وتووێژ: شەهرام سوبحانی
ئاماژە: لە ساڵیادی شەهیدبوونی پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێیەکانیدا، پێویستمان بە خوێندنەوەیەکی جیاواز هەیە کە لە سنووری گێڕانەوەی کلاسیکیی مێژوویی تێپەڕێت و بچێتە ناو قووڵایی فەلسەفەی وجوودی و شوناسی نەتەوەییەوە. بەڕێز ئەبووبەکر کاروانی، وەک بیرمەند و سیاسەتمەدارێکی دیاری کورد، لەم وتووێژە تایبەتەدا تیشکی خستۆتە سەر ڕەهەندە شاراوەکانی مەرگی پێشەوا و کۆماری کوردستان.
کاروانی بە دیدێکی "پێکهاتەخوازی فەلسەفی"، چەمکی مەرگ لە حاڵەتێکی بایۆلۆژیی کاتییەوە دەگۆڕێت بۆ "ڕووداوێکی مێژووساز"؛ ئەو پێی وایە مەرگی پێشەوا تەنیا کۆتایی ژیانێکی فیزیکی نەبوو، بەڵکوو چرکەساتی لەدایکبوونەوەی هوشیاریی نەتەوەیەک بوو کە لە چنگی مێژووی تۆتالیتار ڕزگاری کردین. کاروانی لەم باسەدا، بە وردی شیکاری بۆ ئەو "ئاشتکردنەوەیە" دەکات کە پێشەوا لە نێوان ناسیۆنالیزمی مۆدێڕن و ویژدانی ئایینی کۆمەڵگەی کوردیدا دروستی کرد، و چۆن توانی مانا تەقلیدییەکانی "شکست" بگۆڕێت بۆ "سەروەری و ڕەمزی هەتاهەتایی".
ئەم وتووێژە تەنیا باسێک نییە لە ڕابردوو، بەڵکوو نەخشەڕێگەیەکی فیکرییە بۆ تێگەیشتن لەوەی چۆن "کۆماری شەهید" وەک وزەیەکی مەعنەوی لە ئێستا و داهاتووی تاکی کورددا دەژی و دەبێتە بەربەستێکی ستراتیژی لە بەرانبەر هەر هەوڵێکی سڕینەوەی فەرهەنگی و نەتەوەیی.
مامۆستا چۆن دەکرێت لە ڕێگەی دیدێکی "پێکهاتەخوازی فەلسەفی" و "مێژوویی"یەوە، خوێندنەوەیەکی جیاواز بۆ یاد و مەرگی پێشەوا قازی و هاوڕێیەکانی بکرێت، کە تێیدا مەرگ لە حاڵەتێکی بایۆلۆژیی کاتییەوە بگۆڕدرێت بۆ "ڕووداوێکی مێژووساز" و ببێتە بزوێنەری شوناسی نەتەوەیەکی بێدەوڵەت لە بەرانبەر مێژووی تۆتالیتاردا؟
لە ساڵیادی شەهیدبوونی پێشەوا و براکانیدا، دووپاتە داڕشتنەوەی نێوەڕۆکی چەمکی مەرگ و پرسی ژیانەوەی نەتەوەیەک، پێویستی بە جۆرە تێفکرینێکی پێکهاتەخوازی ناسادە هەیە. قسەکردن لەسەر کۆماری کوردستان و ناسیۆنالیزمی کوردی وەک دوو ڕەهەندی لێکنەپچڕاو، داوای دیدێکی هەمەلایەنە دەکات؛ چونکە ئەوەی لە مێژوودا ڕوویدا، تەنیا "پێشهاتێکی" ڕووت نەبوو، بەڵکوو "ڕووداو" بوو بە واتا فەلسەفییەکەی. ڕووداو لێرەدا تەنیا چوارچێوەی کات پڕ ناکاتەوە، بەڵکوو مۆرک و ئاراستە و واتایەکی نوێ بە مێژوو دەبەخشێت.
لێرەوەیە کە ئێمە دەتوانین باس لە "دیاردەی مێژوویی" بکەین؛ تێپەڕاندنی دۆخە کاتییەکان بەرەو ئاسۆیەکی مێژووساز کە وەرچەرخانە گەورەکان بەرجەستە دەکات. ئەم یادە ڕووداوێکی فرەرەهەندە کە فەلسەفە، ئایین، ئەدەب و هونەر پێکەوە واتای دەدەنێ. بۆ نەتەوەیەکی بێدەوڵەتی وەک کورد، نەتەوە تەنیا قەوارەیەکی سیاسی نییە، بەڵکوو وەک "ئەنتوان سەعادە" دەڵێت: "کائینێکی زیندووی ڕۆحی و فەرهەنگییە". ناسیۆنالیزمی کوردی لێرەدا دەبێتە پڕۆسەی خەمڵاندنی هۆشیارییەکی بەکۆمەڵ کە دەیەوێت لە یەک کاتدا بچێتە ناو مێژوو و خۆیشی لە چنگی زەبروزەنگە مێژووییەکان ڕزگار بکات.
ئێمە لێرەدا پشت دەکەینە ئەو ڕوانگە کلاسیکە و کۆنکرێتەی کە مێژوو وەک تەوژمێکی پێشوەختە دیاریکراو دەبینێت، کە تێیدا تەنیا "بەهێزەکان" و "خاوەن دەوڵەتەکان" خاوەنی ڕۆح و نێوەڕۆکن. لەو جۆرە مێژووە تۆتالیتارانەدا، نەتەوەیەک وەکوو کورد وەک "هیچ" هەژمار دەکرێت. بەڵام سەدەی بیستەم و بەرگریی کورد لە بەرانبەر تواندنەوەدا، پێچەوانەی ئەمەی سەلماند. مانەوەی یادی پێشەوا باشترین بەڵگەیە کە مێژوونووسیی نەتەوەی باڵادەست شکستی هێنا لەوەی شەهیدبوونی ئەوان وەک "مردنێکی فیزیکی" و "ونبوون لە خاکدا" وێنا بکات. ناسیۆنالیزمی کوردی مەرگی ئەوانی کردە گیانێکی ڕووت و ئەفسانەیەک کە سنووری عەقڵی بڕی و چووە نێو مەملەکەتی خەیاڵی جاویدانەوە.
