کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردستان لە ژێر هێرشی سەربازی و گوتاریدا

12:08 - 3 خاکەلێوه 2726

زاهیر محەممەدی

ئەم وتارە خوێندنەوەیەکی شیکاریی ـ گوتارییەوە بۆ هاوکاتبوون و یەکانگیریی دوو ڕەهەندی هێرش بۆ سەر کوردستان لە گەرمەی شەڕی هاوبەشی ئەمریکا ـ ئیسرائیل لەگەڵ ئێراندا کە کۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشی گرتووەتەوە. ڕەهەندی یەکەمی ئەم هێرشە، هێرشی هاژەک و درۆنیی کۆماری ئیسلامییە بۆ سەر کوردستان. ڕەهەندی دووهەمی هێرشەکە، هەڵمەتی میدیایی و گوتاریی ڕەوتە ڕاستئاژۆکانی شاپەرەستیی ئێرانە لە تاراوگە دژی کورد.

گریمانەی سەرەکیی وتارەکە ئەوەیە کە ئەم دوو جەمسەرە، سەرەڕای جیاوازیی پێگە و ئامرازەکانیان، لە ئاستێکی قووڵتردا لە ڕێگەی چەمکی هاوبەشی «جوداخوازی»یەوە یەک دەگرنەوە و لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی تەواوکەردا، هەوڵ دەدەن کوردستان لە «سوژەیەکی سیاسیی ڕێکخراو»ەوە دابەزێنن بۆ ناو پرۆژەی ئێرانچییەتی خۆیان. ئامانجی وتارەکە دەرخستنی ئەم پەیوەندییە شاراوەیە و ڕوونکردنەوەی ئەرکی ناسیۆنالیزمی شۆڤینیستیی ئێرانە لە نکۆڵیکردنی شوناس و مافە سیاسییەکانی کورد؛ هەروەها جەختکردنەوە لەسەر ئەو خاڵەیە کە بەرفراوانیی ئاستی ئەم هێرشانە، نەک نیشانەی لاوازی، بەڵکو دەربڕی هێز و توانای هەژموونیی کوردستانە دژی جۆرە جیاوازەکانی دیکتاتۆری لە ئێراندا.

ڕەوشی ئێستای ئێران و ناوچەکە لە چوارچێوەی ململانێی سەربازیی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ـ ئیسرائیل و ئێران، جارێکی تر کوردستانی وەک گرێکوێرەیەکی گوتاری و جیۆپۆلیتیکی لەناو ئێران و ناوچەدا زەق کردووەتەوە؛ گرێیەک کە نەک تەنیا لە مەیدانی جەنگدا، بەڵکو لە ئاستی گوتاریشدا دەرکەوتووە و لە میدیای ڕەوتی ڕاستئاژۆی شاپەرەستی ئێراندا ڕەنگی داوەتەوە. ئەوەی لێرەدا گرنگە تەنیا ڕەهەندی هێرشی درۆنی یان قەبارەی هێرشی میدیایی نییە، بەڵکو هاوکاتبوون و هاوتەریبی ئەم دوو ڕەهەندەی هێرشەیە بۆ سەر کوردستان: ڕەهەندی سەربازی و ڕەهەندی گوتاری ــ کە نیشانی دەدات کوردستان لە چەقی پڕۆژەیەکی سڕینەوەی فرەڕەهەندایە. ئەم پڕۆژەیە تەنیا بۆ لاوازکردنی هێزی پێشمەرگە نییە، بەڵکو ئامانجەکەی بێبایەخکردنی کوردە وەک سوژەیەکی سیاسیی ڕێکخراو و کاریگەر کە لەمپەرێکە لەبەرامبەر دیکتاتۆری لە ئێراندا.

