
مستەفا مەعرووفی
شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەدژی کۆماری ئیسلامی لە دنیای پڕ لە شەڕ و ڕووداوی ئەمڕۆدا گرنگیی تایبەتیی هەیە و زیاتر سەرنجەکانی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە و بەهۆی هەڵکەوتی جوگرافیایی سیاسیی ئێران کاریگەریی زیاتری لەسەر وڵاتانی ناوچە و تەنانەت جیهان هەیە. شانبەشانی گرنگی و کاریگەرییەکانی ئەم ڕووداوە کوردیش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووەتە چەقی سەرنج و تێڕامانەکان لە سەرانسەری دنیا، بە چەشنێک لە ڕابردوودا وێنەی نەبووە. لێدوانە دژبەیەکەکانی دۆناڵد ترامپ لەبارەی بەشداریکردن یان نەکردنی هێزە سیاسییەکانی کورد لەم شەڕەدا زیاتر بووە هۆی ئەوە کە بابەتی کورد لە میدیای جیهانی و لەنێو کۆڕ و کۆمەڵە سیاسییەکان لە سەرانسەری جیهاندا بێتە بەرباس. بەڵام هەمووی لەبەر ئەمە نییە، سووکە ئاوڕێک لە ڕابردوو زیاتر ئەمە ڕوون دەکاتەوە.
لە کاتێکدا ئەمریکا وەک گەورەترین زلهێزی جیهان و ئیسرائیل وەک زلهێزی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە توندترین شێوە ناوەندە سەربازی و بنکە و جبەخانەکانی کۆماری ئیسلامی بە پێشکەوتووترین چەک و کەرەستەی شەڕ بۆمباران دەکەن و جگە لە ڕێبەر دەیان فەرماندەی پلە یەکی سوپای پاسداران و هێزە سەربازییەکانیان کوشتووە، پێخۆشبوونی خۆشیان بۆ هاتنەمەیدانی هێزە سیاسییەکانی کورد لەم شەڕەدا دەربڕیوە. سەرەڕای ئەوەی گەلێک هێز و لایەن و نەتەوەی دیکەش لە ئێران هەن کە دژی ئەم ڕێژیمەن، قامک لەسەر کورد و هێزە سیاسییەکانی دادەنرێ. بەڵام هێزە سیاسییەکانی کورد هەتا ئێستا بە کردەوە هیچ بەرەیەکی شەڕیان لەدژی کۆماری ئیسلامی نەکردۆتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە چەند حەفتەیەک پێشتر ڕاپەڕینی بەرینی خەڵکی ئێران لەدژی ڕێژیم بە شێوەیەکی بێوێنە سەرکوتی خوێناوی کراو و ڕەنگە بواری بۆ ڕاپەڕینێکی ڕادیکاڵتر و تەنانەت چەکداری لەدژی کۆماری ئیسلامی پێک هێنابێ. جگە لەمەش بە تایبەتی هێزە سیاسییەکانی کورد نفووز و کاریگەریی زۆریان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەیە و پاش پێکێنانی هاوپەیمانەتی لەنێوان خۆیاندا هیوا و ئومێدی لەنێو خەڵکی کوردستاندا دروست کردووە. بێگومان لە ئەگەرێکی وادا ڕەنگە لەگەڵ پێشوازیی گەرم بە تایبەتی نەوەی گەنجدا بەرەوڕوو بن. سەرەڕای ئەم فاکتۆرە گرنگانە بۆچی هێزە سیاسییەکان هەتا ئێستا دەستبەکار نەبوون؟ هێزە سیاسییەکان کاردانەوە و هەڵوێستیان چ بووە؟ لەم چەند دێڕەدا هەوڵ دەدرێ لە سیلەی جیاجیاوە سەیری ئەم بابەتە بکرێ.
ئاوڕێک لە ڕابردوو
هۆی سەرەکیی ئەوە کە کورد لەم ڕووداوانەی پەیوەندیدار بە شەڕی ئێراندا بووەتە ناونیشان، بەر لە هەموو شتێک دەگەڕێتەوە بۆ سەر ئەوە کە کورد هێزی سیاسیی رێکخراو و ئەزموونێکی دوورودرێژی لە خەباتی سیاسی و چەکداری لەدژی کۆماری ئیسلامی هەیە. تەنیا ناوچەیەک لە ئێراندا کە هیچکات کۆماری ئیسلامی نەی توانی بە تەواوی کپ و بێدەنگی بکا کوردستان بوو. جگە لەمەش لەم دواییانەدا هێزە سیاسییەکانی کورد لە هەنگاوێکی بێوێنەدا نزیک بە تەواویان لە دەوری هاوپەیمانەتییەک کۆ بوونەوە کە دەنگدانەوەیەکی بەرینی هەبوو.
