
عەلی بداغی
ڕۆژی شەممە، ٩ی ڕەشەمە لە ئاکامی هێرشی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسڕائیل بۆ سەر کۆماری ئیسلامی کە کوژرانی عەلی خامنەیی بەدوودا هات، ٣٦ ساڵ حوکمڕانیی ڕەش و پڕ کارەسات و تاوانی ناوبراویش گەیشتە وێستگەی کۆتایی. بڵاوبوونەوەی مەرگی خامنەیی هەر لە یەکەم ساتەکاندا خۆشیی خستە هەناوی بە میلیۆن کەس لە خەڵکی ئێران کە لە ماوەی حوکمڕانیی ئەودا هەناسەسارد، ملبەکوێن و کۆڵەوار کراون. خامنەیی لانیکەم لە دوای سەرهەڵدانەکەی ٨٨ی هەتاوییەوە دەرفەتی ئەوەی هەبوو کە بە خۆدا بێتەوە و بە پێداچوونەوە بە سیاسەتەکانی لە بەرژەوەندیی خەڵک و وڵاتدا ڕێ بۆ گۆڕانکارییەکی بنەرەتی خۆش بکا، بەڵام دوگماتیزمی ئایینی و ئایدۆلۆژی وای کردبوو بەرژەوەندی و گیان و ژیانی خەڵک لای ئەو پووڵێکی قەڵب نەهێنێ و هەر ئەوەش سەری خوارد.
هەمووان دەزانین کوژرانی خامنەیی لە کاتێکدایە کە تەنیا دوو مانگ پێش کوژرانەکەی بە بڕیاری ئەو خۆپێشاندانەکانی مانگی بەفرانبار بە توندی سەرکوت کران و هەزاران کەس لە خوێنن وەردران. ٣٦ ساڵ پێداگریی خامنەیی لەسەر بەرنامەی ناوکی، پەرەدان بە پیشەسازیی مووشەکی، وەڕێخستن و تەیارکردنی هێزە نیابەتییەکان لە وڵاتانی ناوچە، ناکارامەیی لە بەڕێوەبەریی وڵات و کوشتن و خنکاندنی هەرچەشنە دەنگێکی جیابیری و ناڕەزایەتی کارەساتێکی مێژوویی بەسەر وڵاتی ئێران هێنا.
لە سەردەمی حوکمڕانیی خامنەییدا ئازادییە سیاسی و مەدەنییەکان بەتوندی سەرکوت کران، گرتنی جیابیران و ڕەخنەگران و کوشتن و ئێعدامکردنی دژبەران گەیشتنە ئەوپەڕی خۆی، بازنەی دەسەڵات و هاوبەشی سیاسی ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ تەسکتر و لە پاوانی خۆی و لایەنگرانیدا مایەوە، سیاسەتی دەرەکیی ڕێژیم لەسەر بنەمای ملهوڕی و لاساری دژی ڕۆژئاوا بووە هۆکاری سزا ئابوورییە بەربڵاو و فرەڕەهەندەکان کە بڕستی لە ئابووری و خەڵکی وڵات بڕی؛ و پشتیوانی لە تێرۆری دەوڵەتی و سیاسەتی شەڕی نیابەتی و ناسەقامگیرکردنی ناوچە بووە هۆی ئەوەی لە ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ەوە گۆڕەپانی شەڕی بەوەکالەت بۆ کۆماری ئیسلامی بگوازرێتەوە بۆ نێوخۆی ئێران و بەو پێیەش گڵۆڵەی تەمەنی ڕێژیمیش پتر کەوتە لێژی.
خامنەیی کە جڵەوی حوکمڕانیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی گرتەدەست لەمێژ بوو کوردستان میلیتاریزە کرابوو، شەڕی بەسەردا سەپابوو، گەمارۆی ئابووریی خرابووە سەر و لە هەموو پەرەسەندنەکان دواخرابوو. ساڵانێک بوو بەهۆی ڕوانگەی ئەمنیەتییەوە هەرچەشنە دەنگهەڵبڕینێک و ناڕەزایەتییەک لە کوردستان سەرکوت دەکرا و هەموو فەرماندەکانی سپای پاسدارانی ژێر دەسەڵاتی خامنەیی پلەکانی سەرکەوتنیان بە تاوان و جینایەتەکانیان دژ بە کورد دەبڕی؛ چونکی هەرخۆی لە بنەڕەتدا یەکێک لە ئەندازیارانی کۆماری ئیسلامی و سیاسەتەکانی بوو. بەڵام دوای مەرگی خومەینی و پاش ئەوەی هەموو بڕیار و دەسەڵاتەکانی ئێرانی کەوتە دەست، دەستئاوەڵاتر لە جارانیش پێی لەسەر ئەو سیاسەتە داگرتەوە.
