وتووێژ: شەهرام سوبحانی
ئاماژە: مۆسیقا لە مێژووی گەلاندا تەنیا ئامرازێکی ئیستاتیکی بۆ چێژبەخشین نەبووە، بەڵکوو لە زۆر وێستگەی هەستیاردا وەک بڕبڕەی پشتی شۆڕش و پاسەوانێکی دڵسۆزی زمان و کولتوور ڕۆڵی گێڕاوە. بۆ نەتەوەیەکی وەک کورد، مۆسیقا تەنیا دەنگ و میلۆدی نەبووە، بەڵکوو زمانێکی جێگرەوە و سەنگەرێکی پتەوی بەرگری بووە لە بەرانبەر پڕۆسەکانی سڕینەوەی ناسنامە. لەم چوارچێوەیەدا، وتووێژێکی تایبەتمان لەگەڵ زۆر بەڕێز ڕێژوان تەها، کارناسی مۆسیقا، پێک هێناوە بۆ تاوتوێکردنی ڕەهەندە جیاوازەکانی ئەم هونەرە و کاریگەرییەکانی لەسەر بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی کوردستان.
لەم دیدارەدا، هونەرمەند ڕێژوان تەها تیشک دەخاتە سەر ئەوەی چۆن مۆسیقا لە ناو تەکیەکان و کۆڕی دەنگبێژاندا، مێژوویەکی پەستێوراوی بۆ نەوەکانی ئەمڕۆ پاراستووە. هەروەها باس لە ڕەسەنایەتیی مەقامە کوردییەکان، گرنگیی ئەرشیڤکردنی زانستی و ڕۆڵی ژینگەی زاگرۆس لە دەوڵەمەندکردنی ئاوازەکانماندا دەکات. ئەم گفتوگۆیە هەوڵێکە بۆ تێگەیشتن لە مۆسیقا نەک تەنیا وەک چێژ، بەڵکوو وەک جەوهەری "کوردبوون" و چەکێکی مەعنەوی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تاڵانی کولتووری.
ڕۆڵی مۆسیقا و هونەر لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و شۆڕشە سیاسییەکاندا چۆن دەبینیت؟ ئایا مۆسیقا تەنیا ئامرازێکی ئیستاتیکییە بۆ جوانی، یان دەتوانێت وەک چەکێکی کاریگەر بۆ یەکخستنی جەماوەر و گەیاندنی پەیامی نەتەوەیی و نیشتمانی لە شۆڕشەکانی جیهان و بەتایبەت لە کوردستاندا بەکاربهێنرێت؟
مۆسیقا لە بنەڕەتدا وەک کایەیەکی ئیستاتیکی (جوانیناسی) و ئامرازێکی ئارامبەخش دەناسرێت، بەڵام ئەم هونەرە تەنیا لە چوارچێوەی چێژی بینین و بیستندا قەتیس نامێنێت؛ بەڵکوو خاوەنی ڕەهەندێکی دیکەی جەوهەرییە کە ئەویش "پەیام و ئامانجە " لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، مۆسیقا هەمیشە وەک بڕبڕەی پشتی شۆڕشەکان لە خۆرهەڵات و خۆرئاوا کاریگەریی هەبووە. تەنانەت ئەو لایەنە ئایدۆلۆژی و گرووپە توندڕەوانەی کە ڕوانگەیەکی نەرێنییان بەرانبەر بە مۆسیقا هەبووە، نەیانتوانیوە دەستبەرداری وزەی ئەم هونەرە ببن و لە ڕێگەی "سروودە دەنگییەکانەوە" بۆ مەرامە سیاسی و فیکرییەکانی خۆیان بەکاریان هێناوەتەوە. و ئەگەر ئاوڕێک لە مێژووی سیاسیی جیهان بدەینەوە، دەبینین مۆسیقا هاندەری سەرەکی جەماوەر بووە.
بۆ نموونە:
. شۆڕشی فەڕانسە: سروودە جەماوەرییەکانی ئەو سەردەمە بوونە هەوێنی ڕاپەڕین، کە دواتر یەکێک لەو سروودانە بوو بە مارشی نیشتمانیی فەڕانسە.
