کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردەکان، کۆنترین دوژمنەکانی کۆماری ئیسلامی

17:18 - 3 خاکەلێوه 2726

فری پرێس - ڕۆیا حەکاکیان

وەرگێڕان بۆ کوردی: کەماڵ حەسەن‌پوور

کوردەکان نەبەزترین ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیمی ئێرانن؛ ئەوان بۆ ڕووخاندنی، یەکلاکەرەوە دەبن. دوو نیشانەی سەرەتایی داهاتووی کارەساتباری شۆڕشی ئیسلامیی ١٣٥٧، هۆنراوەیەک و وێنەیەک بوون. ئێرانییەکان هێشتا سەرخۆشی سەرهەڵدانی ئەو ساڵە بوون کاتێک، لە گەلاوێژی ١٣٥٨، ئەحمەد شاملوو، یەکێک لە گرنگترین شاعیرانی نیشتمان، هۆنراوەیەکی بڵاو کردەوە لەژێر سەردێڕی "ڕۆژگارێکی سەیرە، گوڵم". دێڕە سەرەتاییەکانی ڕەنگدانەوەی نائارامییەک بوو کە بە خشکە دەهاتە نێو ژیانی ڕۆژانەوە، کاتێک پۆلیسی شۆڕش (بەسیج)، خاڵی پشکنینی بۆ سەپاندنی قاچاخکردنی کحوول دانابوو:

"بۆن بە دەمتەوە دەکەن

نەکا گوتبێتت خۆشم دەوێی

بۆن بە دڵتەوە دەکەن،

دێن و نێو دڵت دەگەڕێن

نەوەک بڵێسەی ئەوینێکی تێدا شاردرابێتەوە

ڕۆژگارێکی سەیرە، گوڵم"

 

دووەمین نیشانەی ناخۆش، مانگێک دواتر دەرکەوت: وێنەیەکی ڕەش و سپی لەژێر مانشێتی "پەلی تەقە لە ئێران" بێ درکاندنی ناوی وێنەگرەکە لە ڕۆژنامەی ئیتلاعاتدا، لە ١٠ی گەلاوێژی ١٣٥٩ بڵاو بووەوە. لەوێدا ١١ پیاوی چاوبەستراو لە دەشتێکی بەتاڵ لە کوردستان، بەرەوڕووی پەلێکی تەقە ببوونەوە؛ بەشێکیان پێشتر تەقەیان لێ کرابوو و خەریکی کەوتن بوون، ئەوانی دیکە هێشتا لە چاوەڕوانیدا وەستابوون. کاتێک وێنەکە خەڵاتی پۆلیتزەری لە ١٣٥٩ بۆ (وێنە-ڕووداو) پێ درا، دنیا نەیزانی ناوی وێنەگرەکە چییە؛ جەهانگیر ڕەزمی بۆ ماوەی ٢٧ ساڵ بە نەناسراوی مایەوە.

ئەوەی ڕەزمی گرتبووی، چرکەساتێک بوو کە پەلی تەقە فەرمانی حاکمی بەدناوی شۆڕش، سادق خەڵخاڵی، ترسناکترین و بێزراوترین مەلای ئەو کاتەی جێبەجێ دەکرد. ئەو دادگاییەکی لەگۆترەی بەڕێوە بردبوو، ئەو پیاوانەی بە "موحاریب" یان شەڕکەری دژی خودا، لەگەڵ تۆمەتی دیکەدا تاوانبار کردبوو و حوکمی سێدارەی بۆ بڕیبوونەوە.

وێنەکە دڕندەییەکی خوێنڕێژانەی پیشان دەدا کە بوو بە هێمای ڕێژیمی نوێ. ئەو هەروەها هیرارشییەکی ئاشکرا دەکرد کە ڕێژیم وەک دوژمن پێناسەی دەکردن. زۆر پێش دەستپێکی جەنگ لەگەڵ عێراق، یان تەنانەت بەر لەوەی "خوێندکارانی هێڵی ئیمام" دەست بەسەر باڵوێزخانەی ئەمریکادا بگرن، و زۆر پێش ئەوەی دەستەواژەی "جیهاد" بێتە نێو وشەدانی ڕۆژاواییەوە، خومەینی پێشتر شەڕی پیرۆزی دژی کوردان ڕاگەیاندبوو و حیزبەکەیانی وەک "حیزبی شەیتان" مەحکووم کردبوو. ماوەیەکی کورت دوای ئەو ڕووداوە، ئەو دەستەواژەی "شەیتانی مەزن"ی بۆ وڵاتە یەکگرتووەکان و "شەیتانی بچووک"ی بۆ ئیسرائیل داهێنا.