بۆ ئەوەی ئەم یادە لە ڕۆخسارە سیاسییە ڕووتەکەی دەربچێت، دەبێت لە ڕوانگەی دوو پرسیاری مێتۆدییەوە سەیری بکەین:
١. گۆڕانی مەفهوومی مەرگ: چۆن ١٠ی خاکەلێوە مەرگی لە "نەبوونی فیزیکی"یەوە گۆڕی بۆ "بوونێکی ڕەمزی" کە تێیدا مەرگی ڕابەر دەبێتە چرکەساتی لەدایکبوونەوەی نەتەوە؟
٢. شەهید وەک فۆرمێکی باڵای ژیان: چۆن وێنەی مەرگ لە مۆتەکەیەکی ترسناکەوە گۆڕدرا بۆ نەمری، و ئەم تێڕوانینە چۆن لەنێوان گوتاری ئایینی و ناسیۆنالیزمی مۆدێڕندا یەکی گرتەوە؟
ژیانی جیاواز، مەرگی جیاوازیشی بەدوادا دێت. مەرگ لێرەدا کۆتایی نییە، بەڵکوو سەرەتایەکە بۆ ژیانێکی هەمیشەیی کە تێیدا "مەرگ دەمرێت". چەمکی شەهید، چ بە مانا ئیسلامییەکەی و چ بە مانا نەتەوەییە هاوچەرخەکەی، دووپاتە مانا بە بوون دەبەخشێتەوە. کاتێک بکوژەکان وا دەزانن بە لەداردان کۆتاییان بە پێشەوا هێنا، لەو ڕاستییە بێئاگان کە هەر لەو چرکەساتەوە هەژموونی خۆیان بەسەر ئەودا لەدەست دا؛ چونکە شەهید لە ویژدانی بەکۆمەڵدا دەبێتە "هەموو شوێنێک" و لە ژیانێکی مەعنەویدا نیشتەجێ دەبێت.
ڕەگی ئەم نەمرییە لە فەرهەنگی ئایینی ئێمەشدا قووڵە. قورئان جەخت دەکاتەوە کە شەهیدان بە مردوو ئەژمار نەکەن، چونکە ئەوان لە لای پەروەردگاریان زیندوون. ئەم تێگەیشتنە مێتافیزیکییە، لە ناسیۆنالیزمی کوردیشدا (هاوشێوەی بەسیکیولارکردنی چەمکەکان لە خۆرئاوا) ڕەنگی دایەوە. مەرگی پێشەوا لە ویژدانی جڤاکی کوردیدا، مەرگی جەستەیی تێپەڕاند و بوو بە دەروازەی شکۆمەندی.
ئێمە دەخوازین لەم یادەدا، پەنجەرەیەکی نوێ بۆ توێژەرانی گەنج بکەینەوە تا بە ڕوانگەیەکی تیۆریی خۆماڵی، زیانناسی بۆ ئەو زەبرە مێژووییانە بکەن کە ئایدۆلۆژیا و ململانێ حیزبییەکان لەم ڕەوتە نەتەوەییەیان داوە، تا ناسیۆنالیزمی کوردی لەسەر بنەمایەکی فکریی قووڵتر بینا بکەینەوە.
پێشەوا قازی محەممەد چۆن توانی لە ڕێگەی مەرگە "سوقراتئاسا" و کەرنەڤاڵییەکەیەوە، پارادۆکسی نێوان "ناسیۆنالیزمی مۆدێڕن" و "ویژدانی ئایینی"ی کۆمەڵگەی کوردی ئاشت بکاتەوە و مانا تەقلیدییەکانی مردن لە خاڵی لاوازییەوە بگۆڕێت بۆ ڕەمزێکی نەمری و شکۆیەکی جەماوەری؟
ئەوەی سیفەتێکی ناوازەی بەو کۆچە بێدەنگ و لە هەمان کاتدا کەرنەڤاڵیی و قووڵەی پێشەوا بەخشی، ئامادەییەکی چڕی چەمکی "شەهید" بوو لە گشتێتیی خۆیدا؛ ئاوێتەبوونێکی دیالێکتیکی لەنێوان ڕەهەندە ڕۆحییە ئیسلامییەکە و ئاسۆیە نەتەوەییە مۆدێڕنەکە. لێرەدا ناسیۆنالیزم وەک چەمکێکی سێکیولار، لە جیاتی دابڕان لە ڕەگ و ڕیشە دینییەکانی کۆمەڵگە، لەناو تۆڕە سوننەتییەکاندا گەشەی کرد. بەهۆی درەنگ بەجەماوەریبوونی ئایدیا چەپەکان لەو قۆناغەدا، ناسیۆنالیزمی کوردی نەک هەر لە ئاماژە ئایینییەکانی شەهید دانەبڕا، بەڵکوو چەمکی شەهادەتی بارگاوی کرد بە ماناگەلێکی نوێ؛ واتە گۆڕینی هەستی "موسڵمانێتی" بۆ "ئیرادەی سیاسی" لە چوارچێوەی جوگرافیایەکی دیاریکراودا.
پێشەوا لە ژیان و مەرگی ئازادانە و سوقراتانەی خۆیدا، بەرجەستەکەری کەسێتییەکی "کۆکەرەوە" بوو کە نەدەهاتە سەر دابەشبوون. ئەو خاڵی بەیەکگەیشتنی چەندین دژەباو بوو:
. کوردبوون و موسڵمانێتی: وەک دوو توخمە ڕەسەنەکەی ناسنامە.
. ناسیۆنالیزم و دێموکراسی: وەک ئامراز و ئامانجی مۆدێڕنیتەی سیاسی.
. عەدالەتی ئیسلامی و کۆمەڵایەتی: وەک ویژدانی بزوێنەری شۆڕش.
ئەم ئاوێتەبوونە هارمۆنییەی ناوەکی، پێشەوای کردە ڕەمزی سەردەمێکی زێڕین پێش سەرهەڵدانی دووانەییە ناتەبا و دەستکردەکانی دواتر. هەر بۆیە تا ئێستاش هیچ ئایدیۆلۆژیایەکی تاکڕەهەند و نامۆ نەیتوانیوە لە شکۆ و ڕەوایەتیی مێژوویی ئەو کەم بکاتەوە. ئەمە تەنیا بەرهەمی فەزیلەتە کەسییەکانی نەبوو، بەڵکوو ڕەنگدانەوەی ڕۆحییەتی "ژ.ک" و واقیعی زیندووی کۆمار بوو؛ جەنگێک بوو لە دژی ئەو فەرهەنگە نەریتییەی کە مەرگی مەزنی کورت دەکردەوە بۆ ئاستی بەرژەوەندیی خێڵ و هەژموونە لۆکاڵەکان.
ئەوەی ئەم مەرگەی گۆڕی بۆ ژیانێکی هێمایی درەوشاوە لە ویژدانی دەستەجەمعیی کوردیدا، بڵندبوونەوەی ئۆنتۆلۆژیی پێشەوا بوو؛ تێپەڕاندنی حەزە جەستەییەکان و غەریزەی ترس لەپێناو ئەرکێکی ئەخلاقیی باڵاتردا. لێرەدا پێشەوا وەک "مەسیحی کورد" دەردەکەوێت؛ ئەو بە مەرگی خۆی، گێڕانەوەی دوژمنی پووچەڵ کردەوە و مەرگی فیزیکیی گۆڕی بۆ "نەمر بوون لە ئاسماندا"، تا وەک ڕێبەرێکی ئەبەدی بۆ چەسپاندنی دادپەروەری و ڕزگاریی یەکجاری بگەڕێتەوە ناو مێژوو.
