کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ستراتیژیی تورک و کورد و ئاسۆی پلۆرالیزم (فرەچەشنی) لە ئێرانی داهاتوو

15:25 - 21 رەشەمه 2725

 شاڕوخ حەسەن‌زادە

هێرشە نیزامییە قورس و دژوارەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ژێرخانە نیزامی و ئەمنییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران پێی ناوەتە سێزدەهەمین ڕۆژی خۆیەوە و شیرازەی دەسەڵات زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە لە لێواری داڕماندایە و سێبەری ڕووخانی یەکجارەکی زۆر لە جاران زیاتر باڵی بەسەر فەزای سیاسی ئێراندا کێشاوە. لەم ساتەوەختە مێژووییە چارەنووسسازەدا، تێپەڕین لە هەست و سۆز و هەڵچوونە کاتییەکان و بیرکردنەوە لە داهاتووی قۆناغی تێپەڕین بە پشتبەستن بە عەقڵانییەتی سیاسی، زەروورەتێکی هەنووکەییە.

لە ئاسۆی پڕ لە ئاڵۆزیی گۆڕەپانی سیاسیی ئێران و لە خاڵی بەهێزی ڕووخانی پێکهاتەی هێزە سەرکوتکارەکان لەگەڵ گوشارە وێرانکەرە نێودەوڵەتییەکاندا، شیکردنەوەی داهاتووی ئەم جوگرافیایە بووەتە بنەڕەتیترین پرسیاری چینی دەستەبژێر و ڕای گشتی؛ پرسیارێک کە وەڵامەکەی بە دوور لە دروشمە خەیاڵییەکان، لە قبووڵکردنی واقیعە دێمۆگرافییەکان و لێکتێگەیشتنی نێوان هێزە گەورە نەتەوەییەکان بەتایبەت هەردوو نەتەوەی تورک و کورددا شاردراوەتەوە. لەم هاوکێشە ئاڵۆزەدا دوو نەتەوەی تورک و کورد وەک کۆڵەکەکانی ڕەش‌ماڵی دانیشتووانی ئەم وڵاتە پان و پۆڕە، بایەخ و گرنگییەکەی یەکلاکەرەوەیان هەیە. کۆکردنەوەی سەرمایەی کۆمەڵایەتی و سیاسیی ئەم دوو کۆمەڵگەیە کە بەشێکی گەورەی پێکهاتەی دانیشتووانی ئێران پێکدەهێنن لە ڕوانگەی کۆمەڵناسیی سیاسییەوە بەو مانایەیە کە هیچ گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی و سەقامگیری پێکهاتەی دەسەڵات بەبێ بەشداریی کارا و ڕەزامەندیی ئەم دوو هێزە بزوێنەرە جێبەجێ نابێت و سەر ناگرێت. لێککەوتنەوەی ستراتیژیی ئەم دوو ڕەوتە دەتوانێت ببێتە هۆی پێکهێنانی گەورەترین بەرەی دێموکراسیخواز لە ناوچەکەدا؛ بەرەیەک کە بە پشتبەستن بە هێزی حەشیمەت و جوگرافیا، نەک تەنیا شەمەندەفەری دیکتاتۆری دەوەستێنێت، بەڵکوو هەر هێزێکی تۆتالیتێر (پاوانخواز) و ناوەندگەرایش ناچار دەکات بە قبووڵکردنی پلۆرالیزم (فرەیی) و دابەشکردنی دادپەروەرانەی دەسەڵات.

 

شیکاریی

 یادەوەریی مێژوویی دەریدەخات کە هاوپەیوەندی ئەم دوو هێزە کۆمەڵایەتییە، بیرۆکەیەکی کتوپڕ یان لە دەرەوەی مێژوو نییە. ئاوڕدانەوە لە ئەزموونە دیرۆکییەکانی وەک ئەو ڕێککەوتنانەی لە نێوان پێشەوا و پیشەوەری لە سەردەمی حکوومەتە نەتەوەییەکانی کوردستان و ئازەربایجاندا پێکهاتبوون —بەتایبەت پەیوەندییەکانی نێوان پێشەوا قازی محەممەد و جەعفەر پیشەوەری— بەڵگەیەکی ڕوونە بۆ ئەو بانگەشەیەی کە نوخبە پێشەنگەکان دەیان ساڵ لەمەوبەر پێویستیی ئەم هاوتەریب بوون و پێکەوەییەی چارەنووسیان هەست پێکردبوو. ئەوان بە خوێندنەوەیەکی وردی پەیوەندییەکانی دەسەڵات باش لەوە تێگەیشتبوون کە دیکتاتۆریی حاکم، ئازادی و بوونی هەردوو نەتەوەکەی بە یەک ڕادە کردووەتە ئامانج. ئەمڕۆش دووبارە خوێندنەوەی ڕەخنەگرانە و بونیادنەرانەی ئەو ئەزموونە مێژووییانە دەتوانێت ببێتە چرا و ڕێنوێنیی چالاکوانانی مەدەنی و سیاسی بۆ ئەوەی نەکەونە ناو داوی گرژییە دروستکراو و مەترسیدارەکان. لە ڕاستیدا، تێگەیشتن لەم هاوچارەنووسییە مێژووییە، پێشمەرجی تێپەڕینە لە قەیرانەکانی قۆناغی گواستنەوە (تێپەڕین) و گەیشتن بە پێکهاتەیەکی سیاسیی جێگیر.

