
حەسەن شێخانی
شەپۆلی ئەمجارەی خۆپێشاندانەکانی ئێران تا ڕادەیەکی زۆر چاوەڕوانکراو بوو؛ نەک ئەوەی کەی ئەم خۆپێشاندانانە سەرهەڵدەدەن و ڕێکەوت و کاتی سەرهەڵدانیان کەی دەبێ، چونکە ئەمانە لە جەوهەردا شتگەلێک، کاروبارێک و ڕووداوگەلێکن کە پێشبینی ناکرێن. کاروباری مرۆیی، ژیانی مرۆڤەکان و ئاڵوگۆڕەکان ئەوەندە پێچەڵپێچن کە ناکرێ بە هیچ زانست و مەعریفەیەک بە شێوەیەکی ورد پێشبینی بکرێن، ئەوەی کە کەی ڕوو دەدەن و چ شتێک دەبێتە پریشکی گەشانەوەی خۆڵەمێشی بن ئاگر. چونکە کێشە و گرفت و قەیرانە لەسەریەک کەڵەکەبووەکان وەک خۆڵەمێشی بن ئاگرن، کە شتێک دەبێتە پریشک و دەیانگەشێنێتەوە و دەیانتەقێنێتەوە.
لە بنەڕەتدا ڕووداو و ڕووداوەکان ناوی خۆیان بە خۆیانەوەیە؛ ڕوو دەدەن و ئەوەی کە چۆن و لە چ کاتێکدا، پێشبینی نەکراون. ڕووداوەکان ئەگەر لە پێشدا مرۆڤ بیتوانیبایە پێشبینییان بکات، ڕووداو نەدەبوون و ناو و نێوەڕۆکێکی تریان دەبوو. لە بنەڕەتدا زانستە مرۆییەکان و فەلسەفەی هاوچەرخیش، ڕێک لەسەر ئەمە تەرکیز دەکەن و داهاتووی مرۆڤ و مرۆڤایەتی وەک شتێکی تا ڕادەیەک نادیار وێنا دەکەن. هایدیگەر، فیلسووفی ئاڵمانی، ژیانی مرۆڤ لەو کاتەوە کە هەڵدەدرێتە سەر ئەم دنیایە، بە ڕێکردن لەنێو دارستان دەشوبهێنێت؛ کە مرۆڤ لە ڕەوتی بەڕێوەچوونیدا بەردەوام لەگەڵ شتی تازە بەرەوڕوو دەبێت و ئەزموونیان دەکات. هەر ئەمەشە کە لە فەلسەفەدا پێی دەگوترێت: دیاردەناسی؛ مرۆڤەکان شتی تازە ئەزموون دەکەن و ئەزموونەکانیشیان لە یەکتر جیاوازە.
دەمەوێ بڵێم شەپۆلی نوێی خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییانە، لە لایەکەوە پێشبینیکراو بوون و زۆرێک لە پسپۆڕان و کارناسانی بوارە جۆراوجۆرەکانی زانستە مرۆییەکان، پێشبینی ئەوەیان کردبوو کە ئەگەری زۆرە لە داهاتووی ئێراندا ناڕەزایەتی و قەیرانە لەسەریەک کەڵەکەبووەکان، کە سەرچاوەی ئەم ناڕەزایەتییانەن، بتەقنەوە و سەرهەڵبدەن و بێنە ئاراوە. بەڵام ئەوەی کە کەی و لە چ ڕێکەوتێکدا، ئەمە لە توانایان بەدەر بوو. ئەمەش شتێکی سروشتییە، چونکە مرۆڤ هەرچەند بە ئامرازی مەعریفە و زانست و پێوان و پێشبینی تەیار بێت، دیسان ئەوپەڕەکەی دەتوانێت تەنیا ڕەوتی ڕووداوەکان و ئاراستەی گشتیی ڕووداوەکان پێشبینی بکات. ئەمەش هەروەک گوتمان دەگەڕێتەوە بۆ چییەتیی کاروبار و پرسە مرۆییەکان.
