
شاهۆ حوسێنی
لە فەرهەنگی فەرمیی دیپلۆماسیدا، هەر جۆرە دانوستانێک بەو مەرجە پێناسە دەکرێت کە ئامانجەکەی گەیشتن بە ڕێککەوتن بێت؛ بەڵام ئەزموونی پەیوەندییە پڕ لە گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا نیشانی دەدات کە ئەم پێناسەیە، لانی کەم لەم بابەتەدا، تەنیا سادەکردنەوەی ململانێیەکی یەکجار ئاڵۆزە. ئەوەی لە ڕواڵەتدا وەک هەوڵ بۆ دانوستان و ئاشتی دەخرێتە ڕوو، لە ناخ و قووڵاییدا، زیاتر لە جۆرە مودیریەتێکی قەیران دەچێت؛ مودیریەتێک کە بەدوای کۆتاییهێنان بە ململانێکاندا ناگەڕێت، بەڵکوو دەیەوێت ڕێکیان بخات، کۆنتڕۆڵیان بکات و لە ئاستێکدا بیانهێڵێتەوە کە بتوانێت بەرگەیان بگرێت. لەم چوارچێوەیەدا، شکستی دانوستانەکان لادان نییە لە ڕێڕەوەکە، بەڵکوو دەکرێت بەشێک بێت لە خودی پڕۆسەکە.
کۆبوونەوەی ئیسلامئابادیش دەبێت هەر بەم پێوەرە بخوێندرێتەوە. ئەگەر لایەنێکی دانوستانەکە تەنیا وەک شکست یان دەرفەتێکی لەدەستچوو سەیری بکات، ئەوا لایەنەکەی تر وەک دیمەنێک لە کایەیەکی دووبارەبووەوە لێی دەڕوانێت؛ کایەیەک کە تێیدا لە ڕواڵەتدا وا نیشان دەدەن مەیلی ڕێککەوتنیان هەیە، بەڵام لە کردەوەدا، لە هەر خاڵێکی کۆتایی کە پابەندییان بخاتە سەر، خۆیان لادەدەن. لێرەدا دانوستان بۆ چارەسەری قەیران نییە، بەڵکوو تەنیا بۆ ئەوەیە ململانێکان لە سنوور تێنەپەڕن و نەتەقنەوە. بەکورتی، ئەوەی لە ئارادایە دیپلۆماسیی ئاشتی نییە، بەڵکوو دیپلۆماسیی هەڵپەساردنە.
تێڕوانینی ئێران بۆ دانوستان و ڕێککەوتن
ڕێککەوتنی هەڵپەسێردراو بۆ ئێران، تەنیا دۆخێکی کاتی نییە، بەڵکوو ستراتیژێکی جێگیرە؛ جۆرە هاوسەنگییەکی لەرزۆک کە تێیدا جەنگ دوا دەخرێت، بێ ئەوەی ئاشتی جێگەی بگرێتەوە. ئەم مۆدێلە ڕێگە بە ئێران دەدات لە نێو جەرگەی ئەو هەموو گوشارە دژبەیەکە نێوخۆیی و دەرەکییانەدا، چەند ئامانجێکی جیاواز بپێکێت: فشارە دەستبەجێیەکان سووک بکات، کات بکوژێت، کارتەکانی فشاری بپارێزێت و ڕێگەی گەیشتن بە هەر ئیمتیازێکی بنەڕەتییش ببەستێت. ئەنجامی دڵخواز بۆ تاران لەم دۆخەدا ئەوەیە کە گرژییەکان نە ئەوەندە توند بن بگەنە پێکدادانی ڕاستەوخۆ، نە ئەوەندەش خاو ببنەوە کە بگەنە ڕێککەوتنێکی کۆتایی.
