
تەهای ڕەحیمی
شەڕ دیاردەیەکی مێژووییە و ڕەنگە پێش مرۆڤیش (هۆمۆساپینس) هەبووبێ. شەڕ لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێک و لە کاتێکەوە بۆ کاتێک جیاوازە. بەڵام ئەوەی نەگۆڕە هۆکاری شەڕە، ئەویش تێکئاڵقانی بەرژەوەندییەکانە. جا ڕەنگبێ بەرژەوەندیش لە کات و شوێنی جیاوازدا واتای جیاواز هەڵبگرێ، بەڵام یەک کاکڵەیە و تەنیا ڕەنگ و تێگەیشتن لێی دەگۆڕدرێ. هەموو ئەم چەمکانەی لە دەوری شەڕ کۆدەبنەوە، بە تێپەڕینی کات تووشی گۆڕانی واتا هاتوون: سەرکەوتن، بەزین، چەک، ستراتیژی، پلان. بۆ وێنە دوو خێڵ، دوو ئیمپراتۆری، دوو پاشایەتی جاری وابووە خاکی یەکیان بە توورەکە کێشاوە. پێشکەوتنی کۆمەڵگەی مرۆیی دیاردەی شەڕی هەم دڕندانەتر کردووە، هەمیش قانوونمەندتر. ئیدی ئەمڕۆ بۆت نییە دیل بکوژی. بۆت نییە فڵان و فیسارە چەک بەکار بهێنی و... هتد. دیارە شەڕ لە سەردەمی هاوچەرخدا لە دیاردە دەرچووە، بەڵکوو کۆمپانی و کارگەی ئابوورییە. ئابووریی شەڕ لە خودی شەڕ پڕبایەخترە و تەنانەت جاری وایە شەڕ بۆ ئابووریی شەڕە.
کلاوزویتز دەڵێ: شەڕ سێ فاکتەر یان بەریانی هەیە: "کەفوکوڵ، شانس (دەرفەت)، ئاوەز". بۆ شەڕ و ڕەکێشی هێزی مرۆیی بۆ سەر بەرەکانی دوژمن، هەڵخڕاندنی کەفوکوڵ لە چەکی دەست گرنگترە. لە ڕاستیدا ئەگەر شیر و ڕمب و ئامرازەکانی دیکەی شەڕکردن چەکی دەستن، کەفوکوڵ چەکی شکستی مێشکن و تەنیا کەفوکوڵە دەتوانێ بیرکردنەوەی بەر لە شەڕ لەکار بخا و هانی تاکێک بدا بچێ بۆ شەڕ. لە هەموو شەڕ و پێکدادانێکدا ڕێکەوت، هەڵکەوت و شانس زۆرجار ئاکامی بەربەرەکانییان گۆڕیوە؛ فاکتەری دووەم وەک دەرفەتێکیشە بۆ هەموو ئەوانەی خولیای سەربازی و پاڵەوانێتییان هەیە و دەیانەوێ تواناییەکانیان لەم بوارەوە تاقی بکەنەوە. ئاوەز فاکتەری سەرکەوتنە. بەرەی ئاوەزمەند خاوەن ستراتیژییە و پلانی بۆ جێبەجێکردنی ستراتیژییەکانی هەیە. ئاوەز سەرکردە و سەرکردایەتیی شەڕە، هەرچەند بەهێز بێ ئەوەندەش سەرکەوتن مسۆگەرە. شەڕ لەم چرکەساتەی ئێمەی تێدا دەژین بووە بە بەشێک لە تەکنۆلۆژی، یان تەکنۆلۆژییە کە شەڕ دەکا نەک مرۆڤ. بەڵام هێشتاش ئەم سێ فاکتەرەی کلاوزویتز کاریگەر و دیاریکەرن.
دیارە بە واتای ئەوە نییە ئەم فاکتەرانە بتوانن هەمیشە بە باری ئەرێنیدا سەرکەوتن مسۆگەر بکەن. ئەگەر بەپێچەوانەوە ئەم سێ فاکتەرە لە بەربەرەکانی و ململانێیەکدا بەکار بهێنرێن، دەبنە مایەی شکست. بۆ وێنە ئەگەر لەم شەڕەی ئێستای نێوان ئەمریکا / ئیسرائیل و ئێراندا کورد کەفوکوڵ هەڵیگرێ و تێکەڵ بە شەڕی ئەوان ببێ، کە لە ڕاستیدا ئەم شەڕە لەسەر بەرژەوەندیی ئەم دوو وڵاتە هەڵگیرساوە و لە ئەگەری وەدیهاتنی ئامانجەکانی ئەوان دەتوانێ لایەنی سێیەمی شەڕەکە بەتەنیا لە شەڕەکەدا بمێنێتەوە. ئەمەش وا دەکا پاشان هۆکارەکانی شکستی بەسەردا ببڕێ و بکەوێتە بەر تووک و سزا. نازییەکان پاش سەرکەوتن لە دەیەی چلەی سەدەی ڕابردوودا یەکەم کاریان پەرەپێدانی ئەم وێژەمان و هزرینە بوو کە هۆکاری شکستی ئەڵمان لە شەڕی یەکەمی جیهانییدا سۆسیالیستەکان و جووەکان بوون. بە گەورەکردنەوەی ئەم ڕوانگەیە بەستێنی کۆمەڵکوژیی جووەکان و قەڵاچۆی سۆسیالیستەکان لە ئەڵمانی نازیدا ئەخڵاقی و ویژدانی و قانوونی کرا. لە لایەکی دیکەوە نەتەوە بێدەسەڵاتەکانی ئێران هیچ کامیان خاوەن تەکنۆلۆژی نین کە دەرفەت و شانسی تاقیکردنەوەیان هەبێ. تەنانەت ئەگەر تەکنۆلۆژیی خاوەندارانیش تاقی بکەنەوە، ئەمە تەنیا دەرفەتی بۆ خاوەن کارگە و وڵاتانی خاوەن تەکنۆلۆژی خوڵقاندووە هەتا چاکتر کاڵاکانیان بەبازاڕ بکەن. بۆیە لەم بوارەشەوە نەتەوەی بێدەوڵەت و بێبەش لە تەکنۆلۆژی کوڵە. ئەوەی دەگەڕێتەوە سەر ئاوەز و سەرکردایەتی، ڕوون و ئاشکرایە کە نەتەوەی کورد خاوەن پارت و ڕێکخراوی بەئەزموون و ئینستیتیوشناڵە، بۆیە هەر ئەو چاوەڕوانییەی لێدەکرێ کە هەتا ئێستا نواندوویەتی.
