
زانیار حوسێنی
گواستنەوەی سیاسی لەو کۆمەڵگەیانەی کە ئەزموونێکی درێژخایەنی پاوانخوازی و چڕبوونەوەی دەسەڵات و ململانێی شوناسیان هەبووە، بە ناچاری پرسی "قەیرانی متمانە" لەگەڵ خۆی دەهێنێت. لە ئێراندا پەیوەندیی نێوان ناوەند و نەتەوەی کورد لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا بە مۆدێلی حوکمڕانیی ناوەندگەرایی، سیاسەتی ئاسمیلەکردنی کولتووری، ڕوانگە ئەمنییەکان، سەرکوتکردنی ترسناک و توندی داواکارییە کۆمەڵایەتی - سیاسییەکان داڕێژراوە. ئەم ڕەوتانە کە لە قۆناغە مێژووییە جیاوازەکاندا، لە سەردەمی ڕێژیمەکانی دەسەڵاتی پاشایەتیی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بە شێوەی جیاواز درێژەی هەبووە، بووەتە هۆی کەڵەکەبوونی بەرچاوی بێ متمانەیی بە پێکهاتە فیکری و پڕاکتیکییەکانی ئەم دوو ڕێژیمە.
لە هەلومەرجی دوای کۆماری ئیسلامیدا، بنیاتنانەوەی ئەم متمانەیە تەنیا پێویستییەکی ئەخلاقی نییە، بەڵکوو مەرجی پێشوەختەیە بۆ پێکهێنانی نەزمێکی سیاسیی بەردەوام و گشتگیر؛ چونکە زیاتر لە سەدەیەک تاوانی لە ڕادەبەدەر و هەمەچەشن بژاردەی بەردەوام بووە و هیچ وەڵام و چارەسەرێکی لۆژیکی و پڕاکتیکی لەم ڕووەوە لەبەرچاو نەگیراوە. ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانە بۆ بێ متمانەیی نەتەوەی کورد بە ناوەند، پێویستییەکی مێژووییە و ئەرکێکی نەتەوەیی هەموو تاکێکی کوردە، کە دەبێ وەک پێشمەرجێک بۆ گەڕاندنەوەی میکانیزمەکانی پێکهاتەی داهاتوو لێی بکۆڵدرێتەوە و لە پەیوەندی لەگەڵ داواکارییەکان بە نیازپاکی دابنرێت.
بەردەوامیی مێژوویی ناوەندگەرایی و سڕینەوە
یەکێک لە تایبەتمەندییە نەرێنییە دیارەکانی مێژووی هاوچەرخی جوگرافیای ئێستای ئێران، درێژەی مۆدێلی ناوەندگەراییە لە حوکمڕانیدا. لە سەردەمی ڕەزاشادا، پڕۆژەی دەوڵەتسازیی مۆدێڕن، کە جەختی لەسەر یەکگرتوویی نەتەوەیی دەکردەوە، بووە هۆی ئەوەی سیاسەتگەلێک کە بە شێوەیەکی کردەیی، فرەچەشنی نەتەوەیی و زمانەوانی و کولتووری بە شێوازەکانی سەرکوتی بەربڵاو و توندوتیژانە پەراوێز بخات؛ زۆرێک لە بەشەکانی جێبەجێکردنی ئەم سیاسەتە بووە هۆی تاوانی گەورە دژی کۆمەڵگە مرۆییەکان (پڕۆسەیەک کە لە تورکیەی ئەتاتورکیشدا بە زەبری چەک بۆ نەتەوەی کورد جێبەجێ کرا)؛ ئەم ڕەوتە لە سەردەمی محەممەد ڕەزا پەهلەویدا بە سیاسەتی کەمتر توندوتیژانە، بەڵام بە سیاسەتی بەڕواڵەت نەرم لە هەمان چوارچێوەدا بەردەوام بوو. هەرچەندە کەمبوونەوەی چڕییەکەی بە سەردەمی باوکی بەراورد کرا، بەڵام لە چەشنی خۆیدا دەکرێ لە چوارچێوەی تاوانەکانی دژی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا بە تەواوی لێی بکۆڵدرێتەوە.