. شۆڕشی تشرینی یەکەم (بۆلشەفیکەکان): مۆسیقا و مارشە شۆڕشگێڕییەکان پایەیەکی ستراتیژیی بزووتنەوەکە بوون، کە تا ئێستاش وەک میراتێکی هونەریی دەوڵەمەند لە ئەرشیڤی جیهانیدا ماونەتەوە.
ئەگەر ئاوڕێک لە مۆسیقای کوردستان بدەینەوە دەبینین کە لە دۆزی کورددا، مۆسیقا و هەڵپەڕکێ تەنیا دەربڕینی خۆشی نەبوون، بەڵکوو زمانێک بوون بۆ هاندانی خەڵک بۆ بەرخۆدان. هونەرمەندانی کورد لە ڕێگەی بەرهەمەکانیانەوە توانیویانە "کوردبوون" وەک ناسنامەیەکی زیندوو لە دڵی نەوەکاندا بپارێزن.
لە سەدەی ڕابردوودا، دەنگی هونەرمەندانی وەک مامۆستا (شڤان پەروەر، ناسری ڕەزازی، نەجمەی غوڵامی و حەمە جەزا) بوونە هاندەر و لایلایەی سەر بێشکەی منداڵانی کورد، تا هەر لە منداڵییەوە بیرو هزری نەتەوەیی لە مێشکییاندا چەکەرە بکات و ئازایانە بێنە مەیدان. هەروەها لە باکووری کوردستان، گرووپە هونەرییەکانی وەک (کۆما ئاوازێ چیا) و هونەرمەندانی وەک (دیار دێرسیم و هۆزان دینۆ) بە سروودەکانیان ڕۆڵێکی کارایان گێڕا لە وشیارکردنەوەی تاکی کورد و ڕووبەڕووبوونەوەی داگیرکاری.
لە ئەزموونی ئەم دواییەی خۆرئاوای کوردستان و لە کاتی شەڕی دژ بە تیرۆردا، ناوەندە هونەرییەکانی وەک "هونەرگەها وەڵات" مۆدێلێکی نوێیان لە مۆسیقای شۆڕشگێڕی پێشکەش کرد. ئەوان بە نوێکردنەوەی میلۆدییە فۆلکلۆرییەکان و ئاوێتەکردنیان لەگەڵ پەیامی فیکری و نەتەوەیی، توانییان: یەکەم، ڕەواندنەوەی ترس لە دڵی جەماوەردا و دووهەم گڕووتین و وزە بەخشین بە شۆڕشگێڕان و هەروەها پەیامی دادپەروەری و ئازادیی کورد بە جیهان بگەیەنن. لە کۆتاییدا دەڵێم کە مۆسیقا تەنیا ئامرازێکی "ئیستاتیکی" نییە، بەڵکوو چەکێکی نەرم و کاریگەرە بۆ یەکخستنی دەنگە پەرتەوازەکان. مۆسیقا ئەو هێزە سیحراوییەیە کە دەتوانێت جەماوەر لە دەوری ئامانجێکی نەتەوەیی کۆبکاتەوە و هەستی نیشتمانپەروەری لە ئاستێکی باڵادا ڕابگرێت.
ئایا تێکەڵبوونی مۆسیقا لەگەڵ پەیامە جیاوازەکان (وەک ئایین، سیاسەت، یان ئایدۆلۆژیا) دەبێتە هۆی ئەوەی مۆسیقا ناسنامە و چێژە ئیستاتیکییەکەی خۆی ون بکات؟
بە بڕوای من، وەڵامەکە نەخێرە؛ مۆسیقا بە هیچ شێوەیەک ناسنامە و جوانییەکەی خۆی لەدەست نادات. لە مێژووی مرۆڤایەتیدا ئامرازێکی فرە ڕەهەند بووە؛ لە دێرینترین سەردەمەکانەوە بۆ مەبەستی جادوویی، ئایینی و عیرفانی بەکارهاتووە، تەنانەت پێش ئەوەی ئایینەکان شێوازە دامەزراوەییەکەی ئێستایان وەربگرن.