مردنی پێشەوا و براکانی، "مردن بوو لەجیاتی هەمووان". ئەمە پرسی مەرگ لە چوارچێوەی "قەدەری سەپێندراو" دەردەهێنێت و دەیکاتە کردەیەکی ئازادانە. بە گوزارشتە مانیفێستۆییەکەی پیرەمێرد، ئەمە "بەپیر مەرگەوە چوون"ە. ئەم تێڕوانینە فەلسەفییە بۆ مەرگ:
١. کارتی ترساندن لە دەستی داگیرکەر دەردەهێنێت.
٢. لاسەنگیی هێزی ماددی لە ڕێگەی هێزی مەعنەوییەوە قڵپ دەکاتەوە.
٣. خاڵی لاوازی (فەنابوون) دەگۆڕێت بۆ خاڵی هێز (مانەوە).
لە کۆتاییدا، ئەم مەرگە ڕێگەی گرت لەوەی "شەهیدەکان شەهید بکرێنەوە". واتە ڕێگری کرد لەوەی دوژمن لە ڕێگەی گێڕانەوەی چەواشەکارانەوە، مەرگی ئەوان لە مانا نەتەوەیی و ئەخلاقییەکەی خاڵی بکاتەوە. پێشەوا بە خوێنی خۆی، ڕاستییەکی مێژوویی چەسپاند کە نەک هەر مافی میللەتێک، بەڵکوو کرۆکە ئەخلاقی و ئینسانییەکەی دۆزی کوردیشی لە هەموو جۆرە شێواندنێکی مێژوویی پاراست.
ڕۆڵی پێشەوا قازی محەممەد لە گۆڕینی مانا تەقلیدییەکانی "شکست و مەرگ" بۆ "سەروەری و ڕەمزی نەتەوەیی" چی بوو؟ و چۆن توانی لە ڕێگەی شەهیدبوونی خۆی و کۆمارەوە، ئاسۆیەکی نوێ بۆ ناسیۆنالیزمی کوردی و ویژدانی دەستەجەمعی تاکی کورد لە هەموو پارچەکاندا بکاتەوە؟
پێشەوا قازی محەممەد، تەنیا وەک کارەکتەرێکی سیاسیی ڕێبەرایەتی نەکرد، بەڵکوو لە ڕێگەی "مرۆڤناسیی مەرگ"ـەوە، مەرگی خۆی گۆڕی بۆ کردەیەکی سەرمەشقانە. ئەو توانی ئەو مانا تەقلیدی و شێوێنراوانەی کە لەسەر جەستەی سیاسیی کورد سەپێنرابوون، هەڵوەشێنێتەوە و مانا لە نێو کایە کوردییەکەدا دابڕێژێتەوە. مەرگی ئەو، تەنیا کۆتاییەکی بایۆلۆژی نەبوو، بەڵکوو بوو بە ئامرازێکی "دیالێکتیکی" بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گوتاری هەژموونخوازی دەوڵەت - نەتەوەی سەردەست؛ ئەو دەوڵەتەی کە کورد وەک "ئەوی دی"یەکی بێ داهاتوو و وەک ئۆبژەیەک بۆ تێرکردنی غرووری ناسیۆنالیزمی باڵادەست دەبینێت.
وەسیەتە وتراو و نەوتراوەکانی پێشەوا، کە بە مەرەکەبی "دواهەناسە" و ڕوانینی قووڵی هاوسەنگەرانی نووسرانەوە، تراژیدیای مەرگیان لە ڕەمزی شکست و نائومێدییەوە (کە خواستی داگیرکەر بوو) گۆڕی بۆ پڕووشکەی بزوێنەری شۆڕشی کەرامەت. ئەم پێناسەکردنەوەیەی مەرگ لە ڕێگەی:
. پێداگری لەسەر ئامانجە نەتەوەییەکان.
. ڕەتکردنەوەی گوتاری "خۆکەمبینین" و "هەست بە گوناهکردن".
. بەرپەرچدانەوەی ئاکاری ژێردەستەیی و کاسەلێسی.
بەمەش، پێشەوا مەرگی خۆی کردە دەروازەیەک بۆ نەمریی نەتەوەیی و ناوی خۆی لە قووڵایی ویژدانی جەمعیدا جێگیر کرد؛ بە چەشنێک کە بوو بە "تارماییەکی دادپەروەر" کە تا هەتایە خەو لە چاوی ستەمکار دەزڕێنێت.
بەهۆی تێکەڵاوبوونی گەوهەریی ناوی پێشەوا و کۆمار، کۆماری کوردستانیش لە چوارچێوەی ئەزموونێکی سیاسیی کاتی و سنووردار، گۆڕا بۆ "ڕەمزێکی مێتافیزیکی ". کۆمار لە ڕووداوێکی مێژوویی مەحکووم بە شوێن و کاتەوە، بوو بە خەونێکی کامڵ کە لە داهاتوودا چاوەڕوانی وەدیهاتنە. کۆمار ئێستا نەک هەر ئەزموونێکی ڕابردوو نییە، بەڵکوو وەک "کۆماری شەهید" و ئیرادەیەکی زیندوو لە ناو ڕۆحی نەتەوەدا گەورە دەبێت.
ئەم جۆشخواردنە مەزنەی ڕەمزەکان (پێشەوا و کۆمار)، ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ گەیشتنی ناسیۆنالیزمی کوردی بە قۆناغی "سەروو - ناوچەیی" و "سەروو – حیزبی ". لەم خاڵەدا، مەرگی پێشەوا و براکانی، سنوورە دەستکردەکانی "ڕۆژهەڵات" دەبەزێنێت و دەبێتە مانیفێستۆی کۆی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهاندا.
ئەم گوتارە نوێیە، نەک تەنیا پیلانی داگیرکەری بۆ کورتکردنەوەی کۆمار لە ناو مێژووی شارێکدا (مەهاباد) پووچەڵ کردەوە، بەڵکوو مانا و ناسنامەی کوردی وەک یەکەیەکی یەکگرتوو و دانەبڕاو لە لووتکەی مێژوودا جێگیر کرد.
