کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بیناکردنەوەی نێوەڕۆکی چەمکی مەرگ و ژیاندنەوەی نەتەوەیەک

13:47 - 16 خاکەلێوه 2726

ئەبووبەکر کاروانی

قسەکردن لەسەر شەهیدبوونی پێشەوا، شەهیدانی دیکەی کۆمار، خودی کۆماری کوردستان و ناسیۆنالیزمی کوردی، کۆیەکی لەیەک‌جیا نەکراون و خوازیاری عەقڵ و بیرکردنەوەیەکی پێکهاتەخوازی ناسادەیە. تێکەڵبوونی چەندین چەمک و پرسی جۆراوجۆر لەگەڵ یەکتر، خوازیاری بیرکردنەوەیەکی هەمەلایەنەیە. چونکە ئەوەی باسی دەکەین ڕاستە لە مێژوودا ڕووی داوە، بەڵام ڕووداوێکی ئاسایی نەبوو. پێش هەموو شتێک، ڕووداو بوو؛ ڕووداو وەک چەمکێکی فەلسەفی لە پێشهات جیایە، بە حوکمی ئەوەی تەنیا لە ناو مێژوودا ڕوونادات، بەڵکووو مۆرک و ڕەنگ و ئاراستە و واتاش بە مێژوو دەبەخشێت. لێرەشەوە دەتوانین باسکردن لە دیاردەی مێژوویی بێنینە کایەوە؛ دیاردە بە واتای تێپەڕاندنی حاڵەت و دۆخی تێپەڕو، و قسەکردن لەسەر ئەو بەستێنانەی مێژووسازن و بەرجەستەی وەرچەرخانی مێژوویی دەکەن. هەر مێژوو واتا بەم نادات، بەڵکوو ئەمیش لە ناسنامەدان بە مێژوو و قۆناغی مێژووییدا بەشدار دەبێت.

دەمەوێت بڵێم ئێمە لەم یادەدا باس لە ڕووداوێکی مێژوویی فرەڕەهەند دەکەین، کە زیاتر لە لقێکی فەلسەفە و ئایین و ئەدەب و هونەر بەشدارن لە پێکهێنان و واتاپێدانیدا. هەربۆیە دەبێت بەشداریش بن لە خوێندنەوە و تێگەیشتن و دیاریکردنی ئاسۆکانیدا.

بۆ ئەوەی یاد و ڕووداوەکە تەنیا ڕووخسارێکی سیاسیی ڕووت بەخۆوە نەگرێت، بەڵکووو ڕەگە قووڵە فەلسەفی و ئاینی و ڕۆحی و هونەرییەکانی ئامادەبن. ئەم دیدە ئەگەر بەگشتی و بۆ ڕووداوە هاوشێوەکانی نەتەوەکانی ترش ڕاست بێت، بۆ کورد ڕاستتر و پێویستترە، چونکە لە سۆنگەی دۆخی بێدەوڵەتییەوە، نەتەوە بەو جۆرەی ئەنتوان سەعادەی سەرۆکی پارتی نەتەوەیی سووری لە کتێبی «سەرهەڵدانی نەتەوەکان»دا دەڵێت؛ هێندەی کائینێکی زیندووی ڕۆحی و فەرهەنگییە. فەرهەنگ و زمان و بەهاکان بەشداری لە خەمڵاندنیدا دەکەن.

ناسیۆنالیزمی کوردی هەوڵ دەدات لە ڕێی خەمڵاندنی وشیارییەکی بەکۆمەڵ، ڕۆڵەکانی لە دەوری ئامانج و خەمی هاوبەش کۆ بکاتەوە؛ دیاردەیەکی سیاسی-جوگرافیی تەنیا نییە. ئەم خۆ پێناسەکردنە لە دۆخی سەختی بەربەرەکانی و بەرەڤانی نەتەوەییدا، وادەکات کورد و ناسیۆنالیزمەکەی لە یەک کاتدا لە هەوڵی ئەوەدا بن بچنە ناو مێژوو و خۆیان لە چنگی ڕزگار بکەن.