ئەمڕۆ، نزیکەی نیو سەدە دواتر، لەناکاو ئەو مێژووە دەستبەجێ هەستی پێ دەکرێتەوە. لە حەوتووی دوای دەستپێکی جەنگ، مشتومڕەکان لەمەڕ ئەوەی کە ئاخۆ دەبێ کوردەکان تێکەڵی شەڕ دژی تاران بن شانبەشانی وڵاتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیل، یان نا، بووەتە هۆی نیگەرانی لەنێو گەلێک لە ئێرانییەکاندا. دەیان ساڵە ڕێژیم هۆشداریی داوە کە کوردەکان بەتەمای لێکهەڵوەشاندنی ئێرانن و ئەو تاوانبارکردنانە چووەتە نێو هەناوی وشیاریی نەتەوەییەوە. بۆیە، ترس شێوازێکی بەرەوڕووبوونەوەیە لەگەڵ ئەو هەواڵەدا؛ بەڵام مێژوو ڕوانگەیەکی جیاواز پێشکەش دەکات.

خومەینی بە کوردەکانی دەگوت جیاوازیخواز. بەڵام ئەو پیاوەی بڕیاری دابوو شوناسی ئێرانی بە قازانجی شوناسێکی پان-ئیسلامی بسرێتەوە، کەنگێ بۆ یەکپارچەیی خاکی ئێران بەپەرۆش بووە؟ تاوانبارکردن بە جیاخوازی تەنیا بیانوویەک بوو بۆ شاردنەوەی ئەوەی بەڕاستی ئایەتوڵڵاکەی تووڕە کردبوو: کوردەکان ببوونە نەبەزترین ئۆپۆزیسیۆن. ئەوان کە سوننی بوون، بە هەمان شێوە گەردوونی شیعەی یەک‌چەشنیان کە بۆ ئێران بیری لێ دەکرایەوە، تووشی ئاڵنگاری دەکرد.

هەتا هەشتاکانی زایینی، ڕێژیم زۆربەی ڕێبەریی جووڵانەوەی سیاسیی ئێرانی دەستبەسەر، زیندانی یان ئێعدام کردبوو. لەگەڵ ئەوەشدا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەڕای ئەو شکستانەی خواردبوونی، وەک ڕێکخراوێکی نهێنی، بەڵام چالاک مایەوە. ڕێبەرەکەی، عەبدولڕەحمان قاسملوو بوو، کەسایەتییەکی سەرنجڕاکێش: خاوەن کاریزمایەکی فرەزمانزان بە بڕوانامەی دوکتورا لە ئابووری و زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی پڕاگ.

ئەستێرەیەک لە گۆڕەپانی سۆسیال دێموکراسیی ئورووپا؛ لەنێو جەنگاوەرە پێشمەرگەکانیدا لە چیاکانی کوردستان بە هەمان شێوەی قاوەخانەکانی پاریس، لەپەنا هاوسەرە چێکییەکەی (هێلێن)، خەریکی گفتوگۆ لەسەر بیرۆکەی مەزن لەگەڵ سیاسەتوانان و ڕووناکبیرانی ئورووپایی، حەساوە بوو. لە نێوەڕاستەکانی هەشتاکانی زایینیدا، کاتێک پاشماوەکانی ڕووناکبیران لە نێوخۆی ئێران تووشی مەترسیی دەستبەسەرکران دەبوون، کوردستان ببوو بە پەناگەیەک بۆیان.

