کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆتایی دیکتاتۆرێک، بزەی بە ملیۆن مرۆڤی ژان‌دیتوو!

11:33 - 11 رەشەمه 2725

هەیاس کاردۆ

سەرەنجام ژیان و گیانی سەرتاپێ ڕەش و چڵکنی «عەلی خامنەیی» هەمەکارەی «کۆماری ئیسلامیی ئێران» کۆتایی هات. خامنەیی کە لە ماوەی دەسەڵاتی ڕەشی سیستمەکەی خۆیدا، بە سەدان هەزار کەسی لە خەڵکی ئێران کوشت، زیندانی کردن، ئەشکەنجەی دان، تیرۆری کردن، ئاوارە و بێ‌پەنای کردن و برسی ڕاگرتن، چارەنووسێکی زۆر تاڵی بە نسیب بوو. خامنەیی هەروەها دەیان هەزار کەسیشی لە بەکرێگیراوانی خۆی و سیستمەکەی بە ناحەق و لە ڕێگەیەکی هەڵەدا بە کوشت دا. لەسەر یەک، بوونی ئەو کەسە لە ترۆپکی دەسەڵاتی ئێراندا جگە لە بەدبەختی، ماڵوێرانی، ڕۆژڕەشی و سەدان دەردوبەڵای دیکە، هیچ خێرێکی پێوە نەبوو. هەر لە یەک دوو مانگی ڕابردوودا، بە دەستووری ئەو خوێنمژە و تەنیا لە ماوەی دوو ڕۆژدا، دەیان هەزار کەسی بێ‌چەک و بێ‌دیفاع، لەسەر شەقامەکان جەستەیان خەڵتانی خوێن کرا.

خامنەیی کە بێ‌جیاوازی، مەرگی بۆ هاووڵاتییانی ئێران دەویست، خۆی لە سەرووی مەرگەوە دەدیت. ئەو کە عومری لە دەست خودا بڕیبوو، بەو تەمەنەشەوە ئامادە نەبوو ڕۆژێک تاڵی و سوێریی خەڵکی وڵاتەکەی بچێژێ. هەر بۆیە لە کاتێکدا فەرماندە و کاربەدەستانی ڕێژیمەکەی لەژێر مووشەکبارانی دوو وڵاتی دیکەدا وەک گەڵای داران دەکەوتنە سەر عەرزی، خۆی خزاندبووە کونەڕەشێکەوە کە چەندین مەتر لەژێر زەویدا بوو. ئەو وای دانابوو ڕۆژگار هەروا بە مەیلی ئەو هەڵدەسووڕێ و دوای چەند ڕۆژێکی دیکە دیسان بە دەستە گۆجەکەیەوە دێتەوە سەر شاشە و درێژە بە هەڕەشەکانی دەدا. بەڵام وەک دەڵێن «ئیتر ئەو بابەی مرد». ئیتر کاتی هاتبوو چارەنووسی ئەویش لەگەڵ چارەنووسی خوێنمژەکانی دیکەی وەک هیتلەر، سەدام، قەزافی، بن‌لادەن و زۆری دیکە یەک بگرێتەوە. ناوبراو وای دانابوو یان بەم زوانە نامرێ، یان مەرگێکی وەک خومەینیی بە نسیب دەبێ کە مرید و دەروێشەکانی قوڕیان بۆ وەسەر کرد.

کوژرانی خامنەیی کۆتایی دەسەڵاتی دیکتاتۆرێکی دیکەی جیهانە. هەر لە مێژووی سەد ساڵی ڕابردووی ئێراندا، دوو کەلەدیکتاتۆری دیکەش چارەنووسێکی هاوشێوەیان بە نسیب بوو. «ڕەزا خان میرپەنج» کە بە قۆڵدۆری دەورانی خۆی بەناوبانگ بوو، بە ئەمری وڵاتانی دەرەوە دەسەڵاتی گرتە دەست و هەر بە دەستووری ئەوانیش لە وڵات بەدەر کرا. ئەویان لە دوڕگەیەکی دوورکەوتووی چۆڵەوانیی ئەفریقادا، دوور لە بنەماڵەکەی و بە زەلیلی سەری نایەوە.

دووەمین کەسیش کوڕەکەی خۆی «محەممەد ڕەزا» بوو کە ئەویش بێگانە لەجێی بابیان دانا و دواتر بوو بە ملهوڕێکی کەم‌وێنە. «محەممەد ڕەزا»ش دوای سی و پێنج ساڵ سەرکوت و چەوساندنەوەی خەڵک، لەژێر نەعرەتەی خەڵکی ڕاپەڕیودا بە کۆڵێک پووڵ و جەواهیراتی دزییەوە خۆی دەرباز کرد و نەی‌هێشت دەستی تۆڵەی خەڵک بگاتە بینەقاقەی تا ڕێکی گوشێ. بەڵام هەر وەک دیتمان مەرگێکی بە نسیب بوو کە لە هەموو ئەشکەنجەیەک بەئازارتر بوو، چونکە لەسەر ئەم تۆپی زەوییە، وڵاتێک نەبوو ڕایگرێ و بیپارێزێ. سەرەنجام ساداتی میسری وەک دانەوەی قەرز پێی، وەریگرت و بستە عەرزێکی بۆ ناشتنی تەرمەکەی دایێ.

