
دیاکۆ ڕۆژهەڵاتی
هەر کارێک پێویستی بە ئەزموون و کار و پڕۆڤەیە. ژیان بێ ئەزموون قالۆرێکی نێوبەتاڵە. هەر گەلێک، هەر کەسێک کە بیانهەوێت بگەنە ئامانج دەبێ هەوڵ بدەن و فێربن و ئەزموون بکەن و لە ماندووبوون و ئارەقڕشتن نەترسێن.
بەهۆی ئەوەی دەیان ساڵە خەڵکی کوردستان وەک گەلێکی زیندووی شۆڕشگێڕ لە وڵاتێکی دیکتاتۆرلێدراوی وەک ئێراندا ماندوویینەناسانە ئەزموونی کاری سیاسی دەکەن، بە جوانی فێری گەمەکانی دێموکراسی بوون و بە باشی کەڵک لە دەرفەتەکان وەردەگرن. ئەو ئەزموونە مەزنەش بووەتە هۆی ئەوەی هەڵوێستەکانی گەلی کوردستان لەچاو بەشەکانی تری ئێران مەدەنیانەتر و بەڕۆژتر لەبەر چاو بکەون. لە چەند ساڵی ڕابردوودا ئەو ڕۆژانەی بۆ مانگرتنی سەرانسەری بەبۆنەی ڕۆژی ٢٢ی پووشپەڕەوە ڕادەگەیەندرا، نەرمە پڕۆڤەیەک بوون بۆ ئەم ڕۆژانە. لە ماوەی شۆڕشی ژیناشدا بە دەیان مانگرتن و چالاکی نەتەوەیی لە کوردستان ڕێکخرا و هەمووشیان بە جوانی و ڕێکوپێکی بەڕێوە بران. لە ٤٧ ساڵی ڕابردوودا لەبەر نەبوونی ئۆپۆزیسیۆنێکی جێی متمانە، بە هیچ شێوەیەک نەتوانراوە مانگرتنێک لە بەشەکانی دیکەی ئێراندا ڕێک بخرێت. کەچی دەبینین دوای هەر ڕاگەیاندنێکی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات - بەتایبەت ئەو کاتەی کۆدەنگی لە دەرێ هەبێت - لەنێوخۆش بەدەنگەوەچوونەکە بەهێزتر و بۆ دوژمنان گورچووبڕتر بووە. ئەم کۆدەنگیانە هەم گەلی دڵخۆش کردوە و هەم دوژمنانی تەزاندوە.
دیارە بەهۆی ئەوەی لە ماوەی دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامیدا غەدری سەر گەلی کورد قورس و تاقەت پڕووکێن بووە، لە ڕاپەڕینە مەیدانییەکانیشدا کورد هەر پێشەنگ بوو. دوای دەنگهەڵبڕینەکەی بازاڕی تاران کە زیاتر داواکارییەکی بژێوی بوو، شارەکانی مەلەکشایی، کرماشان و ئیلام لە پێشەنگەکانی ڕاپەڕینە دژبەرانەکەی ڕێژیم بوون و شارەکانی دیکەی ناوەندنشین دوای ئەوان ڕژانە سەر شەقامەکان و دەنگی لەناوبردنی کۆماری ئیسلامیان بەرز کردەوە.
