ئەحمەد بەخشایش ئەردەستانی، ئەندامی کۆمیسیۆنی ئەمنییەتی میللیی مەجلیسی ئێران، لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەریی حکوومەتی "ئیلنا" ڕایگەیاند: "من پێم وانییە ئەمریکا هێرش بکاتە سەر ئێران، چونکە لە هێرشی سەربازیدا هیچ بەدەست ناهێنێت؛ بەڵام ئەگەر هێرش بکات، دەست دەوەشێنێتە سەر دوورگەی خارک و ئێسفەهان."
ناوبراو زیادی کرد: هێرشکردنە سەر ئێسفەهانیش بۆ ئەوەیە کە دەستی بەو ٤٠٠ کیلۆگرەم ئۆرانیۆمە ڕابگات؛ شتێک کە پێشتر لە بەدەستهێنانیدا سەرکەوتوو نەبوون.
ئەردەستانی لە درێژەدا وتی بە بڕوای من، دۆخی "نە ئاشتی، نە شەڕ" وەک خۆی دەمێنێتەوە، چونکە ئەمریکا بەدوای نائارامیدایە و پێی وایە دۆخی ئابووریی ئێران بە بەردەوامبوونی ئەم دۆخە، کۆمەڵگە بەرەو ئاڵۆزی دەبات.
ئەم نۆینەرەی مەجلیسی ڕێژیم لە کۆتاییدا هەڕەشەی کرد ئەگەر ئەمجارە دوژمنان هێرشمان بکەنە سەر، ئێمە هێرش دەکەینە سەر بیر و دامەزراوە نەوتییەکانیان. ئەگەر بڕیار بێت ئەوان کارێک بکەن ئێمە نەوتمان نەبێت، هێرش ناکەینە سەر لوولە نەوتەکان، بەڵکوو هێرش دەکەینە سەر بیرە نەوتەکانیان بۆ ئەوەی ئەوانیش نەوتیان نەبێت و تێچووی سووتەمەنی لە جیهاندا گران بێت.