
هێمن مەردانی
پوختە: ئەم نووسینە بە نیازە ئاوڕێک بداتەوە لە بەندی بەناوبانگی "پاییزە" و شیتەڵکارییەکی بۆ بکات بەپێی مەجال و توانایی. شیکارییەکە پشت دەبەستێت بە چوارچێوەی تیۆریی ئەدەبی بەرگری و ڕەخنەی پاش - داگیرکاری. قسەی سەرەکی ئەوەیە ئەم دەقە بانتر و بەرەوژوورتر لە دەقێکی ئاشقانە و دڵدارییە و بە واتای ئەرشیڤی عاتفی و سۆزیاری کۆمەڵگەیەکی پەراوێزخراودا دەوری خۆی دەنوێنێت؛ دەقێک کە لە هەلومەرجی دەسەڵاتی مێژوویی، بێدەوڵەتی و هەبوونی دەوڵەتەکانی هاوسێیدا ژیاوە. بە کەڵکوەرگرتن لە چەمکگەلی سەرەکی وەک "ئەویترسازی" لە (فانوون، ١٩٦١) و "نەتەوەخوازی فەرهەنگی" لە (سپیوەک، ١٩٨٨)، و "ژێردەستە" لە (سەعید، ١٩٧٨)، و "نەتەوە بە واتای گێڕانەوە" لە (بابا، ١٩٩٠). وتارەکە دەری دەخات کە بەندی "پاییزە" لە ڕێی کۆددانانی خوازەیی سروشت، کۆچ و کۆچباری، ڕاو، دەنگی ژن، جۆرێ خۆڕاگری هێمایین دژ بە داڕشتەکانی دەسەڵاتی سیاسی، ئاغاوەتی و جنسییەتی بەرهەم دەهێنێت.
پێشبار: ئەدەبی زارەکی بە واتای پاشخانی خۆڕاگری
لەم کۆمەڵگەیانەدا کە بواری بەرهەمهێنانی ڕێکخراوە ڕەسمییە نووسراوەییەکان کەم و بەرتەسک بووە، ئەدەبی زارەکی دەور و نەخشی مێژوویی و یادەوەری بەکۆمەڵی گێڕاوە. ئەدەبی کوردی، بەتایبەتی بەدرێژایی سەدەکانی دوایی، لە بارودۆخی دابەشکاری وڵات، حاشاکردنی شوناس و نەبوونی دەوڵەتی سەربەخۆ شەقڵ و بیچمی گرتووە. ئێدوارد سەعید (١٩٧٨، ٣-٥) ئەوە پیشان دەدات کە هێز و دەسەڵاتی داگیرکاری لە ڕێی گوتار، "ئەویتر" نیشان دەدات و سەقامگیری دەکات. لە وەها دۆخێکدا، گێڕانەوەی خۆجێی دەبێتە کردەیەکی خۆڕاگرییانە. دەکرێ بەندی "پاییزە" وەکوو مشتێ لە مشتێی وەها کردەیێک ببینین و بڕوانین؛ دەقێک کە شوناس، سروشت و ئەزموونی بەکۆمەڵ لە ناوەوە چی دەكات نەک لە ڕوانگەی دەسەڵاتەوە.
ڕووبەر و کۆچ: جوگرافیا بە واتای سیاسەت
لە بەندی "پاییزە" هاتووچۆکردن لە نێوان زۆزان و گەرمێن بەردەوامە و دووپات دەبێتەوە. ئەم کۆچە وەرزییە بەتەنیا زمانحاڵی بژیوی ژیان نییە، بگرە دەرخەری ژیانی سەخت و چەتوونی ئەو خەڵکانەیە کە لە پەراوێزی ناوەند و داڕشتەکانی دەسەڵات ژیان بەسەر دەبەن. فرانتس فانوون لە ڕاڤەی کۆلۆنیالیزم و داگیرکاری پەنجە دەخاتە سەر ئەمە کە داگیرکاری، ڕووبەر دابەش دەکا بۆ چەند بەش و سووژەی خۆجێی پاڵ پێوەدەنێت و وەدەری دەنێت لە ڕووبەرەکە (فانوون، ١٩٦١: ٣٧-٣٩). لە بەندی "پاییزە"، کوێستان، دەشت و مەزرا و کۆچکردن، جۆرێ ناسەقامگیرتوویی جوگرافیایی دەنوێنن کە دەکرێ وەک دەنگدانەوەی بارودۆخی سیاسی - مێژوویی لێکدانەوەی بۆ بکرێت. پاییز، وەکوو ساتەوەختی گەڕانەوەی زۆرەملێ، وەبیرهێنەرەوەی گەڕانەوە بۆ ناو نەزم و ڕێکوپێکی ناچاری و زۆرەملێیانەیە؛ ڕێکوپێکییەک کە بوار و ڕەخساندنی بەردەوامی پێکگەیشتن و کامی ئاشقانە و دڵدارییانە تێک دەدات و چیتر مەجال نادات دڵدارەکان دڵداری بکەن و پێک بگەن!