پێگەی مێژوویی و سیمبولیی "پێشەوا" لە گوتاری ناسیۆنالیزمی هاوچەرخی کوردیدا چۆن دەخوێندرێتەوە، و شەهیدبوونی چۆن ڕەهەندێکی گشتگیر و نەتەوەیی بە پرسی کورد بەخشی کە لە سنووری تاکەکەس و ناوچەیی تێپەڕێت؟
مێژوو وەک دادگایەکی باڵای حەقیقەت، ئەو ڕاستییەی لە مێمۆریای نەمریی خۆیدا چەسپاندووە کە پێشەوا قازی محەممەد، فۆرمێکی مێژووییە کە ناتوانرێت لە چوارچێوەی "شەهیدی جوگرافیایەکی دیاریکراو" یان "پارێزەری قەوارەیەکی سنووردار"دا کورت بکرێتەوە. فیداکاریی ئەو، تەنیا مانۆڕێکی سیاسی بۆ دەستەبەرکردنی ئۆتۆنۆمییەکی ناوچەیی نەبوو؛ بەڵکوو ئەو لە درەوشاوەترین وەرچەرخانی مێژووییدا، وەک شەهیدی تاقانەی سەربەخۆیی، دادپەروەری و کەرامەتی نەتەوەیی دەرکەوت. ئەو گەروویە بوو کە هاواری بێبەشی و ستەملێکراویی کوردی گەیاندە ئاستی "هەڵسانەوەی بوونناسیی نەتەوە".
ئەم گێڕانەوەیە کە بە زمانێکی تراژیدی و شکۆمەندانە (وەک شمشاڵی مەرگێکی ئازادانە) ژەنراوە، ئەوەندە بە قووڵی تێکەڵ بە ڕۆحی ناسیۆنالیزمی کوردی بووە، کە هەموو ئەو هەوڵە تاکتیکی و وردەواڵە ڕەخنەییانەی تێپەڕاندووە کە دەیانویست گومان بخەنە سەر ڕەوایەتیی ئەو پێگە سیمبۆلییە. چونکە پێشەوا لەو ساتەوەختەی بوو بە جەوهەری پڕۆژەی (ژ.ک) و کۆمار، لە "خودێکی بایۆلۆژی"یەوە گۆڕا بۆ "ناسنامەیەکی گشتگیر". مەرگی ئەو نەک کۆتایی، بەڵکوو بوو بە مانیفێستۆیەکی نەمری کە تێیدا ئازار، ئومێد و خۆڕاگریی کورد، فۆرمێکی باڵای "ئەزموونکردنی ئازادی"یان وەرگرت.
ئەگەر بە گوزارەیەکی هێگڵیانە و بە خوێندنەوەیەکی کوردی سەیری مێژوو بکەین، پێشەوا لە ساتەوەختێکی دیاریکراودا دەبێتە "ڕۆحی نەتەوە" لەسەر پشتی ئەسپە تیژڕەوەکەی مێژوو. شەهیدبوونی ئەو پڕۆسەیەکی "نەمان" نییە، بەڵکوو پڕۆسەی "بەجەوهەربوون"ە. ئەو ئاڵایەی لە سێدارەدا لە دەستی نەکەوت، لە ڕێی پەیمانێکی کۆمەڵایەتیی نوێوە گوازرایەوە بۆ پەنجە ڕۆحییەکانی نەتەوە و نەوەکانی داهاتوو.
ئەم وەرچەرخانە، تێگەیشتنی ئێمە بۆ "پەیمانی کۆمەڵایەتی" لە نێوان تاکی کورد و پێشەنگە ناسیۆنالیستەکان نوێ دەکاتەوە. لە غیابی دەوڵەتدا، پێشەوا دەبێتە ئەو جەمسەرەی کە ناسنامەی هاوبەشی کوردی لە دەوری کۆ دەبێتەوە. لێرەوە دەتوانین ژێرخانێکی فکریی خۆماڵی بۆ ناسیۆنالیزمی کوردی دابمەزرێنین؛ ژێرخانێک کە تێیدا "شەهید" و "ڕەمز" دەبنە کەرەستەی پەروەردەی سیاسی و ئامرازی تێپەڕاندنی قەیرانە نێوخۆییەکان. پێشەوا وەک ڕەمزێکی "سەروو - ئایدۆلۆژیا" و "سەروو - حیزب"، دەتوانێت پایەکانی نەتەوەسازیی مۆدێڕن لەسەر مەرجەعییەتی مێژوویی (ژ.ک و کۆمار) دووپاتە دابڕێژێتەوە.
پێشەوای شەهید دوای مەرگی، سەنگەری سەرکردایەتی چۆڵ ناکات، بەڵکوو تووشی جۆرێک لە "دۆنادۆنی نەتەوەیی" دەبێت. بەپێچەوانەی مانا ئایینییە کلاسیکییەکەی دۆنادۆن (کە تێیدا ڕۆح لە جەستەیەکی تاکەکەسەوە دەچێتە یەکێکی تر)، دۆنادۆنی پێشەوا "گشتگیر و فینۆمینۆلۆژی"یە. ڕۆحی ئەو ناچێتە ناو یەک تاکی دیاریکراوەوە، بەڵکوو دەچێتە ناو ویژدان، خەیاڵدان و ئیرادەی کۆیی نەتەوە. ئەو لە هەموو شوێنێکدایە؛ لە دەروونی پێشمەرگەیەکدا، لە ئومێدی منداڵێکدا و لە عەقڵی بیرمەندێکدا.
ئەو بەو مانایەی دۆرکهایم ئاماژەی پێ دەدات، سنوورە تەسکەکانی "کەسێتیی بایۆلۆژی" تێپەڕاند و گەیشتە قۆناغی "مرۆڤی باڵا ". ئەو مرۆڤەی کە چیدی بۆ "خودی خۆی" ناژی، بەڵکوو ئینتیمای بۆ "خێری گشتی" و "مانەوەی نەتەوە" هەیە. پێشەوا تەنیا سەرکردەیەک نەبوو کە مێژووی نووسییەوە، بەڵکوو خۆی بوو بەو مێژووەی کە هەموو کوردێک دەبێت تێیدا خۆی بدۆزێتەوە.
ڕۆڵی مێژوویی و دەروونیی پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێیانی لە ڕزگارکردنی ناسیۆنالیزمی کوردی لە پڕۆسەی "تواندنەوە و مردنی کولتووری" چی بوو، و چۆن شەهیدبوونیان بووە بەربەستێک لە بەردەم نەتەوەسازییە سەرکوتکارەکەی ڕەزا شا و پاراستنی شکۆی تاکی کورد؟
پێشەوای شەهید، ژیانی خۆی نەک تەنیا وەک پێگەیەکی سیاسی، بەڵکوو وەک پڕۆژەیەکی بوونگەرایی بۆ ڕزگاری و سەربەخۆیی کوردستان تەرخان کرد. ئەو توانی ئیرادەی نەتەوەیەک لە کەسێتییەکی سیمبولیک و پێشەنگدا بەرجەستە بکات. شەهیدبوونی ئەو و هەواڵە تێکۆشەرەکانی، تەنیا کۆتاییەکی فیزیکی نەبوو، بەڵکوو وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو کە ناسیۆنالیزمی کوردی لە گەرووی "تواندنەوەی کولتووری" و پڕۆسە توندوتیژەکانی نەتەوەسازیی دەوڵەت - نەتەوەی سەردەست دەرهێنا.
