کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

د. قادر محەممەد حەسەن: نەورۆز بۆ نەتەوەکانی تر تەنیا بەهارە، بەڵام بۆ کورد نەورۆز کۆدی ڕزگاری و سەرکەوتنە

16:38 - 1 خاکەلێوه 2726

وتووێژ: شەهرام سوبحانی

ئاماژە: نەورۆز جەژنی سەری ساڵی کوردی و هێمای نوێبوونەوەی سروشت و سەرکەوتنی ڕووناکییە بەسەر تاریکیدا. نەورۆز تەنیا جەژن نییە، بەڵکوو سیمبوڵی ئازادی، بەرخودان و یەکیەتیی نەتەوەیی ئێمەیە، کە بە درێژایی مێژوو وەک ناسنامەیەک بۆ گەلی کورد ماوەتەوە. لەم وتووێژە تایبەتەدا، میوانداری دوکتور قادر محەممەد حەسەن، پڕۆفیسۆری مێژووی کورد و کوردستان لە زانکۆی سەلاحەدین دەکەین، بۆ قسەکردن لەسەر یەکێک لە گرنگترین و ئاڵۆزترین تەوەره‌کانی مێژووی کۆن و هاوچەرخی ئێمە، کە ئەویش جەژنی نەورۆزە. دوکتور قادر بە وردی تیشک دەخاتە سەر ئەو جیاوازییە بنەڕەتییەی کە لە نێوان تێگەیشتنی کورد و نەتەوەکانی تردا بۆ نەورۆز هەیە؛ بەڕێزیان پێی وایە هەرچەندە بۆ زۆرێک لە گەلان نەورۆز تەنیا وەرچەرخانێکی سروشتی و هاتنی بەهارە، بەڵام بۆ کورد لە نێو جیوپۆلەتیکی زاگرۆسدا، مانایەکی قووڵتری هەیە کە پەیوەستە بە ڕزگاریی سیاسی و تێکشکاندنی ستەمکاری.

لە درێژەی ئەم گفتوگۆیەدا، پڕۆفیسۆر قادر باس لە گۆڕانکارییەکانی چەمکی نەورۆز دەکات لە جەژنێکی فۆلکلۆرییەوە بۆ "تاقە جەژنی نەتەوەیی" کە لە سەدەی بیستەمدا بووەتە هێمایەکی سەرەکیی خەبات و کۆکەرەوەی ناسنامەی کوردی. هەروەها بە ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانە و مێژوویی، پەیوەندی نەورۆز بە دەوڵەتی ماد و دەقە کۆنەکانی وەک ئاڤێستا و ئایینی یارسان ڕوون دەکاتەوە. دوکتور قادر جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئاگر لە نەورۆزی کورددا تەنیا بۆ گەرمبوونەوە نییە، بەڵکوو "کۆدی ڕاگەیاندنی سەرکەوتنە". ئەم وتووێژە هەوڵێکە بۆ گەڕان بەدوای ڕەگ و ڕیشە ڕاستەقینەکانی نەورۆز و سەلماندنی ئەو ڕاستییەی کە چۆن ئەم یادە لە کۆیادی کورددا بووەتە هێمای ئومێد و هاوپشتی بۆ داهاتوو.

 

دوکتور ئەگەر سەیری جوگرافیای سەرهەڵدانی نەورۆز بکەین لە ڕووی ئیکۆلۆژییەوە، ئایا دەتوانین بڵێین بنەماکانی نەورۆز (وەک هاتنی بەهار و کشتوکاڵ) تەنیا لەگەڵ جیوپۆلەتیکی چیاکانی زاگرۆس دەگونجێت، نەک ناوچە بیابانی و دەشتاییەکانی دەوروبەری کوردستان؟