ئەوەی ئەم دەور و پێگەیەی بە کورد بەخشیوە ڕیشەی لە ڕابردوودا هەیە؛ لە سەردەمی شەڕی دووەمی جیهانییەوە بە تایبەتی لە ساڵی ١٩٤٥ەوە بە دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، حیزبی سیاسی هەیە کە هەر لەسەرەتاوە نفووز و خۆشەویستییەکی زۆری لە کوردستاندا هەبووە. سەرکوتی بێبەزەییانەی ڕێژیمی شا و سێدارەدانی ڕێبەرانی ئەم حیزبە نەک هەر نەبووە هۆی لەنێوچوونی، بەڵکوو لە قۆناغەکانی دواتردا بووە هۆی بەرینبوونەوە و نفووزی زیاتر و تەنانەت لە کاتێکدا کە ڕێژیمی پاشایەتی خۆی بە زلهێزی ناوچە دەزانی و بانگەشەی دەکرد کە «ئێران دوورگەیەکی ئەمنە» لە ناوچەدا، ئەم حیزبە بە وەڕێخستنی خەباتی چەکدارانە ئەم دوورگەیەی شڵەژاند و دەری خست کە لە کوردستاندا ڕێژیمی شا دەسەڵاتە ڕەهایەی نییە.
لەدوای شۆڕشی گەلانی ئێران لە ١٩٧٩دا هەر چەند حەفتەیەک پاش سەرکەوتنی شۆڕش، دامەزرێنەرانی کۆماری ئیسلامی شەڕیان لەدژی کورد ڕاگەیاند، بۆ یەکەم جار ئیسلامی سیاسی کە لە شکڵی حکوومەتدا خۆی دەنواند «فتوای جیهاد»ی لەدژی کورد ڕاگەیاند و شەڕێک و بەربەرەکانییەکی فرەڕەهەند بەسەر کورددا سەپا کە بە هەموو هەوراز و نشێو و شکست و هەستانەکانیەوە هەرگیز ئەو ڕێژیمە نەی توانی کۆتایی پێ بێنێ. لەم قۆناغەدا هێزی سیاسیی دیکە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێک هاتن کە سەرەڕای هێندێک گیروگرفتی نێوخۆی کورد نیشانەیەک لە پەرەگرتنی سیاسی و بەرینبوونەوە و فرەڕەهەندبوونی بۆچوون و سەلیقەی جیاجیای سیاسیی کۆمەڵگەی کورد بوو. لە کاتێکدا کە کۆماری ئیسلامی گەورەترین دەسەڵاتی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بوو و سیاسەت و کۆنترۆڵی ٤ پایتەختی لەم ناوچەیەدا بەدەستەوە بوو و بانگەشەی دەکرد کە لە ئێرانەوە تا مەدیتەرانە ناوچەی دەستڕۆیشتوویی ئەوە، لە نێوخۆی ئێراندا هەرگیز لە ئاست کورد و هێزە سیاسییەکانی نەحەسایەوە. کەوابوو خۆڕاگریی کورد لە ماوەی ٨٠ ساڵی ڕابردوودا، فرەحیزبی و ئەزموونی سیاسیی دەوڵەمەندی کورد، پێگە و ئیعتباری بە کوردستان و بزووتنەوە سیاسییەکەی بەخشیوە، هەر بۆیەش لە ڕووداو و ئاڵوگۆڕەکاندا دەبێتە ناونیشان و ناکرێ پشتگوێ بخرێ.