١. دروستکردنی مەودای فێنۆمینۆلۆژی و ستراتیژی
قوربانیی پێشەوا و هاوڕێیانی، مەودایەکی زەینی و ڕۆحیی لە نێوان "خودی کورد" و "ئەوی دی"ی سەرکوتکاردا دروست کرد. ئەم مەودایە بووە هۆی پەکخستنی میکانیزمە بێبەزەییەکانی پڕۆسەی نەتەوەسازیی "ڕەزاشایی" کە ئامانجی سڕینەوەی ناسنامەی جیاوازی کورد بوو. بەمەش پێشەوا توانی مۆتەکەی "کۆتاییهاتنی مێژوویی کورد" تێکبشکێنێت و ڕێگری بکات لەوەی کورد ببێتە پاشکۆیەکی بێ ناسنامەی گوتاری ناوەندگەرا.
٢. بەدەروونیکردنی نیشتمان و پڕکردنەوەی بۆشایی وجودی
یەکێک لە دەستکەوتە گەورەکانی پێشەوا، گواستنەوەی چەمکەکانی (کوردستان، کۆمار، ئاڵا و شەهید) بوو لە کایەکی فیزیکییەوە بۆ ناو "خەیاڵدانی بەکۆمەڵی" و دەروونی تاکی کورد. ئەم کارە بووە بەربەستێکی دەروونیی پۆڵایین کە ڕێگەی نەدا نەتەوە لەناو گێژاوی بێدەوڵەتیدا تووشی هەڵوەشانەوە ببێت. لە غیابی قەوارەیەکی سیاسیدا، ئەو توانی جۆرێک لە "پرێزبەندیی ڕۆحی" بە کۆمەڵگە ببەخشێت، تا لە بەرانبەر گوتاری نکۆڵیکاردا (کە کورد تەنیا بە "قەوم" و خێڵ دەبینێت نەک نەتەوە) خۆی ڕادەست نەکات.
٣. شکستی ستراتیژیی دوژمن و ژیانەوەی ناسیۆنالیزم
ئەگەرچی پێشەوا لە ڕووی فیزیکییەوە نەگەیشتە دوا مەنزڵی سەربەخۆیی، بەڵام توانی ستراتیژیی بنەڕەتیی نەیاران کە "سڕینەوەی یەکجارەکیی کورد" بوو، پووچەڵ بکاتەوە. گەشانەوەی هەستی نەتەوایەتی لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو و تێکەڵبوونی ئامانجەکانی پێشەوا بە ژیانی ڕۆژانەی خەڵک، گەورەترین بەڵگەی سەرکەوتنی ئەم گوتارەیە.
٤. لە "بەرکار"ەوە بۆ "بکەر"؛ گەڕانەوە بۆ شکۆ
لەسەر بنەمای تێڕوانینە سارتەرییەکان، پێشەوا ڕێگەی نەدا تاکی کورد لە "بکەرێکی خاوەن ئیرادە و خەون، بگۆڕێت بۆ "بەرکارێکی" بێدەسەڵات کە تەنیا "ئەوانی دی"ی دەسەڵاتخواز نەخشەی بۆ بکێشن. ئەو ڕێگەی گرت لەوەی کورد تووشی "خونهۆمۆیی" و "گرێی هەست بە کەمی" ببێت. ئەم میراتە فکرییە، تاکی کوردی فێری ئەوە کرد کە بە شانازییەوە سەیری ناسنامەی خۆی بکات و وەک نەتەوەیەکی زیندوو، شکۆی مێژوویی و کولتووریی خۆی لە بەرانبەر هەژموونی ناوەندگەراییدا بپارێزێت.
پڕۆسەی ناساندنەوەی کورد وەک گەشتێکی مەعریفی، چۆن لە ڕێگەی گۆڕینی 'ئازار' بۆ 'هۆشیاری' و 'واتا'، کار بۆ تێپەڕاندنی ناسنامە سەپاوەکان و زیندووکردنەوەی کەرامەتی نەتەوەیی و مرۆیی کورد دەکات؟
پڕۆسەی دووبارە ناساندنەوەی کورد، گەشتێکی مەعریفیی قووڵە بۆ تێپەڕاندنی ئەو شوناسە "فەرمییە" داسەپاوەی کە بەرهەمی نەتەوەسازییە توندوتیژەکان و جەبرە جیۆپۆلیتیکییەکانە. ئەم پڕۆسەیە هەوڵێکە بۆ داڕشتنەوەی شوناسێکی نوێ لە دەرەوەی ڕەچەتەی دەوڵەتە ناوەندگەرەکان؛ شوناسێک کە گوزارشت لە جیاوازییەکی بوونگەرایی دەکات و کورد وەک بکەرێکی مێژوویی لە ئاستی جیهانیدا دەناسێنێت.
ئامانجی ئەم جووڵەیە، گەڕاندنەوەی "زیندوێتی"یە بۆ جەستەیەکی سیاسیی شەکەت و زەبرخواردوو. ئەم زیندوێتییە تەنیا جووڵەیەکی سادە نییە، بەڵکوو گۆڕینی دۆخی "نیمچە-سڕبوون"ە بۆ "جووڵەیەکی مێژوویی". لێرەدا ئازار دەبێتە خاڵی وەرچەرخان؛ بەو پێیەی مرۆڤی بێهۆش هەست بە ئازاری نەشتەرگەری ناکات، کوردیش پێویستی بە جۆرێک لە "بێداریی وجودی" هەیە تا هەست بەو ستەمە بکات کە لێی دەکرێت. وەک چۆن مارکس ئاماژەی پێ دەکات، ئەوەی شۆڕش دروست دەکات تەنیا بوونی ستەم نییە، بەڵکوو هۆشیاربوونەوەیە بەو ستەمە.
دژبەرانی کورد، لە هەوڵێکی بەردەوامدان بۆ هێشتنەوەی ئەم نەتەوەیە لە دۆخی بێهۆشیدا؛ ئەوان ڕۆڵی "جەللاد" لە بەرگی "پزیشک"دا دەگێڕن. دەیانەوێت کورد تەنیا وەک کۆمەڵێک "ئەندامی جەستەیی" بمێنێتەوە بۆ ئەوەی ئەوان وزەی لێ هەڵبمژن و لەسەر حیسابی مەرگی ئەو، گەشە بکەن. ئەمە ڕێک ئەو دۆخەیە کە کانت وەک "نائەخلاقیترین" کردە پێناسی دەکات: گۆڕینی مرۆڤ بۆ ئامراز. خەباتی کورد لێرەدا ڕەهەندێکی ئەخلاقیی گەردونی وەردەگرێت؛ چونکە تێدەکۆشێت بۆ ئەوەی مرۆڤی کورد لە "ئامراز" و "کۆیلە"بوونەوە بگۆڕێت بۆ "ئامانج" و سەنتەری سیاسەت، و کەرامەتە مرۆییە پێشێلکراوەکەی بۆ بگێڕێتەوە.