لە ڕەهەندی یەکەمدا، واتە هێرشی سەربازی، کۆماری ئیسلامی بە تەقاندنی هاژەکی بالیستی و درۆن، هەوڵ دەدات توانای سەربازیی پێشمەرگە لە هەر دوو دیوی کوردستان بکاتە ئامانج. ئەم هێرشانە کە زۆرجار بە بیانووی نەهێشتنی گرووپە «جوداخوازەکان» ئەنجام دەدرێن، لە ڕاستیدا بەشێکن لە ستراتیژییەکی گەورەتر کە مەبەستەکەی پێشگرتنە بە ئەگەری سەرهەڵدانی هەر چەشنە دەسەڵاتێکی سیاسی لە جوگرافیای کوردستاندا. لێرەدا چەمکی «جوداخوازی» دەبێتە چەقی گوتاری ئەمنیی کۆماری ئیسلامی؛ چەمکێک کە هەر داواکارییەکی سیاسی لە دەرەوەی دەسەڵاتی ناوەند بە هەڕەشەیەکی ئەمنی پێناسە دەکات. دەسەڵاتی ئێران لە چوارچێوەی ئەم پێناسەیەدا ڕێگە بۆ هێرشی سەربازی خۆش دەکات، چونکە لایەنی بە ئامانجگیراو چیتر بە بکەرێکی سیاسی دانانرێت، بەڵکو وەک «مەترسییەکی ئەمنی» سەیر دەکرێت.

ئەوەی ئەم دۆخە ئاڵۆزتر دەکات، بوونی گوتارێکی هاوشێوەیە لە تاراوگەی ئێرانی؛ بەڵام بە هەمان مەبەست، بەڵام بە شێوازێکی جیاواز. گوتارێک کە لە لایەن ڕەوتی ڕاستئاژۆی شاپەرەستیی ئێرانەوە بەرهەم دێتەوە. ئەم ڕەوتە، هەرچەندە لە تاراوگەیە و خۆی بە دژبەر و تەنانەت جێگرەوەی دیموکراتیکی کۆماری ئیسلامی پێناسە دەکات، بەڵام لە هەمبەر کوردستاندا، بە شێوەیەکی بەرفراوان هەمان چەمکی «جوداخوازی» بەکار دێنێت. لەم گوتارە ڕاستئاژۆیەدا، کوردستان نەک وەک سوژەیەکی سیاسیی خاوەن مێژوو، شوناس و ماف، بەڵکو وەک «کێشە» یان تەنانەت «هەڕەشە» وێنا دەکرێت کە دەبێت لە چوارچێوەی ئێرانێکی یەکپارچە و لەژێر یەک ئاڵادا بتوێتەوە. ئەم یەکانگیرییە گوتارییە نیشانی دەدات کە لەودیو جیاوازییە سیاسییەکانەوە، هاوبەشییەکی قووڵی ئایدۆلۆژی لە نێوان ئەم دوو ڕەوتەدا هەیە؛ هاوبەشییەک کە سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ناسیۆنالیزمی شۆڤینی ئێرانی.

لەو چوارچێوەیەدا، چەمکی «جوداخوازی» ئەرکێکی دووفاقەی هەیە. لە لایەکەوە دەبێتە ئامرازێک لە دەست دەسەڵاتی ئێران بۆ ڕەواییدان بە هێرشی سەربازیی ڕاستەوخۆ بۆ سەر کوردستان، لە لایەکی تریشەوە دەبێتە ئامرازێک بۆ سڕینەوەی هێمایی و گوتاریی کوردستان لە دەست ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستئاژۆی ئێران لە تاراوگە. ئەم دوو ئەرکە لە کردەوەدا پشتی یەک دەگرن و کەشێک دەخوڵقێنن کە تێیدا هەر جۆرە ئەلتەرناتیڤێکی کوردستانی، پێشوەختە نەزۆک دەکرێت. بە واتایەکی تر، ئێمە لەبەردەم جۆرێک لە «هاوئاهەنگیی سەرکوتکردن»ی کورد داین کە تێیدا کردە سەربازی و گوتارییەکان، ئاو لە ئاشی یەکتر دەکەن.