سەرەڕای ئەمەش، یەکێک لە جدیترین کۆسپەکانی بەردەم ئەم هاوپێوەندییە، بەرهەمهێنانەوەی ئەنقەستی کەلێنە نەتەوەیی و جوگرافییەکانە لەلایەن ڕەوتە دەسەڵاتخوازەکانی ناوەند و هەندێک ئەکتەری دەرەوەی ناوچەکەوە. ستراتیژیی کلاسیکی "پەرتەوازەیان بکە و حوکمڕانی بکە"، هەمیشە ئامرازێک بووە بۆ بەردەوامیی هێژمۆنی دەسەڵاتە ناوەندییەکان. لەپاڵ ئەم پیلانە چەپەڵ و مەزنەدا، نابێت لە مەترسیی ئەو ڕەوت و کەسانەی نێوخۆی هەردوو لاش غافڵ بین کە بەهۆی نەبوونی عەقڵانییەت و وشیاریی سیاسییەوە، دەهۆڵی توندوتیژی دەکوتن؛ کەسانێک کە بەبێ تێگەیشتن لە لۆژیکی سیاسی و مەترسییە قەرەبوونەکراوەکانی پێکدادان، بەئاگایی یان بێئاگاییەوە قسەگەلێک دەکەن کە دەبێتە هۆی دڵەڕاوکێ و ترس لەنێو ڕای گشتیدا. ئەم ڕەوتانە، چ لە ناوەند بن یان لە پەراوێزە ڕادیکاڵەکان، مانەوەی خۆیان لە ئەندازیاریی ململانێکاندا دەبیننەوە و بە پەرەپێدانی ناکۆکییە مێژوویی یان ژئۆپۆلەتیکییەکانی نێوان تورک و کورد، هەوڵی لاوازکردنی ماتەوزەی ڕزگاریخوازانەی هەردوو نەتەوە دەدەن هەتا لە کۆتاییدا خۆیان وەک تاکە پارێزەری سیستەم و ئاسایش و تەناهی پێناسە بکەن. دژەژەهری ئەم ستراتیژییە، وشیاریی نوخبەکانە بەو واقیعە بەرجەستەیەی کە سڕینەوەی فیزیکی یان هێژمۆنیی هیچ یەک لەم دوو نەتەوەیە لەلایەن ئەوی دیکەوە نەک تەنیا لە ڕوانگەی کۆمەڵناسییەوە مەحاڵە بەڵکوو هەر جۆرە پێکدادانێک، تەنیا دەبێتە هۆی بەفیڕۆچوونی وزە دێموکراسیخوازەکان و لەدەستدانی دەرفەتە مێژووییەکان لەم قۆناغە هەستیارەدا. پێکەوەژیانی ئاشتییانە و تێکەڵاویی کولتووریی ئەم دوو کۆمەڵگەیە لە جوگرافیایەکی هاوبەشدا زەمینەیەک دەڕەخسێنێت تاوەکوو چالاکوانانی مەدەنی لە ڕێگەی دروستکردنی هاوپشتیی ناوچەیییەوە ڕێگری بکەن لە سەرهەڵدانی توندوتیژییە پلان‌بۆداڕێژراوەکان و نەکەونە ژێر کاریگەریی هاندانەکانی ڕەوتە نابەرپرسەکان.

لە ڕوانگەیەکی بەراوردکارییەوە و بە پشتبەستن بە مۆدێلە سەرکەوتووە جیهانییەکان لە کۆمەڵگە فرەنەتەوەکانی وەک سویس، بەلژیک و کانادا، تێدەگەین کە ناساندنی فەرمیی جیاوازییە زمانی، کولتووری و نەتەوەییەکان، نەک هەر هەڕەشە نین بۆ سەر سەقامگیریی سیاسی، بەڵکوو هەوێنی یەکگرتوویی و هاودەنگیی کۆمەڵگە مۆدێرنەکانن. ئەم دێموکراسییە گەشەسەندووانە بە تێپەڕین لە سیاسەتەکانی تواندنەوە و یەکسانسازیی زۆرەملێ و پەنابردن بۆ پێکهاتە فیدراڵییەکان و ناناوەندیبوونی دامەزراوەکان، جیاوازییەکانی خۆیان کردووەتە سەرمایەیەکی نەتەوەیی. لەسەر ئەم بنەمایە، ئاسۆی داهاتووی ئێرانێکی ئازاد و فرەچەشن لەگرەوی ئەوەدایە کە شوناسی هیچ مرۆڤێک نەکرێتە بنەمایەک بۆ جیاوازیدانان یان سەرکوتکردن. بەدیهێنانی ئەم ئامانجە، پێویستی بە داڕشتنی بەرنامەیەکی سیاسیی هاوبەش و بەڕێوەبردنی گفتوگۆی ڕەخنەگرانە و ڕاستگۆیانەی نێوان پارت و ڕەوتە مەدەنییەکانی هەردوو لایە هەیە، تاوەکوو لە ڕێگەی نەهێشتنی لێکتێنەگەیشتنە مێژووییەکانەوە، مافە بنەڕەتییەکان و مافی دیاریکردنی چارەنووس لە چوارچێوەی هاوپشتییەکی دێموکراسییانەدا دەستەبەر بکرێت. ئەگە نوخبە سیاسییەکانی کورد و تورک بتوانن بە پێگەیشتووییەکی ستراتیژییەوە لە میراتی بەرەوڕووبوونەوە و دژایەتی یەکتر تێپەڕن و بەرەیەکی یەکگرتوو لە دژی دیکتاتۆری پێکبهێنن، نەک تەنیا مافە بنەڕەتییەکانی نەتەوەکانیان جێگیر دەکەن، بەڵکوو دەبنە ئەندازیارانی سەرەکیی عەقڵانییەت، سەقامگیری و دێموکراسی لە ئێرانی داهاتوودا؛ ئەرکێکی قورس و چارەنووسساز کە تاکە ڕێگەی ڕزگاریی ئەم جوگرافیایەیە لە بازنەی بەتاڵی دیکتاتۆری.