
فارین ئەفەیرز – ئالێکساندەر ستوب
و: لە ئینگلیزییەوە کەماڵ حەسەنپوور
جیهانی داهاتوو تاقمێک دامەزراوەی دوای جەنگ، یارمەتیدەری ئیدارەکردنی دنیا بەناو خێراترین سەردەمی گەشەسەندنەکەی و بەردەوامیی دەورەیەکی لەڕادەبەدەری ئاشتیی ڕێژەیی بوون. ئەمڕۆ، ئەوان مەترسیی هەرەسهێنانیان هەیە. بەڵام ئەوان دەبێ بمێننەوە، چونکە دنیایەکی دامەزراو لەسەر کێبڕکێ بەبێ هاوکاری، دەبێتە هۆی کێشە. بەڵام، بۆ زیندوومانەوە دەبێ ئەوان بگۆڕدرێن، چونکە ژمارەیەکی زۆر لە دەوڵەتان کاریگەریی پێویستیان لەسەر پەرگالی هەنووکەیی نییە و، بەبێ ئاڵوگۆڕ، خۆی لێ بێبەری دەکەن. ناکرێ ئەو وڵاتانە بۆ ئەو کارەیان لۆمە بکرێن؛ پەرگالە جیهانییە نوێیەکە ڕاناوەستێ.
لانیکەم سێ سیناریۆ دەکرێ لە دەیەی داهاتوودا سەر هەڵبدەن. لە یەکەمیاندا، پشێویی هەنووکەیی هەروا بەردەوام دەبێت. بەشێک لە توخمەکانی پەرگالی کۆن دەمێنن، بەڵام ڕێزگرتن لە ڕێسا و دامەزراوە نێونەتەوەییەکان لەگۆترە دەبێت و زۆرجار بەگوێرەی بەرژەوەندییەکان دەبێت، نەوەک بایەخی خۆڕسکی ئەوان. توانایی چارەسەرکردنی ئالنگارییە مەزنەکان سنووردار دەبێت، بەڵام لانیکەم دنیا ناکەوێتە ناو پشێویی مەزنترەوە. بەڵام، کۆتاییهێنان بە کێشەکان گەلێک دژوار دەبێت، چونکە زۆربەی ڕێککەوتنەکانی ئاشتی، سەوداگەرانە دەبن و ئەو دەسەڵاتەیان نابێت کە لە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە سەرچاوە دەگرێت.
شتەکان خراپتر دەبن: لە سیناریۆی دووهەمدا بنچینەکانی پەرگالی لیبڕاڵیی جیهان، ڕێسا و دامەزراوەکانی، بەردەوام دەسوێن و پەرگالی هەنووکەیی هەرەس دەهێنێت. بەبێ ناوەندێکی ئاشکرای خاوەن دەسەڵات، دنیا لە گێژاو نێزیک دەبێتەوە و وڵاتان ناتوانن قەیرانە تەنگەتاوەکانیان، وەک قاتی و قڕی، پەتاکان یان ناکۆکییەکان چارەسەر بکەن. پیاوانی خاوەن دەسەڵات، سەرۆکشەڕەکان و ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان ئەو بۆشاییەی دەسەڵات پڕ دەکەنەوە کە لەگەڵ پاشەکشەی ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان دروست دەبێت. مەترسیی بوونی کێشە هەرێمییەکان بە چەخماخەی شەڕی بەربەرینتر پەرە دەگرێت. لە دنیایەکی بێسەرەوبەرەدا، سەقامگیری و پێشبینیکراوی ڕیزپەڕ دەبن، نەوەک دۆخی باو. نابژیوانیی نزیکەی نامومکین دەبێت.