لەسەر ئەم بنەمایە، چیتر پرسیارە سەرەکییەکە ئەوە نییە بۆچی دانوستانەکان بێ ئەنجام بوون، بەڵکوو ئەوەیە ئایا لە بنەڕەتدا بڕیار بووە بگەنە چ ئەنجامێک؟ ئەگەر "ڕێکنەکەوتن" وەک بژاردەیەکی ستراتیژی تەماشا بکرێت، ئەوا زۆرێک لەو شکستانەی باس دەکرێن، لە ڕاستیدا سەرکەوتنێکی کەمینەن: سەرکەوتن لە پاراستنی دۆخی هەبوو، بێ ئەوەی باجی ڕێککەوتنێکی گشتگیر بدرێت. لەم چوارچێوەیەدا، ڕێککەوتنی هەڵپەسێردراو نیشانەی ناتوانیی دیپلۆماسی نییە، بەڵکوو دەربڕی جۆرە ئەقڵانییەتێکی سیاسیی تایبەتە؛ تێڕوانینێک کە ئاشتی نە وەک ئامانجێکی کۆتایی، بەڵکوو تەنیا وەک کارتێکی دەستکاری کراو لە کایەی دەسەڵاتدا دەبینێت.
بۆ تێگەیشتن لەم لۆژیکە، دەبێت لەو گێڕانەوە ئەخلاقییانە دوور بکەوینەوە کە لایەک بە تاوانبار و لایەکەی تر بە بەربەستی ئاشتی دەزانن؛ پێویستە لە ناوکۆی بڕیاردان ورد ببینەوە. لێرەدا کێشەکە ئیرادەی ئەم و ئەو نییە، بەڵکوو کۆمەڵێک سنوورداری و حیساباتە کە ئێران بەرەو پاراستنی دۆخی هەڵپەسێردراو پاڵ پێوە دەنێت. بۆ ئێران، ڕێککەوتنێکی گشتگیر بە واتای قبووڵکردنی کۆمەڵێک بەربەستە کە هاوسەنگیی نێوخۆیی دەسەڵات و شەرعییەتە لەرزۆکەکەی، لەگەڵ قووڵایی ستراتیژیی ناوچەیی، دەخاتە بەر مەترسییەوە.
تێڕوانینی ئەمریکا بۆ دانوستان و ڕێککەوتن
لە لایەکی تری ئەم هاوکێشەیەدا، ناتوانرێت پێگەی دۆناڵد ترامپ تەنیا وەک "خواستی ئاشتی" کورت بکرێتەوە. ئەوەی لە یەکەم نیگادا وەک ئارەزووی کۆتاییهێنان بە گرژییەکان دەبینرێت، لە ڕاستیدا بەشێکە لە ڕێچکەیەکی کردەوەخوازانە (پڕاگماتییانە) کە ئاشتی نەک وەک بەهایەکی بنەڕەتی، بەڵکوو وەک دەستکەوتێکی نمایشکارانە دەبینێت. بۆ ترامپ، کێشەکە تەنیا بڕانەوەی قەیرانەکە نییە، بەڵکوو چۆنیەتیی کۆتاییهاتن و ئەو وێنەیەیە کە لەو کۆتاییە نیشانی جیهانی دەدات.
لەم چوارچێوەیەدا، جیاوازیی بنەڕەتی نە لە نێوان ئاشتیخوازی و شەڕخوازیدا، بەڵکوو لە نێوان دوو جۆر ئەقڵانییەتی سیاسیدایە: لە لایەک، لۆژیکی "ڕێککەوتنی هەڵپەسێردراو" کە لەسەر بەڕێوەبردن و کێشکردنی قەیرانەکە وەستاوە؛ لە لایەکی تریش، لۆژیکی "ڕێککەوتنی نمایشکارانە" کە بەدوای ئەنجامێکی خێرا و پڕدەنگودۆنگدایە بۆ ئەوەی وەک دەستکەوتی سیاسی ڕایبگەیەنێت. ترامپ، بەپێچەوانەی ڕێسای کلاسیکی دیپلۆماسی، چەندین جار نیشانی داوە کە خولیای ڕێککەوتنی خێرایە (تەنانەت ئەگەر ڕووکەش و بێبنەماش بن)، چونکە دەتوانێت وەک سەرکەوتنی سیاسی بیفرۆشێتەوە. وەک ئەوەی لەگەڵ کیم جۆنگ ئوندا کردی؛ لەوێدا دیدار و ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنەکە، خۆی بەقەد نێوەڕۆکەکەی گرنگ بوو. لە مۆدێلێکی وەهادا، هەر ئەوەی بگەیتە خاڵێک کە بتوانیت ڕایبگەیەنێت، تەنانەت ئەگەر قووڵایی و بنەمایەکی جێگیرکەریشی نەبێت، بە سەرکەوتن دادەنرێت.