قاسملوو، دوایین ڕێبەری مەزنی ئۆپۆزیسیۆن تا کاتێک مابوو، لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەی خۆیەوە پشتگیریی لێ دەکرا و ڕێبەری جووڵانەوەیەکی باش ڕێکخراویش بوو. بە تواناییەکانی و دەستڕۆیشتووییە نێودەوڵەتییەکەیەوە، بوونی ئەو نەک تەنیا بۆ کوردان ژیانی بوو، بەڵکوو هەموو ئێرانییەکان ئەویان وەک کەسایەتییەکی پێگەیشتوو سەیر دەکرد، کە توانایی ڕێبەریکردنی جووڵانەوەی دێموکراتیکی سەرانسەریی هەبوو. ئەوە قاسملوو بوو کە ژیانی گەلێک لە کەسایەتییە سیاسی و ڕووناکبیرەکانی لەو سەردەمەدا ڕزگار کرد، لەنێو خەڵکی خۆیدا پاراستنی و پاشان بواری دەربازبوونیانی بە سنوورەکانی کوردستاندا ڕەخساند.

لە کۆتایی جەنگی ئێران-عێراق لە ١٣٧٦، پاش هەشت ساڵ جەنگ کە بووە هۆی کوژرانی یەک ملیۆن کەس و ژمارەیەکی زۆرتر بریندار و نەبووە هۆی هیچ دەستکەوتێک یان دۆڕاندنێکی خاک، تارانی لاوازکراو لە نەمانی خۆی دەترسا. ئایەتوڵڵا فەتوایەکی دا و داوای کوشتنی پیاوێکی کرد کە نەیتوانیبوو بە چۆکی دابێنێت.

ساڵێک دواتر، تیمێکی مرۆڤکوژ کە خۆی وەک وەفدێکی نێردراو لەلایەن تارانەوە دەنواند کە بۆ وتووێژی ئاشتی لەگەڵ کوردان هاتووە، قاسملوو و یاریدەدەرەکەی لە ڤییەن کوشت. ئەوە یەکەم دۆخ لە زۆر نموونەی دیکە بوون کە تێیدا مەلاکان کەڵکیان لە دەمامکی دانوستانکار بۆ بەڕێوەبردنی پیلانە کوشندەکانیان وەرگرت. بکوژەکانی قەت نەخرانە بەردەم دادگا. کاربەدەستانی ئوتریش خێرا بکوژەکانیان، کە توانیبوویان دەستبەسەریان بکەن، دیپۆرت کردەوە؛ بۆیە پەروەندەکە هێشتا کراوەیە.

هەڵمەتی تۆڵەئەستێنیی تاران لە ڤییەن کۆتایی نەهات. سێ ساڵ دواتر، تیمێکی لوبنانی و ئێرانی جێگرەوەی قاسملوویان، لەگەڵ سێ کەس لە هاوکارانی، لە ڕێستورانتێکی بەرلین تیرۆر کرد. بەڵام بەپێچەوانەی تێرۆری ڤییەن، ئەمجارەیان ئەم تاوانە بووە هۆی لێکۆڵینەوەیەکی بەرفراوان و دادگاییەک کە بوو بە یەکێک لە پڕکاردانەوەترینەکانی دوای جەنگی جیهانیی دووەم لە ئورووپا.

بڕیاری دادگا لە ١٣٧٦، پلەبەرزترین ئەندامانی ڕێبەریی تارانیان (لەنێویاندا خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی) وەک پلاندانەرانی تیرۆرەکان تێوەگلاند. حوکمەکە بووە هۆی پچڕاندنی کاتیی سەرجەم پەیوەندییە سیاسییەکانی وڵاتانی ئورووپایی لەگەڵ تاران و ڕێژیمیان ناچار کرد بۆ چەند ساڵێک ئۆپەراسیۆنە تێرۆریستییەکانی لە ئورووپا ڕاگرێت. ئەمە مەزنترین شکستی مەلاکان بوو لە دوای دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی.

بەڵام ئەوە تەنیا ڕێبەرانی کورد نەبوون کە تاران بەدوایانەوە بوو. بۆ ماوەی دەیان ساڵ، کوردی ئاسایی، کە کەمتر لە ٢٠ لەسەدی دانیشتووانی ئێران پێک دێنن، تووشی ڕێژەیەکی ناهاوسەنگ لە زیندانیکردن و لەسێدارەدان بوون. ئەم مێژووە دوورودرێژەی سەرکوت، ڕوونترین نموونەی خۆی لە ئەیلوولی ٢٠٢٢دا دەرکەوت، کاتێک ژنە ٢٢ ساڵەی کورد، ژینا ئەمینی لەلایەن گەشتی ئیرشاد لە تاران دەستبەسەر کرا و سێ ڕۆژ دواتر لە کاتی دەستبەسەریدا مرد. مردنەکەی بووە هۆی دەستپێکی جووڵانەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"، مەزنترین ناڕەزایەتییەکانی ئێران لە دوای ١٣٥٧.

یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین لایەنەکانی سەرهەڵدانەکە ئەو یەکگرتووییە بوو کە بووە ئیلهامبەخش لە سەرانسەری وڵات و لەنێو گەلێک لە کۆمەڵگە ئەتنیکییەکانی ئێراندا. لە شارەکانی کوردستانەوە، دروشمی ڕێزگرتن لە یادی ژینا لەسەر دیوارەکان و دەڕابەی دووکانەکان دەرکەوتن. کوشتنی کچێکی کورد دەیتوانی بە ئاسانی تەنیا ببێتە کارێکی سەرکوتکارانە لە درێژەی مێژوویەکی دوورودرێژی ئەمجۆرە تاوانانەدا؛ بەڵام لەجیاتیدا، بوو بە یەکێک لە یەکخەرترین ساتەوەختەکانی مێژووی هاوچەرخی ئێران.

ئێستا کوردەکان جارێکی دیکە بەرەوڕووی ئەگەری ڕێبەرایەتیکردنی شەڕ دژی ڕێژیم بوونەتەوە. ڕاستییەکان ڕوون و ئاشکران: نە وڵاتە یەکگرتووەکان، ئیسرائیل یان هیچ‌کام لە هاوپەیمانانی واشینگتۆن ئامادە نین هێزی سەربازی بنێرنە نێو خاکی ئێرانەوە. کوردەکان کە دەیان ساڵە ئەزموونی جەنگ لەگەڵ ڕێژیم و هاوکارییان لەگەڵ هێزە ئەمریکییەکان لە ناوچەکەدا هەیە، تەنیا تاقمێکی خاوەن زانیاری و توانایی چوونە نێو شەڕەکەن. ژمارەیان لە بەراورد لەگەڵ هێزە سەربازییەکانی ئێران کەمە، بەڵام ئەوان دەتوانن ببن بە بەشێک لە هێزێکی مەزنتر کە وردە وردە ڕێژیم بە چۆک دادێنێت.

سەرەڕای پاشگەزبوونەوەی سەرۆک کۆمار ترامپ لە بڕیارە سەرەتاییەکەی بۆ تێوەگلاندنی کوردەکان لە جەنگ دژی ئێران، گەلێک لە پێشمەرگەکان هەر ئێستا خەریکی خۆئامادەکردنن بۆ ئەو ئەگەرە.

ئەوانەی هۆشداری لە شەڕی نێوخۆ دەدەن، وا باشترە بیر لە ڕاستییەکی تاڵ بکەنەوە: شەڕی نێوخۆیی لە ئێران لە گەلاوێژی ١٣٥٨دا، کاتێک پەلی تەقە ١١ کوردی کوشت دەستی پێ کرد، و لەو کاتەوە بەرۆکی هەر ژنێکی گرت کە بەرەوڕووی گەشتی ئیرشاد بووەوە، دەستبەسەر کرا یان کوژرا، و هەموو زیندانییەک کە لەسێدارە درا. ڕووداوەکانی هەفتەی ڕابردوو لە کۆتاییدا دوایین دەرفەت بۆ ئاڵوگۆڕ لە ئێران دەخەنە ڕوو و، کوردەکان بۆ دەستەبەرکردنی، یەکلاکەرەوەن.

ئێرانییەکان دەتوانن لەو ساتەوەختە وەک هەلێک بۆ ئاشتیی نیشتمانی کەڵک وەربگرن؛ دەرفەتێک بۆ نەتەوەیەک کە تووشی ئەو هەموو خەسارە بووە تا یەک بگرن بۆ وەدیهێنانی خەونێکی هاوبەش. کوردەکان دەتوانن دەوری خۆیان بۆ چوون بەرەو ئێرانێکی دێموکراتیک کە ئەوان و زۆر لایەنی دیکەش ئەو هەموو ساڵانە قوربانییان بۆ داوە، بگێڕن.