کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ساڵڕۆژی ڕێفراندۆمی «کۆماری ئیسلامی» لە دەروازەی گۆڕانە چاوەڕوانکراوەکاندا

20:38 - 11 خاکەلێوه 2726

مستەفا مەعرووفی

نزیک بە دوو مانگ دوای شۆڕشی گەلانی ئێران خومەینی «گۆڕینی ڕێژیمی شا بۆ کۆماری ئیسلامی، بەڵێ یان نەخێر»ی کردە بابەتی ڕێفراندۆمی گشتی لە ئێراندا، وەک بۆ خۆی لە وەڵامی ڕەخنە و پرسیاردا کە «کۆماری ئیسلامی» چییە؟ گوتی: «یەک وشە نە کەم نە زیاد». خومەینی دوای ڕووخانی ڕێژیمی شا نەک هەر تاقە کەسی بەدەسەڵات و بڕیاردەر، بەڵکوو تاکە سەرچاوەی یاساش بوو؛ دوای شۆڕش تەواوی دامودەزگا حکوومەتییەکان هەڵوەشابوونەوە، هەموو دەسەڵات و سەڵاحییەتەکانی تێکڕای حکوومەتێکی بە تەنیا بەدەستەوە گرت. بە بڕیارگەلی کورت و یەک یان چەند ڕستەیی و بە لێبڕاوی و تووڕەیییەوە تەواوی ڕێوشوێن و بنەماکانی حکوومەتێکی لەژێر ناوی «کۆماری ئیسلامی»دا ساغ کردەوە کە لەمێژ بوو خەونی پێوە دەدی و هەر بەو لێبڕاوی و تاکڕەوییەشەوە لە ڕۆژانی ١٠ و ١١ی خاکەلێوەی ١٣٥٨ (١٩٧٩) خستییە بەر ڕێفراندۆمەوە و سیستمێکی سیاسیی بەسەر ئێرانێکی فرە نەتەوە، فرە فەرهەنگ و فرە ئاییندا سەپاند کە لە ئیرادەی یەک کەس، یەک ڕێچکەی ئایینی و سەر بە یەک نەتەوەوە سەرچاوەی گرتبوو.

 

ڕێفراندۆمێکی بێ بنەما و نادێموکراتیک

لە ڕۆژی ١٢ی خاکەلێوەدا ئاکامی ئەم ڕێفراندۆمە ڕاگەیەندرا کە گۆیا ٩٨%ی دەنگەکانی هێناوەتەوە. لە کاتێکدا نەک هەر لە کەشوهەوای دوای شۆڕش کە هیچ پێوانە و چاوەدێرییەک نەبوو، تەنانەت ساڵانی دوای سەقامگیریی کۆماری ئیسلامییش هیچ کام لە ئاکامەکانی هەڵبژاردن جێی باوەڕ نین تا ڕێژەی دەنگە ئەرێنییەکانی ئەم ڕێفراندۆمە جێی باوەڕ بێ. گۆڕینی ڕێژەی دەنگەکانی میر حوسێنی مووسەوی لە هەڵبژاردنی سەرکۆماریی ١٣٨٨دا بە قازانجی مەحموودی ئەحمەدی نەژاد کە بزووتنەوەی «سەوز»ی لێ کەوتەوە گەورەترین نموونەیە. پاشان لانیکەم لە کوردستان هێزە سیاسییەکانی کورد بایکۆتیان کرد و بە گشتی کورد دەنگی پێویستی پێ نەدا.