بەڵام پێویست ناکات بەو شێوەیە بێت. لە سیناریۆی سێهەمدا، هاوسەنگییەکی نوێی دەسەڵات لە نێوان جیهانی ڕۆژاوا و جیهانی باشوور دەتوانێت پەرگالێکی جیهانیی هاوسەنگ بەرهەم بێنێت کە لەویدا وڵاتان دەتوانن هەڵسوکەوت لەگەڵ زۆربەی ئالنگارییە تەنگەتاوەکانی جیهان بە هاوکاری و گفتوگۆ لە نێوان لایەنە یەکسانەکاندا بکەن. ئەو هاوسەنگییە دەتوانێ کێبڕکێی تێدابێت و پاڵنەری دنیا بەرەو هاوکاریی زیاتر لەبارەی پرسەکانی کەشوهەوا، ئاسایش و تەکنۆلۆژی بێت؛ واتە ئەو ئالنگارییە جیددییانەی کە هیچ وڵاتێک بە تەنیا ناتوانێت چارەسەریان بکات. لەو سیناریۆیەدا، پڕەنسیپەکانی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوام دەبن، کە دەبنە هۆی ڕێککەوتنی دادپەروەرانە و بەردەوام. بەڵام بۆ ئەوەی ئەوە ڕوو بدات، دامەزراوە نێونەتەوەییەکان دەبێ چاکسازییان تێدا بکرێت.
چاکسازی لەسەرەوەڕا دەکرێت، واتە لەناو نەتەوە یەکگرتووەکاندا. چاکسازی هەمیشە پڕۆسەیەکی درێژخایەن و ئاڵۆزە، بەڵام لانیکەم سێ ئاڵوگۆڕی کردەنی هەن کە دەتوانن بە شێوەی ئۆتۆماتیک نەتەوە یەکگرتووەکان بەهێز بکەن و دەسەڵات بدەنە ئەو وڵاتانەی کە هەست دەکەن دەسەڵاتی پێویستیان لە نیویۆرک، ژنێڤ، ڤییەن یان نایرۆبی نییە.
یەکەم، سەرجەم وڵاتە مەزنەکان دەبێ نوێنەریان لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هەبێت، بۆ هەمیشە. چیدیکە قبووڵکراو نیە کە هیچ نوێنەرێکی ئەفریقا یان ئەمریکای لاتین لە ئەنجومەنی ئاسایشدا نەبێت و تەنیا چین نوێنەرایەتیی ئاسیا بکات. ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش دەبێ لانیکەم پێنج ئەندامیان پێوە زیاد بکرێت: دوو لە ئەفریقا، دوو لە ئاسیا و یەکێکیش لە ئەمریکای لاتین.
دووهەم، هیچ وڵاتێک نابێ مافی ڤیتۆی لە ئەنجومەنی ئاسایشدا هەبێت. ڤیتۆ لە دوای جەنگی جیهانیی دووهەم پێویست بوو، بەڵام لە دنیای ئەمڕۆدا بووەتە هۆی بێ توانایی ئەنجومەنی ئاسایش. هۆی کارابوونی ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژنێڤ دەقاودەق لەبەر ئەوەیە کە هیچ ئەندامێک ناتوانێت پێشیان پێ بگرێت.
سێهەم، بێتوو ئەندامێکی هەمیشەیی یان کاتیی ئەنجومەنی ئاسایش جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشێل بکات، دەبێ ئەندامەتییەکەی لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا هەڵپەسێردرێت. ئەوە بەو مانایەیە کە ئەو یەکەیە دەبوو ئەندامەتیی ڕووسیە، دوای داگیرکارییە هەمەلایەنەکەی دژی ئۆکراین، هەڵپەساردبا. بڕیارێکی هەڵپەساردنی ئەوتۆ دەتوانێت لەلایەن ئەنجومەنی گشتییەوە پەسەند بکرێت. نابێ هیچ دەرفەتێک بۆ دووڕوویی لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا هەبێت.
