ئەم وتارە لە لایەن "پەریسا حافزی" و "ئانگوس مەکداوڵ" لە هەواڵدەریی ڕۆیتێرز بڵاو کراوەتەوە و "کوردستان میدیا" دووبارە بڵاوی دەکاتەوە.
بەرپرسانی تاران باس لە ئاگربەست لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل وەک "سەرکەوتنێکی ستراتیژیک" دەکەن، بەڵام ڕاستییە تاڵەکە ئەوەیە کە ئێران بە ئابوورییەکی وێران و بێ هیوایەکی ئەوتۆ بۆ چاکسازیی خێرا و لەگەڵ کۆمەڵگەیەکی هەژار و ناڕازی، لەم گێژاوە دەردەچێت.
دوای چەندین حەفتە لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، میلیۆنان ئێرانی کارەکانیان لەدەست داوە، نرخەکان گەیشتوونەتە ئاستێکی خەیاڵی و ژێرخانە گرینگەکانی وەک کارخانەکان، وێستگەکانی کارەبا، هێڵی ئاسن، فڕۆکەخانە و پردەکان بوونەتە وێرانە. پەیوەندییە بازرگانییە چارەنووسسازەکانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی کەنداویش، ڕەنگە بۆ چەند دەیەی داهاتوو، تووشی دابڕانێکی قووڵ بووبێت.
تەنانەت ئەگەر تاران دەستی بەسەر سەرچاوە وزە گرینگەکانی ناوچەکەشدا بگرێت، کێشە نێوخۆییەکان ئەوەندە کەڵەکە بوون کە مەترسییان بۆ سەر مانەوەی دەسەڵات زۆر زیاترە لە بۆمبەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا.
پێویستیی بە لابردنی گەرمارۆکان
لە چاوپێکەوتنی "ڕۆیتێرز" لەگەڵ سیاسییەکان، خاوەنکاران و شیکەرەوە ئێرانییەکان، وێنەی وڵاتێک دەردەکەوێت کە لە لێواری هەرەسی ئابووریدایە. ڕێبەرانی تاران لە داهاتوویەکی هەژارتر و ناڕوونتر دەترسن و سێبەری ناڕەزایەتییە شەقامەکان هێشتا بەسەر حکوومەتەوە ماوە.
بەرپرسێکی پێشووی باڵی ڕێفورمخواز دەڵێت، ترسی داڕمانی ئابووری سێبەری بەسەر هەموو بڕیارەکانی دەوڵەتدا کێشاوە. سەرچاوەیەکی نزیک لە ناوەندی بڕیاردانیش دەڵێت: ''ئابووری خاڵی لاوازی ئەم ڕێژیمەیە.'' هەر ڕێککەوتنێکی گشتگیر بەبێ لابردنی گەمارۆکان و ئازادکردنی سەرمایە بلۆکەکراوەکان، دەسەڵات تەنانەت لە پێدانی مووچە و چاککردنەوەی ژێرخانەکان پەکی دەکەوێت.
عەلی ئەنساری، مامۆستای مێژوو لە زانکۆی "سەینت ئەندرووز" دەڵێت: ''ئەمە شکستییەکی شەرمەزارکەرە بۆ ئێران؛ نە پارە ماوە و نە ژێرخانیش.'' ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە داخستنی گەرووی هۆرمۆز دوایین چەکی تاران بوو، ئەمەش نیشانەی بێهیواییەکی قووڵە کە باجەکەی لە مەودای درێژدا زۆر قورس دەبێت.
کەرتی پیشەسازی لە گیانەڵادایە
"ئارەش"، خاوەن کارگەیەکی پۆشاک لە تەورێز، دەڵێت بەهۆی شەڕەوە ناچار بووە کارگەکەی دابخات و ١٢ کرێکارەکەی ڕەوانەی ماڵەوە بکات: ''نازانم کەی دەتوانم بگەڕێمەوە سەر کار، هەموو شتێک بەندە بەوەی ئەم دۆخە کەی بەڕاستی کۆتایی دێت''.
بەرپرسێکی ڕێژیم دان بەوەدا دەنێت کە نۆژەنکردنەوەی گەورەترین ناوەندە پیشەسازییەکان چەندین مانگان و ساڵی دەوێت. هێرشەکان بە وردی "پارسی جنوبی" و دامەزراوە پێترۆشیمییەکانی کردووەتە ئامانجی سەرەکی. ڕاپۆرتەکان باس لە پەککەوتنی کارخانەکانی پۆڵا لە خوزستان و ئیسفەهان دەکەن، کە بووەتە هۆی بێکاربوونی هەزاران کرێکار.
لە لایەکی دیکەوە، متمانە لەگەڵ وڵاتانی کەنداو ژەهراوی بووە. بەرپرسێکی ئیماراتی دەڵێت: ''هێرشەکانی ئێران کەلێنێکی گەورەی لە متمانەدا دروست کردووە کە ڕەنگە چاکبوونەوەی دەیان ساڵی بوێت.''
هەڵکشانی ناڕەزایەتییە گشتییەکان
کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای شەڕەوە هیچ داتایەکی ئابووریی نوێی بڵاو نەکردووەتەوە. ئومێد شوکری، مامۆستای زانکۆی "جۆرج مەیسۆن" دەڵێت: «هەڵاوسان، دابەزینی بەهای تمەن و گەندەڵی، پێش شەڕەکەش ئابووریی ئێرانیان فەلەج کردبوو.» پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ ئابووریی ئێران ١٠٪ بچووک بێتەوە و قازانجی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتیش تەنیا بۆ ناوەندە حکوومییەکان بێت، نەک خەڵکی ئاسایی.
سەرەڕای ئەوەی لە بازاڕەکاندا کەلوپەل دەست دەکەوێت، بەڵام گرانیی بێوێنە و کەمبوونەوەی هێزی کڕین، گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر خەڵک. ئاگربەست ڕەنگە هەناسەیەکی کاتی بە دەسەڵات بدات، بەڵام لەگەڵ بێدەنگبوونی دەنگی تۆپ و تەیارە، دەنگی ناڕەزایەتیی خەڵک لە هەمبەر بارودۆخی بژێوی، بەرزتر لە جاران دەبیسترێت. تاران ئێستا لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدایە؛ یان دەبێت مل بۆ داواکارییە نێودەوڵەتییەکان کەچ بکات، یان چاوەڕوانی تەقینەوەی تووڕەیی نێوخۆیی بێت.