کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەشتا ساڵ پاراستنی زمان و ناسنامە

15:13 - 14 رێبەندان 2725

سۆران عەلی‌پوور

بە تێپەڕینی هەشتا ساڵ بە سەر چاپ کردن و بڵاوبوونەوەی یەکەم ژمارەی  ڕۆژنامەی کوردستان لە ٢٠ی بەفرانباری ١٣٢٤ و ڕوانینێک بە ڕابردووی پڕ لە ئاستەنگ و هەوراز و نشێوی  ئەو ڕۆژنامەیەدا، بە بوێرییەوە دەتوانین بڵێین کە چیدیکە باس لە ڕۆژنامەیەک وەک ئۆرگانێک و زمانحاڵی حیزبێکی سیاسی ناکەین، ئێمە لە بەردەم میراتێکی سیاسی و کولتووری نەتەوەیەک دا ڕاوەەستاوین کە بە درێژایی هەشتا ساڵ بەرگری لە پرسی ڕەوای کورد کردووە و پارێزەرێکی هەمیشەیی کلتوور و زمانەکەی بووە. میراتێک کە بێجگە لەوەی سەرچاوەیەکی گرینگی تۆمار و مێژووی کۆمار و ڕووداوەکانی کوردستان بە تایبەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە هاوکات نموونەی بڵاوکراوەیەکی نەفەس درێژە کە زۆربەی تەمەنی خۆی لە ئاوارەیی و شەڕ و گەمارۆ و بێدەرەتانی و هەڕەشە و نهێنیکاریدا تێپەڕ کردووە.

ئەو ڕۆژنامەیە کە  چەند ڕۆژ پێش دامەزرانی کۆماری کوردستان وەک بڵاوکەرەوەی بیری حیزبی دێموکراتی کوردستان بڵاوکرایەوە و بە جۆرێک درێژەدەری گۆڤاری "نیشتمان"ی کۆمەڵەی ژێ/کاف بوو، هەم مێژوویەکەی و هەم چارەنووسەکەی بە چارەنووسی  حیزب و نەتەوەکەیەوە بەسترایەوە، کوردستان بێجگە لەوەی کە کۆڵەکەیەکی ڕاوەستاوی ڕۆژنامەنووسی کوردییە، هاوکات هەڵگری کۆمەڵێک خەسڵەت و تایبەتمەندیشە کە سیمایەکی جیاوازیان بە کوردستان داوە. ناونانی ڕۆژنامەکە بە "کوردستان" ڕێک وەک یەکەم ڕۆژنامەی کوردی کە  لە لایەن میقداد میدحەت بەدرخان نزیکەی نیوسەدە پێشتر بڵاو کرابۆوە، هەڵگری کۆمەڵێک پەیامی سێمبولیک و زمانی بوو کە بێجگە لە ڕۆلە سیاسیەکەی، ڕایەڵکەیەکی زمانی و کلتووری لە نێوان دوو ساتەوەختی مێژوویی دا دروست دەکرد، سەردەمێک کە کورد لە دەروازەی سەدەیەکی پڕ لە ڕووداو و گۆڕانکاریدا گەیشتبوو بە ئاستێک لە وشیاری نەتەوەیی لەگەڵ سەردەمی دامەزرانی کۆمار وەک دەرفەتێک بۆ بە دامەزراوەیی کردنی ئەو وشیارییە نەتەوەییە.

بڵاوبوونەوەی کوردستان لە یەکێک لە  سەردەمە زێڕینەکانی ڕۆژنامەگەری کوریدا و لەپاڵ کۆمەڵیک  گۆڤار و بڵاڤۆکی دیکەی وەک نیشتمان، هاواری کورد، هەڵاڵە و گڕوگاڵی منداڵان و ئەو خزمەتەی کە لە ١١٣ ژمارەی "کوردستان"دا * بە زمان و ناسنامە و کولتووری کوردی کرد جێگەی تێرامان و سەرنجە، لە یەکەم ژمارەی کوردستان دا وێڕای وتوێژێک لەگەڵ پێشەوا قازی محممەد  سەبارەت بە ویست و داخوازییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان هاوکات ئاگاداریەکیش بڵاو کراوەتەوە کە لەمەوبەدوا خوێندن بە زمانی کوردییەو هەموو خەڵک ئەرکدار دەکا کە منداڵەکانیان بۆ خوێندن ڕەوانەی مەدرەسەکان بکەن.  لەورۆژەوە تا دەگاتە نوێترین ژمارەی کوردستان کە ئێستا لە بەردەستی خوێنەران دایە ئەو دوو ئێلێمێنتە واتە خاوەنداری کردن لە پرسی سیاسی، ناسنامەیی و نەتەوەیی گەلی کورد لەلایەک و پاراستن و پەرەپێدانی زمانەکەی   لە لایەکی دیکەوە دوو تایبەتمەندیی هەمیشەیی کوردستان بوون.