سەرەڕای ئەم کورتەیەی بە گوێرەی تیۆریی کلاوزویتز لەسەر کورد باسکرا، بەڵام کورد بەشێکە لەم شەڕە، بۆیە دەبێ بیر لە سەرکەوتن بکاتەوە. ئەگەر سەرکەوتن بۆ ئەمریکا گۆڕینی ڕەفتاری ڕێژیم، شوێنگە و ئەو بەرەیەی ئێران وەک جوگرافیایەکی گرنگی ناوچەکە و جیهان کایەی سیاسی تێدا دەکا، یان پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکایە؛ بۆ ئیسرائیل لەرزۆککردن و دیسانتڕاڵبوونی دەسەڵاتی سیاسی لە ئێران و داماڵینی کۆماری ئیسلامی لەو چەک و تەکنۆلۆژییانەیە کە دەتوانن هەڕەشە بن بۆ سەر مەوجوودییەتی ئەو وڵاتە. بۆ کۆماری ئیسلامی و سەرکردەکانی سپای پاسداران ڕەنگە سەرکەوتن مانەوە بێ، هەروەک دیتیشمان پاش ئەو هەمووە سەرکردە و ئەندامەی لێیان کوژرا، لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئاگربڕ لە شەقامەکانی شارە گەورەکان جێژنی سەرکەوتنیان دەگێڕا.
بەڵام ئایا سەرکەوتن بۆ کورد چییە؟ دەرفەتێکە کۆماری ئیسلامی لە پەل و پۆ کەوتووە و ڕزگارکردنی ڕۆژهەڵاتە؟ ئازادکردنی بەشێکی ڕۆژهەڵاتە؟ دیارە ئەم پرسیارانە بەرەو لێکدانەوەیەکی چەندایەتیمان (Quantitative) دەبەن. واتا ناچارین پەنا بەرینە بەر لێکدانەوەیەکی ژمارەیی لەسەر تێچوو و دەستکەوتەکانمان، بۆیە خۆی لێ دەبوێرم. پێموایە بەر لەوەی هەر ئەکتێک دیاری بکەین بۆ نەتەوەیەکی بێدەوڵەت لەم قۆناغەدا، بەم هەڵومەرجەوە، دەبێ بزانین سەرکەوتنی چییە. ئایا سەرکەوتن بە واتای شکستی دوژمن لە بەرەکانی شەڕە؟ سڕینەوەی گێڕانەوە و ئیلقا هەڵەکانە؟ داماڵینی وێژەمانی و هزرینە لەسەر وێژمانی دوژمن؟ ڕەنگە هەموو ئەو پرسیارانە و پرسیاری دیکەش لەم بوارەدا ڕاست دەرچن. دەکرێ وەڵامی ئەم پرسیارانە و زۆر پرسیاری دیکەش سەرکەوتنی قۆناغ بە قۆناغ بن بۆ گەلێکی داگیرکراوی بێدەوڵەت. بەڵام بۆ نەتەوەی کورد لە سەردەمێکدا کە داگیرکاری و گۆڕینی دێموگرافیا بووە بە ستراتیژی (کرایمە، ئابخازیا و ئۆستیای باشوور، ناوچە جۆراوجۆرەکانی فەلەستین، ئۆیغورەکانی چین، ڕوهینگیاکانی میانمار، باشووری کوردستان، سووریە، قوبرسی باکوور) پاراستنی سەرمایەی مرۆیی گەورەترین سەرکەوتن بێ. لە ڕاستیدا خاک بە سەرمایەی مرۆییەوە واتا پەیدا دەکا. زۆرێک لەم شار و ناوچانەی وڵاتانی ناوچەکە بە ناو و فەرهەنگیشەوە بنچەی کوردییان هەبووە، بەڵام ئایا تازە سەعدییە لە باشوور، کوردستانە؟ حەڵەب لە سووریە کوردستانە؟
بۆیە لە هەمبەر ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا کە بەتایبەتی لە پاش بزاڤی ژیناوە، هەم لە نێوخۆیدا شۆڕشێکی بەربەرینی پێناسخوازی کردووە و هەمیش وێژەمانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کورد لە ئێراندا چووەتە قۆناغێکی نوێوە و وێژەمانی زاڵی لانیکەم شەقامە، لەم دۆخە هەستیارەدا بڕیاردان دەبێ زۆر بە هەستیاری و وردبینییەوە لە لایەن سەرکردایەتیی سیاسیی کوردەوە دەربچێ کە سەرکەوتنی سەرەتا لەم خاڵەی سەرێدا واتە پاراستنی سەرمایەی کۆمەڵایەتی (مرۆیی)دا ببینێ، پاشان سەرەتییەکانی دیکە بە پلەی خوارتر بخاتە ڕیزبەندەوە.