لە ڕاستیدا ئەو باسوخواسانەی کە سەبارەت بە گرێدانی نەورۆز بە گۆڕان و پەرەسەندنەکانی کەشوهەوا و هاتنی وەرزی بەهار دەکرێن، پتر لەلایەن ئەو میللەت و نەتەوانەن کە لە ڕوانگەی گۆڕانی دۆخی هەواوە لە یادەکە ڕادەمێنن؛ لای ئەوان باسەکە پەیوەست نییە بە نەتەوە و چەوساندنەوە و ستەمکاری و زیاتر هەروەک وەرچەرخانێکی وەرزی دەیبینن. بەڵام لای کورد، ڕاستە جەژنەکە سەرەتای بەهارە و وەرز دەگۆڕدرێت، بەڵام لە کۆیادی کورددا و لە جوگرافیای زاگرۆسدا جەژنەکە مانایەکی قووڵتر لەوەی هەیە و وابەستەکراوە بە گۆڕان و وەرچەرخانی دۆخی مرۆیی لە بەندەستی و بێبڕستییەوە بۆ سەرفرازی و باڵادەستی. بۆیە من پێم وایە ئەو میللەتانەی جەژنەکە لە ڕوانگەی سروشتەوە دەبینن، لە ڕاستیدا هۆگری یاد و بۆنەیەکن کە لە بنەچەدا جیاواز بووە لە نەورۆز، بەڵام دواتر کاریگەری و هەژموونی جەژنانەی نەورۆز وای کردووە تێکەڵ بەو بکرێت. ئەگەر مەسەلە گۆڕانی کەشوهەوا بێت، ئەوا هەر لە دەڤەری زاگرۆس نشینان هەوا نەگۆڕاوە، بەڵکوو لە ناوچەکانی دەوروبەریش هەر گۆڕاوە، بەڵام لەوێ وەکوو جەژن و بۆنەی دیاریکراو نەبووە.

چۆن دەتوانین جیاوازی بکەین لە نێوان گێڕانەوەی "کاوەی ئاسنگەر" لە نێوان کورد و نەتەوەکانی تردا؟ ئایا تەنیا لە لای کورددا ئەم جەژنە مانایەکی "ڕزگاریی سیاسی و نەتەوەیی" وەرگرتووە کە ڕاستەوخۆ دەبەسترێتەوە بە مێژووی ماددەکان؟

لە ڕاستیدا بەگوێرەی ئاگایی من، کورد بۆ خۆی گێڕانەوەیەکی دێرینی نووسراوی بۆ نەورۆز نییە؛ ئەوەی کە لەو بارەیەوە دەگێڕدرێتەوە، نووسەرانی دیکە یاداشتیان کردووە و ئەوانیش لەو چیرۆکە داستان ئامێزانەوە وەریان گرتووە کە لە نێو خەڵکدا باو بوون و دەماودەم گێڕدراونەتەوە. پێش دەرکەوتنی نەتەوەخوازی، کورد یادی نەورۆزی بە ئاگرکردنەوە و ئاهەنگگێڕان کردووەتەوە، ئەمەش وەکوو جەژنێک بۆ دەربڕینی خۆشی لە ڕزگاربوون لە ستەم و نادادی و وەک هێمایەک بۆ سەربەخۆیی. لەگەڵ فراژووبوونی نەتەوەخوازی و بەتایبەتی لە سەدەی بیستەمدا، جەژنەکە لای کورد مۆرکێکی تەواو نەتەوەییانەی وەرگرت و وەک تاقە جەژنی نەتەوەیی زانرا. جاکە ئێمە دەوڵەتیشمان نەبووە، ئەوا هەر لە چوارچێوەیەکی نەتەوەییدا دەست بە نەورۆزەوە گیراوە و یەکێک لە هێما گرنگەکانی کۆکردنەوەی نەتەوەی کورد بووە کە دەمەزەردکردنەوەی کوردانەی بۆ نەتەوە کردووە. ئیتر لای کورد دەکرێ بڵێین نەورۆز لە جەژنێک زیاترە و هێمایە بۆ ڕزگاری و پێکەوەبوون و هاوپشتی و ئومێد بە داهاتوو. ئەو گێڕانەوە ئەفسانەییەی کاوە و زوحاک و سەرکەوتنی ڕەوایی بەسەر نادادی و ستەم، زیاتر پێدەچێت زادەی نێو کۆمەڵگەی کوردی بێت و لەکن میللەتانی دیکە بەم شێوە و گەرموگوڕییەی بەستنەوەی بە خەبات و بەرخودان بۆ ڕزگاری و مانەوە نییە. سەرنج بدەن کە هەتا ڕەچەڵەک و دەرکەوتنی نەتەوەیەکیش گرێدراوی بابەتی ڕزگاربووانی ژێر ستەمی زوحاک کراوە، کە ئەمە ئەوە نیشان دەدات کە کورد لە یەکەم دەرکەوتنی خۆیدا، بەگوێرەی ئەفسانەکە، سەرکەوتنی لە دەرکەوتن و دژایەتیکردنی ستەمکار گرێدراوە بە جەژنی نەورۆز.

