ئاماژە: کاک خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دیمانەیەکدا لەگەڵ تەلەڤیزیۆنی "ایران اینترنشنال" ڕوانگە و بۆچوونەکانی حیزبی دێموکراتی لەبارەی چەند پرسێکی گرینگ و ڕۆژەڤی سیاسیی ئێران و کوردستان خستەڕوو. "کوردستان" کاکڵ و پوختەی تەوەرە گرینگەکانی ئەم وتووێژەی بۆ خوێنەرانی گواستۆتەوە:
دۆخی ئێستا و سیناریۆکانی بەردەم کۆماری ئیسلامی:
کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئاستی نێوخۆییدا و چ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا لە ڕەشترین ڕۆژەکانی دەسەڵاتداتدارەتیی خۆیدایە. گوشارەکانی کۆمەڵگەی جیهانی بەتایبەت ئەمریکا لەسەر کۆماری ئیسلامی هەردەم زیادتر دەبن و لە نێوخۆی وڵاتیش خۆپێشاندانەکان و ناڕەزایەتیی گشتیی خەڵک هیچ شەرعییەتێکی بۆ کۆماری ئیسلامی نەهێشتۆتەوە. جگە لەوە کۆماری ئیسلامی زۆر قەیرانی زەبەلاحی دیکە بەرۆکی گرتووە کە ئەگەر ئەو دۆخەش نەبوایە هەر دەربەستی چارەسەرکردنیان نەدەهات.
لەبارەی سیاسەتی ئەمریکا لەهەمبەر کۆماری ئیسلامیدا زۆر سیناریۆ دەکرێ لە گۆڕێدا بن، بەتاینەت کە تڕامپ زوو زوو هەڵوێستەکانی دەگۆڕێ؛ بەڵام سەرباقی هەموو ئەوانە بابەتی سەرەکی خەڵکی ئێران بۆخۆیانن. ئەوەندەش کە بۆ کورد و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەگەڕێتەوە، بەردەوامی لەسەر هەوڵەکانمان بۆ یەکیەتی و یەکخستنی هێزەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامییە بۆوەی پێکەوە ڕێک بکەوین و جێگرەوەی کۆماری ئیسلامی ڕابگەیەنین. چونکی یەکێک لە نیگەرانی و کێشەکانی کۆمەڵگەی جیهانی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەگەر کۆماری ئیسلامی نەبێ، ئەدی کێ جێی دەگرێتەوە. ئەمەش دەخوازێ ئێمە هەموومان لەوەدا پەلە بکەین و لە ڕەوتی ڕووداوەکان دوا نەکەوین.
کورد، حیزبی دێموکرات و ڕەزا پەهلەوی
حیزبی دێموکرات و نەتەوەی کورد لە ئێران دوژمنی هیچ کەس و لایەنێک نین کە دژبەری کۆماری ئیسلامی بن، بەڵام دەبێ هەمووان ئەو ڕاستییە ببینین و دانی پێدا بنێین کە کۆمەڵگەی ئێران فرەنەتەوە و فرەپێکهاتەیە. بۆیە هیچ کەس و لایەن و ڕەوتێک ناتوانێ بەتەنیا تەعبیر لە ئیرادەی نەتەوەکانی ئێران بکات و نوێنگەی ویست و داخوازەکانیان بێت. بەداخەوە هەتا ئێستا نەتەوەکانی ئێران بەختی ئەوەیان نەبووە و شانسی ئەوەیان نەدراوەتێ ئەزموونی دێموکراسی و دەسەڵاتێکی سیاسیی دێموکراتیکیان هەبێ و دەرفەتی ئەوەیان بۆ نەڕەخساوە کۆمەڵگە بە دامەزراوە بکەن. بەڵام ئێمە گەشبینین کە ڕەوتە سیاسی و کەسایەتییە خەباتگێڕەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی دەبێ پێکەوە دابنیشن و باس لە نەخشەڕێیەکانی تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی بکەن؛ ئەو خەڵکەش کە لە شەقامن هەر ئەوەیان دەوێ. بەتایبەت کە وڵاتانی بڕیاردەر و شوێندانەری جیهانیش بە پارێزەوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دەجووڵێنەوە. هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە هەتا ئێستا ئاسۆیەکی ڕوون بۆ جێگرەوەی کۆماری ئیسلامی بەدی نەکراوە.
بەرنامەی حیزبی دیموکرات بۆ داهاتووی ئێران
ئێمە باوەڕمان بەوەیە ئێرانی داهاتوو دەبێ دێموکراتیک بێ و هەموو هەوڵە دیپلۆماسی و هاوخەباتیمان لەگەڵ لایەنەکانی دیکە بۆ ئەو مەبەستەیە پێکەوە ئەو ئێرانە دروست بکەین. ئەوەش بە داننان و دەستەبەری مافی وەک یەکی هەموو جۆراوجۆرییە نەتەوەیی و ئایینییەکانی ئەم وڵاتە بەدی دێت. کوردستان لەو پێوەندییەدا ئەزموونێکی دەوڵەمەندی لە خۆڕێکخستن، فرەحیزبی و مامەڵەی سەردەمیانە لەگەڵ یەکتر و لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکانی وڵات هەیە. گرینگ ئەوەیە بزانین هەموو پێکهاتە و جۆراوجۆرییەکانی ئێران تینووی دێموکراسی و ئازادی و دەسەڵاتێکی گەلی و دێموکرات و کراوەن.
هێرشی نیزامیی ئەمریکا و کاریگەریی لەسەر داهاتووی ئێران
هێرشی نیزامی بۆ سەر ئێران ئەگەرێکە و دوور لە چاوەڕوانی نییە. مەسەلە ئەوەیە کە کۆمەڵگەی جیهانی، وڵاتان و بەتایبەت ئەمریکا هەموو بەرژەوەندییەکانی خۆیانیان دەوێ، تەنانەت ئیسڕائیلیش. گوشاری هێرشی نیزامی بۆ سەر ئێران دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی سیاسەتەکانی ئەم وڵاتە لە بواری هەوڵەکانیان بۆ دەستڕاگەیشتنی چەکی ئەتومی، پەرەدان بە تێکنۆلۆژیی مووشەکیی دوورپێک و دەستێوەردانەکانیان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بگۆڕن، واتە کۆماری ئیسلامی لە هەموو ئەوانە پاشگەز بێتەوە و وازیان لێ بێنێ. ئەمە دەکرێ لە دەقەی ٩٠دا ڕوو بدا و کۆماری ئیسلامی بتوانێ بە وتووێژ و سازان لەگەڵ ئەمریکا ئەو مەترسییە لەسەر خۆی لابدا. بەڵام ئەوەی دەمێنێتەوە نەتەوەکانی ئێران و بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی گشتگیر لە نێوخۆی وڵات دژی ڕێژیمە کە ئێستا ئیدی گەیوەتە چلەپۆپە. بزووتنەوەیەک کە تەنانەت لە ئەگەری سازانی ئەمریکا لەگەڵ کۆماری ئیسلامییش وەستانی بۆ نییە و دەیەوێ کۆتایی بە ڕێژیم بێنێ، بەتاینەت کە ئەم ڕێژیمە لەلای خەڵکی ئێران هیچ شەرعییەتێکی سیاسیی نییە. بۆیە بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان لەوانەیە بە سەرکوتی توندوتیژ و خوێناوی خاو ببنەوە، بەڵام ناوەستن و هەر ئەم بزووتنەوانەش تۆماری دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی تێکەوە دەپێچن.