نیوزویک – موهاناد سەلووم
و لە ئینگلیزییەوە: کەماڵ حەسەنپوور
بەرزکردنەوەی پلەی موجتەبا خامنەیی هەر ئێستا وەک بەڵگەی بەردەوامبوونی پێکهاتەی دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامی لێک دەدرێتەوە، واتە ڕێژیم خۆی لەبەر شۆکێکی دیکە ڕاگرتووە و درێژەی بە ڕێگای خۆی داوە. ئەو لێکدانەوەیە هەڵەیە. ئەوەی ڕووی داوە بەردەوامبوون نییە. ئەوە ساتەوختێکە کە کۆمارێکی شۆڕشگێڕ، کە لە دژی پاشایەتی دامەزرابوو، دەسەڵاتی هەرە بەرزی کردە پرسی میراتی بەرەباب. کاریگەریی وێرانکەری ئەو دژوازییە گەلێک درێژمەوداتر لە هی بۆمبارانەکان دەبێت.
سیستەمی ئێران بە شێوەیەک داڕێژرابوو، لانی کەم لە تیۆریدا، کە شتێکی بەولاوەتر لە میرات بێت. شۆڕشی ١٩٧٩ دەسەڵاتی پاشایەتی پشتاوپشتیی ڕووخاند. یاسا بنەڕەتییەکەی دەڵێت ڕێبەر دەبێ لە لایەن ئەنجومەنی پسپۆڕان و بە گوێرەی پێوەرەکانی لێزانیی، خوداپەرستیی، لێکدانەوەی سیاسی و لێوەشاوەیی بەڕێوەبەریی، دیاری بکرێت. بە گوێرەی ه ڕاپۆرت، عەلی خامنەیی بۆخۆی دژی بەربژێر بوونی کوڕەکەی بوو، چونکە ئەو نەیدەویست لە دەوڵەتێکدا کە ئاکامی ڕووخاندنی پاشایەتی بووە، بەرەو دەسەڵاتداریی میراتی بڕوات. کۆمارێکی شۆڕشگێڕ دەتوانێت خۆی لە جەنگ دەرباز بکات، بەڵام ئەو ناتوانێت بە هاسانی لەوە ڕزگار بێت کە ببێتە ئەو شتەی گوتبووی جێگرەوەیەتی.
ئەوەی ڕووی دا ئاڵوگۆڕێکی ئاسایی بە گوێرەی یاسای بنەڕەتی نەبوو. بە گوێرەی چەند سەرچاوە، سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی بۆ دانانی موجتەبا خامنەیی وەک ڕێبەر یەکلاکەرەوە بووە، کە ئەوە لەخۆیدا دەرخەری ئاستی لادان لە پڕەنسیپی جێگرەوەی ئایینی بەرەو بەڕێوەبەریی ئەمنییەتییە. ئەوە خاڵی یەکلاکەرەوەیە. کاتێک پیاوانی چەکدار کاریگەرییان لەسەر دەسەڵاتی دادوەریی هەبێت، ئەنجومەنی پسپۆڕان چیدیکە نابێتە یەکەیەکی بڕیاردەری هەڵبژاردن. ئەوە زۆرتر دەبێتە مۆرێکی ڕووکەشی بەسەر بڕیارێک کە لە شوێنێکی دیکەوە دراوە.
کەسایەتی موجتەبا خامنەیی گیروگرفتەکە قووڵتر دەکاتەوە. ئەو قەت بەرپرسایەتییەکی دەوڵەتی لە ئەستۆ نەبووە. ئەو دەرگاوانی باوکی بووە، لە ماوەی زیاتر لە دوو دەیەدا پەیوەندیی نزیکی لەگەڵ سپای پاسداران هەبووە و بەشێوەیەکی بەرفراوان وەک کەسێکی توندئاژۆی دژی پەیوەندیی ڕێفۆرمخوازەکان لەگەڵ ڕۆژاوا بووە. وەک ئالێکس وەتەنخاهی سەر بە ئەنستیتۆی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست ئاماژەی پێ کردووە، "موجتەبا پلەکەی قەرزباری سپای پاسدارانە و لەبەر ئەو هۆیە ئەو ناتوانێ وەکوو باوکی، ڕێبەری گەورە بێت." ئەوە دەسەڵاتی پێ دەبەخشێت. ئەوە نابێتە هۆی دەستڕاگەیشتن بەو پلە ئایینییە دانپێدانراوەی کە خوازیارییەتی، دروست ئەو شتەی قەرار بوو ڕەوایی بە بەڕێوەبەرایەتییەکەی بدات. بەدەسەڵات گەیشتنەکەی ڕەوایی شۆڕشگێڕانە بە پشتگیریی ڕایەڵەی دەسەڵات و ئەمنییەتەوە دەگۆڕێتەوە. ئەو دەتوانێ داوای گوێڕایەڵیی بکات بەڵام بە شێوەی ئۆتۆماتیک ناتوانێ فەرمانی باوەڕی ئایینی بدات. ئەو دامودەزگای باوکی بە میرات دەگرێت، بەڵام ناتوانێ لە میراتی ئەفسانەی باوکیدا بەشدار بێت.