زیندوێتیی نەتەوەیی تەنیا بە واتای ناسینی دوژمن نییە، بەڵکوو بە واتای "واتادان بە ئازارەکان"یشە. کاتێک ئازار دەبێتە خاوەن واتا، جەنگی دەروونی و ئایدیۆلۆژیی داگیرکەر پووچەڵ دەبێتەوە. ئەو داگیرکەرەی کە دەیەوێت بە چەواشەکاری و ڕەشبینکردن، کورد بەوە قایل بکات کە خەباتەکەی "سەرکێشییەکی بێهودە" و "بێ ئاگاییە". ئەم بێدارییە وا دەکات کورد چیتر لە چاوی "ئەوی دی" (ناحەز)ەوە سەیری خۆی نەکات، بەڵکوو بە چاوی خۆی نێوەڕۆک بە ئێستا و داهاتووی ببەخشێت.
لە کۆتاییدا، ئەم ئازار و مەینەتییانە کاتێک بە ناوی "خودی نەتەوەوە" تۆمار دەکرێن، دەبنە هەوێنی "کۆ-یادەوەری" و مێژوویەکی ئیلهامبەخش. ئەم هۆشیارییە تەنیا لە کاتی ژیان و تێکۆشاندا بەرجەستە نابێت، بەڵکوو لە ساتی "مەرگی شەهادەتخوازانە"شدا دەگاتە لووتکەی شکۆ و درەوشانەوە؛ چونکە ئەوە مەرگێکە لەپێناو کەرامەت، نەک تەسلیمبوون بە فەنابوونێکی بێدەنگ.
چەمکی شەهید و شەهیدبوون لە ڕوانگەی ئایینی، نەتەوەیی و مێژووییەوە لە فەزای کوردستاندا چۆن پێناسە دەکرێتەوە، و پەیوەندیی نێوان "چۆن ژیان" و "نەمریی مەرگ" لە ئەزموونی مرۆڤی کورد و مێژووی سیاسیی وەک کۆماری کوردستاندا چۆن بەرجەستە دەبێت؟
لە کایەی گشتیی کوردەواریدا، مەرگ تەنیا کۆتاییەکی بایۆلۆژی نییە، بەڵکوو وەرچەرخانێکی سیمبۆلیکییە؛ کاتێک لە تەک تەجەللیاتی ئایین و دەنگی قورئاندا، سروودی «ئەی شەهیدان» دەبێتە مانیفێستۆ، لێرەدا سنووری نێوان «مردن» و «شەهادەت» تەڵخ دەبێت. ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمەکانمان بەرەو مەزارگەی شەهیدان، گوزارشتە لە وشیارییەکی قووڵی مێژوویی؛ تەنانەت گۆڕستانە ئاساییەکانی کوردستانیش، لە جەوهەردا، «مەزارگەی شەهیدانی گمنام»ـن. ئەوان ئارامگەی ئەو مرۆڤە جەزرەبەچەشتوانەن کە تەنیا لەبەر «کوردبوون» ڕووبەڕووی ستەمی سیستەماتیک، ئاوارەیی و تاڵاوی ژیان بوونەتەوە.
ئەم ڕوانگەیە لەسەر ئەو بنەما فەلسەفییە وەستاوە کە: « هەموو چەوساوەیەک شەهیدە، بەو مەرجەی کەرامەتی مرۆیی خۆی لەبەردەم جەللاددا ڕادەست نەکردبێت .» ئەم خوێندنەوەیە لەگەڵ ئاسۆیەکی فراوانی ئیسلامیشدا یەک دەگرێتەوە؛ ئەو ڕوانگەیەی کە شەهادەت لە قاوغی جەنگی چەکداریدا قەتیس ناکات، بەڵکوو مەرگی نائاسایی (وەک سووتان، خنکان، و مردنی ژنان لە کاتی منداڵبووندا) بە ڕەنجێکی ئینسانی و پلەیەکی باڵای شەهادەت دادەنێت.
لێرەدا، چەمکی «شەهید» لە قورئاندا لە وەسفی مردووەوە دەگۆڕێت بۆ «شایەتی زیندوو». شەهید ئەو ڕەمزە ئەخلاقییەیە کە بە ژیانە پەیامدارەکەی، دەبێتە بەڵگەی ڕاستی و دادپەروەری بەسەر سەردەمەکەی خۆیدا. کاتێک ئەم گوتارە دەگوازینەوە بۆ نێو کایەی ناسیۆنالیزمی کوردی، مانا فەلسەفییەکەی زیاتر دەدرەوشێتەوە. وەک لەو چوارینەیەدا هاتووە:
«لە مەحشەری گیانەکاندا، لەپای ئەو ڕەنجەی وەک کورد کێشاوم، داوای پلەی شەهادەت لە خودا دەکەم.»
لەسەر ئەم بنەما فکری و ڕۆحییە، دەتوانین کوردستان بە «شەهیدستانی سەردەم» ناوزەد بکەین. تەنانەت ئەوانەی بە مەرگی سروشتیش کۆچی دوایی دەکەن، بەهۆی ئەو ئاواتە نەتەوەییە سەرکوتکراوانەی دەیبەنە ژێر خاک، بەشێکن لەو خەباتە بەردەوامەی بۆ بەدەستهێنانی «دانپێدانان» و «ماف» لە ئارادایە. لێرەدا، مێژووی کۆمار و ئەزموونی پێشەوا و هاوڕێیەکانی، مۆدێلێکی سیاسی و ئەخلاقین کە نیشانی دەدەن مێژوو بە «ژمارە و تەمەن» ناپێورێت، بەڵکوو بە «چۆنیەتیی ئامادەبوون» پێناسە دەکرێت.
کارتێکردنی سیمبۆلیکی و ژیانی مەعنەوی، پەیوەستە بە «چۆن ژیان» نەک «چەند ژیان». مەرگی وشیارانە، وەڵامێکە بۆ شێوازی ژیان و سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی مرۆڤ لە وێنەیەکی هەرمانییدا کە تێپەڕبوونی کات ناتوانێت لە مانا و ڕەمزییەتەکەی کەم بکاتەوە.