لێرەشەوە دەتوانین باس لە زیاتر لە فۆرمێکی مێژوو و دژایەتیی ئەم فۆرمانە بۆ یەکدیی بکەین. هەروەها پشت بەو دیدە فەلسەفییە مێژووییە کۆنکرێتییە هەمەلایەنە بکەین، کە مێژوو وەک کۆیەکی دابەشنەکراو و تەومێکی چارەسەرنەکراوی ئاراستە بۆی دیاریکراوی پێشوەختە دەبینێت، کە بە حوکمی ئەم تێگەیشتنە، بەهیزەکان لەسەر ئاستی نەتەوە و دەوڵەت و مەڵبەندە شارستانییەتەکان، ڕوح و نێوەڕۆک و ئاراستەی دیاری دەکەن. نەتەوەیەکی بێدەوڵەت و زەبرچێشتوو وەک کورد، لەم دیدە مێژووییە تۆتالیتارەدا یەکسانە بە هیچ.

لە کاتێکدا مێژوو خۆی سەلماندی -لە کەمتر لە سەدەی ناسیۆنالیزمی خوێناویی خۆرهەڵاتدا، واتە سەدەی بیستەم- توانی بەرگەی یەکێ لە توند و تیژترین هەوڵەکانی نەتەوەسازیی باڵادەست و هەوڵی تواندنەوە و شوێن‌بزرکردنی لە مێژوودا بگرێت. بە زیندوو مانەوەی یادی پێشەوا و درێژەدان بە دەستگرتن بەو ئامانجانەی ئەو هاوڕێبازانی بۆی تێدەکۆشان و مکوڕبوون لەسەر بەدیهێنانیان، بەڵگەن لەسەر ئەوەی خستمانە ڕوو.

هەربۆیە کاتێک مێژوونووسیی نەتەوەی باڵادەست هەوڵ دەدات مەرگی ئەوان بۆ ئاستی مردنی فیزیکی بچووک بکاتەوە -کە یەکسانە بە بوونەوە بە خاک و خۆڵ و لەبیرچوونەوە- و دامەزراندنی کۆمار لە ماهییەتە نەتەوایەتییەکەی دابڕێت و بکاتە پەیکەری خیانەت، ناسیۆنالیزمی کوردی ئەوان دەکات بە گیانێکی ڕووت و دەیانکات بە بەشێک لە فەزایەکی مەجازیی ڕۆحی، بەڵکووو بە ئەفسانە. واتە سنووری عەقڵیشیان پێ دەبڕێت و دەیانگەیەنێتە مەملەکەتی خەیاڵێکی دەستپێڕانەگەیشتوو.

لەم ڕوانگەوە و بەم هەستە میتۆدی و فکری و ئەخلاقییەوە، دەخوازین لەم بۆنەدا بەشداربین لە کردنەوەی دەرگا و پەنجەرەیەکی نوێ بۆ قسەکردنێکی ئایندەیی جیاواز و قووڵتر لەسەر بابەتەکە لەلایەن توێژەر و بیرمەندە بەتوانا و گەنجە کوردەکان. لەپێناو ئەوەی ڕەگ و پاڵپشتێکی تیۆریی قووڵتری خۆماڵی بە ناسیۆنالیزمی کوردی ببەخشین، زیانناسی بۆ بەشێکی گرنگ لەو زەبرە مێژووییانە بکەین کە لە ڕابردوودا ئایدۆلۆژیا -بەتایبەتی چەپ- بابەتەکەشمان لە ڕوانگەی وەڵامدانەوە بە دوو پرسیاری مەنهەجی و جددی دەخەینە ڕوو:

یەکەم لە ڕوانگەی فەلسەفەی مێژووەوە، چۆن ١٠ی خاکەلێوە مانا و مەفهومی «مردن»ی لە فەرهەنگی سیاسیی کورددا گۆڕی؟ دووهەم چۆن شیکاری بۆ ئەم تێپەڕینە بکەین لە کایەی «نەبوونی فیزیکی»یەوە بۆ «بوونێکی مێژوویی و ڕەمزی»، کە تێیدا مەرگی پێشەوا دەبێتە چرکەساتی لەدایکبوونەوەی نەتەوە؟