ئەو ڕێفراندۆمە لە بنەڕەتدا بێ بنەما بوو؛ چونکە ڕێفراندۆمەکە بریتی بوو لە «گۆڕینی ڕێژیمی پێشوو بۆ کۆماری ئیسلامی، بەڵێ یان نەخێر». نزیکەی دوو مانگ پێشتر لە شۆڕشێکی بەرین و خوێناویدا ڕێژیمی پێشوو ڕووخابوو، ڕوون و ئاشکرا بوو کە خەڵک دەنگ دەدەن بە «گۆڕینی ڕێژیمی پێشوو» کەوابوو پێویست نەبوو بخرێتە بەر ڕێفراندۆمەوە. لەبارەی بەشی دووەمی ناوونیشانی ڕێفراندۆمەکەشەوە: «کۆماری ئیسلامی» بابەتێکی دژی دێموکراسی بوو؛ چونکە باس و ڕاوێژ بە پێکهاتە جیاجیاکانی ئێران و هێزە سیاسییەکانی دیکە نەکرابوو کە لەسەر سیستمێک پێک بێن بۆ ئەوەی بیکەنە بابەتی ڕێفراندۆم. تەنیا خومەینی بە پشتیوانیی هاوبیرەکانی سەپاندیان، پاشان یەک سیستمی حکوومەتی بە «بەڵێ یان نەخێر» خرابووە بەر ڕێفراندۆم نەک دوو یان چەند سیستمێک کە خەڵک بتوانن یەکێکیان هەڵبژێرن. جگە لەمانەش «کۆماری ئیسلامی» تێکەڵکردنی دوو چەمکی «کۆمار» وەک چەمکی سیاسی و سیستمی حکوومەتی و «ئیسلامی» وەک چەمکێکی ئایینی داهێنانێک بوو کە لە هیچ قۆناغێکی مێژووی ئێراندا و لە هیچ وڵاتێکدا تاقی نەکرابووەوە و بابەتێکی پێچەڵپووچ و دژبە یەک بوو. هەتا ئەمڕۆشی لەگەڵ بێ ئەو دوو بابەتە نەک هەر نەبوون بە تەواوکەری یەکتر، بەڵکوو بوون بە سەرچاوەی زۆر کێشە بۆ خودی کۆماری ئیسلامییش. لە پەڕینەوە لە سیستمی پاشایەتیدا بۆ سیستمێکی دیکە خەڵکی ئێران کێشەیەکی دیکەشیان هەبوو کە بریتی بوو لەوەی ئەم وڵاتە هیچکات ئەزموونی دێموکراسیی نەبوو، جگە لە کوردستان کە هەلومەرج و مێژوویەکی جیاوازی هەبوو، تەنانەت جگە لە خومەینی و هاوبیرەکانی، گەورەترین هێزی ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیمی شاش کە بریتی بوو لە حیزبی توودە حیزبێکی ئایدیۆلۆژی و نادێموکرات بوو. بۆیە لە دەرفەتێکی وادا کە دیکتاتۆری ڕووخابووە خەڵکی ئێران لە بنیاتنانی دێموکراسییدا تووشی گیروگرفت هاتن.

 

«کۆماری ئیسلامی» دوو چەمکی دژ بە یەک

ئایەتوڵڵا مودەڕیس لە سەردەمی ڕەزا شای پەهلەویدا دروشمێکی بەرز کردەوە کە خومەینی لە ١٣٥٨دا کردییە هەوێنی ڕێفراندۆم؛ مودەڕیس گوتبووی «سیاسەتی ئێمە عەینی دیانەتی ئێمەیە و دیانەتی ئێمە عەینی سیاسەتی ئێمەیە». بابەتی ئایینی کە لە ئاسمانەوە سەرچاوە دەگرێ نەک لە ڕای خەڵک، بابەتێکی دوگم و نەگۆڕ و چەسپاوە نەک وەک سیاسەت کە «هونەری مومکین»ە و لە سیاسەتدا تاکتیک و تەنانەت ستراتیژییەکان بەپێی پێویست و هەلومەرج دەگۆڕێن، تێکەڵکردنی ئەو دوو بابەتە دژبەیەکە ئەگەر لەباری تیۆرییەوە نالۆژیکی و پڕ لە کەموکوڕی دێتە بەرچاو، لە بواری کردەییدا کێشە لە دامودەزگا و ئیدارەی وڵاتدا دروست دەکا و سیستمێکی قەیراناوی بەرهەم دێنێ. لە ٤٧ ساڵی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامی هیچ کات لە نێوخۆیدا بێ کێشە و قەیران نەبووە کە بنەمایەکەی بۆ ئەو دوو بابەتە دژبەیەکە دەگەڕێتەوە. لە لایەک بەرەیەک هەیە کە نوێنەرایەتیی «ئایدیۆلۆژیی مەزهەبی» دەکەن کە هەڵنابژێردرێن، خۆیان بە نوێنەری ئایین و خوا دەزانن و دەسەڵاتی سەرەکییان بەدەستە، لە لایەکی دیکە کەسانێکی کە کاروباری ڕۆژانەی وڵاتیان پێ ئەسپێردراوە و بە ڕواڵەت هەڵدەبژێردرێن بەڵام دەسەڵاتی سەرەکییان بەدەست نییە، نوێنەری «کۆمار»یەتی ڕێژیمن. سەرەڕای ئەوەی ئەو کەسانەش کە هەڵدەبژێردرێن دەبێ پەسندی پیاوانی ئایینی بن، بەڵام لە پۆستی خۆیاندا بە کردەوە هەمیشە تووشی کێشە دەبن. هەر بۆیەش تاقە یەک سەرکۆماری ئەم ڕێژیمە بەبێ کێشە و چارەنووسێکی پڕ لە سەرئێشە ماڵاوایی لە پۆستەکەی نەکردووە. 

