کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەراوردکاریی ڕووخانی دیواری بەرلین و هەرەسهێنانی کۆماری ئیسلامی!

15:39 - 5 خاکەلێوه 2726

ناسر ساڵحی ئەسڵ

داڕمانی دیواری بەرلین لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەمی زایینیدا یەکێک لە مەزنترین ڕووداوەکانی سەدەی بیستەم بوو کە گەلێک گۆڕانکاریی سیاسی و جوگرافیایی لە سنوورەکانی ئورووپا و ئاسیا بەدوای خۆیدا هێنا و تا هەنووکەیش کاریگەری و لێکەوتەکانی لەسەر ئاڵوگۆڕەکانی جیهان بەردەوامە. ڕووخانی دیواری بەرلین و هەرەسهێنانی یەکێتیی سۆڤیەت، پاش شەڕی جیهانیی دووەم و پاش حەفتا و چوار ساڵ و بەلاڕێداچوونی بزووتنەوەی سۆسیالیستی، ڕێبەرانی دیکتاتۆریی جەمسەری کۆمۆنیستی نەیانتوانی لەوە زیاتر درێژە بە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ جەمسەری جیهانیی ڕۆژئاوا بدەن و ئەو بەهەشتەی کە بەڵێنیان دابوو، دیوارەکانی داڕما و گەلانی ئەو وڵات و شوێنانەی کە یەکێتیی سۆڤیەت بەسەریدا زاڵ بوو، وەک ڕزگاری لە جەهەنەم ناویان بردووە.

پاش بەتاڵانبردنی دەستکەوتەکانی شۆڕشی گەلانی ئێران لەلایەن دارودەستەی خومەینییەوە لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاویدا، یەکێک لەو دەستەواژانەی کە خومەینی و پەیڕەوانی خومەینی وەک دیاردەیەکی پیرۆز باسیان لێ دەکرد، شۆڕشی هەژاران بەدژی ئیمپریالیزم و جەمسەری سەرمایەداری بوو. بۆیە لە سەردەمی جەمسەربەندیی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتدا، شانازیی پەیڕەوانی خومەینی فریودەرانە بانگەشەی ئیسلامی "نابی محەممەدی" و شۆڕشی کەپرنشین بەدژی کۆشکنیشینەکانیان دەکرد. بەڵام پاش بەدەستەوەگرتنی جومگەکانی دەسەڵات و سەروەت و سامان، ئەو تاقمە لە ئێراندا دەستەواژەی "شۆڕشی هەژاران" بایەخی خۆی لەدەست دا و وای لێهات کە شۆڕشی هەژاران و دەروەستبوون بە بنەماکانی ئیسلامی نابی محەممەدی لە ئەندێشە و هزریاندا کاڵ دەبووەوە.

لێرەدا خاڵێکی گرنگی ئەو بەراوردکارییە ئەوەیە پاش هەڵبژاردنی ٢ی جۆزەردانی ١٣٧٦ی هەتاوی لە ئێراندا، هەندێک لایەن لەژێر ناوی ڕێفۆرمخوازیی حکوومەتی وەک سوپاپ بۆ مانەوەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، تیۆریی ڕێفۆرمخوازیی پاش ڕووخانی دیواری بەرلینیان کردە بنێشتەخۆشکەی زاریان. چونکە ئەو تاقمە لەو کاتەوە تا ئێستا دەستەواژەی ڕێفۆرم و ڕێفۆرمخوازی و نوسخەی ڕێفۆرمخوازی لە شۆڕشی مەخمەڵی و پەرلەمانییەکان لە ئورووپا و بەشێک لە وڵاتانی ئاسیا بۆ دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەکان، بۆ سیستەم و پێکهاتەی دەسەڵاتداری لە ئێران دەپێچنەوە. ئەو تاقمە ڕێفۆرمخوازە و بەتایبەت ئەو لایەن و کەسانەی لە بازنەی داخراوی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەرکرابوون، بێ ئەوەی بیریان لەوە کردبێتەوە کە ئاخۆ دەسەڵاتێکی تۆتالیتار و دیکتاتۆریی مەزهەبیی ویلایەتی فەقیه وەک ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەتوانێت ڕێفۆرم لە پێکهاتەی دەسەڵات و سەروەت قبووڵ بکات، نەخێر بیریان نەکردبووەوە یان خۆیان لە گێلی دابوو.

هەروەها ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتیی ڕێژیمی ئێرانی وایان بانگەشە دەکرد کە پاش ڕووخانی دیواری بەرلین بیرۆکەی ڕێفۆرم و ڕێفۆرمخوازی بەخێرایی کاریگەریی لەسەر شێوە و بارودۆخی خەباتی گەلان و نەتەوە بندەستەکانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین داناوە. هەروەها بیرۆکەی دروستبوونی گوندی جیهانی و شۆڕشە مەخمەڵی و ڕەنگییەکان، نەهێشتنی خەباتی چەکداری، کاریگەری وەرگرتوو لە بیرۆکەی کۆتایی مێژووی فۆکۆیاما کە دەتوانین بڵێین نزیک بە تەواوی ڕاگەیەنەکانی دنیاش بانگەشەی بۆ دەکەن، وا دەکەن کە ئیتر نەتەوە ژێردەستەکان و تەواوی هێزەکانی دیکەی بەرهەڵەستکاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەست بە پێویستیی خەباتی چەکداری نەکەن لە شێوازێکی شۆڕشگێڕانەدا. دەبێ گەلانی ئێران لەو چاوەڕوانییەدا بن تا ڕێفۆرم لە پێکهاتەی دەسەڵاتداریی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا دەکرێت.