بەرفراوانیی ئەم هێرشانە، چ لە ئاستی سەربازی و چ لە ئاستی میدیاییدا، بەڵگەی پێگەی بەهێزی کوردستانە لە هاوکێشەی سیاسیی ئێراندا. ئەگەر کوردستان خاوەن توانای ڕێکخراوەیی و کاریگەر نەبوایە، بەو شێوەیە نەدەکەوتە بەر هێرش. لە ڕاستیدا دەکرێ بڵێین ئەم هێرشە بەرفراوانە سەربازی و میدیاییە، ئاماژەیە بۆ بەهێزبوونی کوردستان کە پشتئەستوورە بە تۆڕێکی بەرفراوانی حیزبی، ئەزموونی مێژوویی خەبات و بایەخدان بە دیموکراسی. ئەمە ڕێک ئەو خاڵەیە کە کوردستان دەکاتە سوژەیەکی مەترسیدار بۆ هەر دوو جۆری دیکتاتۆریی دەسەڵات و دیکتاتۆری ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستئاژۆی ئێرانی.

لە ئاستی گوتاریدا، ناسیۆنالیزمی ئێرانی وەک خاڵی هاوبەشی هەردوو ڕەوتەکە، ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی هەیە لە خوڵقاندنی ئەم دۆخەدا. ئەم ناسیۆنالیزمە کوێرە، لەسەر وێنایەکی یەکدەست و یەکسان بۆ «میللەت» بونیاد نراوە؛ وێنایەک کە تێیدا جیاوازییە نەتەوەیی، زمانی و کولتوورییەکان پشتگوێ دەخات یان بە لادان لە بنەماکانی ئێرانیبوون دادەنێت. لەم بازنە داخراوەدا، کوردبوون نەک وەک مافێکی سروشتی، بەڵکو وەک «کێشە»یەکی چارەسەرکراو پێناسە دەکرێت. خوێندنەوەی پرسی کورد لە چوارچێوەی «کێشەی کورد» خۆی دەبێتە پێشمەرجێک بۆ پیادەکردنی جۆرە جیاوازەکانی هێرش و سەرکوت.

پارادۆکسە زەقەکەی ڕەوتی ڕاستئاژۆی ئێرانی لێرەدا بە ئاشکرا خۆی دەردەخات. لە لایەکەوە ئەم ڕەوتە باس لە «یەکێتیی نەتەوەیی» و «ئێرانیی یەکگرتوو» دەکات و داوا دەکات هەموو هێزەکان لەژێر سێبەری ئاڵای شێروخورشیددا کۆببنەوە؛ بەڵام لە لایەکی تەرەوە، لە کردەوەدا لە جیاتی داننان بە فرەیی و جیاوازییەکانی کۆمەڵگەی ئێران، بە دوای سەپاندنی گێڕانەوەیەکی تایبەتە لە ناسنامەی ئێرانی. هەوڵدان بۆ چارەسەری «کێشە»ی کورد لە ڕێگەی چەمکی «هاووڵاتیبوون» و تەنانەت دروستکردنی حیزبی کارتۆنیش بۆ کورد، نیشانەی جۆرێکن لە ئەندازیاریی سیاسی لە سەرەوە بۆ خوارەوە. ئەم میتۆدە سیاسییە هەوڵ دەدات کورد لە سوژەیەکى سیاسییەوە بکاتە پاشکۆی خۆی.

ئەم سیاسەتە پێشینەیەکی مێژوویی هەیە و ئەنجامەکانیشی تا ڕادەیەکی زۆر ڕوونن. لە دەیەی ١٩٨٠دا، ڕژێمی سەدام حوسێنیش بە تێکەڵەیەک لە هێرشی سەربازی و ئەندازیاریی سیاسی، هەوڵی دا کوردستان لە نێو گوتاری فەرمیی خۆیدا بتوێنێتەوە. دروستکردنی حیزبی کارتۆنی و هێرشی سەربازی، نەک هەر نەبوونە هۆی توانەوەی کورد لە دەسەڵاتی بەعسدا، بەڵکو کەلێنی کورد و ڕژێمی بەعسیشی قووڵتر کردەوە و لە کۆتاییدا بووە هۆی قەیرانێکی قووڵتر لە عێراقدا. ئەم ئەزموونە مێژووییە بە ڕوونی نیشانی دەدات کە سڕینەوەی سوژەی سیاسی، تەنانەت ئەگەر لە کورتخایەنیشدا وەڵامدەر بێت، لە درێژخایەندا ناسەقامگیریی زیاتری بەدواداوە دەبێت.

