ئورووپا و فه‌ڕانسه که له‌مێژه له ئیداره‌ی دۆسیه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستدا غایبن، له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئێران‌دا دەبێ چالاک ببنه‌وه
(ده‌قی قسه‌کانی د. ئاسۆ حه‌سه‌ن‌زاده له کۆنفڕانسی سه‌نای فه‌ڕانسه له‌باره‌ی ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوای کوردستان)
سوپاس بۆ سه‌نای فه‌ڕانسه و ئه‌نستیتۆی کورد له پاریس بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌و کۆنفڕانسه که له کاتێكی چاره‌نووسساز بۆ ئێران‌دا به‌ڕێوه ده‌چێ. ئه‌گه‌رچی ئه‌مڕۆ هه‌موو چاو و زێهنه‌کان له‌سه‌ر ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی سه‌ربازیی نێوان ئه‌مریکا و ئیسرائیل له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامیین، پێویسته به جیددی بیر له دووره‌دیمه‌نی سیاسیی پاش شه‌ڕ بکه‌ینه‌وه. سه‌ره‌تا ده‌مه‌وێ به هۆشدارییه‌ک ده‌ست پێ بکه‌م. له شۆڕشی ژیناوه گه‌لانی ئێران خۆیان له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی یه‌کلا کردۆته‌وه و داوای گۆڕانی سیاسیی بنه‌ڕه‌تی له ئێران ده‌كه‌ن. له‌لایه‌کی دیکه‌وه هه‌موو لایه‌ک ده‌زانن که درێژه‌دانی دۆخی مه‌وجوود چیدیکه نه له‌ڕووی ئه‌خلاقییه‌وه مومکینه (چونکه ڕێژیمی ئێران له‌پێناو مانه‌وه‌ی خۆیدا به کوشتاری بێوێنه‌ی خه‌ڵک ده‌ستی بۆ گه‌وره‌ترین جینایه‌تی مێژووی نوێ برد و کۆمه‌ڵگەی نێوده‌ڵه‌وتی ناتوانێ چیدیکه چاوپۆشیی لێ بکا)، نه له‌ڕووی سیاسییشه‌وه مومکینه (چونکه له‌مێژه ده‌رکه‌وتووه که ده‌یان ساڵ سیاسه‌تی تێکه‌ڵاو و نایه‌كگرتوویی ستراتژیکی ڕۆژئاوا له مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی‌دا نه کرانه‌وه‌ی نێوخۆیی لێ که‌وته‌وه، نه ده‌ستهه‌ڵگرتنی ڕێژیم له کرده‌وه‌ی تێکده‌رانه و تێرۆریستی له ناوچه‌دا). سه‌ره‌ڕای خه‌ستی و کاریگه‌ریی گورزی سه‌ربازی له کۆماری ئیسلامی، هێشتا دوور نییه که ڕێککه‌وتنێکی سنووردار به دۆسیه ئه‌منییه‌کان له‌نیوان ئه‌مریکا و ئه‌و به‌شه له سه‌رکرده‌کانی هێشتا زیندووی کۆماری ئیسلامی که ڕه‌نگه حازر بن کاپیتولاسیۆنی ئێران ئیمزا بکه‌ن، له‌سه‌ر حیسابی دێموکراسی و مافی گه‌لانی ئێران بکرێ. پێویسته هه‌موو لایه‌ک له‌وه دڵنیا بن کۆماری ئیسلامی له هه‌ر سیغه‌یه‌کدا بمێنێته‌وه، ئه‌و ڕێژیمه هه‌ر ئه‌وه ده‌بێ که تا ئێستا بووه، واته سه‌رکوتکاری خه‌ڵك له نێوخۆ و مه‌ترسیدار بۆ دنیای ده‌ره‌وه. کێشه‌كه ته‌نیا کۆماری ئیسلامییه‌كی خاوه‌ن چه‌کی ناو‌کی یان بالیستیک نیه به‌ڵکوو کۆماری ئیسلامی به گشتییه.
