ئاژانسی هاوکاریی جێبەجێکردنی یاسایی یەکیەتیی ئورووپا (یۆرۆپۆڵ) ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی فەرمی و هاوبەش لەگەڵ ١٩ وڵات، زیاتر لە ١٤ هەزار و ٢٠٠ پۆستی سەر بە سپای تێرۆریستی پاسدارانی لە فەزای ئینتێرنێتدا سڕیوەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی "یۆرۆپۆڵ"، لەم هەنگاوەدا ئەکاونتی سەرەکیی سپای پاسداران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" کە زیاتر لە ١٥٠ هەزار فاڵۆوەری هەبوو بلۆک کراوە. ئەم هێزە تێرۆریستییە فەزای دیجیتاڵیی بۆ ڕاکێشانی لایەنگر، بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەی توندڕەوانە و کۆکردنەوەی دارایی بەکار هێناوە.
ئەم هەنگاوە دوای بڕیاری فەرمیی یەکیەتیی ئورووپا بۆ خستنە ناوی سپای پاسداران بۆ نێو لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستییەکان دێت. یۆرۆپۆڵ ئاشکرای کردووە کە سپای پاسداران بۆ دەربازبوون لە چاودێرییە داراییەکان و مانەوەی لە ئینتێرنێتدا، پشتی بە شیرکەتەکانی هۆستینگ لە ڕووسیە و بەکارهێنانی دراوی دیجیتاڵی (Crypto) بەستووە.