کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەرتەشی ئێران بێسەروشوێنبوونی فڕۆکەوانانی دوو فڕۆکەی "سوخۆ-٢٤"ی لە قەتەردا ڕاگەیاند

15:55 - 22 جۆزەردان 2726

بەرپرسی ستاد و جێگری هەماهەنگیکاری ئەرتەشی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاند، هیچ زانیارییەکیان لەسەر چارەنووسی فڕۆکەوانانی ئەو دوو فڕۆکە شەڕکەرە نییە کە لە شەڕی ئەم دواییانەدا بۆ لێدانی قەتەر نێردرابوون.

"حەبیبوڵڵا سەیاری" بەرپرسی ستادی ئەرتەشی ڕێژیم، ڕۆژی پێنجشەممە ٢١ی جۆزەردان لە بەرنامەیەکی تەلێڤزیۆنیدا دانی بەوەدا نا، دوو فڕۆکەی شەڕکەری جۆری "سوخۆ-٢٤" لە هەولێرەوە بە مەبەستی هێرشکردنە سەر قەتەر فڕیون و ڕایگەیاند کە هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی چوار فڕۆکەوانەکەی ئەو گەشتە ئاسمانییە لەبەردەستدا نییە.

سەیاری ئاشکراشی کرد کە لەم ماوەیەدا هێرشی ئاسمانیی دیکەیان بە فڕۆکەکانی "F-5" و "F-4" لە وڵاتانی ناوچەکەدا ئەنجام داوە، بەڵام ئامادە نەبوو ناوی ئەو وڵاتانە و ئامانجی هێرشەکان ڕوون بکاتەوە؛ تەنیا ئاماژەی بەوە کرد کە فڕۆکەکان دوای گەیاندنی زیان بە لایەنی بەرامبەر گەڕاونەتەوە بۆ ئێران.

ئەم دانپێدانانەی ئەرتەشی ڕێژیم لە کاتێکدایە، کە پێشتر وەزارەتی بەرگریی قەتەر لە ١١ی ڕەشەممەی ڕابردوودا بە فەرمی ڕایگەیاندبوو کە هێزە ئاسمانییەکانیان دوو فڕۆکەی شەڕکەری "سوخۆ-٢٤"ی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان خستووەتە خوارەوە.