بۆ وەڵامدانەوە بەو پرسیارانە دەبێت بە باس و خواس لەسەر چەمکی مەرگ و بیناکردنەوەی نێوەڕۆکەکەی لە پەیوەندی بەم بابەتەوە دەست پێبکەین، بۆ ئەوەی مەرگ یەکسان نەبێت بە فەوتانی یەکجارەکی و لەبیرچوونەوە؛ و بەڵکووو لەوەش زیاتر، یەکسانی مەرگی فیزیکیی کۆی زیندەوەران -و لەوانەش مرۆڤ- فرەڕەنگی چەمکەکەمان بیر نەباتەوە. بەو واتایەی کە باس دێتە سەر جۆری مردن و مەرگەکان و بەستنەوەیان بە کاریگەری و ئاسەوارەکان لە دوای مردووەکان، دەتوانین باس لە مەرگەکان بکەین. چونکە لە ئاستە ڕۆحی و ئەخلاقییەکەدا هەمووان وەک یەک ناژین تاکو وەک یەک بمرن؛ ژیانی جیاواز، مەرگ و مردنی جیاوازیشی بەدوادا دێت.

مەرگ یاخود مردن، هەمیشە بابەتێکی ئایینی، فەلسەفە، ئەدەب و هونەر بووە، بە حوکمی ئەوەی پرسێکی وجودییە. بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ تێکەڵ بە خەیاڵدان و دەروون و ڕەهەندە میتافیزیکییەکەی مرۆڤ بووە. یەکێ لە ئەرکە گەورەکانی ئایین و فەلسەفە و ئەدەب و هونەر، بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی، واتادان بووە بە مردن، بۆ ئەوەی مرۆڤ بەرگەی ژیان بگرێت؛ چونکە جۆری تێگەیشتن لە مردن، شکڵ بە جۆرێکی ژیانکردن دەدات. لەو چوارچێوەیەدا، وێناکردن و واتادانە فکری و دەروونی و ڕۆحییەکان ڕۆڵی گەورەیان هەبووە لەوەی مردن نەک تەنیا نەبێتە مێردەزمە و مۆتەکەیەکی هەمیشەیی، بەڵکوو بگۆڕێت بە پردی پەرینەوە بەرەو دنیای هێمایی و نەمر و فۆرمێکی پێگەیشتووتری ژیان. بەم جۆرە، مردن تەنیا کۆتایی نییە، بەڵکوو سەرەتایە بۆ ژیانێکی هەمیشەیی کە تێیدا مردن دەمرێت و مرۆڤ لەم کەم و کورتییە وجودییە ڕزگاری دەبێت.

چەمکی شەهیدیش، بە هەردوو واتاپێدانە ئیسلامی و نەتەوەییە هاوچەرخەکەوە، یەکێکە لەو چەمکانەی کار لەسەر دووبارە بیناکردنەوەی نێوەڕۆکی چەمکی مەرگ دەکات؛ مردنی ئاماژەدار و پەیامدارانە دەگۆڕێت بە فۆرمێکی تر لە ژیانێکی بەردەوام و ڕەمزیی هەتاهەتایی.