لە ڕوانگەی شیکاری ـ گوتارییەوە، دەکرێ بڵێین ئەوەی ئەمڕۆ بەرانبەر بە کوردستان دەکرێت، جۆرێکە لە «جەنگی واتاکان»؛ ململانێیەک کە تێیدا بکەرە جیاوازەکان هەوڵ دەدەن خوێندنەوەی خۆیان بەسەر چەمکەکانی وەک «میللەت»، «یەکێتی» و «ئاسایش»دا بسەپێنن. لەم مەیدانەدا، کوردستان تەنیا وەک واقیعێکی ئۆبجەکتیڤ وێنا ناکرێت، بەڵکو چەمکێکی سەرگەردان (Floating Signifier)ـە بۆ سەپاندنی پێناسەی جیاواز. بۆ کۆماری ئیسلامی کوردستان «هەڕەشەی ئەمنی»یە؛ بۆ شاپەرەستەکان مەترسییە بۆ «هەڵوەشاندنەوەی ئێران» و بۆ کوردیش بریتییە لە دەستەبەرکردنی «مافی دیاریکردنی چارەنووس» و «دیموکراسی».

لەم نێوەندەدا ئەوەی گرنگە، تەنیا هێزی سەربازی نییە، بەڵکو توانای بەرهەمهێنان و جێگیرکردنی واتایە. هەر ڕەوتێک کە بتوانێت گێڕانەوەی خۆی بکاتە گێڕانەوەی ڕەها و زاڵ، لە کردەوەدا لە مەیدانی سیاسەتدا باڵادەستیی خۆی دەسەپێنێت. کەواتە پێویستە هێرشی میدیایی دژی کوردستان بە بەشێک لە جەنگی هەژموونی پێناسە بکەین؛ جەنگێک کە پشت بە چەک نابەستێت، بەڵام بە زمان دەکوژێت.

بەرخۆدانی کوردستان دژی ئەم دوو هێرشە جیاوازە، نیشانی دەدات کە پڕۆژەی سڕینەوەی کورد هەروا سووک و ئاسان نییە. ڕێکخستنی بەهێزی سیاسی، یادەوەریی مێژوویی خەبات و توانای بەرهەمهێنانەوەی گوتاری جێگرەوە، لەو هۆکارانەن کە ڕێگە بە کوردستان دەدەن لە بەرانبەر ئەم گوشارانەدا بە سەرکەوتوویی خۆی ڕزگار بکات. ئەم بەرخۆدانە، تەنیا کاردانەوەیەکی سەربازی نییە، بەڵکو خەباتیشە بۆ پێناسەکردنەوەی چەمکەکان و وەرگرتنەوەی فەزای سیاسییەکان.

لە کۆتاییدا دەکرێت بڵێین ئەوەی ئەمڕۆ لە کوردستاندا دەگوزەرێت، تەنیا ململانێیەکی سەربازی لە ئاستی ناوخۆ و ناوچەییدا نییە، بەڵکو بەشێکە لە ململانێیەکی گەورەتر لە نێوان دوو لۆژیکی سیاسی: لۆژیکی دیکتاتۆریی ناوەندئاژۆی ئێرانی کە لەسەر بنەمای سڕینەوە، تواندنەوە و سەرکوت داڕێژراوە و لۆژیکی دیموکراسیخوازانەی کورد کە جەخت لەسەر فرەیی، داننان و بەشداریی سیاسی دەکاتەوە. کوردستان، لەم نێوەندەدا، بووەتە یەکێک لە گرنگترین مەیدانەکانی ئەم ململانێیە؛ مەیدانێک کە چارەنووسەکەی، کاریگەریی قووڵی لەسەر داهاتووی تەواوی ئێران دەبێت.