ئاماژە: تەلەڤیزیۆنی BBC لەو ماوەیەدا وتووێژێکی لەگەڵ کاک مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزب پێکهێنا. سکرتێری گشتیی حیزب لەم وتووێژەدا بەڕاشکاوی باسی لە هەڵوێست و خوێندنەوەی حیزبی دێموکرات بۆ گۆڕانکارییەکانی ئێستای ئێران و کوردستان کرد و ئەگەرەکانی بەردەم بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی گشتی لەدژی کۆماری ئیسلامیی شی کردەوە و پێگەی کورد لەو ناڕەزایەتییانەی دەستنیشان کرد. "کوردستان" پوختەی ئەو وتووێژەی بۆ خوێنەرانی گواستۆتەوە:
حیزبی دێموکرات چۆن دەڕوانێتە خۆپێشاندانەکانی ئەمدواییانە؟
خۆپێشاندانەکانی ئەمجارە نیشاندەری ئەم ڕاستییەیە کە خەڵک بە تەواوی لەم ڕژێمە ناهومێد بوون. ئەوان دەزانن تا ئەو کاتەی ئەم ڕژێمە لەسەر کار بێت، دۆخی وڵات لە هیچ ڕوانگەیەکەوە باش نابێت. ئەمە خاڵێکی زۆر گرنگە. لە سەرووی هەموو ئەم داواکارییانەشدا، ئامانجی سەرەکیی خەڵک کەسی «خامنەیی»یە وەک وەلیی فەقیهـ، کە بەرپرسیاری یەکەمی تەواوی ئەم دۆخە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو.
جیاوازیی خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییانە لە ڕووی پێکهاتەیییەوە لەگەڵ خۆپێشاندانەکانی بزووتنەوەی ژینا؟
بەشێکی ئەم جیاوازییە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لە بزووتنەوەی «ژینا»دا لە کوردستان، حیزبە کوردەکان داوایان لە خەڵک کرد دوای کۆتاییهاتنی ڕۆژێکی مانگرتن، بڕژێنە سەر شەقامەکان و خۆپێشاندان بکەن و لە ڕاستیدا خۆپێشاندانە سەرانسەرییەکان لەوێوە دەستی پێ کرد. بەڵام ئەمساڵ داواکارییەکی وەها نەخرایە ڕوو و تەنیا دوای ئەوەی خۆپێشاندانەکان کرماشان و ئیلامی گرتەوە، حیزبە کوردییەکان بە ڕاگەیاندنی ڕۆژێک مانگرتنی گشتی دەنگی خۆیان خستە پاڵ دەنگی هەموو خۆپێشاندەرانی ئێرانی. مانگرتنێک کە خۆشبەختانە خەڵک بە تەواوی وەڵامیان دایەوە و لە سەرانسەری کوردستاندا جێبەجێ کرا.
بەڵام بۆچی ئەمجارە وەک پێشتر نەهاتنە مەیدان؟
بڕوانن، ئێمە وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران،لە ڕۆژی یەکەمی دامەزراندنی ئەم حیزبەوە و لە ماوەی ٨٠ ساڵی ڕابردوودا، بۆ ئازادی، دێموکراسی و مافی یەکسان خەباتمان کردووە؛ نەک تەنیا بۆ کوردەکان، بەڵکوو بۆ هەموو خەڵکی ئێرانیش. هەر کاتێک لە کوردستان خۆپێشاندانێک دروست بووبێت، زۆرترین و قورسترین گورزەکان لەلایەن هێزەکانی ڕێژێمەوە لە خەڵکی کورد دراون و کوردەکان لە کردەوەدا لە هەموو ئەم ڕاپەڕین و شۆڕشانەدا سیبڵی مەیدانی تەقە بوون و ئەمە ڕاستییەکە. لە لایەکی دیکەوە، ڕاستییەکی دیکەش ئەوەیە کە تەنیا بە خۆپێشاندانەکان لە کوردستان و خۆڕاگریی خەڵکی ئەم ناوچەیە، ڕێژێم ناڕووخێ. هەر بۆیە ئەمجارە ئێمە لەگەڵ هێزە ئۆپۆزیسیۆنە کوردەکانی دیکە کە هاوکاریی یەکتر دەکەین، داوای خۆپێشاندان لە خەڵکمان نەکرد.