سه‌ره‌ڕای شێلگیریی ئه‌مریکا له هه‌ڵگرتنی هه‌نگاوی یه‌کلاکه‌ره‌وه به‌دژی مانه‌وه‌ی کۆماری ئیسلامی، بۆ پێشگیری له وه‌ها مانه‌وه‌یه‌ک، سه‌نای فه‌ڕانسه شوێنێکی باشه بۆ ئه‌وه‌ی بڵێم مه‌سه‌له‌ی ئێران نابێ چیدیکه ته‌نیا کێشه‌ی ئه‌مریکا و ئیسرائیل بێ، به‌ڵكوو ئورووپا و فه‌ڕانسه که له‌مێژه له ئیداره‌ی دۆسیه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستدا غایبن، دەبێ له‌پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئێران‌دا چالاک ببنه‌وه و بۆ ئه‌وه‌ش پێویسته دژایه‌تیی سیستماتیک و به هه‌موو نرخێك له‌گه‌ڵ ستراتژیی ئه‌مریکا وه‌لا بنێن. ده‌زانین که له‌و یه‌ك دوو ڕۆژه‌دا بریتانیا و فه‌ڕانسه و ئاڵمان بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی مه‌ترسیی ئێران له‌ڕووی سیاسی و سه‌ربازییه‌وه هه‌نگاویان ناوه، به‌ڵام ئه‌مه ته‌نیا له گۆشه‌نیگای ئه‌منییه‌تی هاوپه‌یمانه‌کانیان له ناوچه‌دا و دڵنیایی گواستنه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌کانی وزه‌یه. له‌حاڵێکدا که پێویسته بۆ مه‌به‌ستێكی دیکه‌ش بێ که بریتییه له ئازادیی گه‌لان و دێموکڕاسی له ئێران. چونکه هه‌تا کاتێك له ئێران حکومه‌تێک له‌سه‌ر کار نه‌بێ که له به‌رامبه‌ر خه‌ڵکی خۆیدا به‌رپرسیار بێ، ئه‌و حکومه‌ته له به‌رامبه‌ر کۆمه‌ڵگەی نێونه‌ته‌وه‌ییشدا به‌رپرسیارانه ناجوڵێته‌وه و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ڕۆژئاوا به گشتی و ئورووپا و فه‌ڕانسه به‌تایبه‌تی له ناوچه‌دا هه‌روا له مه‌ترسیدا ده‌بن. بۆ ئه‌وه‌ش پێویسته خه‌ڵك و گه‌لانی ئێران بخرێنه ناوه‌ندی بیرکردنه‌وه له باره‌ی پرسی ئاینده‌ی ئێران.
له حاڵه‌تی دڵخوازی ئێمه که گۆڕانی ڕێژیمه، نابێ به‌وه‌نده قه‌ناعه‌ت بکرێ که له تاران ده‌سه‌ڵات له گرووپێکه‌وه بدرێته ده‌ست گرووپێکی دیکه، به‌ڵکوو پێویسته بیر له نێوه‌رۆک و که‌یفیه‌تی ئه‌و ئاڵوگۆڕه بکرێته‌وه. ئێمه وه‌ک کورد له ئێران ئه‌و ڕۆژانه هیوایه‌کی یه‌کجار گه‌وره‌مان به گۆڕانێک هه‌یه که بۆ ئێمه ئازادی و په‌یمانێكی نوێی سیاسی له‌سه‌ر بنه‌مای دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵاتی لێ بکه‌وێته‌وه، هاوکات له‌و نیگه‌رانییه‌ش غافڵ نین که مێژوو له ئێران دووپات بێته‌وه و دیکتاتۆرێک جێگای دیکتاتۆرێكی دیکه بگرێته‌وه. جه‌نابی سه‌ناتۆر باسی ڕۆڵی مێژوویی کورده‌كان و به‌ها هاوبه‌شه‌کانیان له‌گه‌ڵ فه‌ڕانسه‌ی کرد. به‌ڵێ کورده‌كان هاوپه‌یمانی سروشتیی فه‌ڕانسه‌ن و بنه‌مای ئه‌و هاوپه‌یمانییه کاتی خۆی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران و دوکتور قاسملوو دایانناوه. کورده‌کان جیا له‌وه که له ڕۆژی یه‌که‌مه‌وه مه‌یدانداری خه‌باتی به‌کرده‌وه به‌دژی کۆماری ئیسلامی بوون، گه‌لێكی دێموکرات، لێبورده، لایه‌نگری لائیسیته و یه‌کسانیی ژن و پیاو و زۆر به‌های پێشکه‌وتنخوازی دیکه‌شن. ئه‌وان ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌نده به‌رپرسیارن که سه‌ره‌ڕای خواستی به‌هێزی نه‌ته‌وایه‌تی و داوای دامه‌زراندنی قه‌واره‌ی سه‌ربه‌ستی خۆیان، له ڕۆژانی ڕابردوودا هاوپه‌یمانیی هێزه سیاسییه‌کانی کوردستانی ئێران چه‌ند جار به ڕوونی ڕایگه‌یاندووه که به‌دوای له‌به‌ریه‌کهه‌ڵوه‌شانی ئێرانه‌وه نین.