بە پشتبەستن بە دەقە کۆنەکانی وەک (ئاوێستا) و ئایینە کوردییە کۆنەکان (وەک یارسان و ئێزدی)، نەورۆز تا چەند وەک ڕەگەزێکی دانەبڕاو لە کولتووری "کوردانی زاگرۆس" دەردەکەوێت کە دواتر نەتەوەکانی تر لێیان وەرگرتووە؟

ئەوەندەی من ئاگادار بم، لە نێو ئاڤێستا و ئەو ئایینانەی ئاماژەی پێ کراوە، خودی نەورۆز وەکوو جەژن ئامادەییەکی وای نییە، بەڵکوو جەژنەکانی سەری ساڵ و وەرچەرخانەکانی سروشت کە هەر هێمان بۆ یادی نەورۆز، هەن. لای یارسانەکان ئاماژە بۆ ئەوەی کە کوردن و لە بنەچەی کاوەن و زنجیری ستەمی زوحاکیان شکاندووە، هەیە، کە ئەمەش گرێدراوی نەورۆزە. لە لای ئەحمەدی خانیش، پێش پتر لە سێسەد ساڵ، نەورۆز وەکوو جەژن ئاماژەی پێ کراوە و بەستراوەتەوە بە سەری ساڵەوە.

بۆچی تەنیا لە لای کورددا "نەورۆز" وەک سەرەتای ساڵێکی نوێی "ژمارەیی" ئەژمار دەکرێت کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٧٠٠ ساڵ پێش زایین (دامەزراندنی دەوڵەتی ماد)؟ ئایا ئەمە بەڵگەی خاوەندارێتییەکی سیاسیی کۆن نییە؟

مەسەلەی بەستنەوەی جەژنی نەورۆز بە دەوڵەتی مادەوە لەلایەن کورد، بابەتێکی نوێیە و دارایی دێرینی نییە، چونکە خودی جەژنەکە زۆر کۆنە و دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمانی پێش مێژوو، بەڵام سەرکەوتن بەسەر زوحاک و ئەوەی لێی کەوتەوە دیارە هەر لە ڕۆژی نەورۆز بووە و یادەکەی دواتر تێدا کراوەتەوە. چونکە لە سەردەمە زۆر دێرینەکان باوەڕ وابوو کە گیانی مردووان لە ڕۆژی نەورۆز دەگەڕێتەوە، بۆیە دەبێ ئامادەباشی بۆ بکرێت و ئاگریش بکرێتەوە. دەبێ ئەوە بزانین کە ڕۆژمێری کوردی و کردنی نەورۆز بە سەری ساڵ ڕاستە ڕیشەی مێژوویی هەیە، بەڵام پتر لە سەدەی بیستەمدا و لەگەڵ فراژووبوونی بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردی پەرەی گرتووە و هەوڵی چەسپاندنی دراوە، هەتا لە سەردەمی کۆماری کوردستان مانگە کوردییەکان ناویان لێنرا و ئیدی بەکار دەهاتن. بۆ مەسەلەی خاوەنداریکردنی نەورۆز، ڕوانگەی ڕاستی مێژوویی ئەوەیە کە جوگرافیای دەرکەوتنی نەورۆز لە نێو زاگرۆس نشینان بووە و نکۆڵی لەوە ناکرێ کە میللەتانی جیاجیا یادی نەورۆز دەکەنەوە، بەڵام ناوەڕۆکی دەرکەوتنی نەورۆز و بە جەژن زانینی لەلایەن ئەو نەتەوەوە بووە کە دواتر بە کورد ناسران و نیشتمانیان کوردستانە کە وەخۆگری جوگرافیای زاگرۆسە. بۆیە مەسەلەی دیاریکردنی ساڵی دامەزراندنی دەوڵەتی ماد بە سەرەتای ڕۆژمێری کوردی، جیایە لە جەژنی نەورۆز کە بە سەرەتای ساڵی کوردی دانراوە، چونکە جەژنەکە کۆنترە.

ئاگر لە نەورۆزی کورددا تەنیا بۆ گەرمبوونەوە یان پیرۆزییەکی ئایینی نییە، بەڵکوو وەک "کۆدی ڕاگەیاندنی سەرکەوتن" بەکارهاتووە. ئەم جیاوازییە سەمبۆلیکییە چۆن دەیسەلمێنێت کە ڕەگی نەورۆز لە کوردستانە؟