دیارنەمانی بوونی فیزیکیی مرۆڤی شەهید یەکسان نییە بە لەداردانی هەتاهەتایی، بەڵکوو پانتاییەکی زەینی و ڕۆحییە بۆ دووبارە لەدایکبوونەوەیەکی جاویدانە. بەو واتایەی، لە کاتێکدا بکوژ و وەردیانەکان وا دەزانن لوتکەی هێز و غرووری خۆیان لە کردەی شەهیدکردندا بەسەر جەستە و ڕۆحی شەهید پیادە دەکەن، لەو ڕاستییە بێئاگان کە بەم کارەیان بۆ هەتاهەتایە دەسەڵات و هەژموونیان بەسەریەوە لەدەست دەدەن. چونکە ئیدی قۆناغی ژیانی مەعنەوی و واتایی لە ویژدانی ئەوانیدا دەست پێ دەکات؛ بەوەش شەهید لە هەموو شوێنێکدا هەیە و لە هیچ شوێنێکیشدا نییە. بۆ ڕەمزە گەورەکانی هاوشێوەی پێشەوا و شەهیدەکانی دیکەی کۆماریش، مەسەلەکە لە ویژدانی تاکەکەس تێدەپەڕێت بەرەو قووڵایی ویژدانی بەکۆمەڵ و نەتەوەیی، کە گوزارشتە لە کەسێتیی مەعنەویی نەتەوە لە دۆخی هەستکردن بە کەرامەتدا.

شەهید لەم چوارچێوەدا هەست و خەون و خۆزگە و ئاوات و خەیاڵە، لە عەقڵ و ڕۆح و ویژدانی ڕۆڵەکانی نەتەوەدا بە گشتی. ئەوەش کورت و پوخت ئەو شتە بوو کە سەبارەت بە پێشەوا و هاوڕێبازەکان ڕوویدا. دیارە ڕەگی ئەم تێگەیشتنەش لە نەمریی شەهید و درێژەدان بە ژیان لە فۆرمێکی تری ئیلهام‌بەخشدا دایە. بە حوکمی زۆرینە موسڵمان‌بوونی کۆمەڵگەی کوردستان و بەیەکداچوونی عەفەویی و عەدالەتخوازانەی ڕۆحییەت و فەرهەنگی ئیسلامی و نەتەوەیی لە ئەزموونی ژک و کۆمار و کەسێتی پێشەوادا، بە فەرهەنگی دینیی ئێمەدا ڕۆچووە.

خۆ ئەگەر سەیرێکی قورئان بکەین و سەبارەت بە جۆری تێگەیشتن لە چەمک و دۆخی شەهیدبوون و مرۆڤی شەهید سەرنج بدەین، دەبینین هەوڵ دەدات دەستکارییەکی قووڵی تێگەیشتنی مرۆڤی باوەردار بۆ مردن و ژیان بکات؛ تێگەیشتنێک سنووری ژیان و مردنی فیزیکی تێپەڕێنێت و ڕەهەندێکی مەعنەوی و ڕۆحیی قووڵتری پێ دەبەخشێت. هەربۆیە شەهید لە «مردوو» بە واتای فیزیکی و جەستەییەکەی لەیەکتری جیادەکرێتەوە. داوا لە باوەرداران دەکرێت شەهیدان بە مردوو پێناسە نەکەن، چونکە ئەوان میوانی خودانن و لە فۆرمێکی کامڵتردا زیندوون و درێژە بە ژیان دەدەن؛ فۆرمێک لە ژیان کە مەرگ ئاسۆکانی دیاری ناکات و بەشداری لە نێوەڕۆک‌پێدانیدا ناکات، بەڵکووو بۆ هەتاهەتاییە. هەربۆیە بەرجەستەی ژیانێکی ڕاستەقینە دەکات، واتە قووڵایی ماناکانی ژیان لەو دایە.

لە دوای سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمیش، هاوشێوەی بەسکیۆلارکردنی زۆر چەمکەکانی تر لە چوارچێوەی مۆدێرنەی خۆرئاوادا، هەمان بۆچوون لە سیاقێکی چەمکسازی و دووبارە بیناکردنەوەی واتایی و ئەرکدارکردنی نوێدا دەبێتە بەشێک لەو گوتارەی مامەڵەی پێ لەگەڵ مەرگی تێکۆشەری نەتەوەیی و ئامانجدارانە دەکرێت.