موجتەبا خامنەیی لە نەگونجاوترین کاتدا دەستبەکار دەبێت. بە گوێرەی ڕاپۆرت ئەو لەو هێرشەدا کە کرایە سەر باوکی بریندار بووە، موجتەبا خامنەیی هێشتا لە چاوپێکەوتنێکی فەرمیدا نەدیتراوە و پەیامەکەی بە بۆنەی ساڵی نوێی فارسی (نەورۆز) لە سەر تێلێگرام بە نووسراوە بڵاو کرایەوە، لەجیات بەرەوڕووی خەڵک. لە کاتێکدا جەنگی دەوروبەری ناوبراو بووەتە هۆی کوژرانی گەلێک لە کەسایەتییە پلە بەرزەکانی ناو هێزە سەربازییەکان، هەواڵگریی و دامودەزگا ئەمنییەتییەکانی ئێران، کە لە ئاکامدا جێگرتنەوەکە لە کاتێکدا ڕوویدا کە ئێران بەرەوڕووی زەختی لە ڕادەبەدەری دامەزراوەیی بووەتەوە. ئەوەی ماوەتەوە کابینەیەکی جەنگیی بەرەو توانەوەیە کە لە ڕێبەرێکی ناحازرەوە هاڵاوە.
ئەوە بۆ ئەوڵای تاران بە چ مانایەکە؟
ئاسەوارە ناوچەییەکان ئەو شوێنەیە کە تووشی زەرەری ستراتیژیک دەبێت. ڕایەڵەی میلیشیای هاوپەیمانی ئێران و هێزە بەکرێگیراوەکانی قەت تەنیا بە هاژەک و دراوەوە لەسەر پێ نەبوون. ئەوان پشتیان بە کۆمارێکی ئیسلامییەوە بەستووە کە خۆی وەک ناوەندی پرسێکی نێودەوڵەتی دەبینێت، پرسێک کە لەسەر بەرگریی، قوربانیدان و ڕەوایی ئایینی دامەزراوە. کاتێک دەسەڵاتی گەورە بە ئاشکرا بۆ میراتی بەرەباب و هاوسۆزیی زۆرەملێ دادەبەزێت، ئەو ئیدیعا ئایدیۆلۆژیکییە بنکۆڵ دەبێت.
بڕوانە گۆڕانکارییەکان لە سەرانسەری ڕایەڵەکەدا. دوای هێرشەکانی ئیسرائیل لە ٢٠٢٤، حیزبوڵڵا، لایەنێک کە لە هەمووان زیاتر گرێدراوی ڕەوایی ئایینی ویلایەتی فەقێیە (ئەو دۆکترینە کە لە یاسای بنەڕەتی ئێراندا لە ١٩٧٩ بە دامەزراوەیی کرا، کە لە نەبوونی ئیمامی دوازدەهەمدا دەسەڵاتی باڵای سیاسی هی مەلایەکی پلەبەرزی شیعەیە کە بە نوێنەرایەتی ناوبراو حوکمڕانی دەکات) هەر ئێستا وێران بووە. لە ژێر سەرۆکی ئێستایدا، نەعیم قاسم، جووڵانەوەکە هێشتا گوێڕایەڵبوون بۆ وەلی فەقێ وەک ئەرکێکی ئایینی سەیر دەکات، نەک ئاسانکارییەکی سیاسیی ئاسایی. جێگرتنەوەیەکی بنەماڵەیی دروست ئەو ئیدیعا ئایینییە بنکۆڵ دەکات کە دەسەڵاتی تارانی بە سەر جووڵانەوەکەدا کردووەتە شتێکی زیاتر لە پرسی مامەڵە کردن. بەپێچەوانە، حوسییەکان لە نەریتێکی زەیدی دیاریکراوەوە هەڵقوڵاون (لقێکی ئیسلامی شیعە، کە بە شێوەی نەریتی لە یەمەن و چەند بەشێکی باکووری ئێران هەن، کە