
شاڕوخ حەسەنزادە
لە چوارچێوەی ئاڵۆزییە ژێئۆپۆلیتیکییەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و پەرەسەندنی ململانێ و شەڕی نێوان ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و نەیارە نێودەوڵەتییەکانی وەک ئەمریکا و ئیسرائیل، پاراستنی هاووڵاتیانی سڤیل و پەنابەران وەک یەکێک لە گەورەترین ئالەنگارییەکانی بەردەم یاسای نێودەوڵەتی دەردەکەوێت. هەرێمی کوردستان بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافی و میوانداریکردنی پەنابەرانی سیاسی کوردستانی ڕۆژهەڵات بووەتە گۆڕەپانی هێرشە بەردەوامە مووشەکی و درۆنییەکانی سپای پاسداران، کە ئەمەش نەک تەنیا ئەمنییەتی هەرێمی کوردستانی خستووەتە مەترسییەوە، بەڵکوو بە کردەوە بنەما بنەڕەتییەکانی یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی (IHL) و ڕێککەوتننامە جیهانییەکان پێشێل دەکات. بەپێی ماددەکانی کۆنڤانسیۆنی چوارەمی ژنێڤ (١٩٤٩)، پاراستنی کەسانی مەدەنی لە کاتی ململانێ چەکدارییەکاندا ئەرکێکی حەتمی و پاساوهەڵنەگرە و هەر جۆرە بەئامانجگرتنێکی کەمپی پەنابەران کە ژن و منداڵ و کەسانی مەدەنیی تێدا نیشتەجێن، لە چوارچێوەی تاوانەکانی شەڕدا پۆلێن دەکرێت، چوونکە ئەم ناوەندانە بەپێی یاسا پارێزبەندییان هەیە و نابێت بکرێنە ئامانجی هیچ جۆرە کردەوەیەکی نیزامی.
لە ڕوانگەی یاساییەوە، یەکێک لە بنەما هەرە گرنگەکان پرەنسیپی "جیاکاری"یە کە جەخت لەسەر جیاکردنەوەی ڕەهای نێوان ئامانجە نیزامییەکان و شوێنە مەدەنییەکان دەکاتەوە. بەڵام بەکارهێنانی مووشەکی بالیستیک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دژی کەمپەکان و ناوەندە مەدەنییەکان، نیشانەی پشتگوێخستنی بەئەنقەستی ئەم پرەنسیپەیە. ئەم جۆرە کردەوانە کە بە هێرشی کوێر و بێسەروبەر دەناسرێن، بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرن لەسەر پێشێلکردنی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان، چوونکە لەم جۆرە هێرشانەدا هیچ پارێزگارییەک لە ژیانی مرۆڤە بێتاوانەکان ناکرێت. هاوکات، نیشتەجێبووانی ئەم کەمپانە بەپێی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان وەک کەسی پارێزراو دەناسرێن و هەر هێرشێک بۆ سەریان لەنێو خاکی وڵاتێکی تردا، هاوکات پێشێلکردنی سەروەریی خاکی عێراق و بەزاندنی مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤە کە لە جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤدا چەسپێنراون. تایبەتمەندیی تاوانکاریی ئەم هێرشانە کاتێک قووڵتر دەبێتەوە کە ژێرخانە تەندروستی و پەروەردەییەکان دەکرێنە ئامانج. بەپێی ماددەی ١٨ لە کۆنڤانسیۆنی چوارەمی ژنێڤ، نەخۆشخانە مەدەنییەکان کە بۆ چارەسەری بریندار و نەخۆشەکان تەرخان کراون، لەژێر هیچ بارودۆخێکدا نابێت ببنە ئامانجی هێرش. خاپوورکردنی ناوەندە تەندروستییەکان لە کەمپەکانی کۆیە، هەولێر و ناوچەکانی تری هەرێمی کوردستان، نەک هەر پێشێلکارییەکی زەق و گەورەیە، بەڵکوو هەوڵێکی مەبەستدارە بۆ لەنێوبردنی هۆکارەکانی مانەوەی ژیان لەو ناوچانەدا. کاتێک نەخۆشخانەیەک دەکرێتە ئامانج، مافی دەستڕاگەیشتن بە چارەسەری پزیشکی کە مافێکی سروشتییە، لە سەدان ژن و منداڵ زەوت دەکرێت، ئەمەش دەچێتە خانەی "سزای بەکۆمەڵ" کە لە یاسای نێودەوڵەتیدا قەدەغە کراوە. ئەم جۆرە هێرشانە نیشان دەدەن کە هێزە هێرشبەرەکان (لێرەدا مەبەست ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە) هیچ ڕێز و ئێعتیبارێکی ئەخلاقی و یاسایی بۆ ناوەندە مرۆییەکان دانانێن و بە مەبەستی دروستکردنی شکستی دەروونی و مرۆیی، گرنگترین جومگەکانی ژیانی مەدەنی دەپێکێنن.