لە سەردەمی حوکمڕانیی خامنەییدا کوردستان ئەمنییەتیترین ناوچە لە هەموو ئێراندا مایەوە، کوردستان کرا بە پادگانێکی گەورە و هێزەکانی سپای پاسداران کۆک و پۆشتە هەموو ناوچەکانی کوردستانیان تەنی، هەزاران هەزار جیابیر و چالاکی سیاسیی کورد خرانە زیندانەوە و زۆر لەوان تاوانی محاربەیان درایە پاڵ و ئێعدام کران. هەموو خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکان کە لە کوردستان زوو بە زوو ڕێ دەکەوتن سەرکوت و خەڵتانی خوێن کران کە بزووتنەوەی ژینا لە ١٤٠١ی هەتاوی و بەفرانباری دوو مانگ لەوەپێش تازەترینیان بوو. تێرۆری چالاکانی سیاسیی کورد و زیاتر لە هەمووان ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە هەرێمی کوردستان و دەرەوەی وڵات پەرەیان پێدرا، تێرۆری د. سادق شەڕەفکەندی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات بە بڕیاری ڕاستەوخۆی ئەو کرا، لە ساڵەکانی ١٣٩٧ و چەند جاری دیکەش لە ١٤٠١ی هەتاوی هێرشی مووشەکی کرایە سەر بنکە و بارەکانی حیزبی دێموکرات و ئەوانە و هەزاران هەزاران تاوانی دیکە لە ماوەی ٣٦ ساڵ حوکمڕانیی خامنەیی دیکتاتۆردا.
ئەمڕۆ ئەگەر دڵخۆشیی خەڵکی ئێران بۆ ئەوەیە کەلاکی بڕیاردەری کوشتنی بەناحەقی ڕۆڵەکانیان لە گۆڕێ کەوتووە، ئەگەر بڕیاردەری بەندکرانی دەیان هەزار مرۆڤی مافخواز لە ئێران لە خوێنی خۆی گەوزیوە، ئەگەر هۆکاری سەرەکیی هەژاری و بێکاری، قەیرانە ئابووری و کۆمەڵایەتی و سەدان قەیرانی دیکەی وڵات دوا هەناسەکانی لەژێر داروپەردووی هەموو ئەو دۆخە خۆکردەدا هەڵکێشاوە، ئەگەر ئێستا پتر لە هەموو کاتێک هیوای گۆڕانکاری و دادپەروەری لە دڵیاندا دەگەڕێ؛ ئەم هەست و هیوایە لە کوردستان چەند قاتە. ڕاست لەبەر ئەوەی چەند قات لە سۆنگەی حوکمڕانیی خامنەییەوە چەوساونەتەوە، سەرکوت کراون و لە مافە ڕەواکانیان بێبەش کراون.
بە مردنی خامنەیی کۆتایی بە ٣٦ ساڵ حوکمڕانیی ڕەهای ئەو دیکتاتۆرە ئایینییە هات، بەڵام وەک چۆن بوونی لە ژیاندا هۆکاری کارەسات و چارەڕەشی بۆ خەڵکی ئێران بوو، ئێستا نەمان و کوژرانەکەشی ئەم وڵاتەی خستووەتە بەردەم چەند ئەگەر، ئەویش لە دۆخی ئێستای شەڕی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسڕائیلدا.
لەوەدا کە کۆماری ئیسلامی ناتوانێ لەژێر باری ئەو زەبرەدا ڕاست بێتەوە شک نییە، ئەوەش کە کوژرانەکەی چ کەلێن و ناکۆکییەک دەخاتە نێو سیستم و حوکمڕانییەکەی ئەوەش هێشتا بە تەواوی ڕوون نییە، بەڵام دەرفەت بۆ کرانەوەی سیاسی و تێپەڕین لە قۆناغی ڕەشی دیکتاتۆری پتر لە هەموو کاتێک لە بەردەم ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی و خەڵک ئاوەڵایە. دەرفەتێک کە بە بەرپرسایەتیی هەمووان نابێ بهێڵین لەکیس بچێ، بەتایبەت کە بارتەقای ئەو هەل و دەرفەتە هەڕەشە و مەترسییش لەسەر ڕێی خەبات بۆ ئازادی و ڕزگاری و دێموکراسی لە ئارادایە.