ئەم تێگەیشتنەش دیدی مرۆڤ لە مردنی جەستەییەوە بەرز دەکاتەوە بۆ ئاستی مانەوە و زیندوویەتیی ڕۆح و بەردەوامبوونی ژیان لە فۆرمێکی باڵاتر لەوەی لە جەستەدا خۆی پیشان دەدات. مەرگی پێشەوا و شوێنی ئەو لە بیرکردنەوە و ویژدان و خەیاڵدانی مرۆڤ و کۆمەڵگەی کوردیشدا، بە کامڵترین شێوە، دەچێتە نێو ئەم چوارچێوەوە؛ واتە مردن لە مێردەزمە و مۆتەکەوە دەگۆڕدرێت بە دەروازەی نەمریی و درێژەدانێکی شکۆمەندانە و ئیلهام‌بەخش و هێمایی بە ژیان و مانەوە.

ئەوەی تایبەتمەندیی بەم مەرگە بێدەنگ و لە هەمان کاتدا کەرنەڤاڵیی و قووڵەی پێشەوا بەخشی، ئامادەبوونی چەمکی شەهید بوو بە هەردوو ڕەهەندی ڕۆحی و نەتەوەیی و ئیسلامییەکەیەوە. واتە ناسیۆنالیزم وەک چەمکێکی مۆدێرنی سکیۆلار، لە سۆنگەی گەشەکردنی بەراییەکانی خۆی لە ئەزموونی کوردی لە ئامێزی تۆڕە سوننەتییە ئیسلامییەکەی کۆمەڵگەدا و دەرەنگ بە جەماوەریبوون و کەمڕەنگبوونی چەپ لەو قۆناغەدا، یەکسان نەبوو بە دابڕان لە ئاماژە دینییەکانی شەهید؛ بەڵکووو زیادکردنی ڕەهەند و بارگاویکردنی بوو بە کۆمەڵێک ئاماژەی نوێ کە بەستنەوەی هەستی موسڵمانێتی بە جوگرافیایەکی دیاریکراو، ئەرکەکانی ناسیۆنالیزم دەیخوازێت.

پێشەوا لە ژیان و مەرگی ئازادانە و سووقراتانەی خۆیدا، ڕەمزی کەسێتییەکی کۆکەرەوە و دابەشنەبووی هەردوو ڕەهەندەکە بوو: موسڵمانێتی و کوردبوون، ناسیۆنالیست‌بوون و دێموکرات‌بوون، ویژدانی عەدالەتخوازی ئیسلامی و کۆمەڵایەتی، دڵ و عەقڵێکی هەرگیز نەخەوتوو بۆ ڕزگاری کورد و سەربەخۆیی کوردستان، لێبوردەیی بەرامبەر ئەوی دیی ئاینی و مەزهەبی و نەتەوەیی، و لەخۆبوردوویی جوامێرانە لەپێناو شکۆی نەتەوەدا.

هەموو ئەم ڕەگەز و سیمایانە لە دووتوێی کەسێتیی ئەودا بە جۆرێک ئاوێتە بوون کە لێک‌جیاکردنەوەیان ئاسان نەبوو. ئەو ڕەمزی سەردەمی پڕ لە ئازاری پێش سەرهەڵدانی دووانەییە نامۆ و دەستکردەکانی کوردەواری بوو. هەربۆیە تاکو ئێستاش، هیچ ئایدیۆلۆژیایەکی تاک‌ڕەهەند نەیتوانیوە لە قووڵایی ناسنامە و ڕۆح و هەستی مرۆڤی کورد و کۆمەڵگەی کوردستان، شکۆ و ڕەمزبوون و ڕەوایەتی مێژوویی و هارمۆنییەتی ناوەکیی کەم بکاتەوە.

ئەمە جگە لەوەی بەرهەمی تایبەتمەندیی کەسێتیی خۆی بوو، ڕەنگدانەوەی سرووشت و ناسنامە و پێکهاتە و ڕۆحییەتی ژک و کۆمار و واقیعی مێژوویی کۆمەڵگە و ڕووە پڕشنگدارەکەی فەرهەنگی باوەکەی و شەڕکردن بوو لەگەڵ ڕووە نەریتییەکەی، کە زۆرجار مردن دەگۆڕا بۆ سنوور و تەماحەکانی بنەماڵە و خێڵ و بەرژەوەندییە لۆکاڵەکان.