بازرگانیی جیهانی و دامەزراوە داراییەکانیش پێویستە بەڕۆژ بکرێنەوە. ڕێکخراوی بازرگانیی جیهانی، کە چەند ساڵە بەهۆی ناکاریگەربوونی مێکانیزمی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان، ئیفلیج بووە، هێشتا گرنگە. سەرەڕای چوونەسەری ڕێژەی ڕێککەوتنەکانی بازرگانیی ئازاد لە دەرەوەی چاودێریی ڕێکخراوی بازرگانیی جیهانیدا، هێشتا زیاتر لە ٪٧٠ی بازرگانیی جیهان لەژێر پڕەنسیپی "پەسەندکراوترین وڵات" بەڕێوە دەچێت. هۆی بوونی سیستەمێکی بازرگانیی فرەلایەن، دڵنیابوون لە هەڵسوکەوتی دادپەروەرانە و یەکسان لەگەڵ گشت ئەندامەکانییەتی. گومرگ و پێشێلکارییەکانی دیکەی ڕێساکانی ڕێکخراوی بازرگانیی جیهانی لە کۆتاییدا بە زەرەری هەموو لایەکە. پڕۆسەی چاکسازیی هەنووکەیی دەبێ ببێتە هۆی شەفافبوونی زیاتر، بە تایبەت لە پەیوەندی لەگەڵ یارمەتیی دارایی دەوڵەتی (سوبسید) و خۆگونجاندنی پڕۆسەی بڕیاردانی ڕێکخراوی بازرگانیی جیهانی. ئەو چاکسازییانە دەبێ خێرا جێبەجێ بکرێن؛ بێتوو ڕێکخراوی بازرگانیی جیهانی لە چەقبەستوویی هەنووکەییدا بمێنێتەوە، سیستەمەکە متمانە لەکیس دەدات.
چاکسازی کارێکی دژوارە و، بەشێک لەو پێشنیارانە ڕەنگبێ کەتوارگەرانە نەیەنە بەر گوێ. بەڵام ئەوانەی ٨٠ ساڵ لەوەپێش لە سانفرانسیسکۆ نەتەوە یەکگرتووەکانیان دامەزراند، بەهەمان شێوە کاریان کرد. بڵێی سەرجەم ١٩٣ ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشوازی لەو ئاڵوگۆڕانە بکەن یان نا؟ وەڵامی ئەو پرسیارە بەوە بەستراوەتەوە کە ئاخۆ ئەوان لە سیاسەتی دەرەوەی خۆیاندا جەخت لەسەر بایەخەکان و بەرژەوەندییەکان دەکەن یان لەسەر دەسەڵات. دابەشینەوەی دەسەڵات بەگوێرەی بایەخ و بەرژەوەندییەکان، بناخەی ئافراندنی پەرگالی لیبڕاڵیی جیهانیی دوای جەنگی جیهانیی دووهەم بوو. کاتی پێداچوونەوە بەو سیستەمەدا هاتووە کە نێزیکەی سەدەیەک خزمەتی باشی کردین.
جۆکەری جیهانی ڕۆژاوا لە هەموو ئەو هەوڵانەدا ئەوە دەبێت ئاخۆ وڵاتە یەکگرتووەکان دەیهەوێت پەرگالی فرەلایەنی جیهانی بپارێزێت کە بۆخۆی دەوری سەرەکی لە ئافراندنیدا هەبووە و سوودێکی یەکجار زۆریشی لێ بینیوە. بە لەبەرچاوگرتنی کشانەوەی واشینگتۆن لە دامەزراوە و ڕێککەوتنە سەرەکییەکانی وەک ڕێکخراوی ساخڵەمیی جیهانی و ڕێککەوتنی پاریس بۆ کەشوهەوا و لەو دواییانەشدا ڕەچاوکردنی سیاسەتی نەتەوەپەرستانە لەمەڕ بازرگانیی دەرەکی، ڕەنگبێ ئەوە ڕێبازێکی ساکار نەبێت. سیستەمی نەتەوە یەکگرتووەکان یارمەتیدەری پاراستنی ئاشتی لە نێوان زلهێزەکاندا بووە، هەلی بۆ وڵاتە یەکگرتووەکان ڕەخساندووە تا لە جوگرافیای سیاسییدا ببێتە سەرتۆپی زلهێزان. لە گەلێک لە دامەزراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، دەوری سەرەکی گرتووەتە ئەستۆ و توانیویەتی ئامانجە سیاسییەکانی زۆر بەباشی بەرێتە پێش. بازرگانیی ئازادی جیهانی یارمەتیدەری وڵاتە یەکگرتووەکان بووە تا بتوانێت خۆی وەک سەرەکیترین دەسەڵاتی ئابووری جێگیر بکات، لە کاتێکدا بەرهەمی هەرزانی بۆ کڕیارانی ئەمریکایی دەستەبەر کردوە. هاوپەیمانیی وەک ناتۆ لە دەرەوەی سنوورەکانی سوودی سەربازی و سیاسی پێگەیاندووە. ئەوە ئەرکی باقی دنیایە تا بەڕێوەبەرایەتیی ترامپ لە بایەخی دامەزراوەکانی دوای جەنگ و هەروەها دەوری کارای وڵاتە یەکگرتووەکان لەواندا، بە قەناعەت بگەیەنێت.