لە دوای شۆڕشی ١٣٥٧ی هەتاوی لە ئێران، چاوەڕوان دەکرا کە پێکهاتە سیاسییە نوێیەکە، دەرفەتێک بۆ پێناسەکردنی پەیوەندیی نێوان ناوەند و پەراوێزخراوەکان بڕەخسێنێت. بەڵام لە پڕاکتیکدا زۆرێک لە نەخشەکانی پێشوو، بە تایبەت لە بواری چڕکردنەوەی دەسەڵات و ڕوانگەی ئەمنی لەسەر ناوچە پەراوێزخراوەکان، بەردەوام بوون. لە ئەنجامدا داواکارییەکانی نەتەوەی کورد وەک بەشێک لە دیالۆگێکی نەتەوەیی پێناسە نەکرا، بەڵکوو زۆرجار لە شێوەی پرسێکی ئەمنیدا پێناسە دەکرا و سیستەمی یەکدەستکردن تەنیا جۆر و شێوازی گۆڕدرا، هەروا بەردەوام و بەشێک بووە لە سیاسەتەکانی ناوەند. تێڕوانینی دوژمنکارانە، پێناسە و پێناسەکردنەوەی ناواقیعی بۆ نەتەوەی کورد و داواکارییەکانی، شێواندنی نیازپاکیی نوێنەرانی نەتەوەی کورد لە سەردەمە جیاجیاکاندا، هەوڵدان بۆ بێ بایەخکردنی داخوازییە مرۆیی و نەتەوەییەکان و... هتد، تەنیا بەشێک لە گەمە سیاسییە مەترسیدار و دژەمرۆییەکانی ناوەند لەهەمبەر کورددا بووە.
سیاسەتە کولتوورییەکان و پرسی شوناس
یەکێک لە میحوەرە سەرەکییەکانی گرژی، سیاسەتەکانی پەیوەست بە شوناسی کولتووری و زمانەوانی بووە. زمانی کوردی وەک یەکێک لە توخمە سەرەکییەکانی ناسنامەی نەتەوەی کورد لە سیستەمی پەروەردەیی و ئیداریدا، پێگەیەکی فەرمیی نەبووە. ئەم دۆخە دەتوانرێت لە چوارچێوەی سیاسەتەکانی ئاسمیلەکردندا شی بکرێتەوە؛ ئەو سیاسەتانەی کە تێیدا هەمەجۆریی کولتووری، لەبری ئەوەی وەک سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندکردن هەژمار بکرێت، وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر یەکگرتوویی نیشتمانی دادەنرێت، و ئەم هەڕەشەیە، هەمیشە ڕووبەڕووی ڕووبەڕووبوونەوەی سەختی ئەمنی، ئابووری و کولتووری بووەتەوە.
ڕوانگە و ڕەفتارێکی لەم شێوەیە، لە درێژخایەندا، نەک هەر نەبووە هۆی بەهێزبوونی یەکگرتوویی، بەڵکوو هەستی دوورخستنەوە و نامۆبوونیشی توندتر کرد؛ بەجۆرێک کە فاشیزم چووە ناو پەیکەری دۆکتۆرینی سیاسیی ناوەندەوە و بووەتە دابونەریت و تێڕوانینێکی هاوبەش و ئاسایی بۆ ئەو گەلانەی کە لە جوگرافیای ئێراندا دەژین. لێکۆڵینەوەکانی بواری کۆمەڵناسیی سیاسییش دەریانخستووە کە نکۆڵیکردن یان هەوڵدان بۆ لاوازکردنی ناسنامەی بەکۆمەڵ و نەتەوەیی، یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی دروستبوونی ململانێی بەردەوام.
بەئەمنییەتیکردنی داواکارییەکان
فاکتەری گرنگی دیکەی کەڵەکەبوونی بێ متمانەیی، ئەمنییەتی کردنی داواکارییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان بووە. لەم چوارچێوەیەدا، ئەو داواکاریانەی کە دەکرا لە شێوەی دیالۆگی سیاسی و چاکسازیی دامەزراوەیی بورووژێندرێن، وەک هەڕەشە هەستیان پێ کراوە. ئەمەش فەزای کارلێککردنی سنووردار کردووە و بووەتە هۆی سووڕێکی گرژی و بێ متمانەیی.
بەئەمنکردن، جگە لە دەرئەنجامە کورتخایەنەکان، کاریگەریی درێژخایەنیشی هەیە. ئەم کاریگەرییانە بریتین لە: دابەزینی سەرمایەی کۆمەڵایەتی، لاوازبوونی شەرعییەتی دامەزراوەکانی دەسەڵات و زیادبوونی دووریی نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگە. لەم جۆرە هەلومەرجەدا تەنانەت ڕەنگە هەوڵەکانی چاکسازییش بە گومان و بێ متمانەیی بەرەوڕوو ببنەوە.
لە شەرعییەتەوە بۆ بەشداریکردن
لەم چوارچێوەیەدا دەبێ چەمکی متمانە لە دەرەوەی هەستێکی تاکەکەسی لەبەرچاو بگیرێت. متمانە، لێرەدا، بە واتای قبوڵکردنی شەرعییەتی پێکهاتەی سیاسی، متمانە بە دادپەروەریی دابەشکردنی سەرچاوەکان و باوەڕبوون بە ئەگەری بەشداریکردنی ڕاستەقینە لە بڕیارداندایە. بە بێ وەدیهاتنی ئەو سێ پێکهاتەیە، هەر هەوڵێک بۆ ئاوەدانکردنەوەی پەیوەندیی نێوان ناوەند لە ئێرانی دوای کۆماری ئیسلامیی ئێران و نەتەوەی کورد، ڕووکەش و ناسەقامگیر دەبێت.