که‌چی له‌ولاوه ده‌بینین که هێشتا له ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی‌دا ئه‌لتێرناتیڤێکی هه‌مه‌لاگیر که دان به مافه پێکهاته نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی ئێران‌دا بنێ پێک نه‌هاتووه. له‌وه‌ش خراپتر هێندێک به‌شی ئه‌و ئۆپۆزیسیۆنه به ئاشکرا دژایه‌تیی خواسته ڕه‌واکانی کورد ده‌که‌ن و ته‌نانه‌ت ڕه‌زا په‌هله‌وی هه‌ر له ئێستاوه حوکمی داوه که یه‌کسه‌ر پاش ڕووخانی کۆماری ئیسلامی پێویسته ئه‌رته‌شی ئێران خه‌ڵکی کوردستان سه‌رکوت بکا. با ئه‌وه‌ش بڵێم که سه‌ره‌ڕای ماهییه‌تی نادێموکراتیکی ئه‌و ته‌یفه‌ی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و سه‌ره‌ڕای نزیکایه‌تیی کورد و فه‌ڕانسه، له ماوه‌ی ڕابردوودا زۆر له مێدیاکانی فه‌ڕانسه هه‌ڵمه‌تێكی پرۆپاگه‌ندایان به قازانجی ڕه‌زا په‌هله‌وی وه‌ڕێ خستووه. بۆ وڵاتێك واته فه‌ڕانسه که یاسا بنه‌ڕه‌تییه‌که‌ی گه‌ڕانه‌وه بۆ سیستمی پاشایه‌تی به فه‌رمی قه‌ده‌غه کردووه، ئه‌مه به‌ڕاستی جێگای داخه.
هه‌ر لێره‌دا ده‌مه‌وێ باسی مه‌ترسییه‌کی دیکه‌ش بکه‌م که له تێگه‌یشتنێکی هه‌ڵه‌ی کۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تی له به‌رژه‌وه‌ندیی سه‌قامگیری له ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستدا سه‌رچاوه ده‌گرێ. ئه‌و تێگه‌یشتنه هه‌ڵه‌یه که دوایین جار له‌لایه‌ن تۆم باراکه‌وه باس کرا و ئاکامه‌که‌یمان له ڕۆژئاوای کوردستان به‌دی کرد، بریتییه له‌وه که لامه‌رکه‌زی و به‌ڕه‌سمی ناسینی قه‌واره نه‌ته‌وه‌ییه‌کان ته‌نانه‌ت له چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تانی مه‌وجووددا سه‌قامگیری له ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه. با پێتان بڵێم: به‌دیلی لامه‌رکه‌زیی ڕاسته‌قینه و به‌ڕه‌سمی ناسینی خواستی نه‌ته‌وه‌کان سه‌قامگیری نییه به‌ڵکوو دیکتاتۆری و بگره فاشیزمه. ئه‌زموونی مۆدێرن نیشانی داوه که هه‌ر جارێک که کۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تی پشتیوانیی له ڕێگاچاره ناوه‌ندگه‌راکان کردووه، به‌و کاره‌ی ته‌نیا ڕێگای بۆ ته‌قینه‌وه‌ی خراپتری کێشه‌کان له دواڕۆژدا خۆش کردووه.
داوای من ئه‌وه‌یه که فه‌ڕانسه پێش هه‌موو شتێک له گۆشه‌نیگای سیاسی و یارمه‌تیدانی بنیاتنانه‌وه‌ی ده‌ستووری یارمه‌تی به پرۆسه‌ی گواستنه‌وه‌ی دروستی سیاسی له ئێران به‌تایبه‌تی له‌پێناو جێگیرکردنی ماف و ده‌سه‌ڵاتی پێکهاته نه‌ته‌وه‌ییه‌کان بکا. من نازانم بۆچی فه‌ڕانسه حازر بوو بۆ بۆسنی هێرزه‌گۆڤین و لوبنان و تونس ئه‌م کاره بکا، به‌ڵام بۆ ئێران هه‌ر بیریشی لێ ناکاته‌وه.
ئه‌مڕۆ ئێمه له خاڵی وه‌رچه‌رخانێکی مێژوویی بۆ ئێرانداین. ئێرانی پاش شه‌ڕ له‌سه‌ر دوو ڕێیانێک ڕاده‌وه‌ستێ، یان دێموکراسییه‌کی وه‌خۆگیر له‌سه‌ر بنه‌مای مافی پێکهاته نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی ئه‌و وڵاته، یان سه‌رله‌نوێ داڕشتنه‌وه‌ی بنیاتی سه‌ره‌ڕۆیی به ڕه‌نگ و ڕوویه‌کی دیکه‌وه. کورد نابێ له بیر و ستراتژیی فه‌ڕانسه له‌پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ ئێران و ناوچه‌دا فاکته‌رێکی دووه‌می و بگۆڕ بێ، به‌ڵکوو ده‌بێ کۆڵه‌که‌یه‌کی بیرکردنه‌وه و کارکردن له‌سه‌ر ستراتژییه‌کی درێژخایه‌ن بێ. به‌بێ کورد له ئێران دێموکڕاسی وه‌دی نایه، به‌بێ دێموکڕاسییش له ئێران سه‌قامگیری له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و له‌گه‌ڵ ویش به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ئێوه ده‌سته‌به‌ر نابن.
سوپاستان ده‌که‌م.