لەم ڕۆژانەشدا کە لە لایەن ناوەندی دیالۆگەوە ڕۆژی ١٨ی بەفرانبار وەک ڕۆژی مانگرتنی گشتی لە کوردستاندا ڕاگەیەندرا، دیتمان کە چۆن یەکگرتووانە و سەرکەوتووانە مانگرتنەکە بەڕێوە چوو. ئەم ئەزموونە بووەتە هۆی ئەوەی کەسانی دیکەش خۆ بدەنە پاڵی و کەڵکی تایبەت بە خۆیانی لێ وەربگرن و دەسکەوتی خۆیانی پێ زەنگین بکەن. دەبینین کاتێک ناوەندی دیالۆگ بۆ هاوکاریی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕۆژی ١٨ی بەفرانباری وەک ڕۆژی مانگرتن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕادەگەیەنن، ڕەزا پەهلەویش بەو بەرچاوڕوونییەی کە بانگەوازی حیزبە کوردییەکان هەیبوو، دەیزانی وەک هەموو جارێک بێ وڵام نامێنێتەوە، دەرفەتەکە دەقۆزێتەوە و شەوی ١٨ی بەفرانبار وەک شەوی هاتنە دەرێ بۆ ناوەندنشینان دیاری دەکات، هەتا ئەوەش وەک دەسکەوتی خۆی بە کۆمەڵگەی جیهانی بفرۆشێتەوە. ئەوە نیشانەی ئاوانگاردبوون و ئەزموونی دێموکراسیناسی گەلی کوردە لە ڕۆژهەڵاتی نیشتماندا.
هەموو دەزانین کورد گەورەترین زیانی لە پەرتەوازەیی و یەکنەگرتندا دیتووە. هەروەها هەمووشمان ئەوە دەزانین کە یەکگرتنمان سەرکەوتنمان مسۆگەر دەکات. ئەزموونی ١٨ی بەفرانبار بە ئێمە دەڵێ: یەکگرتنتان زامنی سەرکەوتنتانە. لێرەدا ئەرکی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و خەڵکی کوردستانیش بۆ ڕاگرتن و پارێزگاریکردن لەو دەسکەوتە قورستر دەبێت. هەموو دەزانن دوژمنە ڕەنگاوڕەنگەکانی کوردستان ئەگەر لەسەر هەموو شتێک لەگەڵ یەک ناتەبا بن، ئەوە سەبارەت بە دوژمنایەتیکردنی گەلی کورد زۆر تەبا و ڕەبان. ئەوان لە کاتی هێرشکردنە سەر کورد، چ هێرشی مێدیایی و چ هێرشی نیزامیدا هاوڕان و شانبەشانی یەکتر هێرش دێنن و دەمانکوژن و بێڕێزیمان پێ دەکەن.
بەدڵنیاییەوە دەبێ وەک دەسکەوتێکی مەزن چاو لە مانگرتنەکەی ١٨ی بەفرانباردا بکرێت. ئەم جۆرە هەڵوێستانەیە کە ئێمە لە بەرانبەر دوژمنە دڕندەکانماندا بەهێز دەکات و دەمانگەیەنێتە سەر مەنزڵگەی مەقسوود. ئەگەر بە چاوێکی دەسکەوتانەوە لەو ڕۆژە بڕوانین، ئەوە دەبینین کە بۆ گەلی ئێمە سەودایەکی دووسەر قازانجمان هەبوو. لە ڕاستیدا کورد لەو ڕۆژەدا بە تیرێک دوو نیشانەی شکاند.
نیشانەی یەکەم/ لایەنە سیاسی و ڕووناکبیرییەکانی کوردستان دایمە لەسەر ئەو باوەڕە بوون کە کورد بە هەموو جیاوازییە ئایینی و ئایینزایی و ئیدیۆلۆژی و زاراوە و بن زاراوەییەکەوە هەر کوردن و نابێ ئەو جیاوازییانە بکرێنە شووڵی لێک هەڵاواردن و لێک دوورکەوتنەوە، بەڵکوو دەبێ ئەوانە ببنە هەوێنی یەکتر قەبووڵکردن و تەمرینی پێکەوەژیان. بەو کارەش ڕۆخساری کوردی پێ جوانتر بکرێت، هەتا ببینە گەلێکی نموونەیی و خاوەن کولتووری جوان و زەنگین. ١٨ی بەفرانبار وەرچەرخانێکە لە مێژووی خەباتی مافخوازانەی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا. ئەم ڕۆژە دەبێ بکرێتە ڕۆژی یەکگرتن و لە ڕۆژژمێری مێژوودا بنووسرێتەوە و هەموو ساڵێک جەژنی یەکگرتنی تێدا بگیردرێت. چونکە سەرلەبەری گەلی کورد بە هەموو جیاوازییەکانیانەوە لەم ڕۆژەدا ئامێزی برایانەیان لە یەکدی وەرێنا و سروودی هاوخەمی و هاوپشتیان چڕی.