مۆسیقا هەڵگری پەیامی جۆراوجۆرە، لە پەیامە گشتییەکانەوە تا دەگاتە گوزارشتە هەرە خودی و تاکەکەسییەکان. کاتێک هونەرمەندێک (ئاوازدانەر، گۆرانیبێژ، یان ژەنیار) بەرهەمێک دەخولقێنێت، لە ڕاستیدا جیهانی ناوەوەی خۆی و هەستە قووڵەکانی لە ڕێگەی دەنگەوە بەرجەستە دەکات. ئەم پڕۆسەیە لە لایەن وەرگرەوە بە هەمان شێوە دووپاتە دەبێتەوە؛ هەر بیسەرێک بەپێی ئەزموون و هەستی خۆی لەگەڵ مۆسیقاکەدا دەبێتە یەک، بێ ئەوەی لایەنە ئیستاتیکییەکەی (جوانییەکەی) زیانی پێ بگات.
بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستییە، دەتوانین ئاماژە بەم خاڵانەی خوارەوە بکەین:
. تێپەڕاندنی سنووری زمان: ئێمە زۆرجار چێژ لە مۆسیقای نەتەوەکانی تر وەردەگرین بێ ئەوەی لە زمان و دەقی گۆرانییەکانیان تێ بگەین؛ ئەمەش دەیسەلمێنێت کە جوانیی مۆسیقا سەربەخۆیە لە مانا فەرهەنگییەکان.
. خەسڵەتی ئەبستراکت: مۆسیقا زمانێکی ڕووتە کە سنوورەکان دەبڕێت. زمانێکە نەک تەنیا مرۆڤایەتی، بەڵکوو بەپێی توێژینەوە زانستییەکان، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر زیندەوەرانی تریش (وەک ڕووەک و ئاژەڵ) هەیە.
. دوو جەمسەریی مۆسیقا: مۆسیقا لەسەر دوو کۆڵەکەی سەرەکی) ئیستاتیکا و پەیام (وەستاوە. ئەگەرچی پەیامەکە (سیاسی، کۆمەڵایەتی یان ئایدۆلۆژی) بگۆڕێت، بەڵام جەمسەرە ئیستاتیکییەکە وەک هێزێکی جێگیر دەمێنێتەوە.
لە کۆتاییدا، مۆسیقا وەک زمانێکی گشتگیر دەمێنێتەوە. هەرچەندە ئاراستەکردنی پەیامەکان پەیوەستە بە بارودۆخی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ڕوانگە خودی موزیسیانەکە، بەڵام ئەمە نابێتە ڕێگر لەبەردەم چێژبینینی بیسەر، تەنانەت ئەگەر بیسەرەکە لە ڕووی بیروباوەڕەوە نەیار و جیاوازیش بێت.
ڕۆڵی ئاوازە فۆلکلۆری و ڕەسەنەکانی کوردستان چییە لە دەوڵەمەندکردنی گۆرانیی شۆڕشگێڕی مۆدێڕن، و تا چەند هونەرمەندانی ئێستا توانیویانە ئەو ڕەسەنایەتییە لەگەڵ ستایلە جیهانییەکاندا بگونجێنن؟
ئاوازە فۆلکلۆری و ڕەسەنەکانی کوردستان، وەک سەرچاوەیەکی بێبڕانەوەی ئیلهام، ڕۆڵێکی بنەڕەتییان لە دەوڵەمەندکردنی موزیک و گۆرانیی شۆڕشگێڕیی مۆدێڕندا گێڕاوە. مێژووی هونەری کوردی پڕە لەو داهێنەرانەی بە تاوتوێکردنی شیعری بەپێز و ئاوازی ڕەسەن، بەرهەمگەلێکیان خولقاندووە کە تا ئێستاش لە ویژدانی نەتەوەییدا زیندوون.