ئێران دەمێک ساڵ بوو، لەمێژ بوو کە دۆخێکی کوڵیوی هەبوو، دۆخێک کە زۆر کەس ئەوەی لێ دەخوێندەوە کە سەقامگیر نییە و ئاوسە بە ڕووداو و گۆڕانکاری. هەموو ئەم ناڕەحەتی و نەهامەتییانەی بەسەر خەڵکی ئێراندا هاتبوون، وەک ژانی لەدایکبوونی ڕووداوێک ڕۆڵیان دەگێڕا. دەمانزانی کە ئەم ژانانە ڕووداویان لێ دەکەوێتەوە. ئەم بەستێن و هۆکار و فاکتەرانە، ڕووداو دەخوڵقێنن و دەئافرێنن. بەستێنەکان لەبار بوون، هەلومەرجەکە پێگەیشتبوو و ئیتر ڕووداو یان بگۆڕێکی دەویست کە ببێتە دواحەڵقەی گوورانی ئەم هەلومەرجە و خۆڵەمێشەکە ببووژێنێتەوە و بیتەقێنێتەوە و بیهێنێتە سەرێ. بۆیە لەمەدا و لەم دەلاقەیەوە سەرهەڵدانی شەپۆلی ئەمجارەی خۆپێشاندانەکان، شۆکی نەکردین؛ پێمان سەیر نەبوو و نەحەبەساین.
ئەوەی کە ئەم خۆپێشاندانانە چەندە فراوان دەبن، بۆ چ ماوەیەک بەردەوام دەبن و ئایا ڕێژیم دەتوانێت سەرکوتی بکات یان نا، ئەمە لە پێشدا ڕوون و دیاریکراو نەبوو و پێبەپێی ڕەوتەکە بەرچاوڕوونیمان لا دروست دەبوو و پازڵی ڕووداوەکەمان لەلا تەواو دەبوو.
لەنێو هەناوی ڕووداوەکەدا یەکدوو شت زۆر سەرنجڕاکێش و لە هەمان کاتدا سەرسوڕهێنەر بوو؛ ئەوەی کە لە ماوەیەکی کەمدا خۆپێشاندانەکان زۆر بەربڵاو بوون و زۆرێک لە شار و ناوچەکانی ئێرانی گرتەوە؛ بە وتەی بەرپرسانی ڕێژیم زیاتر لە ٤٠٠ شار و شارۆچکەی گرتەوە و تەنیا لە تاران، ڕوو دەیدا کە لە زیاتر لە سەد شوێندا گردبوونەوە و ڕێپێوان هەبێت. دیارە خۆپێشاندانەکانی ئەمجارە جیاوازیی گەورەیان لەگەڵ خۆپێشاندانەکانی پێشوو هەبوو، کە یەکێک لەم جیاوازییانە پێگەی کۆمەڵایەتی و جەماوەریی ئەم خۆپێشاندانانە بوو. چین و توێژی جۆراوجۆر لەم خۆپێشاندانانە بەشدار بوون و ئەمە و، قووڵایی ناڕەزایەتیی خەڵک و لاوازیی هێژمۆنیی ڕێژیم لە نێوخۆدا، وایان کرد کە بەخێرایی پەرە بستێنن و گەورە ببنەوە.
بەربڵاوی و گەورەیی ئەم خۆپێشاندانانە دەیانتوانی لەم قۆناغەشدا کۆتایی بە دەسەڵاتی زاڵ بهێنن و بیڕووخێنن. ئەمە جیاوازییەکی بەرچاو و شایانی تێڕامانە، کە بنەمای کۆمەڵایەتیی ئەم شەپۆلە زۆر فراوانتر بوو، ئەمەش لە لایەک گەورەبوونەوەی بەرەی دژی ڕێژیم دەگەیەنێت و لە لایەکی تر توانەوە و هەڵوەرینی بەرەی ڕێژیم. ئەمە ترسێکی زۆری لە ڕێژیمدا دروست کرد. سەرنجدان بە گوتار و ئاخاوتنیان، سەرنجدان بە چۆنیەتیی وەسفی ناڕەزایەتییەکانی ئەمجارە و پاساوهێنانەوە بۆ سەرکوت، ڕادە و توندیی ئەم ترسەی ڕێژیممان لا ڕوون دەکاتەوە. ئەوەی کە ڕێژیم ناوی نا "شەڕی تیرۆریستی"، "درێژەی شەڕی دوازدە ڕۆژە"، "هەوڵدان بۆ شەڕی نێوخۆیی" و "چواندنی بە دەیەی شەست"، قووڵایی و بەرفراوانیی ئەم ڕاپەڕینە و مەترسیداربوونی بۆ ڕێژیم بەتەواوی دەردەخات. ڕێژیم زانی کە ئەمجارە جیاوازە و مەترسیی بوونی خستووەتە سەر ڕێژیم.