لە لایەکی ترەوە، بەئامانجگرتنی قوتابخانە و کتێبخانەکان لەنێو کەمپەکاندا ڕەهەندێکی مەترسیدارتری تاوانەکان دەردەخات کە ئەویش کوشتنی داهاتوو و تێکشکاندنی ناسنامەی ڕۆشنبیریی پەنابەرانە. قوتابخانەکان بەپێی "پڕۆتۆکۆڵی یەکەمی زیادکراو بۆ کۆنڤانسیۆنەکانی ژنێڤ"، وەک شوێنی مەدەنی خاوەن پارێزبەندیی توند دەناسرێن. کاتێک مووشەکێک ناوەندێکی پەروەردەیی یان کتێبخانەیەک لە کەمپێکی پەنابەراندا دەپێکێت، ئەوە هەر بە تەنیا وێرانکردنی بینایەک نییە، بەڵکوو مافی خوێندن لە منداڵەکان دەستێنیت و ژینگەیەکی پڕ لە توندوتیژی و ترس و تۆقاندن جێگەی پەروەردە دەگرێتەوە. کتێبخانەکان وەک هێمایەکی مەعریفی و کولتووری، لە ژێربنەماکانی "ڕێککەوتننامەی لاهه بۆ پاراستنی مڵکی کولتووری (١٩٥٤)" پارێزراوە. بۆیە وێرانکردنیان ئەویش بەمەبەست، هەوڵێکە بۆ سڕینەوەی مێژوو و کەلەپووری ئەو خەڵکەی کە لە غەریبیدا پەنایان بۆ کتێب و زانست بردووە.ئەم دەستدرێژییانەی کۆماری ئیسلامی دەریدەخات کە ستراتیژیی هێرشەکان تەنیا بۆ مەبەستی نیزامی نییە، بەڵکوو بۆ تێکشکاندنی هەموو جومگەکانی ژیانی مەدەنی و کۆمەڵایەتیی نەتەوەیەکە.
ئاسەوارە مرۆییەکانی ئەم کردەوە نیزامی و هێرشانەش تەنیا لە زیانە گیانی و ماددییەکاندا کورت نابنەوە، بەڵکوو دروستکردنی تەمێکی پڕ لە ترس و دڵەڕاوکێ و ناچارکردنی پەنابەران بە کۆچی دووبارە و زۆرەملێ، ڕەهەندێکی تری تاوانکاریی ئەم هێرشانە دەردەخات. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بەرپرسیارێتییەکی مێژووییان لەسەرشانە بۆ بەدێکیۆمێنتکردنی ئەم پێشێلکارییانە و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی لە دادگا نێودەوڵەتییەکاندا. بێدەنگی یان کاردانەوەی لاواز بەرامبەر خاپوورکردنی ژێرخانە مەدەنییەکان، نەک تەنیا دەبێتە هۆی بەردەوامیی ئەم غەدرە، بەڵکوو سیستەمی یاسایی جیهانی بەرەو سستبوون دەبات. لەبەر ئەوە، پێویستە پرسی پاراستنی پەنابەرانی کورد لە هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتی نێودەوڵەتیدا چاو لێ بکرێت و هەوڵەکان بۆ لێپرسینەوە لە بکەرانی ئەم هێرشانە و قەرەبووکردنەوەی قوربانیان چڕتر بکرێنەوە تا ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەم کارەساتە مرۆییانە بگیرێت.