ئەمە لەکاتێکدا بوو کە نەتەوە ژێردەستەکانی ئێران و بەتایبەت نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە شێوەکانی خەباتی شار و چەکداریی خۆی بەرانبەر بە دەسەڵاتداریی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ڕانەگرتووە و بەردەوام لە خەبات و بەربەرکانێدا بووە. چونکە ئازادیخوازانی گەلانی ئێران و خەباتگێڕانی نەتەوەی کورد لەسەر ئەو باوەڕە بوون کە دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، هیچ باوەڕێکیان بە ڕێفۆرم لە پێکهاتەی دەسەڵات و سەروەت و بە دیالۆگ و وتووێژ نییە؛ بەڵگەش بۆ ئەم ڕاستییە تیرۆری دوکتور قاسملوو لەسەر مێزی وتووێژ و دیالۆگ و هەزاران بەڵگەی ئاشکرا و حاشاهەڵنەگری دیکەیە. بۆیە ناکرێ دروشمە خەڵک هەڵخەڵەتێنەرەکانی ڕێفۆرمخوازانی حکوومەتی بۆ گەڕانەوە بۆ سەردەمی خۆیان گوتەنی زێڕینی خومەینی، تەنیا وەک باسی ئایدیۆلۆژیای چەقبەستوو لێک بدرێتەوە کە لەنێو لاپەڕەی کتێبەکاندا قەتیس ماوەتەوە، بەپێچەوانەوە ئەم باسانە کاریگەریی قووڵیان لەسەر شێوەی خەباتی نەتەوەیی کورد و گەلانی ئێران و ئازادیخوازانی ئێرانی داناوە و ئەو تیۆرییە هیچ جێگە و پێگەیەکی لە شێوەی خەباتی گەلانی ئێراندا نەبووە و نییە و تیۆریی ڕێفۆرم و ڕێفۆرمخوازییان لە پێکهاتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە بێ بایەخ و ناڕاست و ناواقیعی زانیوە.

چونکە ڕووخانی دیواری بەرلین کۆتایی سیستەمە دیکتاتۆرەکان و چۆکدادانی دیکتاتۆرەکان بوو لە ئورووپا، و ئەو تیۆرییانەی کە پاش ڕووداوی ڕووخانی دیواری بەرلین هاتنەئاراوە، لەسەر خەباتی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین کاریگەریی ئەرێنییان داناوە. لەکاتی ڕووخانی دیواری بەرلیندا، گەلی کورد بەگشتی و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین سەرقاڵی شۆڕش و خەباتێکی قارەمانانە و دژوار بوون و ڕۆژانە لەلایەن دەسەڵاتدارە دیکتاتۆرەکان و یەک لەوان ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی سەرکوت دەکران. سەرنجڕاکێش ئەوەیە هەر لەو دۆخ و سەردەمە دژوارەدا نەک دێموکراسی لە وڵاتانی داگیرکەری کوردستان بوونی نەبوو، بەڵکوو لە خۆرهەڵاتی ناڤین "جگە لە وڵاتی ئیسرائیل" هەڵبژاردن و ئازادیی حیزب و ڕێکخراوەکانی گەلانیش بوونی نەبووە. بەڵام لە سەردەمی ئێستادا گۆڕانکاریی بنەڕەتی و پێکهاتەیی لە شێوەکانی دەسەڵاتداری لە بەشێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین لە بەرژەوەندیی گەلان و دێموکراسی و ئازادی پێکهاتووە. هەروەها خەباتی ڕزگاریخوازیی نەتەوەی کورد بەگشتی تێپەڕینی ئەرێنی لە شێوەکانی خەباتی بڕیوە و بەشێک لە نەتەوەی کورد بە مافە سیاسی و نەتەوەییەکانی گەیشتووە.

لەم ماوەیەدا دەکرێ باس لە چەند مانگرتنی سەرانسەری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە حیزبی دێموکرات و لایەنە سیاسییەکانی دیکە ڕێکیان خستووە، و هەندێک چالاکیی مەدەنی و کولتووری و ئەدەبی و ژینگەپارێزی بکەین کە کاریگەریی ئەرێنیشیان لەسەر هزر و ئەندێشەی خەڵک و بەرەوپێشچوونی خەبات بووە، بەڵام حاشا لەو ڕاستییەش ناکرێ کە ئەم هەنگاوانە بەتەنیا خۆیان ناتوانن دنیایەکی باشتر بۆ گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بخولقێنن و توانای ڕووخانی کۆماری ئیسلامیشیان نییە و چاوەڕوانی بۆ ئەوەش کە خۆی بڕووخێت یەکجار درێژ بووەتەوە.