بەرجەستەبوونی ئەو دوو پرسە لە کوردستاندا وەک زۆر ئاکتی دیکەی سیاسی بێجگە لە پێگەیشتوویی هەستی نەتەوەیی، کاردانەوەیەکیش بوو بە سیاسەتە پاوانخوازییەکانی ڕەزاشا کە لە ڕێگەی بەهێزکردنی دەسەڵاتی ناوەند و لە ڕێگەی سانتراڵیزمی سیاسی و ئیدارییەوە لە هەوڵی دروستکردنی شوناسێکدا بوو بۆ خەڵکی ئێران، ئەو شوناسە داتاشراوە لەسەر بنەمای سڕینەوە و پەراوێزخستن و شێواندنی کولتوور و مێژووی نەتەوەکانی دیکە داڕێژرابوو، لەڕاستیدا پڕۆسەیەکی ئاڵۆزی ئاسمیلەکردن بوو کە لە  لە خوێندنگەکانەوە تاکوو پادگانەکانی ئەرتەش پیادە دەکرا. زمانی فارسی وەکوو زمانی فەرمی دیاری کرابوو و هەرچی لەگەڵ پێناسەی ڕەزاشا بۆ ئەو شوناسە نوێیە ئێرانییە دەگونجا بە مۆدێڕن و پێشکەوتوو و شارستانی ئەژمار دەکرا و ئەوی دیکەش کە کولتوور و ناسنامەی نەتەوەکانی دیکە بوو بە دواکەوتوویی و عەشیرەییی بێ‌کەڵک لەقەڵەم درا. سەرانی ژێ ــ کاف و پاشان سەرانی حیزبی دێموکرات و کۆماری کوردستانیش بەتەواوەتی هەستیان بە مەترسییەکانی کۆنسێپتی دەوڵەت ــ نەتەوەی پەهلەوی کردبوو، هەم لە بڵاوکراوەی “نیشتمان” و هەم لە ژمارەکانی ڕۆژنامەی “کوردستان” یشدا ئەو گرینگیدانە بە شوناسی هاوبەش و چارەنووسی هاوبەشی کورد بەتەواوەتی ڕەنگی داوەتەوە.

جێی ئاماژەیە کە دوای تێکچوونی کۆمار دووبارە ڕۆژنامەی کوردستان لە سەردەستی خوێندکارانی کورد لە باکۆ کە لەسەردەمی کۆماردا ڕەوانەی باکۆ کرابوون لە ساڵی ١٣٢٦ەوە بڵاو دەکرێتەوە و بۆ ماوەی ١٦ سالێک وەک ئۆرگانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بڵاو دەکرێتەوە، لەو دەورەیەدا کوردستان ڕۆژنامەیەکی سەربەخۆ نیە و پاشکۆیەکە لە گۆڤاری ئازەربایجانی ئۆرگانی ڕەسمی فیرقەی دێموکراتی ئازەربایجان، سەرنووسەری ئەو دەورەیەی کوردستان ڕەحیم سەیفی قازی بوو.

ئەو ڕۆژنامەیە لە تەمەنی هەشتا ساڵەی خۆیدا تەنیا لە دوو قۆناغی مێژوویی کورتدا وەک ڕۆژنامەیەکی ئاساییی و لە نێو خاکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە ئازادی  چاپ و بڵاو کراوەتەوە، قۆناغی یەکەم  بەر لە چەند ڕۆژێک لە دامەزرانی کۆماری کوردستان دەست پێدەکا و تا ئاوابوونی تەمەنی کورتی کۆمار درێژە دەخایەنێ و قۆناغی دووەمیش لە دوای ڕاپەرینی گەلانی ئێران بۆ چەند مانگێک لەگەڵ خەباتی ئاشکرای حیزبی دێموکرات دا ڕۆژنامە بە چاپی ئۆفسێت و لە هەزاران نوسخەدا بڵاو دەبێتەوە. لە قۆناغی یەکەمدا کوردستان زیاتر وەک زمانحاڵی کۆماری کوردستان بە هەموو دامەزراوە سیاسی و سەربازی و ئیدارییەکانیەوە ڕۆڵ دەگێڕی، کەسانی ناسراوی مێژووی هزر و ئەدەبیاتی کوردی وەک سەید محممەدی حەمیدی، هێمن، هەژار، حەسەنی قزڵجی و ...لەو ڕۆژنامەیەدا دەنووسن. بەشداری ئەو توێژە لە چینی ڕۆشنبیر، شاعیر و چیرۆکنووس و ئەدیب لەو قۆناغەی ژمارەی کوردستان دا مۆرکێکی تایبەتی بەخشیە ڕۆژنامەکە کە لە قۆناغەکانی دواتر و تا ئێستاش بە لاپەڕەکانی ڕۆژنامەکەوە دیارە، واتە لەگەڵ بڵاوکردنەوەی پەیام و وتارە سیاسیەکان ئەرکی پاراستنی زمان و ئەدەبیاتی کوردیش کرد بە ئەرکی خۆی.