جۆکەری جیهانی ڕۆژهەڵات ئەوە دەبێت کە ئاخۆ چین چۆن لە شانۆی جیهانیدا کایە دەکات. ئەو دەتوانێت هەنگاوی زۆرتر بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی وڵاتە یەکگرتووەکان لە بوارەکانی وەک بازرگانیی ئازاد، هاوکاری لە پرسی گۆڕانی کەشوهەوا و گەشەسەندندا هەڵگرێت. ئەو دەتوانێت دامەزراوە نێونەتەوەییەکان، کە ئێستا جێپێیەکی فرە قایمتری تیایاندا هەیە، شکڵ بدات. ڕەنگبێ ئەو بیهەوێ دەسەڵاتی خۆی لە ناوچەکەی خۆیدا پەرە پێ بدات. ئەو ڕەنگبێ هەڵوێستە لەمێژینەکەی «توانایی خۆت بشارەوە و چاوەڕوانی دەرفەتی لەبار بە» وەلا بنێت و بڕیار بدات کاتی هەنگاوی دەستدرێژیکارانەتر، بۆ وێنە، لە دەریای باشووری چین و گەرووی تایوان، هاتووە.
یاڵتا یان هێلسینکی؟
پەرگالێکی نێونەتەوەیی، وەک ئەوەی لە سەردەمی ئیمپراتۆریی ڕۆمدا دامەزرا، هێندێک جار دەتوانێت چەند سەدە بەردەوام بێت. بەڵام، زۆرجار، تەنیا چەند دەیە خۆ دەگرێت. جەنگی دەستدرێژیکارانەی ڕووسیە بۆ سەر ئۆکراین، سەرەتای گۆڕانێکی دیکە لە پەرگالی جیهانیدایە. بۆ لاوانی ئەمڕۆ، ئێستا چرکەساتی ١٩١٨، ١٩٤٥ و ١٩٨٩ی ئەوانە. لەو چرکەساتانەدا جیهان دەتوانێت بە لایەکی هەڵەدا وەرسووڕێت، وەکوو چۆن لە جەنگی جیهانیی یەکەمدا ڕوویدا، کاتێک یەکیەتیی نەتەوەکان نەیتوانی پێش بە کێبڕکێی زلهێزەکان بگرێت و لە ئاکامدا جەنگێکی خوێناویی جیهانیی دیکە ڕوویدا. وڵاتان دەشتوانن بڕیاری دروست بدەن، وەک ئەوەی دوای کۆتاییی جەنگی جیهانیی دووهەم ڕووی دا، بە دامەزراندنی نەتەوە یەکگرتووەکان. هەرچۆنێک بێت، پەرگالی دوای جەنگ توانی ئاشتیی نێوان زلهێزەکانی جەنگی سارد، یەکیەتیی سۆڤیەت و وڵاتە یەکگرتووەکان بپارێزێت. بێگومان، ئەو سەقامگیرییە ڕێژەییە بە تێچوویەکی مەزن بۆ ئەو وڵاتانەی ناچار کران چۆک دابدەن یان لە کاتی کێشە بەوەکالەتەکاندا زەرەری زۆریان بینی، تەواو بوو. ئەگەرچی لەگەڵ کۆتاییی جەنگی جیهانیی دووهەم کارە سەرەکییەکە بۆ ئەو پەرگالە کرا کە چوار دەیە درێژەی هەبوو، لە هەمان کاتدا تۆوی ناهاوسەنگیی هەنووکەیشی چاند.
