کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیاننامەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەسەر دانوستانەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئیسلام‌ئاباد

19:44 - 22 خاکەلێوه 2726

دانوستانەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئیسلام‌ئابادی پاکستان دەستیان پێ کردووە. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە هەستیارییەوە چاودێریی ڕەوتی ئەم دانوستانانە دەکات؛ دانوستانگەلێک کە نەک هەر نیشانەی ئاشتی نین، بەڵکوو فێڵێکی سیاسی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دووبارە بەرهەم دەهێننەوە.

پێکهاتەی شاندە نێردراوەکەی کۆماری ئیسلامی هیچ گومانێک لەسەر ماهییەتی ڕاستەقینەی ئەم ڕێژیمە ناهێڵێتەوە: پێکهاتەیەکی ئەمنییەتی–نیزامی کە دیپلۆماسیی تەنیا وەک ئامرازێک بۆ پێشخستنی ئامانجە سەرکوتکارانە و دەستێوەردەرەکانی خۆی بەکار دێنێت. سەرپەرشتیی ئەم شاندە لە ئەستۆی محەممەدباقر قالیبافە، کە وەک یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی سپای پاسداران و کەسایەتییە سەرەکییەکانی دەزگای سەرکوت و پەرەپێدانی نیزامی لەوانەش پڕۆژە ناوکی و مووشەکییەکانی کۆماری ئیسلامی دەناسرێت؛ ئەو بە هێمای ئاوێتەبوونی ئاشکرای دەسەڵاتی نیزامی و سیاسەت لەم سیستمەدا دادەنرێت. هەروەها بەشدارکردنی محەممەد جەعفەریی سەحراروودی کە ناوی ئەو بە پەروەندەی تێرۆری دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملووەوە گرێ دراوە و فەرمانی گرتنی یاسایی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا لەسەرە، تەنیا بە «ڕێکەوت» داناندرێت؛ بەڵکوو ئەمە دکتۆرینی فەرمیی ئەم ڕێژیمە دەردەخات کە تێیدا تێرۆر وەک ئامرازی سیاسەتی دەرەوە و پارێزبەندی (مصونیت) وەک بنەمای سەرەکیی حاکم بەسەر پێکهاتەی دەسەڵاتدا دەبینرێت. دانیشتنی ئەم جۆرە کەسانە لەسەر مێزی دانوستانێکی نێودەوڵەتی، سووکایەتییەکی ئاشکرا بە شاندی نێردراوی ئەمریکا، پاشان بە دادپەروەری، قوربانیانی تیرۆر و کەمترین بنەما ئەخلاقی و یاسایییەکانی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەگەیەنێت.

ئەم شاندە، شاندێکی دیپلۆماتیک نییە؛ بەڵکوو درێژکراوەی تۆڕێکی ڕێکخراوی تێرۆر و کوشتار، فێڵ و ئۆپەراسیۆنی نیزامی لە دەرەوەی سنوورەکانە. دانوستان لەگەڵ پێکهاتەیەکی ئاوادا، نەک هەر نابێتە هۆی ئاشتی، بەڵکوو بە واتای شەرعییەت‌دان بە سیاسەتی تێرۆر، بارمتەگرتن و پێشێلکردنی سیستماتیکی مافەکانی مرۆڤ دێت؛ لەم ڕووەوە ئەمریکا کە خۆی سپای پاسدارانی وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناساندووە، ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی جیدی دەبێتەوە. ئەزموونی چوار دەیەی ڕابردووش بە ڕوونی ئەوەی سەلماندووە کە کۆماری ئیسلامی دانوستان نەک بۆ چارەسەری قەیران، بەڵکوو بۆ کاتکڕین، نۆژەنکردنەوەی تواناکانی و بەردەوامبوون لە هەمان سیاسەتە وێرانکەرەکانی خۆی بەکار دێنێت.

ئێمە بە ڕاشکاوی ڕادەگەیەنین: هەر جۆرە ساتوسەودایەک لەگەڵ ئەم ڕێژیمەدا، بەبێ ڕەچاوکردنی بنەمای لێپرسینەوە و بەفەرمی‌ناسینی مافی قوربانیان، بە بەشداری لە بەردەوامیی نادادپەروەری دادەنرێت. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دەوڵەتە دێموکراتیکەکان لەبەردەم هەڵبژاردنێکی ڕوون‌دان: یان دەبێ لە تەنیشت و لە پشت خەڵکی ئێران و کوردستان و قوربانیانی تێرۆر و سەرکوت بوەستن، یان لە تەنیشت ڕێژیمێک جێگیر بن کە تێرۆری کردووەتە سیاسەتی فەرمیی خۆی.

ئێمە داواکارین لە دانوستان و مامەڵە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا، ڕاوەدوونانی یاساییی بکەرانی تێرۆری دەوڵەتی، سەپاندنی گوشاری سیاسیی کاریگەر و پشتگیریکردنی خەباتی خەڵک بۆ ئازادی و دادپەروەری بکرێتە بنەما. هەروەها ئاشتیی ڕاستەقینە لە ناوچەکەدا نەک لەسەر مێزی دانوستان لەگەڵ بکەرانی تێرۆر، بەڵکوو لە ڕێگەی کۆتایی‌هێنان بە پارێزبەندیی ئەوان، چەسپاندنی دادپەروەری و ڕووخانی کۆماری ئیسلامییەوە دێتە دی.

 

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستەی کارگێڕی

٢٢ی خاکەلێوەی ١٤٠٥ (١١ی ئاوریلی ٢٠٢٦)