نەمریی نەتەوەیی لێرەوە سەرچاوە دەگرێت: لە مەرگێکی وشیارانەدا کە تێیدا ڕابردوو، ئێستا و خەونەکانی داهاتوو لە یەک خاڵدا دەبنە یەک. ئەم ئاوێتەبوونەی نێوان ڕەهەندی ئایینی و نەتەوەیی لە ئەزموونی کۆماری کوردستاندا گەیشتە لووتکە؛ ئەو شوێنەی کە خودوشیاریی نەتەوەیی و وشیاریی مێژوویی بە جۆرێک بەیەکدا دەچن کە مەرگ دەبێتە سەرەتای ژیانێکی ئەبەدی لە ویژدانی میللەتدا.
بۆچی ڕووخانی سەربازیی کۆماری کوردستان نەبووە هۆی کۆتاییهاتنی، و چۆن ئەم ئەزموونە لە حوکمڕانییەکی ١١ مانگییەوە بوو بە ناسنامەیەکی نەمری نەتەوەیی؟
کۆمار لە جەوهەردا، تەنیا ڕووداوێکی سیاسیی ڕێکەوت نەبوو، بەڵکوو هەوڵێکی ئۆنتۆلۆژی بوو بۆ دووپاتە بەستنەوەی مرۆڤی کورد بە ڕەگەکانی خۆی و دروستکردنی کەڵەکەبوونێکی شارستانی کە تێیدا نەتەوە وەک دەقێکی هاوچەرخ خۆی دەخوێنێتەوە. ئەم قەوارەیە گوزارشتێکی باڵا بوو لە نەتەوەیەک کە لە تاقیگەی مێژوودا سەلماندبووی خاوەنی ئیرادەی ژیان و وزەی داهێنان و سەروەریی سیاسییە.
کاتێک لە مێژووی نوێدا نەتەوە تووشی هەوراز و نشێو و دابڕان دەبێت، دیالێکتیکی مێژوو پێمان دەڵێت: ئەوەی جێگیر و ڕەسەنە، خودی کۆمار و ئیرادەی نەتەوەییە؛ ئەوەی کاتی و تێپەڕیشە، تەنیا فۆرمی ڕووخان و شکستی سەربازییە. هەلومەرجی سەختی ئێستا، تەنیا تەمومژێکی کاتییە و ناتوانێت مێژوویەکی ڕەگداکوتراو بشارێتەوە. کۆمار «ڕیزپەڕێکی مێژوویی» نییە، بەڵکوو درێژکراوەی زنجیرەیەک هۆشیاریی سیاسییە کە لە:
. حوکمڕانییەکەی شێخ مەحموودی نەمر لە باشوور.
. جووڵانەوەی سمکۆ و شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران.
. کۆی خەبات و میراتی پێشەنگانی ناسیۆنالیزمی کوردییەوە سەرچاوەی گرتووە.
ئەگەرچی کۆمار لە ڕووی کاتییەوە تەمەنێکی ١١ مانگی هەبوو، بەڵام چونکە بەرجەستەکردنی ئاواتێکی مێژوویی قووڵ بوو، شکستی فیزیکی نەبووە هۆی کۆتاییهاتنی مێژوویی. لێرەدا کۆمار لە قۆناغی "دەسەڵاتی مەیدانی"یەوە دەپەڕێتەوە بۆ قۆناغی "شەهادەتی ڕەمزی".
کۆمار نەڕووخاوە، بەڵکوو شەهید بووە؛ وەک چۆن شەهید لە فەزای هێماکاندا نامرێت، کۆماریش وەک مۆدێلێکی حوکمڕانیی مۆدێڕن، بووە بە بەشێکی دانەبڕاو لە کۆیادەوەریی نەتەوەی کورد.
گرنگیی ستراتیژیی ئەم وەرچەرخانە لەوەدایە: ئەگەر کۆمار لە سەردەمی دەسەڵاتە فیزیکییەکەیدا تەنیا فەرمانڕەوایی جوگرافیایەکی دیاریکراوی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردبێت، ئەوا لە دوای شەهیدبوونی و لە ئاستە مەعنەوی و سیمبولییەکەیدا، سنوورە دەستکردەکانی بەزاندووە.
ئەمڕۆ کۆمار تەنیا یادەوەرییەک نییە، بەڵکوو سەروەرییەکی ڕەمزییە کە بەسەر تەواوی کوردستانی مێژوویی و ویژدانی زیندووی گەلی کورددا حوکم دەکات. کۆمار لە "دامەزراوەیەکی سیاسییەوە" گۆڕاوە بۆ "شوناسێکی نەتەوەیی" کە هیچ هێزێکی فیزیکی توانای ڕووخاندنی نییە.
پەیمانی کۆمەڵایەتی و ئەخلاقیی کوردانە چۆن لە بەرانبەر دەسەڵاتی ناسیۆنالیزمی سەردەست و دەوڵەتە مۆدێڕنە داسەپاوەکاندا وێنا دەکرێت؟ و چۆن پابەندبوون بە میراتی مەعنەویی کۆماری کوردستان و شەهیدان، دەبێتە سەرچاوەی ڕەوایەتی و ڕەتکردنەوەی ئەو گرێبەستە سیاسییانەی کە ئیرادەی کوردیان تێدا فەرامۆش کراوە؟
کاتێک دەسەڵاتێکی سیاسی لە ڕێگەی کایە گشتگیرەکانی وەک هێما مەعنەوییەکان و پیرۆزیی «شەهید»ـەوە، هەوڵی داگیرکردنی فەزای دەروونی و ناوەکیی تاکی کورد دەدات، گوتاری ناسیۆنالیزمی سەردەست و زۆردار لە ئاستی هۆشیاریی گشتی و بەتایبەت لای دەستەبژێری نەتەوەیی، دووچاری «قەیرانی ڕەوایەتی» دەبێت. لێرەدا، سەرەڕای واقیعی ماددیی سەپاو، ئەو دەسەڵاتە وەک بونەوەرێکی نامۆ، کاتی و تێپەڕ دەردەکەوێت؛ وەک هێزێکی داسەپاو کە تەنیا لە چاوەڕوانیی هەلێکی مێژووییدایە بۆ تێکشکاندنی نەرجسییەتە نەتەوەییەکەی و ناچارکردنی بە پاشەکشە لەبەردەم ئیرادەی گەلدا.
یەکەم: جەوهەری پەیمانی کۆمەڵایەتی و ڕەوایەتیی ئەخلاقی
ئەم پڕۆسەیە لە بنەڕەتدا گرێدراوی چەمکی «پەیمانی کۆمەڵایەتی» و نوێنەرایەتیکردنی سیاسییە. پابەندبوون بە وەسیەتی پێشەوا و شەهیدان، تەنیا وەفایەکی سۆزداری نییە، بەڵکوو پابەندییەکی ئەخلاقی و سیاسییە بۆ پاراستنی ئامانجە جەوهەرییەکانی نەتەوە. دیوی دووەمی ئەم پەیمانە، گوزارشتە لە ڕەتکردنەوەی ئەو گرێبەستە سیاسییەی کە دەوڵەتە مۆدێڕنەکانی ناوچەکەی لەسەر بونیاد نراوە.