ئەمڕۆ تێڕوانینێکی نوێ و زانستی لەلایەن هونەرمەندانی کوردەوە گەڵاڵە بووە؛ ئەوان بە سوودوەرگرتن لە فرەچەشنیی ئاواز و مەقامەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان، هەوڵی ژیاندنەوەی ئەم سامانە نەتەوەییە دەدەن. ئەم پڕۆسەیە تەنیا دووپاتەکردنەوە نییە، بەڵکوو "نوێکردنەوەیەکی بنیاتنەرە" کە تێیدا دەقە شیعرییە نوێیەکان لەگەڵ ڕەسەنایەتیی ئاوازە کۆنەکاندا تێکەڵ دەکرێن.
خاڵە جەوهەرییەکانی ئەم گۆڕانکارییە:
. کولتووری دەوڵەمەند: کوردستان خاوەنی هەزاران ئاوازی ڕەنگاوڕەنگە کە هەر کامەیان خاوەن تایبەتمەندی و ناسنامەی ناوچەیی خۆیانن.
. پشکی شێر: زۆربەی گۆرانییە نیشتمانی و حەماسییە سەرکەوتووەکانی ئێستا، بنەما مۆسیقییەکەیان لە فۆلکلۆرەوە وەرگیراوە.
. جیهانیبوون: ئەزموونی ناوەندە هونەرییەکانی وەک »هونەرگەها وەلات «سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە دەکرێت فۆلکلۆری کوردی بە فۆرمێکی مۆدێڕن و ستاندارد دابڕێژرێتەوە، بەجۆرێک کە سنوورە نەتەوەییەکان ببڕێت و سەرنجی گوێگری بیانی ( لە ئورووپاوە تا ئاسیا) بۆ لای خۆی ڕابکێشێت.
ئاوازە ڕەسەنەکان بەهۆی ئەو وزە مەعنەوییە و مێژووییەی لەناویاندایە، گونجاوترین کەرەستەن بۆ بەرهەمهێنانی موزیکی بەرخۆدان. هونەرمەندی هاوچەرخ توانیویەتی بە "سەلیقەیەکی نوێخوازانە"، ئەم مۆسیقایە لەگەڵ ستایلە جیهانییەکان بگونجێنێت و ناسنامەی نەتەوەیی کورد لە قاڵبێکی سەردەمیانەدا بە جیهان بناسێنێت.
سروشت و ژینگەی کوردستان و مێژووی دێرینی زاگرۆس چ کاریگەرییەکیان لەسەر شێواز و فرەچەشنیی ئاواز و مۆسیقای فۆلکلۆری کوردی هەبووە، و ئەم کاریگەرییە چۆن لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستاندا ڕەنگی داوەتەوە؟
بێگومان پەیوەندییەکی ئۆرگانی و دانەبڕاو لە نێوان ژینگەی کوردستان و مۆسیقای کوردیدا هەیە. ئەم ڕەنگدانەوەیە تەنیا لە ڕووی هونەرییەوە نییە، بەڵکوو ڕەگێکی قووڵی لە میراتی دەوڵەمەندی زاگرۆسدا هەیە. زاگرۆس وەک لانکەی مرۆڤایەتی و سەرهەڵدانی یەکەمین شارستانییەتەکان، ڕۆڵێکی میحوەری هەبووە لە داڕشتنی ناسنامەی مرۆڤی کورد؛ هەر لە دۆزینەوەی ئاگر و بونیادنانی شارەوە تا دەگاتە خوڵقاندنی ئایین و جەژنە نەتەوەییەکان.
مۆسیقای فۆلکلۆری کوردی لە جەوهەردا لە سروشتەوە سەرچاوەی گرتووە. ئەم ڕاستییە لە جەژنە دێرینەکانی وەک: نەورۆز، جەمادە، قاوەڵتاس، خاوەنکار، خدر ئەلیاس و چوارشەممەسوورە بە ڕوونی دەردەکەوێت. ئەم بۆنانە بەرهەمی بڕیارێکی سیاسی نین، بەڵکوو گوزارشتن لە گۆڕانکارییە سروشتییەکان و سووڕی وەرزەکان. مۆسیقای کوردیش بە هەمان شێوە، ئاوێتەی کات و بارودۆخە جیاوازەکانی ژیان بووە:
. مۆسیقای کار: لە کاتی دروێنە و کشتوکاڵدا وەک بزوێنەرێکی دەستەجەمعی بەکارهاتووە.