ئامانجی جیاواز
لە گرتنەپێشی هەر سیاسەت و تاکتیکێکدا کە هێزە سیاسییەکانی کورد لە کۆنەوە تا ئەمڕۆ بەرامبەر بە شەڕ و ڕووداوەکانی پەیوەندیدار بە ئێرانەوە بوویانە، پرەنسیپێک سەردێڕی هەموو هەڵسوکەوتە سیاسی و چەکدارییەکانیان بووە کە بریتییە لەوەی کە دەبێ ئەم سیاسەت و تاکتیکە لە پێویستییەکەوە سەرچاوەی گرتبێ کە داخوازی کورد بێ و لە بەرژەوەندیی ئەو دابێ و ئامانجەکانی کورد بپێکێ. لەم شەڕەی ئێستادا ئامانجەکانی بەشدارانی شەڕ ئەگەر لە چەند بارەوە هاوبەشە، وەک زەربە لێدان بۆ لاوازکردنی کۆماری ئیسلامییەوە بگرە تا ڕووخاندنی، وا دیارە هەر کام لە بەشدارانی ئەم شەڕە ئامانجی جیاجیان هەیە؛ تەنانەت ئەمریکا و ئیسرائیل کە بە قەولی «جۆ بایدن» سەرۆک کۆماری پێشووی ئەمریکا پەیوەندیی ئەم دوو وڵاتە «لەسەر بەردی مەڕمەڕ نەخشێنراوە»، ئامانجی جیاوازیان لەم شەڕەدا هەیە. ئیسرائیل بە ئاشکرا خوازیاری ڕووخانی کۆماری ئیسلامییە و ڕێگە خۆش دەکا بۆ گەڕانەوەی کوڕی شای پێشووی ئێران بۆ سەر دەسەڵات. لێرەدا پرسیاری لۆژیکی ئەوەیە کە بۆ دەبێ هێزە سیاسییەکانی کورد ڕۆڵەکانیان بنێرنە مەیدانی شەڕێک کە ئامانجەکەی هێنانەوە سەر دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەکی ڕووخاو و ڕەتکراوەیە لە کاتێکدا کە هێشتا شانسێکی زۆر لاوازی لە گەیشتنەوە بە دەسەڵات هەیە، فەرمانی بە سوپا و هێزی سەربازی داوە بۆ سەرکوتی کورد ئامادە بن. بەڵام ئەمریکا لانیکەم ترامپ و هاوکارە نزیکەکانی بە ڕوونی ڕایان گەیاندووە کە کوڕی شا ئەو توانایەی نییە ئەرکێکی وا بەڕێوە بەرێ. لەبارەی ڕووخانی ڕێژیمیشەوە سەرەڕای ئەوە کە قسە و لێدوانی دژبەیەک دەدەن و شتێکی ڕوون و کۆنکرێتیان ڕانەگەیاندووە، نیشانەیەکی جیدی لە هەڵسوکەوت و سیاسەتەکانیان دا بە مەبەستی گۆڕینی ئەم ڕێژیمەیان لێ بەدی ناکرێ، تەنانەت ترامپ چەند جار ڕایگەیاندووە کە دەبێ ڕێبەریی داهاتووی ئێران لە نێوخۆ دیاری بکرێ نەک لەنێو ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوە. ڕەنگە ئاماژە بە مۆدێلی ڤێنیزوێلا بێ کە تەنیا سەرکۆمار لابرا و باقیی سیستەم و دەسەڵاتەکە لە جێی خۆی مایەوە. یان ئاماژە بە شکستیان لە عێراق بێ کە کەوتە بەر دەستی ئێران و گرووپە ڕادیکاڵە ئیسلامییەکان و نیگەرانی لەوە کە لە بۆشایی دەسەڵاتدا ئێرانیش تووشی ئەم دۆخە بێ. هەر چەند ئەم تێزە تێزێکی زۆر بێ بنەمایە؛ چونکە هەر گرووپ و دەسەڵاتێکی ڕادیکاڵی مەزهەبیی دیکە لە ئێراندا سەرهەڵ بدا لە خراپترین حاڵەتدا هەر وەک کۆماری ئیسلامی دەبێ. بەڵام ئامانجی سەرەکیی هێزە سیاسییەکانی کورد کە بریتییە لە دابینکردنی مافە نەتەوایەتییەکانی کورد و دەستەبەرکردنی داهاتوویەکی بەدوور لە ترس و هەڕەشە بۆ کورد و پاراستنی بەرژەوەندییەکانیەتی، ڕوون نییە ئەگەر ئەمریکا و ئیسرائیل بە ئامانجەکانیان لە ئێراندا بگەن، ڕوون نییە کە داهاتووی کورد چۆن دەبێ و چ دۆخێک بەسەر کورددا زاڵ دەبێ. بۆیە ئامانجەکان لێڵ و ناڕوونن.