ئەدی لە چ بارودۆخێکدا ئەگەری ئەوە هەیە داوا لە لایەنگرانی خۆتان بکەن بێنە مەیدان؟
پێشبینیکردنی بارودۆخ کەمێک دژوارە. بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە ئێمە هیچ کاتێک داوایەکی وەها ناکەین. بەداخەوە بەهۆی کوشتاری بەرفراوان کە لە شەقامەکاندا ئەنجام درا، ئێستا خۆپێشاندانەکان بەرەو کزی چوون. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەمە بە مانای کۆتاییهاتنی داخوازیی خەڵک یان دامرکانەوەی تووڕەیی جەماوەر نییە. بە بڕوای من، ئەم تووڕەیییە ئێستا وەک ئاگرێکی بن خۆڵەمێشە و چاوەڕوان دەکرێت زوو یان درەنگ، توندتر و بەرفراوانتر لەم خولە، دووبارە هەڵبگیرسێتەوە. لەو کاتەدا، ئێمەش بێگومان بەشدار دەبین و خەڵکی کوردیش ئامادەییان دەبێت.
ئایا لەو ماوەیەدا ساتێک هەبوو هەست بکەن بە ڕاستی خۆپێشاندانەکان بەرەو جەنگی کۆتایی لەدژی ڕێژیم دەچن؟
زۆرێک لە خەڵک هەستیان بەوە دەکرد و ئاواتی هەمووشمان هەر ئەوە بوو. بەڵام ڕاستی ئەوەیە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێژێمێک کە بە هەموو هێز و بە جۆرەها چەکی سووک و قورس هێرش دەکاتە سەر خەڵکی بێبەرگری، بۆ خەڵکێک کە دەستبەتاڵن زۆر دژوارە. ڕێژێم هەموو ئیمکاناتی خۆی بۆ سەرکوت بەکار هێنا و بەداخەوە تا ڕادەیەکیش سەرکەوتوو بوو کە ئێستا ئەم دەنگانە کپ بکات. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم سەرکەوتنەی ڕژێم کاتییە.
بۆ هەتا ئێستا هاوپەیمانییەکان دژی کۆماری ئیسلامی سەرکەوتوو نەبوون؟
کێشەی سەرەکی ئەوە بووە لە سەرەتاوە دەربارەی پرسە بنەڕەتییەکانی ئێرانی دوای کۆماری ئیسلامی، ڕێککەوتنێکی شەفاف لە ئارادا نەبووە؛ پرسگەلێکی وەک مافی نەتەوەکان، نەبوونی ناوەندگەرایی و جۆری حکوومەتی داهاتوو. کاتێک باسەکان جدیتر دەبنەوە و جیاوازییەکانیش قووڵتر دەبن و لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی هەڵوەشانەوەی هاوپەیمانییەکان.
ڕوانگەی حیزبی دێموکرات بۆ ڕەزا پەهلەوی؟
ئێمە لەگەڵ هیچ کەسێک کێشەی شەخسیمان نییە. باسی ئێمە لەسەر «سیستەم»ە. کوردستان باجێکی قورسی بۆ ئازادی داوە و ئێمە نامانەوێت لە دیکتاتۆرییەتێکەوە بگەینە دیکتاتۆرییەتێکی دیکە. بۆ ئێمە گرنگە لە ئێرانی داهاتوودا، پلۆرالیزم و مافی نەتەوەکان پشتگوێ نەخرێت. هەر سیستەمێک بیەوێت دووبارە ناوەندگەرا بێت و حاشا لە مافی نەتەوەکان بکات، بۆ ئێمە قبووڵکراو نابێت. ئێمە بڕوامان وایە ئێران وڵاتێکی فرەنەتەوەیە و تاقە ڕێگەی پاراستنی ئەو وڵاتە و پێکەوەژیانی ئاشتییانە، دابەشکردنی دەسەڵاتە لە چوارچێوەی سیستەمێکی فیدراڵ و دێموکراتیکدا. ئەمە ڕوانگەیەیە کە ئێمە دەیان ساڵە جەختی لەسەر دەکەینەوە.
