
بەختیار عوسمانی
نزیکەی نیو سەدەیە کۆماری ئیسلامی، دەسەڵاتی دەوڵەتی ئێرانی بەدەستەوەیە؛ بە بارستایی ئەو ماوەیە و لەگەڵ چوونەسەری تەمەنی، گرفت و قەیرانەکانیشی پەرەیان سەندووە و سێڵاوێکی وێرانکەری وەدوای خۆی خستووە. لێرەدا دەرخستنی سەرچاوەکانی هەستانی سێڵاوەکە بە مەبەستی تێگەیشتن لە قەیرانەکانی کۆماری ئیسلامی پێویستە. ئەگەر کۆماری ئیسلامی نیازی چارەسەری هەبوو، ئایا دەتوانێ ئەو هەنگاوە هەڵبگرێ؟
١. گشتپرسیی ڕێژیم: کۆماری ئیسلامی دوای هاتنەسەرکاری، گشتپرسییەکی ئەنجام دا. ئەم گشتپرسییە تەنیا یەک بژاردەی خستبووە ڕوو: "گۆڕینی ڕێژیمی پاشایەتی بۆ کۆماری ئیسلامی"؛ واتە کۆماری ئیسلامی یان نا؟ لە ڕاستیدا، ئەمە نە گشتپرسی بوو و نە هیچ پێوەرێکی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دڵخوازی تێدا بەدی دەکرا. خەڵک کە تازە لە ژێر چەپۆکەی دیکتاتۆریی پاشایەتی ڕزگاریان ببوو، هێشتا سێبەری ڕێژیمی پێشوویان لەسەر بوو و لە جەستەی زاماریان خوێن دەچۆرا؛ ئاشکرا بوو کە خەڵک بە گشتی ئەو سیستمەیان ناوێت. لە کاتێکدا لە شۆڕشدا لایەنی جۆراوجۆر وەک ئیسلامی، نەتەوەیی، مارکسیست و نەتەوە بندەستەکان پێکەوە بەشدار بوون لە ڕووخاندنی محەممەدڕەزا شادا، کەچی خومەینی هەموویانی پەراوێز خست و دواتریش سەرکوتی کردن. دەکرێ بڵێین ئەم گشتپرسییە یەکەمین گومانی جیدی و بنەڕەتیی لەسەر "ڕەوایەتیی" ڕێژیم دروست کرد؛ پرسیارێکی قووڵ کە بە درێژایی تەمەنی کۆماری ئیسلامی گەشەی کرد و باڵای کێشا.
٢. یاسای بنەڕەتیی ڕێژیم: ئەم یاسایە وەک چرا و داردەستی ڕێژیم وایە؛ یاسایەکی چەقبەستوو، نادێموکراتیک و یەکڕەهەندییە. لەم سیستەمەدا وەلیی فەقیهـ وەک نوێنەری خودا لەسەر زەوی دانراوە؛ هەر بۆیە هەموو قسە و فەرمانێکی وەک دەقێکی ئاسمانی و نەگۆڕ سەیر دەکرێت و دەبێتە بنەمای بڕیار و سیاسەتی ڕێژیم. ئەزموون سەلماندوویەتی کە هەر جۆرە ڕەخنە و داوایەکی گۆڕانکاری، وەک هەڵگەڕانەوە دەبینرێت؛ نەک تەنیا بایەخی پێ نادرێت، بەڵکوو سێدارەش چاوەڕوانی خاوەنەکەی دەکات. ئاکامی ئەمەش ئەوەیە کە ئێستا ئێران کۆت و زنجیر کراوە؛ هەر بۆیە نە ڕێفۆرم و نە هەڵبژاردن، نەیانتوانی ئەو زنجیرەیە بپسێنن.
٣. شەڕی ئێران و عێراق: هەڵگیرساندنی شەڕی ئێران و عێراق بڕگەیەکی دیکەیە، کە ئاسەوارە وێرانکەرەکانی بە درێژایی تەمەنی کۆماری ئیسلامی مانەوە و، ڕێژیم نەیتوانی چارەسەریان بکات. ئەگەرچی سەددام حوسێن هێرشی بۆ سەر ئێران دەست پێ کرد، بەڵام ناکرێ پاڵنەرەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ ئەو دەستپێشخەرییە لەبەرچاو نەگرین؛ ئیسلامی شیعە چاوی بڕیبووە ناوەندی مەرجەعییەت لە عێراق و بۆ یەکخستنی قوم و نەجەف هەوڵی دەدا. "هەناردنی شۆڕش" یەکێک بوو لە ئەرکە لەپێشینەکانیان بە مەبەستی بەدەستهێنانی "ئومولقورا" و ڕزگارکردنی قودس لە ڕێگەی کەربەلاوە. ئەم چاوتێبڕینە لە خاکی وڵاتانی دیکە، ئاکامەکەی بوو بە هەڵگیرسانی شەڕە هەشت ساڵەکە.