لە ڕاستیدا دوو بابەتی «کۆماری و ئیسلامی» ڕێژیمێکی ئاڵۆز و پێچەڵپووچی بەرهەم هێناوە و تەواو دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە دوو دەوڵەت پێک هاتووە؛ دەوڵەتێکی سیاسیی لە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتێکی ئایینیدا. تەواوی ئەو پۆست و دامودەزگایانەی کە دەوڵەتی «کۆماری» هەیەتی، دەوڵەتی مەزهەبییش هەیەتی: سەرۆک (ڕێبەر)، پەرلەمان (مەجلیسی شارەزایان)، سوپا (سوپای پاسداران)، وەزارەتی ئابووری (ئیمامزادە و دامەزراوە ماڵییەکانی ئایینی). لەگەڵ ئەوەدا کە ئەمە سەرچاوەی زۆر کێشە و قەیرانی نێوخۆی ڕێژیمە بەڵام هەندێک قازانجیشی بۆ ئەم ڕێژیمە هەبووە، لە پێوەندی لەگەڵ دنیای دەرەوەدا، لە هەڵبژاردنەکاندا کە لە سەرەنجام دەنگەکان هەر دەچنە نێو سندووقەکانی کۆماری ئیسلامی، لە ڕەخنە و گلەیی و گازندەی خەڵکدا لەسەر کەموکوڕییەکان ڕەخنە لە سەرکۆمار و وەزیرەکانی کابینەی دەوڵەت دەگیرێ و ئەوە ئەوانن کە «بەرپرسن» و دەسەڵاتدارانی سەرەکی خۆیان تووشی ئەو سەرئێشە و گیروگرفتە ڕۆژانەیە ناکەن. کەوابوو دەوڵەتی فەرمی تەنیا ڕۆڵی سپەر و پاساودەری حکوومەتی ئەسڵی دەگێڕێ.

 

بەسەرچوونی شەرعییەتی ڕێفراندۆمی ١٣٥٨

جگە لەوەی کە ڕێژەی دروستی دەنگەکانی ڕێفراندۆمی ١٣٥٨ ڕەنگە هیچکات ڕوون نەبێتەوە، ئەم ڕێژیمە بە چەند هۆ مەشرووعییەتی خەڵکیی لەدەست داوە و بەم پێیەش ئەم ڕێفراندۆمەش بایەخی نەماوە: بەر لە هەموو شتێک، لەم ساڵانەی دواییدا پێویستیی بەڕێوەچوونی ڕێفراندۆمێکی دیکە لە شەقامی ئێراندا و بەتایبەتی لەلایەن چالاکانی سیاسی و مەدەنییەوە هاتووەتە گۆڕێ کە کۆماری ئیسلامی بە توندی بەرپەرچی داوەتەوە. دیارە لە ژێر سێبەری کۆماری ئیسلامییدا ئەگەر ڕێفراندۆمێک بەڕێوەچووبا بەبێ چاوەدێری و کۆنتڕۆڵی چاوەدێرانی بێلایەن ئاکامەکەی بە هیچ جۆر جێی باوەڕ نەدەبوو چونکە کۆماری ئیسلامی ئیزنی نەدەدا ڕێفراندۆمێکی دروست و بێ فرتوفێڵ بەڕێوە بچێ. پاشان، هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری و شووراکان کە زۆر بە وردییەوە لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە کۆنترۆڵ دەکرێن، بەڵام زۆر ڕاستیی شاراوە لە دانی دەنگی تاکتیکی بە کاندیدەکان و ئاکامی هەڵبژاردنەکان ئاشکرا دەکەن. بە ڕوونی دیارە کە خەڵک لەو دەرفەتە زۆر بەرتەسک و کەمەدا بە جۆرێک دەنگ دەدەن کە بە دڵی کاربەدەستانی سەرەکیی ڕێژیم نەبێ. بۆ نموونە کاندیدەکانی نزیک لە بازنەی دەسەڵاتی ئەسڵی بەردەوام شکست دەخۆن. ئەوە بەو واتایەیە کە خەڵک دەسەڵاتدارانی ئەسڵیی ڕێژیمیان قەبووڵ نییە. هەروەها، شکستە سیاسی و ئابوورییەکان و دابەزینی ئاستی گوزەرانی خەڵک نیشان دەدەن کە ئەو ڕێژیمەی لە ڕێفراندۆمی ١٣٥٨دا هاتە سەرکار تووشی شکست بووە. جگە لەمانەش، نەوەیەک ٤٧ ساڵ لەوە پێش دەنگی ئەرێنیی بەو ڕێفراندۆمە دا ئێستا ڕێژەیان یەکجار کەمە لەچاو ئەو نەوەیەی کە ئەو کات تەمەنی نەگەیشتبووە تەمەنی دەنگدان یان دواتر لەدایک بوون. زۆرینەی هەرە زۆری خەڵکی ئێران ئەمانەن کە ئەو ڕێفراندۆمە ڕەت دەکەنەوە. لە هەمووی ئەمانە گرنگتر، دوو ڕاپەڕینی گەورە (ژینا و بەفرانبار) لە ساڵی ١٤٠١ و بەفرانباری ئەمساڵدا بەدژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ڕوویان داوە گەورەترین ڕێفراندۆمی ڕەتکردنەوەی «کۆماری ئیسلامی» بوون کە بە توندترین شێوە سەرکوتی خوێناوی کران. کەوابوو ڕێفراندۆمی دیاریکردنی ڕێژیم لە ١٣٥٨دا نە ئازادی و دێموکراسیی بۆ خەڵکی ئێران و نەتەوەکان و ئایینە جیاجیاکانی ئێران بە دیاری هێنا، نە گوزەران و باری ئابووریی خەڵک و نە ئاسایش و هێمنایەتی. هەر بۆیە ئەو ڕێفراندۆمە بە تەواوی شەرعییەتی لەدەست داوە.