ئەوەی ئەم مەرگە ئازادە سووقراتیانەشی گۆڕی بە ژیانێکی هێمایی درەوشاوە لە مێژوو و یادەوەریی گشتی و ویژدانی دەستەجەمعی کوردیدا، دەست‌هەڵگرتن و بەرزبوونەوە بوو لەسەر حەز و خواستە تاکەکەسی و جەستەییە دابڕاوەکان، بۆ ئەرکە ئەخلاقییەکان. مەرگێک کە -وەک لە قەسیدەیەکدا بۆ یادی کۆماری کوردستان نووسیم- تیایدا پێشەوام بە مەسیحی کورد چوواندبوو، وەک ئاماژەیەک بۆ مردنی پێشەوا و خۆکردن بە قوربانی نەتەوەکەی؛ پووچەڵکردن و بێ‌نێوەڕۆککردنی گێڕانەوەی دوژمن دەربارەی مردنەکەی، و بەرزکردنەوەی بۆ ئاسمانی نەمری و دووبارە گەڕانەوەی لەپێناو دادپەروەریدا.

مردنی پێشەوا، مردن بوو لە جیاتی هەمووان؛ ئەوەش پرسی مردن لەو بازنە دەردەهێنێت کە تێیدا یەکسانە بە دەستەوستانی لەبەرامبەر چارەنووسێکی سەپاو. ڕەگەزێکی ئازادی و ئیرادەی تێکەڵ دەکات و دەیکات بە «بەپیر مەرگەوە چوون». ئەم جۆرە تێڕوانینەش، کارتی ترساندن بە مردن لە دەستی زۆردار دەستێنێتەوە و دەیکات بە ئامرازێکی کەمکردنەوەی لاسەنگی هێز.

پێشەوا تەنیا سەرکردە نەبوو، بەڵکوو سەرمەشقیش بوو. بە گژمەرگدا چوو و نێوەڕۆکی تەقلیدی و سەپاوەکان هەڵوەشاندەوە و گۆڕی بە ئامرازێکی تر لە خەبات. مەرگی خۆی و هاوڕێبازەکانی، لە ڕەمزی نائومێدی گۆڕی بە دەستەچیلەی هەڵگیرساندنی شۆڕشی کەرامەت لە ویژدانی نەتەوەدا. بەمەش مەرگ نەک هەر بوو بە دەروازەی نەمریی، بەڵکوو خسترا ناو قووڵایی ویژدان و یادەوەریی کۆمەڵگە؛ شوێنێک کە هیچ دوژمنێک بە ئاسانی دەستی پێ ناگات.

لە سۆنگەی تێکەڵاو بوونی ناوی پێشەوا و کۆماری کوردستانیشەوە، کۆمار لە ئەزموونێکی سیاسیی کات‌هەڵگیر گۆڕا بە ڕەمزێکی ئیلهام‌بەخش. بەمەش کۆمار ڕزگاری بوو لە مەترسی لەبیرچوونەوە و بوو بە خەونێکی ئایندە کە پێویستە بگەڕێتەوە. بەم جۆرە، کۆمار بوو بە «شەهیدێکی زیندوو»، ڕەمزی مافێکی زەوتکراو و ئیرادەیەکی مکوڕ. واتە بوو بە هێمایەکی وزەبەخش لە ناو ویژدانی دەستەجەمعی کورد. ئەمەش ئاماژەی قۆناغێکی نوێی گەشەی ناسیۆنالیزمی کوردییە؛ قۆناغێک کە مردنەکان لە سنووری خێڵ و ناوچە دەردەچن و بەرز دەکرێنەوە بۆ ئاستی نەتەوە. بەوەش کاتێک پێشەوا شەهید دەبێت، دەبێتە ڕەمزی هەموو کورد، نەک تەنیا ناوچەیەکی دیاریکراو.