بۆچی ئاستی توندوتیژییانەکانی ئەمجارە لە شەقامەکاندا ئەوەندە زۆر بوو؟
هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ڕێژێم لەم قۆناغەدا هەستی بە لاوازییەکی زۆر دەکرد. لە کاتی بزووتنەوەی ژینادا، ڕژێم هێشتا هێزە نیابەتییەکانی خۆی لەبەردەستدا بوو، هێشتا دروشمی دژی ئیسرائیل و ئەمریکای دەدا و خۆی وەک هەڕەشەیەکی گەورە نیشان دەدا. بەڵام ئەمجارە، بەهۆی لەدەستدانی بەشێک لەو ئامراز و ئیمتیازاتانە، تووشی ترسێکی زیاتر ببوو و پێی وابوو بێتوو دەست بۆ ئەم کوشتارە نەبات، ڕووخانەکەی حەتمییە. دیارە بەڵێنەکانی ترامپ و ئەوە کە هێزی پشتیوانیان بۆ دەنێرێ، زۆرێک لە خەڵکی هان دا بێنە سەر شەقام و دروشمی ڕادیکاڵ بدەن. بەڵام بەداخەوە، لانیکەم تا ئەم ساتە ئەو بەڵێنانە جێبەجێ نەکران و ئەم بابەتە کاریگەرییەکی نەرێنیی بەرچاوی لەسەر مەعنەوییاتی خەڵک دانا و جۆرێک لە ناهومێدی، بەتایبەت بەرانبەر بە ئەمریکای لە بەشێک لە ناڕازییاندا دروست کرد. دیارە ئەمن پێم وانییە ئەمریکا لە سیاسەتەکانی خۆی لە ئاراستەی لاوازکردنی ئەم ڕژێمە پاشەکشەی کردبێت، بەڵام ئەوەی خەڵک لە شەقامەکاندا چاوەڕوانییان دەکرد، بینینی هەنگاوێکی بەرجەستە و دەستبەجێ بوو لە کاتی خۆپێشاندانەکاندا. لەگەڵ ئەوەشدا، بە بڕوای من هێشتا کۆتاییی کارەکە نەهاتووە.
ڕوانگەی حیزبی دێموکرات لەسەر دەستێوەردانی دەرەکی؟
لە بارودۆخی ئەمڕۆدا ئەوەی کە دەگوترێ دەستوەردانی دەرەکی پێویست نیە ڕوانگەیەکی سۆزدارییە. ڕاستییەکەی ئەوەیە وڵاتی ئێمە هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامییەوە بەکردەوە داگیر کراوە. ئەگەر وا نییە، ئەی بۆچی خەڵک بە دەستی خاڵی دێنە سەر شەقام و خۆیان دەخەنە بەر گوللەی هێزەکانی ڕێژێم؟ دووەم ئەوەی ئەمڕۆ لە هیچ شوێنێکی جیهاندا، هیچ نەتەوە و وڵاتێک ناتوانێت بەتەنیا چارەنووسی خۆی دیاری بکات. لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و شوێنەکانی دیکەی جیهاندا دەبینین کە لە پەنای خەڵک و حکوومەتەکاندا، هێزە بڕیاردەرە جیهانییەکانیش ڕۆڵیان هەیە؛ نموونەکانی ئەوە لە غەززە، سووریە و ئۆکراین دەبینین. سادەئەنگارییە ئەگەر پێمان وابێ تەنیا خەڵک، بەبێ هیچ پاڵپشتییەکی دەرەکی، دەتوانن بگەنە ئەنجام. بێگومان خەڵک دەبێ چالاک بن و ناڕەزایەتی دەربڕن، بەڵام ئەمە بە واتای ڕەتکردنەوەی یارمەتیی وڵاتە کاریگەرەکان نییە.