هۆیەکی دیکە ئەوەیە، کە هەر ئێستا توانا سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی ئەمنییەت و ئاسایشی لە نزیک بە ١٠ وڵاتی ناوچە شێواندووە و ئیسرائیل و وڵاتانی ناوچە لە ژێر هێرشی هاژەک و درۆنی ئێران دان. ئەمە لە کاتێکدایە کە هەتا ئێستا هیچ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی هێزی زەمینی و مەیدانی نەهاتووەتە پێش. لە ئەگەری کردنەوەی بەرەیەکی شەڕ لە کوردستان، کورد جگە لە بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ هێرشی هاژەک و درۆن دەبێ بە «کڵاشینکۆف» بەرەوڕووی هێزی زەمینیی تەیار بە تانک و تۆپ بێتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕوون نییە ئەمریکا و ئیسرائیل ئەم شەڕە هەتا کوێ دەبەن. ئەگەر توانا سەربازی و کەرەستەکانی شەڕیی کۆماری ئیسلامی ئەوەندە لاواز بن، کوردستان ئەو هێز و پۆتانسێل و ئەزموونەی هەیە لە مەیدانی شەڕدا شکست بە هێزی کۆماری ئیسلامی بێنێ، هەروەک لە بەهار و هاوینی ١٩٨٠دا بەدەستی هێنا، یان لە خەباتی پارتیزانیدا ساڵانێکی زۆر زەبری لە هێزەکانی ڕێژیم دا. بە تایبەتی ڕێبەران و بڕیاردەرانی هێزە کوردییەکان زۆر باش لەوە دەزانن کە ئەمریکا دوای شەڕی داعش لە سووریە کوردەکانی لەبەرامبەر هێرشەکانی تورکیە و پاشان ئەبوو محەمەد جەولانی لە سووریەدا تەنیا جێ هێشت، یان لە ئەفغانستان دەستیان لە دەوڵەتی ژێر سێبەری خۆیان هەڵگرت و بە تالیبانیان سپارد. بۆیە ئەگەر هێزە کوردییەکان بێمتمانەییەکیان لەبەرامبەر هەڵسوکەوت و پلان و ئامانجەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەم شەڕەدا هەبێ، نیگەرانییەکی بەجێ و لۆژیکییە، جگە لەوەی کە ئەمریکا و ئیسرائیل بە ڕەسمی هیچ دەستەبەرێکیان بۆ داهاتوو و چارەنووسی کورد نەهێناوەتە گۆڕ و ئەوەندەی نووسەری ئەم دێڕانە بزانێ هیچ بەرنامەیەکی تۆکمە و ڕوون کە هێزە کوردییەکان بە وردی لێی ئاگادار بن و لایەنێک بن لە پرس و ڕاوێژ، لە گۆڕێدا نییە. ئەوەی دیارە تەنیا هێندێک لێدوانی دژبەیەکە لەو پەیوەندییەدا. بۆیە ئەگەر هێزە کوردییەکان لە وردەکاری و داڕشتنی پلانێکی ئەوتۆدا بەشدار نەبن، داهاتووەکەشی دیار نییە و جێی پرسیارە.
سەربەخۆیی سیاسی
لە دنیای سیاسەتدا هێز و دەستڕۆیشتوویی ماڵی و ئابووری ڕۆڵی سەرەکی لە سەرکەوتنی قەوارەیەکی سیاسی دا دەگێڕن، بەڵام بۆ هێزێک لە ژێر تەوژم و ئابڵۆقە دایە ڕەنگە بەدەستهێنانی ئیعتیبار و مەنتیقی سیاسی گەورەترین سەرمایە بن. بۆ بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەمە ڕاست خاڵی بەهێزە؛ «سەربەخۆیی سیاسی»؛ پرەنسیپێک کە بزووتنەوەی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەوە دەناسرێتەوە. پرەنسیپێک کە ئەندازیارەکەی د. عەبدولڕەحمانی قاسملوو بوو کە گرنگییەکی لەڕادەبەدەری پێ دەدا. ئەو دەیگوت، هێزێکی بچووک بین یان گەورە، سەربەخۆیی خۆمان خۆش دەوێ. ئەو دەیگوت لەنێوان دۆستایەتی و سەربەخۆیی سیاسی دا سەربەخۆیی هەڵدەبژێرین. ئەم پرەنسیپە ئەگەرچی زۆر جار حیزبەکەی لە یارمەتیی ماڵی، سەربەزی و لۆژستیکی و میدیایی لایەنە نەیارەکانی دژ بە کۆماری ئیسلامییەوە بێبەش کردووە، بەڵام لە داهاتووی ژیانی سیاسیی ئەم حیزبەدا بوو بە سەرمایە و ئیعتیبار و دەرفەت بۆ درێژەی ڕێگای دوورودرێژی کاری سیاسیی لە داهاتووی بزووتنەوەی کورد دا. ئێران بەهۆی سیاسەتە شەڕخوازانەکەی گەلێک دوژمن و ڕەقیبی بۆ خۆی دروست کردوون و تووشی زۆر شەڕی ڕاستەخۆ و ناڕاستەخۆ هاتووە، گرنگترینیان لە ڕابردوودا شەڕ لەگەڵ عێراق بوو کە ٨ ساڵی خایاند، هێزە سیاسییەکانی کورد لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان ئێران و عێراق دامەزرابوون و ڕێگای هاتوچۆیان تەنیا بە عێراقدا ئیمکانی هەبوو. سەرەڕای پەیوەندییان بە دەوڵەتی عێراقەوە و سەرەڕای بەڕێوەبردنی خەباتی چەکداری لەدژی کۆماری ئیسلامی، هیچکات نەبوون بە بەشێک لە شەڕی ئێران- عێراق، چونکە سروشت و ئامانجی هەردوو لا لەو شەڕە زۆر لێک جیاواز بوو. جگە لەمەش دەبوو هەستیاریی پەیوەندی لەگەڵ ڕێژیمی عێراق کە لەگەڵ کوردی عێراق لە شەڕدابوو، بپارێزی. پەیوەندیی هێزە سیاسییەکانی کوردی ڕۆژهەڵات لەگەڵ کوردی باشوور زۆر گەرموگوڕتر و دۆستانەتر بوو لەچاو پەیوەندییەکانیان بە دەوڵەتی عێراقەوە، تەنانەت کار گەیشتە یارمەتی و هاوکاری سەربازییش لەنێوان هێزەکانی ئەم دوو بەشەی کوردستاندا.
