بە ناوی ئازادی، بۆ دادپەروەری و یەکسانی
«تێکۆشانی ئەمڕۆی ئێمە، بەرهەمهێنەری واقیعییەتی دواڕۆژە»
خەڵکی شۆڕشگێڕ و ئازادیخوازی کوردستان!
لەم وەرزەدا کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دواڕۆژەکانی خۆی تێپەڕ دەکات، هیوا بە لەناوچوونی ئەم دەزگای زوڵم و سەرکوتە، زیاتر لە هەر کاتێک لە دڵی هەموواندا تەشەنەی سەندووە. هاوکات خەڵکی سەرانسەری ئێران بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی، لەگەڵ مەترسییە هەرە جدییەکانی دەورانی گوزار تا سەقامگیریی چوارچێوەیەکی سیاسیی دێموکراتیک لەسەر بناغەی ئازادی و دادپەروەری، و بەدوور لە شەڕ و ستەمی نوێ، ڕووبەڕوون.
باش دەزانین کوردستان نەتەوەیەکە بە مێژوویەکی لێوانلێو لە بەرخودان و خەبات کە ساڵەهایە ڕاوەستاو و سەربڵەند، دژ بە شەڕی پەتی خەباتی کردووە و لە دژوارترین ڕۆژەکانی بەربەرەکانی لەگەڵ ئەم ڕێژیمەدا، پەنا و هیوای باقی نەتەوە ئازادیخوازەکانی پانتاییی ئێران بووە. لە ئێستادا پێویستە بەوپەڕی وشیارییەوە بەرامبەر بەم بارودۆخە هەستیار و مێژووییە، یەکگرتوویی خۆی زیاتر لە هەر کاتێک بپارێزێت و بە پاڵنەری ئەزموونەکانی خەباتگێڕی و هاوکارییە کۆمەڵایەتی و مەدەنییەکانی خۆی، دواچرخەکانی ئەم ڕێژیمە زاڵمە تێک بشکێنێت.
یەکگرتوویی و هاوکاریی جەماوەریی ئێمە، ئەو دەسەڵاتەیە کە بەسەر هەر جۆرە شڵەژاوی، توندئاژۆیی، فاشیزم و پۆپۆلیزمدا سەردەکەوێت و بە شکۆ و هەژموونی خۆی، بزووتنەوە ئازادیخوازییەکەمان لە هەر خەسار و مەترسییەک دەپارێزێت.
«ئێمە» نەک تەنیا بەشێک لە ڕێگەکە، بەڵکوو هەمووی پێکەوە تێپەڕ دەکەین و بە ویژدانێکی بێیار و زەینێکی وشیارەوە، لە هەر چەشنە ڕەفتارێکی ئیدیالیستی، هەستی و ناکارامە دووری دەگرین؛ دەست بە بایەخە مافی مرۆڤییەکان و پێکهاتە دێموکراتیکەکانەوە بۆ مسۆگەرکردنی ئامانجەکانمان دەگرین. باوەڕمان وایە بەردەوامبوون لەسەر ئەم ڕێڕەوە، نەک تەنیا دەبێتە هۆی بەهێزکردنی یەکگرتوویی نێوان هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، بەڵکوو ئیرادەی خەڵکی و دەسەڵاتی جەماوەری بەسەر هەر جۆرە پەرژوبڵاوی و مەترسییەکانی دەورانی گوزار و تەنانەت هەوراز و نشێوە سیاسییەکانی ئەم کاتەدا دەسەپێنێت و بە شێوەیەکی فرەچەشن و پلووراڵ، بەر بە کرداری توند و لاڕێ دەگرێت.
«یەکگرتوویی چالاکانە» ئەو میتۆدەیە کە ڕێگەی دێموکراتیزاسیۆنی کۆمەڵگە هەموار دەکات و «دیالۆگ لەجیاتی تفەنگ، ڕامیاری لەجیاتی زۆر، دەنگدانی ئازاد و ڕاستەقینە لەجیاتی چەک» جێگیر دەکات. ئەوەی لە ئێستادا زۆرترین پێویستمان پێیەتی، یەکگرتوویی چالاکانەیە؛ بە مانای قبووڵکردنی ئەرکەکان لەلایەن تاک و گرووپەکانەوە بۆ نەخشاندنی داهاتوویەک کە وەرگێڕانی ساڵەها خەبات و ڕەنجی خەڵکی کوردستان بێت بۆ عەشق بە ژیان، مرۆڤایەتی و نەتەوایەتی.
بەم بۆنەیەوە داوا لە هەموو کاربەدەستانی دەزگا خزمەتگوزارییەکان، فەرمانگەکان، هێزە سەربازی و دادپەروەرییەکانی کوردستان، ڕێکخراوە ئەندازیارییەکان (بیناسازی، کانگا و کشتوکاڵ)، ڕێکخراوە پزیشکی و دەرمانییەکان، قوتابخانە و زانکۆکان، سەندیکای شۆفێران و بارهەڵگران، ڕێکخراوەی ژنانی پێشەنگ و خەباتکار، یەکێتیی کرێکاران، کاسبکاران و بازاڕییان، مامۆستایانی ئایینی و نیشتمانی دەکەین پێکەوە، بە قبووڵکردنی ئەرکەکان لەم دەرفەتە تاقانەیەدا، وێڕای وەستان لە بەرەی دروستی مێژوو، بۆ کەمکردنەوەی تێچووەکان، مەترسییەکان و مەودای دەورانی گوزار هەوڵ بدەین. با ئیمکانی چوارچێوەیەکی دادپەروەری تەوەر، دێموکراتیک و هەمەلایەنە تا مسۆگەربوونی ئازادی و دێموکراسییەکی سەقامگیر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، بە دەستی خۆمان بنیات بنێین.
چالاکانی سیاسی، مەدەنی و مافی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
سنە، ١٥ی ڕەشەمەی ٢٧٢٥