. مۆسیقای شوانکارەیی: ڕەنگدانەوەی ژیانی کۆچەری و ئاژەڵدارییە.
. مۆسیقای پەروەردەیی: لایلایە، نموونەیەکی باڵایە کە چۆن دایکی کورد لە ڕێگەی ئاوازەوە، زمان و بەها کولتوورییەکانی گۆشکردووەتە گوێی منداڵەکانی.
هەروەک چۆن زمانی کوردی خاوەن زاراوەی جیاوازە، مۆسیقای کوردیش بەپێی جوگرافیا و دۆخی کۆمەڵایەتی - سیاسیی ناوچەکان، پۆلێن دەبێت بۆ چەندین قوتابخانەی دەنگی:
ناوچەی جوگرافی
تایبەتمەندیی مۆسیقایی
باکووری کوردستان
شێواز و ڕیتمی تایبەت بە کرمانجیی سەروو کە گوزارشت لە چیاکانی تۆرۆس و زاگرۆس دەکات.
باشووری کوردستان
مۆسیقای ناوچەی گەرمیان (مەقام و لۆرە) خاوەن سۆز و شێوازێکی جیاوازە.
ڕۆژهەڵاتی کوردستان
جیاوازییەکی بەرچاو لە نێوان قوتابخانەی (موکریان) و (سنە)دا هەیە.
ناوچەکانی خواروو
ئاوازەکانی کرماشان، لوڕستان و کەلهوڕ تایبەتمەندیی هاوبەش و ڕەسەنی خۆیان هەیە.
لە کاتێکدا کە دەوڵەتی تورکیە و داگیرکەران هەموو هەوڵێکیان بۆ سڕینەوەی ناسنامە و زمانی کوردی و پڕۆسەی ئاسیمیلاسیۆن تەرخان کردبوو، مۆسیقا و دەنگبێژی چ ڕۆڵێکیان هەبوو لە پاراستنی مێژوو و کولتووری کوردیدا، و چۆن توانییان ئەو میراتە بە زیندوویی بگەیەننە نەوەکانی ئێستا؟
لەژێر سایەی سیاسەتە ڕەگەزپەرستییەکانی دەوڵەتی تورکیە و هەوڵە چڕەکانی بۆ سڕینەوەی ناسنامەی کوردی و جێبەجێکردنی پڕۆسەی ئاسیمیلاسیۆن (تواندنەوەی کولتووری)، مۆسیقا و هونەری دەنگبێژی وەک قەڵغانێکی پتەو ڕۆڵی مێژوویی خۆیان لە پاراستنی زمان و میراتی نەتەوەییدا گێڕا. لەو سەردەمەدا کە کوردبوون و ئاخاوتن بە زمانی کوردی قەدەغە کرابوو، لاوک و دەنگبێژی بوونە تاکە کەرەستەی زیندوو هێشتنەوەی مێژووی پەستێوراو.
دەنگبێژان لە ڕێگەی کۆڕ و کۆبوونەوەی شەوانەوە "شەوچەرەکان"، توانییان مێژووی زارەکی و میراتی باب و باپیران بە نەوە نوێیەکانی باکووری کوردستان بگەیەنن. دواتر، دامەزراندنی بەشی کوردیی ڕادیۆی ئێریڤان لە ئەرمەنستان، وەرچەرخانێکی گرنگ بوو؛ شەپۆلە ڕادیۆییەکان سنوورە دەستکردەکانیان دەبەزاند و جارێکی دیکە مۆسیقا و هونەری ڕەسەنیان گەیاندەوە نێو ماڵەکان، ئەمەش بووە هۆی پووچەڵکردنەوەی هەوڵەکانی داگیرکەر بۆ دابڕانی کورد لە ڕەگ و ڕیشەی خۆی.
