوەڕە نەتەوەییە "سروشتییەکان" دروستکراون و دوژمن زۆرجار سەرکەوتووە چونکە نەتەوەکە خۆی باوەڕی بە دیسکۆرسی دوژمن هێناوە. لە ڕووی ئەکادیمییەوە، ئەمە نیشان دەدات کە شەڕی سایبێری و Cognitive Warfare شەڕی ناسنامەیە.
وەک نموونەی پرۆفایلینگ و شەڕی سایبێری، باسی هەڵوێستی هەر چوار پارچەی کوردستان بە خەڵک و میدیا و دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە کرا. وەک وەڵام و هەڵوێست بۆ ڕۆژاوای کوردستان، Cyber & Cognitive Resilience (بەرگریی سایبێری و ناسیاری) وەک نموونە هێنرایەوە. وەڵامی کورد لەم شەڕەدا تەنیا پاراستنی تەکنیکی نەبوو، بەڵکوو پاراستنی مێشک بوو. میدیا، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هۆشیاریی نەتەوەیی بوون بە ئامراز بۆ فلتەرکردنی زانیاری و پووچەڵکردنەوەی دیسکۆرسی ترساندن. ئەم حاڵەتە نیشان دەدات کە نەتەوەکان دەتوانن سایبێر نەک تەنیا وەک مەترسی، بەڵکوو وەک بوارێکی بەرەنگاربوونەوە بەکار بهێنن.
کۆتایی
سایبێر و پرۆفایلینگی نەتەوەیی دوو بەشی یەکگرتوون لە شەڕی هاوچەرخی نەتەوەی کورددا. تێگەیشتن لەم یەکگرتنە تەنیا بابەتێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکوو پێویستییەکی ستراتیژیکە بۆ پاراستنی ناسنامە و یەکڕیزیی نەتەوەیی.