دان بە ڕێبەریی بۆ نەوەکانی سەلمێنراوی عەلی و فاتیمە بەهۆی لێهاتوویی و چالاکی دادەنێن تا میراتگریی نەگۆڕ کە تایبەتمەندییەکی سەرەکی شیعەی دوازدە ئیمامییە). ئەوان کەمتر ڕاستەوخۆ بە دۆکترینی مەلایی تارانەوە بەستراونەوە، ئەگەرچی دەسەڵاتی ئێرانییەکان گەشەی ئایدیۆلۆژیکی و سەربازیی ئەوانی داڕشتووە. بۆ ئەوان ئاڵوگۆڕی جێگرەوە کاریگەریی کەمتری لە سەر کردارەکانیان دەبێت، بەڵام هۆکاری زۆرتر بۆ سەیر نەکردنی تاران، لە لایەن ئەوانەوە، وەک خاوەن دەسەڵاتی ئایدیۆلۆژیک دەستەبەر دەکات. میلیشیاکانی عێراق دەکەونە دۆخێکی بەینابەینی، بە هەندێک لایەنەوە کە بەرەو هەڵوێستێکی نەتەوەپەرستانەی زۆرتر یان ئەقڵانییەتی پارێزگارانە دەچن، کە ڕێبەرێکی گەورەی لاواز لەجیات ئافراندنی ئەو ڕێچکەیە، خێراتری دەکات.
ئاکامە گریمانە بۆ کراوەکە ئەوە نییە کە سەرجەم لایەنە میلیشیاییەکان لەناکاو جیا ببنەوە. ئەوە زۆرتر بەو مانایەیە کە بواری ئایدیۆلۆژیکی هاوتەریب بوون لەگەڵ تاران کاڵتر دەبێتەوە. لەگەڵ تێپەڕینی کات، ڕایەڵەکە لە جیات جووڵانەوەیەک، زۆرتر دەبێتە تاقمێک بریکار، نوێنەری بازرگانیی و بەستراوەی ئاسایشی. ئەوە دەسەڵاتێکی هەژارترە و بەخێو کردنەکەی پڕتێچووتر، بە تایبەت بۆ دەوڵەتێک کە هەر ئێستا لە ژێر ئابلۆقەی سەربازیی و ئابووریدایە.
بنەماکانی هەرەسهێنان
کۆماری ئیسلامی قەت تەنیا بە زۆرەملێ کردن حوکمڕانی نەکردووە. سپای پاسداران، میلیشیای بەسیج، سێمینار و ڕایەڵە ناوچەییەکان هەموویان بەو بیرۆکەیە دەژیان: کە ئەوان تەنیا خزمەتی دەوڵەتێک ناکەن، بەڵکوو هی پەرگالێکی ئایینی لە ژێر چاوەدێریی مەلایەکی لێهاتوو. ئەو ئیدیعایە لە ترۆپکەکە بسڕەوە و دامەزراوەی ژێرەوەی تایبەتمەندییەکەی دەگۆڕێت. سپای پاسداران کەمتر دەبێتە پارێزەر و زۆرتر وەک دانەری ڕێبەری گەورەی لێدێت. دامەزراوەی مەلاکان لە سەرچاوەی دەسەڵاتەوە دەبێتە کۆڕێک بۆ پەسەند کردنی دەسەڵات پاش دانانی. ئەو لێکۆڵەرانەی بەدواداچوون بۆ سیاسەتی سپای پاسداران دەکەن چەند ساڵە هۆشداریی دەدەن کە دەسەڵاتی ڕەهای سپای پاسداران دەتوانێت کۆماری ئیسلامی بکاتە دەوڵەتێکی سەربازیی کە تەنیا تۆزقاڵێک ڕەوایی ئایینی دەبێت. بەرزکردنەوەی پلەی موجتەبا خامنەیی ئەو چرکەساتە بوو کە ئەو هۆشدارییە چیدیکە وەک تیۆری نەما.