مانگرتنەکەی ١٨ی بەفرانبار پڕ بوو لە پەیامی یەکگرتن. کورد لەم ڕۆژەدا بە زمانێکی مەدەنییانە واژۆی لەسەر یەک نەتەوەیی کورددا. لەم ڕۆژەدا سوننی و شیعە، یارسانی و ئێزیدی، سێکۆلار و چەپی، هەموویان بوون بە کورد. کوردێک کە مافی خۆی باس دەکات و ویستی خۆی دەچڕێت. ئەگەر حیزبەکان و ڕووناکبیرەکانی ڕۆژهەڵات بتوانن لایەنە باشەکانی ئەو دەسکەوتە جوان بنرخێنن و شی بکەنەوە و لێی بدوێن، ئەوە دەتوانین پێی ببینە خاوەن بارەگایەکی نەتەوەیی و لە بەرانبەر دۆست و دوژمنەکانماندا ببینە خاوەن دەنگ و قورساییەکی گرنگ.
نیشانەی دووهەم/ ١٨ی بەفرانبار پەیامێکی دیکەشی پێ بوو. ئەو پەیامەیان ڕوو لە دوژمنانی گەلی کورد بوو. لەو پەیامەدا بەڕاشکاوی ڕاگەیەندرا: کورد گەلێکی یەکدەستە و بێجگە لە ویستە سەرانسەرییەکان، خاوەن ویست و داخوازی خۆشیەتی. ئیتر لەمە بەولاوە کەس ناتوانێت بە چەند وشەی برقەداری وەک «مەرزبانی غەیور» و «کۆنترین نەتەوەی نێو ئێران»، فریوی بدات و بیکاتە کەواسووری بەر لەشکر. هەروەها گوترا، ئەوەی کورد خوێنی بۆ دەدات گۆڕینی دیکتاتۆڕێک بە دیکتاتۆڕێکی تر نیە، بەڵکوو کورد دەیەوێ لە ئێرانی داهاتوودا دەنگی جیابیران ببیسترێت و ئەویش ببێتە خاوەن دەنگی خۆی. ئەگەر سنوورداری دەکات بۆ خۆی بکات و ئەگەر کۆڵبەری دەکات، کۆڵ بۆ خۆی هەڵگرێت.
کۆتایی:
دەسکەوتەکانی ١٨ی بەفرانبار ئەرکێکی قورس دەخاتە سەر شانی ناوەندی دیالۆگ و ڕووناکبیران و کۆمەڵگەی مەدەنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ئەوان دەبێ بەرپرسانە لەو دەسکەوتە گرنگە بڕوانن و هۆشیارانە لەگەڵی بجووڵێنەوە. دەبێ بەردەوام کار بۆ پتەوکردنی ئەو یەکیەتییە بکرێت و لەو کارانەی کە دەبنە هۆی لێکترازان و دوورکەوتنەوە لە یەکدی، خۆ بپارێزن. نابێ بەرژەوەندی نەتەوەیی بخرێتە دوای بەرژەوەندیی حیزبی. دیارە ئەو جۆرە هەڵسوکەوتانە خەڵک دڵسارد دەکاتەوە و دەرفەتی کەلکوەردەگرتنی فێڵبازانەش بۆ دوژمنە هاوبەشەکەمان دەڕەخسێنێت. چونکە ئەوەی گەلی کورد لە کۆتاییدا دەیهەوێت، گەیشتن بە مافە ڕەواکانییەتی کە دەیان ساڵە خەباتی بۆ دەکات و خوێن و قوربانی بۆ دەدات.