ماجد ئەنساری، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر بە جەختکردنەوە لەسەر مافی هاتوچۆی ئەمن ڕایگەیاند کە هیچ وڵاتێک، لەوانەش ئێران، مافی داخستنی گەرووی هۆرمۆزی بەڕووی کەشتیوانیدا نییە.
ئەنساری لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە دۆحە وتی: بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، هاتوچۆی ئازاد لەم گەرووەدا مافی فەرمیی قەتەرە.
ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە داخرانی گەرووی هۆرمۆز زنجیرەی دابینکردنی وزەی لە ناوچەکەدا ئاڵۆزتر کردووە و لە ئێستادا هیچ ڕێوشوێنێکی جێگرەوە بۆ هەناردەکردنی سووتەمەنی نییە.
ئەنساری داخرانی ئێستای گەرووی هۆرمۆزی بە پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکان زانی و ڕایگەیاند کە گۆڕینی دۆخی کەشتیوانی لەوێدا قبووڵکراو نییە.
لە کۆتاییدا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ئاماژەی بە دانوستانەکانی ئیسلامئاباد کرد و وتی هەرچەندە ئەنجامەکەی ڕوون نییە، بەڵام دۆحە پاڵپشتی لە هەوڵە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان دەکات بۆ گەڕانەوەی سەقامگیری و کردنەوەی تەواوەتیی گەرووی هۆرمۆز.