مەسەلەی ئاگر و نەورۆز دوانەی هەمیشە پێکەوەن و نیشانەن بۆ یەکدی. پێگەی ئاگر زۆر دێرینە و هەر بۆ خۆی یەک لە توخمە پێکهێنەرەکانی گەردوونە؛ وێڕای ڕووناکی و گەرمییەکەی، هۆکارێکە بۆ پاکبوونەوە. لە جەژنی نەورۆزدا وێڕای ڕێزلێنان لەو هەموو سوودانەی کە هەیەتی، هۆکارێکە بۆ ئاگادارکردنەوە و دەبڕینی خۆشی. بۆیە لای کورد هەمیشە یادی نەورۆز بە ئاگرکردنەوە کراوەتەوە؛ ڕۆژی نەورۆز ئەگەر ئاگر نەکرێتەوە، لە لای کورد وایە نەورۆزی نەکردووە. ئەمەش پتر هەر لە نێو کوردان باوە لەچاو هەموو ئەو نەتەوانەی دیکە کە یادی نەورۆز دەکەنەوە.

لێکۆڵینەوە زمانەوانییەکان لەسەر وشەی "نەورۆز" و گۆڕانکارییەکانی لە دیالێکتە کوردییەکاندا، چۆن دەیسەلمێنن کە ئەم چەمکە پێش ئەوەی ببێتە وشەیەکی ئێرانیی گشتی، ڕەگی لە زمانە پڕۆتۆ-کوردییەکاندا هەبووە؟

لەباری زمانەوانییەوە، نەورۆز وەکوو هێما بۆ نوێبوونەوە واتاکەی لە خۆیدا ئاشکرایە، بۆیە پتر لە هەر زمانێک لەگەڵ زمانی دێرینی کوردی سەروکاری هەیە و لە کولتووری کوردیدا بەکار هاتووە هەر بەو شێوەیەی کە ئێستا بەکاردێت. ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە کە وشەکە لە زمانی کوردیدا پتر لە هەر زمانێکی دیکە دێرینتر و زیاتر بەکار هاتووە.

لە مێژووی هاوچەرخدا، کورد تەنیا نەتەوەیە کە نەورۆزی کردووەتە "ئامرازی خەبات". ئایا ئەم پەیوەندییە توندوتۆڵە لە نێوان جەژن و ئازادی، لە هیچ کولتوورێکی تردا بەم قووڵییە بوونی هەیە؟

ئەوەی شارەزای مێژووی نەورۆز بێت دەزانێت هیچ نەتەوەیەک هێندەی کورد هۆگرانە لە دەوری ئاگردانی نەورۆز کۆنەبووەتەوە. ئەمەش بەتایبەتی لە سەدەی بیستەمدا و لەسەر دەستی شاعیر و بیریاری کورد پیرەمێرد (١٨٦٧-١٩٥٠)، بەرزڕاگرتنی نەورۆز وەکوو جەژنێکی نەتەوەیی چووە قۆناغێکی دیکەوە و ئیتر بەتەواوی گوزارشتی لە ئازادیخوازی کورد دەکرد. ئەمە لە حاڵێکدا کە یادەکە لە هەندێک لەو دەوڵەتانە قەدەغە بوو کە ئێستا کردوویانەتە جەژنێکی فەرمی. بۆیە حاشای لێ ناکرێت کە هیچ نەتەوە و میللەتێک ئەوەندەی کورد جەژنەکەی بەلاوە گرنگ و کاریگەر و واتادار نییە؛ ئەمەش هەر بۆ خۆی بەڵگەیە کە لە بنەچەدا جەژنەکە هی کوردانە و میللەتی دیکەش وەکوو بەهەند وەرگرتن و بایەخپێدانی سروشت لە یادەکە وەردەگەن.

ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ نووسینەکانی "گزینفۆن" و مێژوونووسانی تری کلاسیک، چۆن دەتوانین ئاماژەکانی ئەوان بۆ جەژنە بەهارییەکانی دانیشتووانی چیاکانی زاگرۆس وەک بەڵگەی "نەورۆزی کوردی" بەکاربهێنین؟

لەو کتێبەی کە گزینۆفۆن سەبارەت بە گەڕانەوەی لەشکرە یۆنانییەکە نووسیوویەتی، بەسەرهاتی چۆنیەتی ئەو پاشەکشەیە و گەیشتنیان بە وڵاتی کوردان و تێپەڕینیان بە کوردستان و ئەرمینیا تێدایە؛ لە دەوروبەری ساڵی ٤٠١ پ.ز، باسێک لە نەورۆز نییە، تەنیا هەندێک ئاماژەی پەیوەست بە ئاگر و یەکدی ئاگادارکردنەوەی تێدایە، ئەوەی پەیوەندی بە وڵاتی کادۆخییەکانەوە هەبێت.