هەر بۆیە، لێرەدا ئاشتی زیاتر ئامرازێکە نەک دۆخێکی جێگیر. هەر لێرەیشەوە دژایەتییە بنەڕەتییەکە سەر هەڵدەدات: ئەگەر ئێران بەدوای بەڕێوەبردنی گرژی بێت بێ ڕێککەوتنی کۆتایی، و ترامپیش بەدوای ڕێککەوتنێکی خێرا و نمایشکارانەدا بێت، ئەوا دوو لۆژیک ڕووبەڕووی یەک دەبنەوە کە هیچ خاڵێکی هاوبەشیان نییە. یەکێکیان کات دەکڕێت، ئەوی تریان کات دەکوشێت؛ یەکێکیان لە هەڵپەساردن سوود دەبینێت، ئەوی تریان لە ساتەوەختی وێنەگرتن و ڕاگەیاندنی ڕێککەوتن. ئەنجامی ئەم بەریەککەوتنە مەرج نییە ئاشتی بێت، بەڵکوو جۆرە لێکخشاندنێکی هەمیشەییە لە پڕۆسەی دانوستانەکاندا.
هەر جارێک کە دەرفەتێک بۆ ڕێککەوتن دەڕەخسێت، ئەم جیاوازییەی نێوان ئامانجەکان خۆی دەردەخات: ئەو لایەنەی تەنیا دەیەوێت دۆخەکە بەڕێوە ببات، لە خاڵی کۆتایی ڕادەکات؛ ئەو لایەنەیشی تەنیا چاوی لە ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنە، فشارەکان زیاتر دەکات. کەواتە، شکستی دانوستانەکان ڕووداوێکی لەناکاو نییە، بەڵکوو دەرەنجامی سروشتیی ئەم ناهاوئاهەنگییە ستراتیژییەیە.
لەو گۆشەنیگایەوە، تەنانەت ئەگەر وا دابنێین ترامپ بەڕاستی خوازیاری ئاشتییە، دەبێت بپرسین: چ جۆرە ئاشتییەک؟ ئاشتییەکی بنەڕەتی و جێگیر، یان ئاشتییەکی خێرا و نمایشکارانە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە دیاری دەکات بۆچی تەنانەت ئەگەر ئیرادەش هەبێت، دیسان ڕێککەوتن ناکرێت. چونکە ئەوەی لای لایەنێک بە شکست و سەرشۆڕیی دادەنرێت، لای لایەنەکەی تر وەک نمایشی هێز و سەرکەوتن دەبینرێت.
دەرەنجام
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، نابێت جێگیریی "ڕێککەوتنی هەڵپەسێردراو" لەگەڵ سەقامگیریی ڕاستەقینەدا تێکەڵ بکرێت. ئەم دۆخە، هەرچەندە لە کورتماوەدا کارا دەردەکەوێت، بەڵام لە درێژماوەدا بەرەو ناسکی و لەرزۆکییەکی بێزارکەر دەچێت. هۆکارەکەشی سادەیە: هەڵپەساردن، بەپێچەوانەی ئاشتی، خاوەنی هیچ دەزگا و بنەمایەکی جێگیرکەر نییە؛ نە ڕێسایەکی ڕوونی هەیە، نە گرەنتییەکی جێی متمانە، و نە ئاسۆیەکی هاوبەش کە یاریزانەکان بەرەو یەک ئاراستە ببات.