بۆیە هونەری دەنگبێژی تەنیا بۆ کاتبەسەربردن نەبوو، بەڵکوو ئەرکێکی گەیاندن و میدیایی هەبوو. دەنگبێژان بە گەشتەکانیان بۆ ناوچە جیاوازەکان، ڕووداوە مێژووییەکان، چیرۆکە دڵدارییەکان، سەرکەوتنەکان و تەنانەت تراژیدیای کۆمەڵکوژی و ناپاکی و شکستەکانیان لە قاڵبی بەیت، حەیران و لاوکدا دادەڕشت و دەیانگواستەوە.
مۆسیقای کوردی لە قۆناغە هەرە سەختەکاندا وەک بڕبڕەی پشتی ناسنامەی نەتەوەیی مایەوە. ئەم هونەرە نەک هەر ڕێگری لە سڕینەوەی زمان کرد، بەڵکوو بووە ناسنامەیەک کە پێویستە نەوەکانی ئێستا بە شانازییەوە لێی بڕوانن، بیپارێزن و وەک بنەمایەکی سەرەکیی "کوردبوون" پەرەی پێ بدەن. ئەم میراتە دەیسەلمێنێت کە مۆسیقا لە مێژووی کورددا تەنیا هونەر نەبووە، بەڵکوو ئامرازێکی بەرگری بووە لە بەرانبەر ئاسیمیلاسیۆنی کولتووریدا.
مشتومڕێکی زۆر هەیە لەسەر ئەوەی کە ئایا کورد خاوەنی مەقامی تایبەت بە خۆیەتی یان تەنیا لقێکە لە مۆسیقای خۆرهەڵاتی؟ ڕای جەنابت وەک پسپۆڕێک لەسەر ڕەسەنایەتیی مەقامە کوردییەکان (وەک مەقامی ئای ئای، خاوکەر، و... هتد) چییە؟
سەبارەت بەو مشتومڕەی لە سەر ڕەسەنایەتیی مەقامە کوردییەکان (وەک ئایئای، خاوکەر و... هتد) هەیە، کە ئایا کورد خاوەنی مەقامی سەربەخۆیە یان تەنیا لقێکە لە مۆسیقای خۆرهەڵاتی، تێڕوانینی من وەک لێکۆڵەرێک لە بواری «موزیکۆلۆژی» و «ئیتنۆموزیکۆلۆژیا» بەم جۆرەیە:
ئەو شێوازانەی وەک ئایئای، قەتار، خاوکەر، حەیران و سیاچەمانە، لە بنەڕەتدا پێیان دەوترێت (فۆرم) یان (شێوەئاواز) و ناچنە خانەی مەقامەوە. مەقام لە زانستی مۆسیقادا واتە سکێڵ (Scale) واتە پەیژەیەک کە لە تۆنێکەوە دەست پێ دەکات و لە هەمان تۆن کۆتایی دێت و بەپێی گۆڕانکاریی دەنگی (دییزی و بێمۆڵ) ناسنامەی بۆ دیاری دەکرێت. هەرچەندە زۆرێک لە هونەرمەندانیش بەم شێوەئاوازانە دەڵێن مەقام، بەڵام لە ڕووی زانستییەوە وەک فۆرمە کوردییەکان پۆلین دەکرێن.
سەبارەت بەوەی ئایا کورد مەقامی هەیە؟ بێگومان هەیەتی. گەورەترین بەڵگەش ئەوەیە کە تا ئێستاش ناوی زۆرینەی مەقامەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کوردین. بۆ نموونە مەقامی (کورد) کە لە هەموو جیهاندا بە ناوی نەتەوەی کوردەوە ناسراوە. هەروەها مەقامی (ڕاست) کە وشەیەکی کوردییە و لە زمانی عەرەبیدا هیچ واتایەکی نییە، یان مەقامی (بەیات) کە لە وشەی «بەیاد»ـەوە هاتووە.