ئەوە بە مانای هەرەسهێنانی دەستبەجێ نییە. حکوومەتە ملهۆڕەکان دەتوانن ماوەیەکی زۆر پاش درزکەوتن لە بناغە ئایدیۆلۆژیکییەکەیان درێژە بە مانەوە بدەن. ڕێژیم کاکڵێکی سەختی لە لایەنگران و توندئاژۆیانی وەها ڕێکخراوی هەن کە بتوانن ناڕەزایەتییەکان سەرکوت بکەن. بەڵام ڕێژەی لایەنگرانی گەلێک لەو ئاستە نزمترە کە کۆماری ئیسلامی سەردەمێک هەیبوو. لە هەڵبژاردنی مارچی ٢٠٢٤ بۆ پەرلەمان و ئەنجومەنی پسپۆڕان، تەنیا ٢٥ میلیۆن لە کۆی ٦١ میلیۆن ئێرانیی خاوەن مافی دەنگدان دەنگیان دا، پاش ئەوەی شوڕای نیگابان پێشیان بە بەربژێر کرانی ناوەندییەکان و ڕێفۆرمخوازەکان، لە ناویاندا سەرۆککۆماری پێشوو حەسەن ڕۆحانی بۆ هەر ئەو دامەزراوەیە گرت کە ئەرکی هەڵبژاردنی ڕێبەری گەورەی لە ئەستۆیە. ڕێژیم هێشتا دەتوانێ بەرگریکارانی بورووژێنێت. بەڵام گەلێک لەو ئیدیعایە دوورە کە نوێنەرایەتی ئاپۆڕای جەماوەر دەکات.
ڕێژیمێک کە نەتوانێت ڕەواییەکەی نوێ بکاتەوە ناچارە چاوەدێریی بە قەناعەت پێهێنان، پارێزگاریی بە کاریزما و میلیتاریزەکردن بە هاوسەنگیی دامەزراوەیی بگۆڕێتەوە. ئەو بەزەبرتر، بەڵام لە هەمان کاتدا ناسکتریش دەبێت. ڕێبەرانی زۆرتر لەمەڕ ئاسایشی نەتەوەیی دەدوێن چونکە کەمتر دەتوانن بە ناوی بایەخە شۆڕشگێڕییەکانەوە قەناعەت بە خەڵک بێنن. ڕاستکردنەوەی هەڵەکانیان دژوارتر دەبێت چونکە دانپێدانان بە هەڵە هەڕەشەیە بۆ سەر ئەو بنەما تەنکەی دەسەڵات کە ماویانە. جێگرەوە بە گوێرەی بەرەبب سیستەمی ئەوتۆ بە نەرم و نیانی لاواز ناکات. ئەو بە چەقبەستوویی، گومانداریی و بەسترانەوەی هەرچی زۆرتر بە دامودەزگای داپلۆسێنەرە کە لە یەکەم شوێن دەبێتە هۆی ئافراندنی گیروگرفت.
هێرشی ئاسمانی ڕەنگبێ زەرەر بە ڕێڕەوی فڕین، بەندەرەکان، ناوەندەکانی فەرماندەیی و ژێرخانی نەوتی ئێران خێراتر لە هەرجۆرە دژوازییەکی نێوخۆیی بدات. بەڵام وێرانیی فیزیکی زۆرجار دەکرێ نۆژەن بکرێنەوە. ئەفسانەی سیاسی ناتوانێت نۆژەن بکرێتەوە. کۆماری ئیسلامی بە ڕەتکردنەوەی دەسەڵاتداریی بە میراتگیراو سەری هەڵدا و دەسەڵاتی مەلایانی تێکەڵی باوەڕی ئایینی کرد و بەڵێنی دا ڕەواییەکەی لە بایەخە ئیسلامییەکانەوە سەرچاوە بگرێت، نەوەک خوێن. بە بەرزکردنەوەی پلەی موجتەبا خامنەیی، پەیامێکی دیکە نێردراوە: کە لە ساتەوەختی یەکلاکەرەوەدا، شۆڕش بوو بە پرسێکی بنەماڵەیی. ڕەنگبێ موجتەبا خامنەیی ملکەچیی بۆخۆی مسۆگەر بکات. ئەو ڕەنگبێ تەنانەت تەمەنی سیستەمەکە درێژ بکاتەوە، بەڵام کۆمارێکی شۆڕشگێڕ کە ڕوو دەکاتە دەسەڵاتی بنەماڵەیی، توانایی خۆڕاگرییەکەی پێشان نادات. ئەوە دەستپێکی هەرسهێنانی وردە وردەیەتی.