بوونی خامنەیی و ڕێژیمەکەی لە ئێران، بۆ گەلی کورد یەکجار بەئازار و پڕکێشە بووە. لەژێر ڕێبەریی ئەو خوێنمژە و ڕێبەرەکەی پێشتریشیدا (خومەینی)، هیچ ڕۆژێک نەبووە کورد وەناڵە و فغان نەکەوتبێ. کەم بنەماڵە هەیە خۆشەویستیان لەدەست نەدابێ، یان زیندانی و ئەشکەنجە نەکرابێ. سەدان گوند کاول کراون، لە زۆر شوێن کۆمەڵکوژی کراوە، کچ و ژنی کورد دەستدرێژیی کراوەتە سەر، باب لە کوڕ کراوەتە جاسووس و برا لە برا کراوە بە دوژمن. ئەوەی سووکایەتی و بێ‌حورمەتییە بە تاک و کۆی خەڵکی کوردستان کراوە. زمان بڕاوە، ناڕەزایەتی بێدەنگ کراوە، خۆشی قەدەغە کراوە و سێبەری مەرگێکی ئارام بەسەر وڵاتدا کێشراوە.

بە بیستنی کوشتنی ئەو خوێنمژەی سەردەم، بۆ ماوەیەک حەپەسام و واق‌وڕ مام. زوو وەخۆ هاتمەوە و ڕاست ڕۆژی شەشی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٦١ی هەتاویم وەبیر هاتەوە. لەو ڕۆژەدا مرۆڤکوژانی کۆماری سێدارە، پەلاماری گوندەکانی ناوچەی چۆمی مەجیدخانیان دا، خەڵکێکی زۆریان کۆ کردەوە و لەنێو بەفرێکی زۆردا هەموویان ڕیز کردن. ئیتر پێدا هاتن و وەک گەلەگورگ بەربوونە گیانی ئەو کوردە بێ‌تاوانانە. هەر لە ئاوایی «قەرەگۆل» هەژدە کەسیان کوشت کە لە مێرمنداڵی ١٢ ساڵەوە هەتا پیرەپیاوی ٨٠ ساڵەیان تێدا بوو. یەک لەوان برا گەورەی من بە ناوی «عومەر» بوو. کاک عومەر بەپێچەوانەی من، سەر بە هیچ مەکتەبێکی سیاسی نەبوو. هیچ کات چەکی نەک هەر دەست نەدابوویە، بگرە تاقیشی نەکردبووەوە. ئەو بە زەحمەتی یەکجار زۆر کاری دەکرد و ماڵومنداڵی خۆی بەخێو دەکرد. لە کاتی شەهیدکردنیدا کۆرپەیەکی ساوای یەک هەفتەیی لەدایک ببوو. کچێکی نۆ ساڵەی هەمان برام، ساڵێک پێشتر بە پڕیشکی تۆپی هێزەکانی ڕێژیم گیانی لەدەست دابوو. دوای کوشتنی ئەو خەڵکە، ڕێگەیان بە بنەماڵەکانیان نەدا تەرمەکانیان کۆ کەنەوە و بیاننێژن. هەموو ڕۆژێ ژن و منداڵ دەچوونە لای تەرمەکان کە لەژێر بەفردا ببوونە سەهۆڵ و چاوەڕێ دەبوون بیان دەنەوە. سەرەنجام دوای هەفتەیەک ڕێگەیان دا هەرکەس تەرمی خۆشەویستی خۆی بەرێتەوە. لەبەر ئەوەش هەموو پیاوانی ئاوایی لە ترسان ڕایان کردبوو، تەنیا ژنەکان دەبوو قەبر هەڵقەنن، تەرمەکان بشۆن، کفن و دفنیان کەن و بیاننێژن.

ئەوە تەنیا دڵۆپێک لە دەریای ناعەداڵەتی، بێ‌بەزەیی، خوێنڕێژی و ڕووی دزێوی ڕێژیمێکە کە بانگەشەی ئیسلامیی دەکرد. ژیانی خەڵکی کوردستان لەژێر دەسەڵاتی ئەو ڕێژیمەدا کە خامنەیی ڕێبەرەکەی بوو، لەڕاستیدا جەهەننەمێکی تەواو بوو. نازانم بە کوژرانی ئەو خوێنمژە، کۆمەڵانی خەڵک دەتوانن سوکناییان بێتێ و هەناسەیەکی ئاسوودە هەڵکێشن یان نا؟ من کە بۆخۆم هەستێکی دوولایەنەم هەیە. تاوێک بۆ هەستی ئەو هەموو ئینسانەی لە درێژایی ساڵانێکی زۆردا ئازاریان چێشت و نەیانتوانی شەوێکی بێ‌خەم سەر بنێنە سەر سەرین، گریانم دێ و لەگەڵیان ژان دامدەگرێ. لەو حاڵەتەدا بیر دەکەمەوە داخوا کوژرانی ئەو خوێنمژە دەتوانێ سوکنایی بدا بەو هەموو ئازارەی خەڵک و بزەی شادییان بخاتە سەر لێو؟

بەڵام لە لایەکی دیکەوە وا بیر دەکەمەوە کە ئەوە یاسای سروشتی کۆمەڵە و پێویستە پاشەکشەی هەر دەسەڵاتێکی نگریس، وزەی زیاترمان پێ ببەخسێ و هانمان بدا لەسەر داوا ڕەواکانمان سوورتر بین. لەو حاڵەتەدا دیارە کوژرانی دیکتاتۆرێکی خوێنمژی وەک خامنەیی حەتمەن دەبێ بزەمان بخاتە سەر لێوان و تین و گوڕی زیاترمان بداتێ. بێگومان ئەوە سەرەتای تێكڕووخانی کۆشکی زۆرداریی ئەو نیزامە گەندەڵەی ئێرانە و درەنگ یا زوو ئەو سیستمە سەرکوتکەر و دواکەوتووە لە تەواوەتیی خۆیدا لەبن دێ.

 

بەردەوامیی خەبات و تێکۆشانتان پیرۆز بێ.