بۆیە لێکگرێدانی خەباتی شاخ و شاری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دەلاقەیەکە بۆ ئەوەی کە نەتەوەی کورد باوەڕی بە دۆخی هەنووکەیی و کۆتایی مێژوو و ڕێفۆرم و ڕێفۆرمخوازی لە پێکهاتەی دەسەڵاتداریی ڕێژیمی ئێراندا نییە. کاتێک باس لە پشتیوانیی خەباتی شاخ بۆ شار دەکەین و باس لە گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکرێ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە ڕوونی دەردەکەوێ کە حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، شۆڕش و خەبات لەپێناو ئامانجە پیرۆزەکانی خەڵکدا وەک دیاردەیەکی پیرۆز چاو لێ دەکەن. بۆیە هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، باوەڕی بە کردەوە بە خەبات و شۆڕش لەپێناوی دنیایەکی باشتردا بۆ خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وێنا دەکات و ئەو پێشوازییە بەرینەی کە خەڵکی کوردستان لە هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی دەکەن، ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت کە حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان پێشەنگی خەباتن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و تەنیا حیزب و ڕێکخراوەکانن کە دەتوانن بەگژ ئەو بارودۆخەدا بچنەوە. دەبێ ئەو ڕاستییە قبووڵ بکەین و باوەڕمان بەوە هێنابێت کە توانای گۆڕینی بارودۆخەکەمان هەیە، چونکە:

یەکەم: لە سەردەمی ئێستادا زۆربەی گەلانی ئێران لە بنەڕەتدا باوەڕیان بە خەباتی شار و چەکداریی چڕتر بووەتەوە و پێیان وایە، خەباتی شۆڕشگێڕانە دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی پێویستییەکی زەروورییە و ڕێفۆرم لە پێکهاتە و سیاسەتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا پێنایەت، چونکە یاسای بنەڕەتی و مێژووی دەسەڵاتداری و ئیدارەی وڵاتداریی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، ڕێفۆرم هەڵگر یان قابیلی ڕێفۆرم نییە!

دووەم: گەلانی ئێران لەو باوەڕەدان کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی پاش شەڕی ١٢ ڕۆژە و شەڕی ئەمجارەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، خاوەن هێزێکی گەورەی سەربازی و ئابوورییەکی بەهێز نییە و ناتوانێت بەربەرەکانێی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران بکات.

سێیەم: لێکگرێدانی خەباتی شاخ و شار لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێتە هۆی ئەوەی کە ناوچەی ڕزگاربوو لە ڕۆژئاوای ئێران دروست بکرێت.

لە کۆتاییدا دەبێ بڵێین کە لەو سەردەمەدا ئەگەر داڕمانی دیواری بەرلین و لێکەوتەکانی لە جیهاندا ئەرێنی بوو، لە سەردەمی گەشەی دێموکراسی و تەکنۆلۆژیا و سیستەمی نوێی نێونەتەوەییدا، داڕمان و ڕووخانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک سیستەمێکی نەگونجاو لەگەڵ سیستەمی نێونەتەوەیی و ماکەی تیرۆریزمێکی دەوڵەتی بۆ دابینکردنی سەرچاوەی ئیمکاناتی دارایی، مووشەک و دڕۆن و چەک بۆ گرووپە تیرۆریستەکان لە وڵاتانی لوبنان، عێراق، یەمەن، فەلەستین و گرووپە تیرۆریستەکانی شاخی ئەفریقا، لە سەدەی بیست و یەکی زایینیدا یەکێک لە مەزنترین ڕووداوەکانی سەدە دەبێت کە گەلێک گۆڕانکاری سیاسی، جوگرافیایی، ئەمنییەتی، ئابووری و فەرهەنگی لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین بەدوای خۆیدا دەهێنێت و کاریگەری و لێکەوتەکانی لەسەر ئاڵوگۆڕەکان و پێوەندییە نێونەتەوەییەکان و سیستەمی نێونەتەوەیی جیهانیش دەبێت. هەروەها لە لایەک ئاسایش و ئەمنییەت بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین و جیهان دەگەڕێتەوە و لە لایەکی دیکەوە نەتەوەکان و ئایینزاکانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین بە مافە سیاسی و نەتەوەییەکانیان دەگەڕێن.

کەوابوو بە ڕووخانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، پاش ٤٧ ساڵ جەنایەت و کوشتاری ئازادیخوازانی گەلانی ئێران و بەبارمتەگرتنی خەڵکی ئێران و بەلاڕێدا بردن و تەریکخستنەوەی وڵاتی فرەنەتەوە و ئیتنیک و ئایینزای ئێران لە سیستەمی نێونەتەوەیی و وێرانکردنی ئابووری و پەرەپێدان بە دیاردە دزێوە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکان و نکۆڵیکردن لە فەرهەنگی نەتەوەکانی ئێران و بێبەشکردنی نەتەوەکانی ئێران لە مافە سیاسی و نەتەوەییەکان، گەلانی ئێران لەو جەهەنەمەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ڕزگاریان دەبێت.