٤. پرسی نەتەوە بندەستەکان: هێرش و فەتوا بۆ سەر نەتەوە بندەستەکانی ئێران و پشتگوێخستنی داخوازییە ڕەواکانیان، هۆکارێکی دیکەیە کە سێڵاوی ڕاماڵینی ڕێژیمی بەتەوژمتر کرد. خۆڕاگری و بەگژداچوونەوەی سوپای ڕێژیم لە لایەن پێشمەرگەکانی کوردستانەوە، بووە هۆی ئەوەی ترسی کوردستان و بەلووچستان و ناوچەکانی دیکە لەسەر دڵی ڕێژیم بنیشێت و تووشی "ترۆما"یان بکات؛ ئەمەش کاریگەریی قووڵی لەسەر بڕیار و هەڵوێستەکانیان هەبووە، چ لە نێوخۆدا و چ لە پێوەندی لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر و تەنانەت لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا.
٥. مۆتەکەی "چەکی ناوکی": ئەگەر سەرنجێکی مێژووی پڕۆگرامی ناوکیی ئێران بدەین، دەبینین ئەو تێچووە ماددی و سیاسییەی کە ئێران لە ماوەی ٢٥ ساڵدا ڕووبەڕووی بووەوە و تەواوی داهاتی وڵاتی تێدا هەراج کرد، لە کۆتاییدا نەک هەر بێ ئەنجام بوو، بەڵکوو بووە هۆی لەدەستدانی زۆرێک لە پلەباڵا سەربازییەکان و زانایانی ئەتۆمییان. بەم شێوەیە، نەک هەر تێچووەکە بە هەدەر چوو و دەستەوەستان مانەوە، بەڵکوو پێگەی نێودەوڵەتیشیان زیاتر دابەزی؛ ئەوەش بە دەستی ئەو وڵاتانەی کە ڕێژیم وەک دوژمنی هەتاهەتایی خۆی پێناسەیان دەکات.
٦. دەستتێوەردان و پەرەسەندنی قەیرانەکان: دەستدرێژی و دەستتێوەردانەکانی ڕێژیم بۆ سەر وڵاتانی دیکە، سێڵاوەکەی قەبەدارتر و خێراتر کردووە. لە یەکەم هەنگاودا، بە داگیرکردنی باڵوێزخانەی ئەمریکا و بە بارمتەگرتنی کارمەندەکانی، عورفێکی نێودەوڵەتیی دانپێدراویان شکاند. ئەگەرچی دوای ٤٤٤ ڕۆژ بارمتەکان ئازاد کران، بەڵام ئاسەواری ئەو داگیرکارییە تا ئێستاش بەردەوامە و بووەتە هۆی گۆشەگیری و پەراوێزخستنی درێژخایەنی ئێران. دروستکردنی گرووپی چەکدار و تیرۆریستی لە ناوچەکە و پەلهاویشتن بۆ ئەمریکای باشوور، هەڕەشە و کردە تیرۆریستییەکان لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان بە تایبەت لە عێراق، یەمەن، سووریە، لوبنان و فەلەستین، هەروەها تیرۆرکردنی دژبەرانیان لە ئورووپا و هاوکاریی ڕووسیە لە شەڕی ئۆکراین، هەموویان دژکردەوەی توندیان بەدوای خۆیاندا هێنا. لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا، لە زۆربەی ئەو شوێنانە دەستی ڕێژیم کورت کراوەتەوە؛ بە جۆرێک لە جیاتی "خێر"، تەنیا شەڕ و ئابڵۆقەی هەمەلایەنەی ئەمریکا و ئورووپای بۆ خەڵکی ئێران بەدیاری هێناوە. ئاسەواری ئەم شکستانە ئێستا هەموویان تێکەڵی لافاوە وێرانکەرەکە بوون.