دوورەدیمەنی داهاتووی ئێران؟
لەو بارودۆخەی کۆماری ئیسلامی دروستی کردووە و ڕێگای سازان لەگەڵ خەڵک و وەڵامدانەوەی ویست و داخوازییەکانی کۆمەڵگەی داخستووە، دۆخەکە بەرەو توندوتیژی زیاتر دەچێت. مافی بەرگریکردن هەمیشە قبووڵ کراوە و ئەم بابەتە ڕەنگە بۆ ئێمە و بۆ هەموو خەڵکی ئێران بێتە پێش. داهاتوویەکی زۆر تاڵ لە بەردەمماندایە و هیوادارم ئەو تێکهەڵچوونانە ڕوو نەدەن، بەڵام بەداخەوە ڕێگەکانی دیکەیان لە نەیاران و جیاوازبیران داخستووە.
ڕوانگەی تایبەتیی خۆتان لە بارەی پڕۆژەی گەڕانەوەی بنەماڵەی پەهلەوی؟
ئەمن چالاکێکی سیاسیم و خەباتێکی نەتەوەییی دژوار دەبەمە پێش. لەم ڕێگەیەدا، کینە و دوژمنایەتی شوێنی لە زێهنییەتی مندا نییە. ڕاستە ڕەزا پەهلەوی بە بەرپرسی ڕاستەوخۆی هەڵەکانی باوک و باپیری نازانم؛ بەڵام ڕەخنەی من ئاراستەی هەڵوێست و کارکردەکانی ئەمڕۆی ئەوە. ئەو دەیتوانی لە کردەوەدا نەک تەنیا لە بە قسە و لە ڕواڵەتدا کەسێکی دێموکرات بێت و لەبری تەنیا زەقکردنەوەی خۆی، بەدوای دروستکردنی یەکگرتوویی لەگەڵ هێزەکانی دیکە لە ناوەوە و دەرەوەی ئێراندا بگەڕێت. هەڵوێستێکی وەها دەیتوانی پێگەیەکی باشتر بۆ ئەو دروست بکات.
ئێوە چ جۆرە حکوومەتێک بۆ داهاتووی ئێران بە گونجاو دەزانن؟
ئەوەندەی من بزانم لەنێو نەتەوە جۆراوجۆرەکانی ئێراندا -لە بەلووچ و عەرەبەکانەوە بگرە تا تورکەکان- حیزبێکی ئەوتۆ نییە هەڵوەشانی ئێرانی بوێ و ئەمە پێمان دەڵێ هەموو ئەم نەتەوانە دەیانەوێت لە چوارچێوەی جوگرافیای ئێراندا بمێننەوە و ڕێگەچارەیەکی ئاشتییانە بۆ پێکەوەژیان بدۆزنەوە. ئێمەی کوردیش ڕێک هەر ئەم ڕوانگەیەمان هەیە. ئەگەر ڕوانگەیەکی سەربەخۆییخوازیش هەبێ، ئەمە دەرەنجامی سیاسەتە سەرکوتگەرەکانی ڕێژێمە. چونکی کاتێک هیچ مافێک بە فەرمی ناناسرێت و هیچ دانوستانێک ناکرێت، سروشتییە هەندێک کەس بیر لە ڕێگەچارەی توندڕەوانەش بکەنەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەمیشە پابەندی ئەو ئەسڵە بووە کە لە چوارچێوەی ئێراندا خەبات بۆ هێنانەسەرکاری حکوومەتێکی دێموکرات، سێکۆلار و پێبەند بە دابەشکردنی دەسەڵات کار بکات. هۆکاری جەختکردنەوەی ئێمە لەسەر فیدراڵیزم ئەوەیە ئەم مۆدێلە لە وڵاتە فرەنەتەوەکاندا تاقی کراوەتەوە و ئەزموونێکی سەرکەوتوو بووە. لە سیستەمێکی وەهادا، خەڵک لەبری شەڕی یەکتر، پێکەوە بۆ پێشکەوتنی وڵات هەوڵ دەدەن. کەواتە ئامانجی ئێمە ئێرانێکی ئازاد، سێکۆلار، فیدراڵ و دێموکراتیکە.