ڕێژیم کەوتە قۆناغی هەوڵدان بۆ مانەوە. هەڕەشەی جیدی لەسەر مان و بوونی دروست بوو، کە خۆشیان بە ئاشکرا و لە توێی قسە و لێدوان و گوتاریاندا، ئاماژەی پێ دەکەن و دەیڵێن. گەورەیی و بەرفراوانیی ئەم شەپۆلە، کە لەم ڤیدیۆیانەی بەرەبەرە بڵاو دەبنەوە بۆمان دەردەکەوێت و بەڕاستی تۆفان و لافاوی خەڵکە کە لە شەقامەکاندا ناڕەزایەتی دەکات، چالاکی دەکات، بەربەرەکانی دەکات. کە سەیری دیمەنەکان دەکەی، سێڵاو و لافاوی خەڵکی تووڕە و وەزاڵەهاتوو دەبینی، کە دۆستان خۆشحاڵ و هیوادار دەکات و ڕێژیم ڕووبەڕووی مەترسیی جیدیی لەنێوچوون دەکاتەوە. هەر ئەمەش وای کرد کە مامەڵەی ڕێژیم ئەمجارە جیاواز بێت و ئەو سنوورانەی کە پێشتریش بۆ خۆی داینابوون، بیانبەزێنێت و زۆر بێڕەحمانە سەرکوتی بکات. ئەوەی کە خامنەیی فەرمان دەکات بە هەر شێوەیەک و بە کەلکوەرگرتن لە هەموو ئامرازەکان، بەرەوڕووی ببنەوە و سەرکوتی بکەن، نیشاندەری گەورەیی و مەترسیداربوونی ئەم شەپۆلە بەهێزەیە بۆ ڕێژیم. ڕێژیم بۆ یەکەم جار ترسی لەنێوچوونی لێ نیشت، کەوتە تەقەلا بۆ پاراستن و مانەوەی خۆی. شەڕی مان و نەمانی کرد. دەیزانی کە بچووکترین دوودڵی لە سەرکوت، کۆتاییان پێ دەهێنێت.
کە سەیری ڤیدیۆکان دەکەی، سەرت سووڕ دەمێنێت کە چۆن ڕێژیم ئەم خۆپێشاندانانەی بەو بەرفراوانییە، بۆ کورتماوە سەرکوت کرد. سەرت سووڕ دەمێنێ کە لە ماوەی دوو سێ ڕۆژدا بە هەزاران و دەیان هەزار کەسی کوشت، کۆمەڵکوژی کرد. ئەم ڕادەیە لە ئیرادەی سەرکوت و بە دەربڕینێکی تر ئەم ڕادەیە لە دڕندەیی، مرۆڤ شۆک دەکات، دەیحەبەسێنێت، دەیهەژێنێت، پرسیاری وجودی بۆ دروست دەکات، لە ڕووی دەروونییەوە داتدەخورپێنێت.
ئەم ڕستانەی سەرەوە تەنیا کاتێک لێیان تێدەگەین کە ژمارەی قوربانی و کوژراوان لەبەرچاو بگرین و بەراوردی بکەین لەگەڵ قوربانی و کوژراوانی خۆپێشاندانەکانی پێشوو، بەراوردی بکەین لەگەڵ کوشتارەکانی پێشووی ڕێژیم لە هەموو تەمەنیدا، لەگەڵ کوشتنی خەڵک لە خۆپێشاندانەکانی وڵاتانی دیکەی دیکتاتۆری. لێرەدایە کە شۆک دەبیت، ڕێژیم پێشتریش خەڵکی کوشتووە لە دەیەی شەست، لە دەیەی حەفتا، لە پووشپەڕی ٧٨، لە بزووتنەوەی سەوز، لە بەفرانباری ٩٦، لە خەزەڵوەری ٩٨، لە بزووتنەوەی ژینا، لە کوشتاری زیندانیانی سیاسیی ٦٧ کە ژمارەیان هەزاران کەس بوو؛ بەڵام ئەمجارە ریکۆردەکانی پێشووی بەجێهێشت، ڕێکۆردی شکاند. سەرکوتی ئەمجارە توندترین سەرکوت و خوێناویترین بوو. ئاستێکی پێوانەیی لە کوشتار لە مێژووی خۆیدا تۆمار کرد. هەزارانی تێپەڕاند، گەیشتە دەیان هەزار. ئەمانە ڕەقەم نین، گیانی مرۆڤەکانن کە سەندراون. کۆمەڵگەی ئێران لە دۆخێکی مات و مەبهووتدایە، شۆک بوون لەوەی چۆن حکوومەتێک دەتوانێت تا ئەم ڕادەیە توندوتیژ بێت، دڕندە بێت، ویژدانی کۆمەڵگە هەژاوە، هێشتا باوەڕ ناکات کە ئەم ژمارەیە کوژرابن؛ تەم دایگرتووە.