لەم سۆنگەیەوە، هەر گۆڕانکارییەکی بچووک، لە وەرچەرخانی هاوسەنگیی ناوچەییەوە بگرە تا گۆڕانکاری لە سیاسەتی نێوخۆییدا، دەکرێت ئەم هاوسەنگییە لەرزۆکە تێک بدات. لەم ڕوانگەیەوە، ڕێککەوتنی هەڵپەسێردراو زیاتر لەوەی چارەسەر بێت، جۆرە دواخستنێکی کێشەکەیە. لێرەدا کێشەکە چارەسەر نابێت، بەڵکوو لە کاتدا بڵاو دەکرێتەوە؛ تێچووەکان لاناچن، بەڵکوو بۆ داهاتوو ڕەوانە دەکرێن.
هاوکات، پارادۆکسێکی نێوخۆیی لەم مۆدێلەدا هەیە: هەرچی لایەنەکان لە بەڕێوەبردنی گرژیدا سەرکەوتووتر بن، پاڵنەریان بۆ دەرچوون لەم دۆخە کەمتر دەبێتەوە. بە واتایەکی تر، سەرکەوتن لە هەڵپەساردندا، خۆی دەبێتە بەربەست لە بەردەم چارەسەر. ئەمە هەمان ئەو خولگەیەیە کە قەیرانەکە بەرهەم دەهێنێتەوە: گرژی کۆنتڕۆڵ دەکرێت بۆ ئەوەی بەردەوام بێت، و بەردەوام دەبێت چونکە کۆنتڕۆڵ کراوە.
لەم نێوەندەدا، ڕۆڵی هۆکارە دەرەکییەکانیش یەکلاکەرەوەیە. یاریزانە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان هەرکامەیان بە جۆرێک لەم هاوسەنگییە ناسەقامگیرەدا بەرژەوەندییان هەیە یان کاریگەرییان لەسەرە. هەندێک لەم یاریزانانە لە بەردەوامیی دۆخی هەڵپەسێردراو سوود دەبینن، چ وەک کارتێکی فشار و چ وەک ئامرازێک بۆ پێناسەکردنەوەی پێگەی خۆیان. هەر ئەمەش ئاڵۆزیی دەرچوون لەم دۆخە دوو هێندە دەکات: تەنانەت ئەگەر دوو لایەنە سەرەکییەکەش بەرەو گۆڕانکاری بڕۆن، تۆڕێک لە بەرژەوەندییە ئاڵۆزەکان دەکرێت دیسان بیانگەڕێنێتەوە بۆ خاڵی هەڵپەساردن.
بۆیە پرسیاری کۆتایی چیتر تەنیا ئەوە نییە کە ئایا ڕێککەوتنێک پێكدێت یان نا، بەڵکوو ئەوەیە چ مەرجێک دەکرێت ئەم لۆژیکی هەڵپەساردنە بشکێنێت؟ وەڵامەکە، بە ئەگەری زۆر، نەک لە ئیرادەیەکی لەناکاودا بۆ ئاشتی، بەڵکوو لە گۆڕانی پێکهاتەیی تێچووەکان و بەرژەوەندییەکاندا شاردراوەتەوە.
تا ئەو کاتە، ڕێککەوتنی هەڵپەسێردراو لای لایەنێک وەک چوارچێوەی زاڵ دەمێنێتەوە: دۆخێک لە نێوان جەنگ و ئاشتیدا کە تێیدا گرژی نە چارەسەر دەبێت و نە دەگاتە تەقینەوەیەکی بێ کۆنتڕۆڵ، بەڵکوو بە شێوەیەکی دەستەمۆکراو بەردەوام دەبێت، بەڵام بۆ لایەنەکەی تر ئەم دۆخە یەکجار بێزارکەرە و وادیارە هەرچی زیاترە پەنا بۆ کارتە فشارە بەهێزەکان دەبات بۆ ئەوەی کۆتایی پێ بهێنێت.