ئاکام
کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەر دۆخێکدا ناسنامەی خۆی و تێڕوانینی تایبەت بە خۆی هەیە. هەر ئەمەشە کێشەی کورد و دەسەڵاتی ناوەندی لە ئێراندا لە هەموو ڕووداو و شەڕ و کێشەکانی دیکەی ئەم وڵاتە جیا دەکاتەوە. کوردستان لە هەر ڕووداوێکدا سروشتی خۆی و هەڵوێست و ڕوانینی خۆی هەیە و بەڕێوەبەرانی کورد لەم بەشەدا ڕێگەیان نەداوە ببن بە کۆپیی کێشەیەک و شەڕێک کە بەرژەوەندیی کورد و سەربەخۆیی سیاسییان دەستەبەر نەکا یان بخاتە ژێر مەترسییەوە، یان لە خزمەت ئامانجێکدا بن کە ئامانجی ئەوان نییە یان ئامانجەکان لێڵ و ناڕوون بن. سیاسەت و خەبات و بەربەرەکانیی کورد پاشکۆی هیچ شەڕ و کێشە دەرەکییەکانی دیکەی کۆماری ئیسلامی نییە. شەڕی کورد لەگەڵ کۆماری ئیسلامی پێش هەموو ئەو شەڕ و کێشانە کە ئەم ڕێژیمە لە ماوەی تەمەنی ٤٨ ساڵی خۆیدا لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و دنیای دەرەوە هەبووە، دەستی پێ کردووە، ڕەنگە دوایین شەڕیشی هەر لەگەڵ کورد بێ.
کەوابوو سروشتییە کە هێزە کوردییەکان کەڵک لە لاوازیی کۆماری ئیسلامی لە ئاکامی هێرشی دەرەکی یان ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران وەرگرن و شێوە و تاکتیکی خەباتیان لەدژی ئەم ڕێژیمە بەپێی دۆخ و هەلومەرجی خۆیان دیاری بکەن، بەڵام ڕەنگە هیچ کات خەبات و تاکتیکی سیاسی و سەربازییان نەبەستنەوە بە شەڕێک یان ڕووداوێکی دیکەوە. ئەگەر ئەم شەڕە کۆتایی بێ و کۆماری ئیسلامی نەڕوا، خەباتی کورد هەر درێژەی دەبێ و ئەگەر ئەو ڕێژیمە لە ئاکامی لاوازی و لەدەستدانی توانا سەربازییەکانی لە لایەک و ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران لە لایەکی دیکەوە بڕووخێ، لە خۆشبینانەترین حاڵەتدا هێزە کوردییەکان خەباتێکی سیاسی و مەدەنیی دوورودرێژیان لەگەڵ حکوومەتی داهاتوو لە پێشە بەو مەرجەی جارێکی دیکە شەڕێکی دیکە بەسەر کورددا نەسەپێ. تەنانەت ئەگەر حکوومەتی داهاتوو بیەوێ مافەکانی کورد پشتگوێ بخا، با لە ژێر پشتیوانی ئەمریکا و ئیسرائیلیشدا بێ، خەباتی کورد هەر بەردەوام دەبێ، هەروەک لەسەردەمی ڕێژیمی پاشایەتیدا دیمان.