زاگرۆس لانکەی مێژوویی ژیار و داهێنان بووە، هەربۆیە ڕەگی مۆسیقای ناوچەکە بۆ کورد دەگەڕێتەوە. ئەو مۆسیقایەی ئێستا نەتەوەکانی تر شانازیی پێوە دەکەن، ڕەگەکەی لای کوردە و بەڵگەی مێژوویی لە سەرە. کەسایەتیی وەک ئیسحاقی مووسڵی و زەریاب لە سەردەمی عەباسییەکاندا مۆسیقا و ئامێری عوودیان گەشە پێدا. ئەوەی ئێستا وڵاتانی دراوسێ وەک میراتی خۆیان دەیناسێنن، لە ڕاستیدا مێژوویەکی زەوتکراوی کوردە کە بە دەنگ، هەست و بەڵگەی ڕوون بۆ ڕەسەنایەتیی ئێمە دەگەڕێتەوە.
ڕۆڵی سیستەمی دەوڵەت - نەتەوە لە وڵاتانی داگیرکەردا چییە لەسەر ناسنامە و مۆسیقای کوردی، وە چۆن دەتوانرێت لە ڕێگەی هونەر و ڕۆشنبیرییەوە ڕووبەڕووی ئەم هەوڵانەی ئاسیمیلەکردن و دزینی کولتوورە ببینەوە؟
سیستەمی دەوڵەت - نەتەوە لە وڵاتانی داگیرکەردا، لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژیای «یەک نەتەوە، یەک زمان و یەک کولتوور» بونیاد نراوە. ئەم ڕوانگە تاکڕەهەندە، بوونی نەتەوەی کورد ڕەت دەکاتەوە و هەوڵ دەدات لە ڕێگەی پڕۆسەی ئاسیمیلەکردنی زۆرەملێوە، ناسنامەی کوردی لەناو ناسنامەی زاڵدا بتوێنێتەوە. لەم چوارچێوەیەدا، تەنیا خاک داگیر نەکراوە، بەڵکوو مێژوو و بەرهەمە کولتوورییەکانیش، بە تایبەت مۆسیقا، ڕووبەڕووی تاڵانی مەعنەوی بوونەتەوە.
دەوڵەتە داگیرکەرەکان بە ئاشکرا ئاواز و مۆسیقای کوردی بۆ خۆیان دەبەن و وەک بەرهەمێکی نەتەوەیی خۆیان بە جیهانی دەناسێنن؛ ئەمەش لەبەر ئەوەی لە فەلسەفەی سیاسیی ئەواندا، کورد وەک قەوارەیەکی سەربەخۆ بوونی نییە. ئەگەرچی لە ئێستادا هەندێک گۆڕانکاریی ڕووکەشی لە گوتاری سیاسییاندا دەبینرێت، بەڵام لە جەوهەردا هێشتا دانی پێدا نانێن و بەرهەمە کولتوورییەکانی کورد بە موڵکی خۆیان دەزانن.
زۆر بەداخەوە نەبوونی قەوارەیەکی سیاسیی یان دەوڵەتێکی سەربەخۆ، وای کردووە کە کورد نەتوانێت لە ئاستە نێودەوڵەتییەکاندا سکاڵای یاسایی بۆ پاراستنی مافی خاوەندارێتیی فیکری تۆمار بکات. هەر بۆیە، ئەرکی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم «جینۆسایدە کولتوورییە» دەکەوێتە ئەستۆی هونەرمەندان و ڕۆشنبیران لە ڕێگەی ئەم خاڵانەی خوارەوە:
. بەڵگەنامەکردنی مێژوویی: چەسپاندنی ڕەگ و ڕیشەی ئاوازەکان و گەڕاندنەوەیان بۆ شار و گوند و مێژووی ڕەسەنی خۆیان.
. بەرخۆدانی هونەری: بەکارهێنانی مۆسیقا وەک ئامرازێکی گوزارشتکردن لە ناسنامە و سەلماندنی ئەوەی کە مۆسیقای کوردی نەک هەر پاشکۆ نییە، بەڵکوو بناغەی زۆرێک لە مۆسیقای گەلانی دەوروبەریشە.
. ڕۆشنبیریی گەنجان: هۆشیاریی نەوەی نوێ و بەرخۆدانی گەنجانی دڵسۆز، دەبێتە هۆی تێپەڕاندنی ئەو چەقبەستووییەی سەد ساڵی ڕابردوو و ناساندنی ڕاستەقینەی هونەری کوردی بە جیهان.