لە ١٩٤٥، براوەکانی جەنگ لە یاڵتا، لە دوورگەی کەریمە، کۆ بوونەوە. لەوێ سەرۆککۆماری وڵاتە یەکگرتووەکان فرانکلین ڕوزڤێڵت، سەرۆکوەزیرانی بریتانیا وینستۆن چرچیڵ و، سەرۆکی سۆڤیەت جۆزێف ستالین پەرگالێکی جیهانییان دروست کرد کە لەسەر ناوچەی ژێر دەسەڵات دامەزرابوو. ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەو گۆڕەپانە بوو کە لەوێ زلهێزەکان دەیانتوانی ناکۆکییەکانیان چارەسەر بکەن، بەڵام مەودایەکی کەمی بۆ ئەوانی دیکە دەستەبەر کرد. لە یاڵتا، وڵاتە مەزنەکان مامەڵەیان لەسەر ئەوانی بچووک کرد. هەڵە مێژووییەکە دەبێ ئێستا ڕاست بکرێتەوە.
لە کۆبوونەوەی ئەمنییەت و هاوکاریی ئورووپادا لە ١٩٧٥، ڕووداوێکی بەپێچەوانەی یاڵتا ڕوویدا. سی و دوو وڵاتی ئورووپا، لەگەڵ کەنەدا، یەکیەتیی سۆڤیەت و وڵاتە یەکگرتووەکان لە هێلسینکی کۆبوونەوە تا دامەزراوەی ئاسایشی ئورووپا دروست بکەن کە لەسەر ڕێسا و نۆرمی ئەوتۆ دامەزرا کە هەمووان بگرێتەوە. ئەوان لەسەر پڕەنسیپە بنەڕەتییەکانی زاڵ بەسەر ڕەفتاری دەوڵەتان بەرانبەر بە شارۆمەدانیان و بە یەکتر ساغ بوونەوە. ئەوە نموونەیەکی سەرسوڕهێنەری فرەلایەنی لە کاتی گرژیی فرە مەزندا بوو و، بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی سارد یەکلاکەرەوە بوو.
ئاکامی یاڵتا فرەجەمسەری بوو و، هی هێلسینکی فرەلایەنی. ئێستا دنیا بەروڕووی دووڕێیانێک بووەتەوە و، پێموایە هێلسینکی ڕێگا دروستەکە بەرەو پێشەوەیە. ئەو هەڵبژاردنانەی گشت ئێمە لە دەیەی داهاتوودا دەیکەین، بڕیاردەری پەرگالی جیهانی لە سەدەی بیست و یەکەمدا دەبێت. وڵاتانی بچووک، وەک وڵاتی من، لەو چیرۆکەدا تەماشاوان نین. پەرگالی نوێ بە بڕیاری ڕێبەرانی سیاسی لە هەردوو وڵاتانی مەزن و بچووکدا دیاری دەکرێت، جا دێموکراتیک بن، سەرەڕۆ بن یان شتێکی نێوان ئەو دووانە. لێرەدا بەرپرسیارییەکی تایبەت دەکەوێتە سەر شانی جیهانی ڕۆژاوا، وەک تەلارسازانی پەرگالی بەرەو تەواوبوون و هێشتا، لە ڕوانگەی ئابووری و سەربازییەوە بەهێزترین هاوپەیمانیی جیهانی. ئەو دەورە چۆن دەگێڕین، گرنگە. ئەوە دوایین دەرفەتمانە.