٧. سەرکوت و کوشتاری سیستماتیک: سەرکوت و کوشتاری خەڵک، هەمیشە ڕێگەیەکی بەردەست و ئامادەی ڕێژیم بووە بۆ کپکردن و خنکاندنی دەنگی ناڕەزایەتی. ئەو سەرکوتە بەردەوام و سیستماتیکانەی لە کوردستان، بەلووچستان و ناوچە عەرەبنشینەکاندا (ئەهواز) ڕوویانداوە، لەگەڵ کوشتارەکان لە کاتی خۆپێشاندانەکاندا، بەتایبەت بەرامبەر بزووتنەوەی برسییەکان و بزووتنەوەی "ژینا" لە ساڵانی ١٣٩٦، ١٣٩٨، ١٤٠١ و ١٤٠٤، کەلێنی نێوان دەسەڵات و خەڵکیان ئەوەندەی دیکە فراوان کردووە. ئەم سیاسەتە بە چەشنێک کاردانەوەی لێ کەوتووەتەوە، کە مەتەرێزی بەربەرەکانیی خەڵک قایمتر و بەگوڕتر بووە.
٨. هێرشی ١٢ ڕۆژەی ئیسرائیل و پەلاماری ئەمریکا بۆ سەر بنکە ناوکییەکانی ڕێژیم. هەڕەشەکانیان بۆ سڕینەوەی وڵاتان و دەرکردن لە ناوچەکە و نیشاندانی هاژەکەکانیان و دروستکردنی مەترسی بۆ سەر ئاسایشی وڵاتان، بە جێگەی ئەوەی "بازدارەندگی"یان بۆ بە دیاری بهێنێ، هێرشی پێشوەختەی نسیب کردن. هێرشێک کە لە ماوەی ١٢ ڕۆژدا پەیکەری پۆشاڵیی ڕێژیمی بۆ هەموو لایەک دەرخست و بە سەردانان و سەرشۆڕیی لێی دەرچوون. کاریگەریی ئەم شەڕە پێش ئەوەی لەدەستدانی بەرپرسانی پلەبەرز یان سیستەمی ڕاداری و ... بێت، شەبەحی ڕێژیمی لەبەرچاوی خەڵک و دنیای دەرەوە بە تەواوی لادا؛ ئەمە بووە هۆی شکاندنی ئەو وەهم و پڕوپاگەندانەی کە لە ماوەی تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا، بەشێک لە خەڵکیان پێ سەرسام کرابوو.
٩. قەیرانە گەورەکانی ئابووری: هاوتەریب لەگەڵ هەموو ئەو هۆکارانەی باسمان کردن، قەیرانی ئابووری ڕۆژ لە دوای ڕۆژ قووڵتر بووەتەوە؛ بە چەشنێک کە گرفتە بژێوییەکان تەنگیان بە خەڵک هەڵچنیوە و سفرەی ماڵیان بچووکتر و بەتاڵتر بووەتەوە. ئەم داڕمانە ئابوورییە وای کردووە کە لە زۆرێک لە خۆپێشاندانەکاندا، ڕەهەندی ئابووری وەک بزوێنەرێکی سەرەکی و باڵادەست دەربکەوێت.
ئەنجامگیری: بینینی ئەم هەموو گرفتە بنەڕەتییانەی کە لەگەڵ تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا گەشەیان کردووە و وەک دووانەیەکی لێکنەبڕاویان لێ هاتووە، بەو ئاکامەمان دەگەیەنن کە ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی ڕووداوێکی چاوەڕوانکراوە، ئەگەر نەڵێین حەتمییە. تەنانەت ئەگەر کۆماری ئیسلامی مل بۆ داخوازییەکانی ئەمریکاش ڕابکێشێت (وەک چۆن پێشتریش کردوویەتی)، ناتوانێت ڕێگری لە پڕۆسەی ڕووخان بکات؛ چونکە ئەو سێڵاوە کەوتووەتە ڕێ و بەپێی تەمەن و کردەوەی ڕێژیم گەشەی کردووە. هیچ بەربەستێک ناتوانێت ئەم ڕەوتە بەلارێدا ببات یان پێشی پێ بگرێت و لە ئەگەری هەر ڕێککەوتنێکیشدا، تەنیا دەبێتە هۆکارێکی دیکە بۆ خێراترکردن و کامڵکردنی پڕۆسەی ڕووخانەکە.