ئەمڕۆ، لەرێگەی تێکۆشانی فیکری و هونەرییەوە، تێگەیشتنێکی نوێ لە ئاستی جیهانیدا سەرهەڵدەدات کە چیتر ڕێگا نادات مۆسیقا و ناسنامەی کورد لە پەراوێزدا بمێنێتەوە، و هەوڵەکان بۆ شێواندنی ئەم ڕەسەنایەتییە بەرەو شکستهێنان دەچن.
ئایا مۆسیقایەک کە تەنیا بە نۆتە و ئەکادیمی بێت، دەتوانێت ئەو "ڕۆح و ئیحساسە" بگوێزێتەوە کە لە ڕێگەی سینەبەسینە و تەکیەکانەوە پارێزراوە؟
لە ئورووپا مۆسیقا لە سەردەمی ڕێنسانسەوە بووەتە زانست و ئەرشیڤ کراوە، بەڵام لە کوردستان مۆسیقا لە ڕێگەی ئایین و تەکیە و خانەقاکانەوە بە شێوازی سینەبەسینە پارێزراوە. پێویستە فێرخوازی کورد هەردوو ڕێگەکە بگرێتە بەر؛ هەم ڕۆحیەت و ئیحساسی ڕەسەن لە مامۆستاکەی وەربگرێت، هەم بە شێوەیەکی ئەکادیمی بینووسێتەوە بۆ ئەوەی وەک ناسنامەیەکی نەتەوەیی ئەرشیڤ بکرێت.
تا چەند هاوڕایت کە "نەنووسینەوەی مۆسیقا" لە ڕابردوودا، ڕێگەی بۆ داگیرکەران خۆش کردووە کە ئاوازە کوردییەکان بە ناوی خۆیانەوە مارکە بکەن؟
ئەرشیڤکردن تەنیا کارێکی هونەری نییە، بەڵکوو پاراستنی مافی خاوەندارێتییە. ئەگەر زووتر مۆسیقاکەمان بە شێوەی ئەکادیمی تۆمار بکردایە، نەدەبووە موڵکی بێگانە. پێویستە موزیسیانی کورد تەنیا ژەنیار نەبێت، بەڵکوو ببێتە توێژەرێکی ئەکادیمی بۆ ئەوەی ڕێگری بکات لە لێشاوی داگیرکاری و تواندنەوەی میلۆدییە فۆلکلۆرییەکانمان.
ئەگەر "کولتوور" ببێتە بەشێک لە مەنهەجی خوێندن، چ گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە تێڕوانینی گەنجی کورد بۆ شوناسەکەی دروست دەبێت؟
لە کاتێکدا دەوڵەتانی تر شانازی بە پیشەسازیی چەک و ئۆتۆمبێلەوە دەکەن، کورد گەورەترین سەرمایەی کە هەیبێ کولتوورە ڕەسەنەکەیەتی. بۆیە بە بڕوای من دەبێت ئەم کولتوورە بخرێتە ناو مەنهەجی پەروەردە و خوێندنی باڵاوە. حکوومەت و وەزارەتی ڕۆشنبیری دەبێت ستراتیژییان بۆ "کولتوورسازی" هەبێت تا نەوەکانی داهاتوو بە بیرکردنەوەیەکی کوردییەوە گەورە ببن.
ئایا دامەزراندنی دەزگایەکی کولتووری "سەروو - حیزبی و سەروو - پارچەیی" دەتوانێت ببێتە جێگرەوەیەک بۆ نەبوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆ لە ڕووی شوناسەوە؟
پێویستە دامودەزگایەکی تایبەت بە کولتوور دروست بکرێت کە تەنیا سنووردار نەبێت بە باشوور، بەڵکوو ناوەندێک بێت بۆ کۆکردنەوەی هەموو هونەرمەند و ڕۆشنبیرانی هەر چوار پارچەی کوردستان. دەزگایەک کە ئەرکی ژیانەوە و خستنەوەسەرپێی کولتووری کوردی بێت لەسەر ئاستێکی جیهانی.