دووەم: کورد وەک «نەبوویەکی سیاسی» لە دەوڵەتی مۆدێڕندا
بەو پێیەی کورد لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتانەدا وەک «نەبوویەک مامەڵەی لەگەڵ کراوە و ئیرادەی لە پرۆسەی بونیادنانی دەوڵەتدا پەراوێز خراوە، هیچ جۆرە پابەندییەکی یاسایی و ئەخلاقی بۆ دروست نابێت. کاتێک نەتەوەیەک بەشێک نەبێت لە داڕشتنی گرێبەستی نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگە، و بە زەبری هێز و تواندنەوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، ئەوا ئەو دەوڵەتە لە ڕووی شەرعییەتەوە بۆ کورد چوارچێوەیەکی پووچەڵە.
سێیەم: وەفاداری بۆ پڕۆژەی کۆماری کوردستان
پەیمانی ڕاستەقینەی ئێمە، ئەو گرێبەستە کۆمەڵایەتی و ئەخلاقییەیە کە پڕۆژەی ناسیۆنالیزمی کوردی و کۆماری کوردستانی لەسەر دامەزراوە. ئەرکی مێژوویی ئێمە بریتییە لە:
. پاراستنی پەیامی کۆمار: وەفاداری بۆ ئەو مۆدێلە «مەسیح ئاسا»یەی کە جەستەی ڕووخا، بەڵام گیانی وەک هێمایەکی نەمر مایەوە.
. بنیاتنانەوەی مۆدێڕن: هەوڵدان بۆ دووپاتە بونیادنانەوەی ئەو قەوارەیە بەپێی پێوەرە مێژووییە نوێیەکان و داخوازییەکانی سەردەم.
و لە ئەمجامدا جەوهەری پەیمانی کۆمەڵایەتیی کوردی، لە ناو ئەو ئیرادەیەدایە کە داگیرکاری ڕەت دەکاتەوە و شەرعییەت تەنیا بەو سیستەمە دەبەخشێت کە گوزارشت لە خودی ڕاستەقینەی نەتەوە وەک قەوارەیەکی سەربەخۆ دەکات.
چۆن ناسیۆنالیزمی کوردی توانی ئەزموونی کۆمار لە فەوتان و سڕینەوەی مێژوویی بپارێزێت، و ئەم جۆرە تێڕوانینە چۆن یارمەتی کورد دەدات لەوەی لەناو زەینی خۆیدا بەسەر دۆخی ژێردەستەییدا زاڵ بێت؟
ئەزموونی کۆمار وەک وەرچەرخانێکی سیمبۆلیکی و خەیاڵدانێکی جەماوەری، کاتێک ڕووبەڕووی پڕۆسەی سڕینەوەی مێژوویی بووەوە، ناسیۆنالیزمی کوردی توانی لە فەزایەکی فیزیکییەوە بیگوازێتەوە بۆ نێو ویژدانی زیندووی نەتەوە و بپەرژێنێتە سەر ڕەهەندە نەمرییەکان. کۆمار لێرەدا تەنیا ڕووداوێکی سیاسی نەبوو، بەڵکوو بوو بە گوتارێکی باڵا بۆ ئامادەیی مێژوویی کورد؛ هێمایەک کە خۆی لە سەرووی هاوکێشە کاتییەکانی هێز و هەژمووندا دەبینێتەوە.
نەیاران وابەستە بە لۆژیکی هێز، کۆرپەی هیوای ئەم نەتەوەیەیان سپارد بە ڕووبارێکی بێبەزەیی، هاوشێوەی فڕێدانی "مووسا" بۆ نێو شەپۆلەکان. ئەگەرچی دڵی نەتەوە وەک دایکی مووسا لە گڕی ئازاردا بوو، بەڵام هەرگیز تەسلیمی ئەو وێنایە نەبوو کە دوژمن بۆ "ڕووبار" و "کۆتایی" کێشابووی. ئەم یەقینە لەسەر ئەو بڕوایە وەستاوە کە کۆمار، نەک وەک ڕابردوو، بەڵکوو وەک فۆرمێکی کامڵتر و شکۆمەندتر لە ئاسۆی داهاتوودا چاوەڕوانی گەڕانەوەیە.
ئەم دیدگا ئەخلاقی و نەتەوەییە، شکستەکان وەک دیاردەیەکی کاتی و تێپەڕ دەبینێت و نایانبەستێتەوە بە جەوهەرێکی "نامێژوویی" یان بێدەسەڵاتییەکی ئەزەلییەوە. ئەمە ستراتیژێکی مەعریفییە بۆ:
. پوچەڵکردنەوەی جەنگی دەروونیی نەیاران.
. ڕێگریکردن لە قودسییەت بەخشین بە "ئێستا"ی پڕ لە ستەم.
. وێناکردنی کورد وەک بکەرێکی مێژوویی و شارستانی کە داهاتوو درێژکراوەی ئیرادەی ئەوە، نەک ئیرادەی داگیرکەر.
لەم چوارچێوەیەدا، ژێردەستەیی نەک قەدەر، بەڵکوو وەک "گوناهێکی مێژوویی تێپەڕ" دەخوێندرێتەوە کە لە داهاتوویەکی جیاوازدا، کورد تێیدا تەنیا بۆ مانەوە تێناکۆشێت، بەڵکوو وەک کارەکتەرێکی هاوسەنگ و یەکسان، داوای پشکی خۆی لە جیهانی نوێدا دەکات.
ئەم گەڕانەوە خەیاڵییە لە داهاتووەوە بۆ ئێستا، ئامانجەکەی ئەنجامدانی شۆڕشێکی مەعریفییە لە پانتایی زەین و ڕۆحدا. ئەمە جەنگی تێکشکاندنی "بتی ژێردەستەیی"یە لە ناوەوە؛ بۆ ئەوەی کورد:
١. متمانەی ستراتیژی بە خۆی لەدەست نەدات.
٢. لە ڕێگەی چاوی "ئەوی دی"یەوە سەیری ماف و چارەنووسی خۆی نەکات.
٣. ببێتە خاوەن نیراتیڤ و گێڕانەوەی سەربەخۆی خۆی.
کۆتاییهێنان بە هەژموونی فکریی نەیاران، دەستپێکی کۆتاییهێنانە بە باڵادەستیی فیزیکی و ماددییان. تەنیا لە ڕێگەی ئەم سەربەخۆییە هوشیارییەوەیە کە نەتەوە دەتوانێت ئازادانە مۆدێلی پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ جیهان و دەوروبەردا دابڕێژێتەوە.