 

ڕێفراندۆمی ساڵی ١٣٥٨ ئەزموونێک بۆ داهاتوو

خەڵکی ئێران بە گشتی و نەتەوەکانی پێکهێنەری ئێران تێچوویەکی زۆر قورس و قەرەبوو نەکراوەیان لە ئاکامی ئەو ڕێفراندۆمە و سیاسەتی بەڕێوەبەرانی داوە. سیاسەتی شەڕخوازانەی ئەم ڕێژیمە، دەستێوەردانی لە کاروباری وڵاتانی دەرەوە و هەناردەکردنی تێرۆر، سەرەنجام ئەم ڕێژیمەیان تووشی گەورەترین شەڕ لە لایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە کردووە کە هەتا ئێستا گەورەترین زەبری بەرکەوتووە بە چەشنێک ئەگەری ڕووخانی زۆر بردۆتە سەر. لە لایەکی دیکەش شکستە ئابوورییەکانی و دۆخی دژواری ژیان و گوزەرانی خەڵک، بەربەستکردنی لەڕادەبەدەری ئازادییەکانی خەڵک، کۆنترۆڵی ڕادیکاڵانەی مەزهەبی بەسەر خەڵکدا و سەرکوتی بێبەزەییانە و ئێعدامی ناڕازییان ئەم ڕێژیمەیان کێشاوەتە مەیدانی بەرەوڕووبوونەوەی لەگەڵ خەڵک و ئەم ڕێژیمەی گەیاندووەتە لاوازترین قۆناغەکانی ژیانی خۆی بە چەشنێک کە هیوا بۆ ڕووخاندنی زۆر بەهێز بووە. کەوابوو دوور نییە خەڵکی ئێران ڕێفراندۆمێکی دیکەی لەپێش بێ.

لە دەرفەتێکی وادا کە ئەگەر بۆ خەڵکی ئێران هاتەوە پێش، ڕێفراندۆمی ساڵی ١٣٥٨ ئەزموونێکی گرنگە. لەسەر هێزە ئازادیخوازە دێموکراتیکەکانە کە ڕێگە نەدەن کەسێک یان گرووپێک بە تەنیا سیستمی دڵخوازی خۆی لە کەشوهەوای دوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامیدا زاڵ بکا و دیکتاتۆرێکی دیکە لە جێی دیکتاتۆری پێشوو دابنێنەوە. پێویستە کاروباری سیاسی و ئیدارەی وڵات لە مەزهەب جیا بکرێتەوە، چونکە جگە لەوەی تێکەڵکردنی مەزهەب و سیاسەت ئاکامەکەی دەبێتەوە ئەوە کە لە کۆماری ئیسلامیدا دیمان، ئێران وڵاتێکی فرەمەزهەبییە؛ ئەگەر مەزهەبێک ببێتە بنەما بۆ سیاسەت، دەبێتەوە هۆی فەرق و جیاوازیدانانی مەزهەبی هەر وەک لە تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا بەهاییەکان، زەردەشتییەکان و ئاسوورییەکان و تەنانەت پەیڕەوانی سوننی لە ژێر فشار و بێڕێزی و فەرق و جیاوازیدا بوون. پێویستە نەتەوەکانی دیکەی ئێران وەک ئازەری، بەلووچ و عەرەبیش وەک کورد ڕێگە نەدەن وڵاتێک بەبێ ویست و ئیرادەی ئەوانیش دابڕێژرێتەوە. بە پێچەوانەی ڕێفراندۆمی ١٣٥٨ لە داهاتوودا دەبێ مەجلیسێکی وەک دامەزرێنەران یان پێکهاتەیەکی فرەچەشن لە نەتەوەکانی ئێران، هێز و ڕێکخراوە سیاسییەکان و شارەزایانی بواری یاسا بە گیانێکی دێموکراتیک و بەرابەرخوازانە لە داڕشتنەوەی سیستمی سیاسیی وڵاتدا بەشدار بن و بەرهەمی کاری ئەوان ببێتە بنەما بۆ حکوومەتی داهاتووی وڵات.