کەروێشک و ڕاو: خوازەی ژێردەستە
وێنەی ئەو کەروێشکە کە کەوتووەتە ناو گەمارۆ و ئابلۆقەی هەوهەو و هەیهاتی سواران لەلایەک و پڕمەپڕمی کەحێلان لەولاتر و هەروەها ڕاوەدوونانی لەلایەن تانجی و تووڵان، لە ڕوانگەی خوێندنەوەی پاش - داگیرکاری، دووهێندە مانا پەیدا دەکات. گایاتری سپیوەک لە وتارە بەناوبانگەکەی خۆیدا پرسیار دەکات: "ئاخۆ ژێردەستە دەتوانێ و مافی ئەوەی هەیە قسە بکات؟!" (١٩٨٨، ٢٧١). کەروێشک لێرەدا خوازە بۆ ژن یان ئەو کچەی لە دۆستەکەی بە ناچار هەڵدەبڕێ و دەبێ پاییزێ بگەڕێتەوە بۆ گەرمێن تەک عەشیرەت و خێڵەکەی. لەو دەقەدا کەروێشک هێمای سووژەیەکە کە ڕاوەدوویان ناوە؛ بێدەسەڵاتە، گەمارۆدراوە و لە هەڕەتی گیران و کوژران دایە. بەڵام جیاوازی گرنگ لێرەدایە: دەق، ئەم بارودۆخە دەگێڕێتەوە، یانی دەنگ و سەدای بگێڕەوە، ژێردەستەیی تۆمار دەکات و دەیکاتە خوازەی ناوەندی و سەرەکی. ئەمەش خۆی لە خۆیدا، جۆرێک و شێوازێک لە باسکردن و قسەکردنی کەسی ژێردەستە لە ڕێی فۆرم و شەقڵی ئەدەبییەوەیە.
دەنگ و سەدای ژن وەکوو خۆڕاگریی فەرهەنگی
ئەو بەشانە لە بەندەکە، کە دەنگی ژن دەگوازنەوە و نیشان دەدەن - سکاڵا دژ بە بەشوودانی زۆرەملێ، تووک و نزای باوک، باسکردنی زەبر و زەنگ - لە چوارچێوەی تیۆری پاش - کۆلۆنیالیزم بایەخێکی گرنگیان هەیە. قۆناغی پاش - کۆلۆنیالیزم، بەتەنیا ناپڕژێتە سەر پێوەندی نێوان ناوەند و دەوروبەری جیهانی؛ بگرە لێکدانەوەی بۆ سازوکارەکانی دەسەڵاتی نێوخۆییش هەیە. لێرەدا، پیاوسالاری (نێر- وەجاخی) بە واتای "داگیرکاری نێوخۆیی" هەڵسوکەوت دەکات. هومی بابا لە چەمکی "شوێنی سێهەم" بۆ خەمڵاندنی ڕووبەری نێوان فەرهەنگێتی کەڵک وەردەگرێت (بابا، ١٩٩٠: ٢١١). دەنگ و سەدای ژن لە بەندی "پاییزە" لە وەها شوێنێکی سێهەم دێتە کایە و ئاراوە؛ نە تەواو بێدەنگە، نە بە تەواویش ئازادە. ئەو لە ناخ و هەناوی دابونەریتەوە دەنگ هەڵدەبڕێ، بەڵام هاوکات سوننەتیش دەخاتە ژێر پرسیار!
بەندی پاییزە: یادەوەریی نیشتمانی و شین و خەمی مێژوویی
دووپاتبوونەوەی تاکە بەیت یان لینگە بەیتی «دەک نەمێنم لەبەر ئەوێ پاییزە! پاییزێکی لە من بە مێجێزە» دەتوانرێت لە چوارچێوەی «نەتەوە وەک گێڕانەوە»دا ڕاڤەی بۆ بکرێت. نەتەوە، پێش ئەوەی دامەزراوەیەکی سیاسی بێت، گێڕانەوەیەکی هاوبەشە (بابا، ١٩٩٠: ١-٧). لەم دەقەدا پاییز بەتەنیا وەرزێکی سادە و ساکار نییە؛ بەڵکوو خوازەیەکە بۆ قۆناغە دووپاتبووەکان و بەردەوامی سەرکوتکردن، جیابوونەوە و گەڕانەوە بۆ بارودۆخی پێشوو. ئەم دووپاتەبوونەوەیە جۆرێک لە شین و خەمی مێژوویی گرێ دەداتەوە بە یادەوەری کۆمەڵایەتییەوە.