پاش ڕووخانی کۆمار و لەگەڵ ئاوارەبوونی بەشێک لە ئەندامانی حیزب و نووسەرانی ڕۆژنامە بۆ ماوەیەکی کاتی بڵاوبوونەوەی ڕۆژنامەی کوردستانیش دەوەستێ تا ساڵی ١٩٧١ کە بۆ جارێکی دیکە لە بەغدا و لەسەر دەستی ئەندامانی حیزب لە ئاوارەییدا چاپ دەکرێتەوە، لەو دەورەی ڕۆژنامەی کوردستاندا کە تا ئێستاش بەردەوامە دووبارە کوردستان پارێزەرێکی دیاری داوا ڕەواکانی خەڵکی کوردستان و ئاوێنەی باڵانوێنی خەباات و بزووتنەوەکەیەتی و دووبارە پرسی زمان و کولتووری کوردی لەسەر دەستی کەسانێک کە هاوکات ئەندامی کۆڕی زانیاری کوردن بایەخێکی تایبەتی پێ دەدرێ.

 هەڵبژاردەیەکی سیاسی و ڕۆشنبیری وەک د.قاسملوو، مامۆستا عەبدوڵلا حەسەنزادە، مامۆستا هێمن، کاک کەریم حیسامی، کاک هاشم کەریمی، کاک حەمەدەمینی سیراجی، کاک حەسەن ڕەستگار و جەلالی میراوەیی و دەیان کەسی دیکە و ڕووناکبیرانی باشووری کوردستانیش لە نووسەرانی دیاری ئەو دەورەیەی کوردستانن. چارەنووسی کوردستان دوای ڕووخانی ڕژێمی پاشایەتیی تێکەڵیەکە لە چارەنووسی نەتەوەی کورد لەو بەشەی کوردستان و خاوەنی ڕۆژنامەکە، دەورانێکی پڕ هەوراز و نشێو کە بە بڵاوبوونەوەی چەند ژمارەیەکی کوردستان لە کوردستانی ئازاد دەست پێ دەکا، تا دەگاتە ئاوارەیی و دۆڵە و دۆڵ کردن و گواستنەوەی لە کۆێستانەوە بۆ دیوی گەرمێن و لە دوو دەورەشدا بڵاوبوونەوەی لە دوو شوێن و لە دوو بەرگی جیاوازدا و بە  سیاسەتی جیاوازدا، لەگەڵ هەموو ئەوانەدا کوردستان بڵاوکراوەیەک بووە کە  ڕاستگۆیی و زمانپاراوی خۆی پاراستووە و سەڕەرای هەوراز و نشێوی زۆر  خاوەندارێتی لە  لە پرسی ڕەوای گەلێک کردووە و یەکێک لە  پارێزگارە دیارەکانی ناسنامەکەی بووە  . کاریگەری کوردستان  لە سەر نووسەرانی کورد، گۆڤاری سروە، گۆڤاری مهاباد و زۆر ڕۆژنامە و بڵاڤۆکی و نووسراوەی دیکە کە لە ڕۆژهەڵات بڵاو دەبوونەوە بە ئاسانی دەناسرێتەوە.

ئێستا کە دوای هەشتا ساڵ ژمارە ٩١٠ی دەورەی دووەمی کوردستانتان لەبەردەست دایە، لەوانەیە ئەو پرسیارە بێتە گۆڕێ کە چۆنە ڕۆژنامەیەک لەو ماوە دووروودرێژەدا هەر ٩١٠ ژمارەی لێ دەرچووە، بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامە بە شیوەی ڕۆژانە و وەک سەرچاوەیەک بۆ هەواڵ و زانیاری بەڕۆژ بۆ خاوەنی کوردستان کە هاوکات ڕێبەرایەتیی بزووتنەوەیەکی سیاسی و چەکداری لەسەر شان بووە کارێکی ئاستەمە، بەڵام هەر ئەوە کە کوردستان بەردەوام بووە و لە بیست و پێنج ساڵی ڕابردووشدا وەک بڵاوکراوەیەکی نیو مانگی بڵاوبۆتەوە و شوێنی گەشەکردن و پەروەردەکردنی دەیان قەڵەمی نوێ بووە و دوور لە زێدی خۆی دەنگی ڕۆژهەڵات، ناسنامە و زمانەکەی بووە ، شانازییەکی گەورەیە بۆ دوو هاوچارەنووسی کوردستان و  حیزبی دێموکرات.