کارەساتەکە کاتێک ڕوونتر دەبێتەوە کە بەراوردی بکەین لەگەڵ ئەو کوشتارەی ئیسرائیل لە فەلەستینییەکانی کرد. ئیسرائیل بەو هەموو توندوتیژییەی خۆیەوە لە ماوەی زیاتر لە ٥ مانگدا ٣٠ هەزاری لێ کوشتن. کەچی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی دوو سێ ڕۆژدا بەپێی هەندێک سەرچاوە، ئەم ژمارەیەی تێپەڕاندووە. بەم جیاوازییەشەوە کە ئیسرائیل لە فەلەستینییەکانی کوشتووە کە لە خۆیانی نازانن و هاووڵاتیی ئەوان نین، بەڵام کارەساتەکە لەوەدایە کە ڕێژیم خەڵکی وڵاتەکەی خۆی کوشتووە و کۆمەڵکوژی کردوون.
بۆ ئەوەی قووڵایی کارەساتەکە زیاتر دەرکەوێت، دەبێ لەگەڵ سەرکوت و کوشتنی خەڵک لە وڵاتانی دیکە کە لەژێر سێبەری دیکتاتۆرەکاندا دەژین، بەراورد بکەین؛ لەگەڵ کوشتاری خەڵک لە گۆڕەپانی تیانئانمێنی چین (بە خەمڵاندن لەنێوان چەند سەد تا چەند هەزار کەس)، لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی ٢٠١٩ی عێراق (لانیکەم ٤٨٧ کەس)، لەگەڵ کوشتاری ڕەباعەی میسر لە ٢٠١٣دا (لانیکەم ٨١٧ کەس)، لەگەڵ کوشتنی خەڵک لە میانمار لە دوای کودتای ٢٠٢١ (هەزاران کەس) و لەگەڵ خۆپێشاندانەکانی وڵاتانی تر. لێرەدایە، ڕێک لێرەدایە کە بۆمان دەردەکەوێت چ هەژمارێکی زۆری خەڵکی کوشتووە. هەموویانی جێهێشتووە؛ نەک تەنیا ریکۆردی لە تەمەنی خۆیدا شکاندووە، بەڵکوو بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی تریش ریکۆردی شکاندووە. بووەتە یەکەمی بێڕکابەر. ئەگەر لە شتە باشەکاندا نەیتوانیبێت ببێتە یەکەم، ئەوە لە کوشتنی خەڵکی خۆیدا بووەتە یەکەمی بێڕکابەر!
ڕاستە لە شەڕی نێوخۆیی سووریەدا سەدان هەزار کەس بوونە قوربانی، بەڵام ئەوەی کۆماری ئیسلامی جیا دەکاتەوە، ڕێکۆردی کوشتارە لە کورتترین ماوەی خۆپێشاندانێکی مەدەنییدا. ئەگەر لەگەڵ سەرکوتی گۆڕەپانی تیانئانمێن، عێراقی ٢٠١٩، ڕەباعەی میسر و کوشتنی خەڵکی میانمار لە دوای کودتای ٢٠٢١ بەراوردی بکەین، دەبینین ڕێژیم هەموویانی تێپەڕاندووە و لە کوشتنی خەڵکی بێوەی و دەستبەتاڵدا، بووەتە یەکەمی بێڕکابەر.
ئێمە خۆپێشاندانەکانی ئەمجارەشمان بە شەپۆل شوبهاند، لە خوازەی شەپۆل کەلکمان وەرگرت، کەلکوەرگرتنەکەمان لە جێی خۆیدا بوو، ئەمە سروشتی شەپۆلە کە دەکشێتەوە بەڵام بەهێزتر جارێکی تر دێتەوە، و ئەوەی لە بەردەمیدا بێت ڕایدەماڵێ. ڕاستە خەڵکی ئێران ئێستا لە دۆخێکی ماتەمبار و تەمداگرتوو و شۆکهێنەردان، بەڵام هەموو ئەم هەژان و شۆک و ماتەمانە، دەبنە وزە، دەبنە ڕق، دەبنە ڕقی تۆڵە و پۆڵایینتر لەمجارە ڕووبەڕووی ڕێژیمی دژەگەل دەبنەوە. ئەو خوێنانەی ڕژاون کەلێنی نێوان خەڵک و ڕێژیمی ئەوەندە فراوان کردووە کە بە هیچ شتێک پڕ نابێتەوە و ساڕێژ نابێتەوە مەگەر بە لەنێوچوونی ڕێژیم.