فەرهەنگ بە واتای چەکی بەرگری
فانوون، لای وایە کە فەرهەنگی خۆجێی و ڕەسەن لە قۆناغی خەبات بە دژی داگیرکاری، ئەرکی سازکردنەوە و بنیاتنانەوەی شوناس بەخۆیانەوە دەگرن (١٩٦١، ١٦٨-١٧٠). لە بەندی "پاییزە"، توخم و ڕەگەزی خۆماڵی وەک ناوەکانی چیاکان، گوڵ و گیاکان، کۆچ و کۆچباری خێڵات بۆ هەواران، داب و ڕەسمی ڕاوچوون، بەتایبەتی جۆرێ جوگرافیای فەرهەنگی سەربەخۆ چێ دەکەن و شەقڵی پێ دەدەن. ئەو ناولێنانی ڕووبەر و جوگرافیای خۆماڵییە، کردەوەیەکی دژە کۆلۆنیالیزم و داگیرکارییە؛ چونکە جیهان لە ڕوانگەی نێوخۆیی و دەروونییەوە هەمیسان پێناسە دەکاتەوە نەوەک لە چاو و ڕوانینی دەسەڵاتی داگیرکارەوە.
زەمەنی بازنەیی و خۆڕاگری لەهەمبەر بە ڕاستەڕێکردنی مێژوو
سیستەمی داگیرکاری، مێژوومان وەک ڕەوتێکی ڕاستەڕێ کە بەس لە هێڵێکدا بەرەو پێشەوە دەچێ، دەرخواردمان دەدات و دەناسێنێت. بەڵام لە بەندی "پاییزە" زەمەن بازنەییە: بەهار و پاییز، جیایی و دەستلێکبەردان و گەڕانەوە بۆ نوختە و پنتکی سەرەتایی. ئەم شەقڵە بازنەییە، بە جۆرێ لە جۆرەکان خۆڕاگری و بەرگرییە لەهەمبەر گێڕانەوەی ڕاستەڕێی مێژوویی کۆلۆنیالیزمدا. مێژوو نەک بەرەو توانەوە لە ناوەنددا، بگرە بەرەو پێناسەکردنی دووپاتەی یادەوەری کۆمەڵگەدا ڕەوت دەبڕێ و هەنگاو دەنێتەوە.
پاشبار
خوێندنەوە و شیتەڵکاری پاش - کۆلۆنیالیزم ئەوە دەردەخات کە بەندی "پاییزە" بەندێکی عاتفی و بە هەست و سۆزی کۆمەڵگەیەکی بە پەراوێزکراوەیە. خوازەی ڕاو و شکار دەبێتە هەوێنی کۆدێکی دەسەڵاتی سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی کوردستان. دەنگ و سەدای ژن لێرەدا دەبێتە سووژە و بەرکاری خۆڕاگری و بەرگری و تۆماریش دەکرێت. لە ڕێگەی نواندنەوەی جوگرافیای خۆماڵی و خۆجێی، شوناس و پێناسی فەرهەنگی سەقامگیر و چەسپاو دەکات. لە ڕێی داڕشتی بازنەیی خۆی، بەرگری و خۆڕاگری دەکات دژ بە ڕاستەڕێکردنی مێژوویی لەلایەن کۆلۆنیالیست و داگیرکارەوە. هەربۆیە، دەکرێ بەندی بەهێز و بەپێزی ڕۆمانتیک و کۆمەڵایەتی "پاییزە" وەک سەرتۆپ و سەرچلی ئەدەبی بەرگری فەرهەنگی دابنێین و بخەمڵێنین کە لە ئاستی هێمایین، بە ژیاندەنوە و چاککردنی یادەوەری و زمانی ڕەسەن و سروشتی کوردی، لە بەرانبەر سڕینەوە و حاشالێکردنی مێژوویی دەسەڵاتی داگیرکار، بەرخۆدان دەکات و خۆ بەدەستەوە نادات. ئەوە ڕەمز و کۆدی فەرهەنگی بەرگی ناوئاخنی بەندی هەرمانی "پاییزە"یە.
References
Bhabha, H.K. (1990). Nation and Narration. London: Routledge.
Fanon, F. (1961). The Wretched of the Earth. New York: Grove Press.
Said, E.W. (1978). Orientalism. New York: Pantheon Books.
Sirwe (1985). Payiza, No. 3. Urmia: Markaz-e Entešārāt-e Farhang va Adab-e Kurdi; Salah al-Din Ayyubi Publications, pp. 28–30.
Spivak, G.C. (1988). ‘Can the Subaltern Speak?’, in Nelson, C. and Grossberg, L. (eds.) Marxism and the Interpretation of Culture. Urbana: University of Illinois Press, pp. 271–313.