بە واتایەکی تر متمانە بە دروشم دروست ناکرێت، بەڵکوو بە گۆڕانکاریی بەرجەستە لە پێکهاتەکانی دەسەڵات و داڕشتنی سیاسەتدا دەردەکەوێت. لەو کۆمەڵگەیانەی کە بەرەوڕووی پێشێلکاریی بەرفراوانی مافەکانیان بوون، دادپەروەریی ئینتقالی وەک ئامرازێکی سەرەکی بۆ بنیاتنانەوەی متمانە سەیر دەکرێت. ئەم ڕێگەیە بریتییە لە: دەستنیشانکردن، بەڵگەنامەکردن و لێپرسینەوە لە پێشێلکارییەکانی ڕابردوو. بەبێ پڕۆسەیەکی لەو شێوەیە، ڕابردوو وەک برینێکی کراوە دەمێنێتەوە؛ ئەمەش دەبێ لە سەرەتای هەر پڕۆسەیەکدا بۆ دامەزراندنی توخمەکانی سیستەمێکی نوێ و گشتگیر ئەنجام بدرێت و دەستپێشخەریی ناوەند لەم ڕووەوە و جێبەجێکردنی، وەک نیشانەیەکی ئەرێنی و بەرچاو سەیر دەکرێت.
ناناوەندگەرایی وەک هەنگاوی یەکەم دەتوانرێت وەک نموونەیەک لە ئەرکی ناوەند بۆ دامەزراندنی دادپەروەری و هەوڵدان بۆ جێبەجێکردنی دێموکراسی و بەدیهێنانی داواکارییە مرۆییەکان سەیر بکرێت. ناناوەندگەرایی واتە دابەشکردنی ڕاستەقینەی دەسەڵات لە نێوان ئاستە جیاوازەکانی حوکمڕانیدا، دەتوانێت ببێتە هۆی زیادبوونی لێپرسینەوە و بەشداریکردن. لە بارەی نەتەوەی کورد و نەتەوەکانی دیکە کە لە جوگرافیای ئێراندا دەژین، ئەمە دەتوانێت لە ڕێگەی گواستنەوەی دەسەڵاتی تەواو لە چوارچێوەی فێدڕالیزم و پێکهاتەیەکی هاوشێوەدا بێت.
جگە لە ناناوەندگەرایی، پێویستە پرسی فرەکولتووری بەجیددی لەبەرچاو بگیرێت، کە جەخت لەسەر دانپێدانانی فرەچەشنی شوناس دەکاتەوە. لەم چوارچێوەیەدا شوناسی نەتەوەیی نەک وەک پێکهاتەیەکی یەکپارچە، بەڵکوو وەک کۆمەڵێک شوناسی فرەیی پێناسە دەکرێت و پێویستە بەپێی چوارچێوەیەک بێت کە لەسەر بنەمای ستانداردە جیهانییە پەسەندکراوەکان ئەنجام بدرێت.
پێداویستییە کردارییەکان بۆ بنیاتنانەوەی متمانە
یەکەم: پێویستە بەفەرمی دان بە مافەنەتەوەیی، زمانەوانی و کولتوورییەکاندا بنرێت، لەوانەش پەروەردە بە زمانی دایک، لە هەموو ئاستەکانی پەروەردەدا. ئەم پێوەرە تەنیا ڕەمزی نییە، بەڵکوو کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر هەستی کەرامەت و سەربەخۆیی هەیە؛ هەنگاوێکی بچووکە بەڵام زۆر گرنگ و مانادارە لە هەوڵەکان بۆ دامەزراندنی دێموکراسیدا.
دووەم: دانانی میکانیزمی ڕاستەقینەی بەشداریی سیاسی، بۆ ئەوەی گەلی کورد بتوانێت ڕۆڵێکی کاریگەر لە بڕیاردانی ماکرۆدا بگێڕێت و جیاکاریی ئەرێنی بە نیشانەی نیازپاکی دادەنرێت.
سێیەم: کەمکردنەوەی نایەکسانیی ئابووری لە ڕێگەی سیاسەتی گەشەپێدانی ئامانجدار و قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانانەی کە بەهۆی جیاکاریی ئابووریی دەیان ساڵەوە سەپاوە؛ زۆرجار بۆشاییە ئابوورییەکان وەک نیشانەی جیاکاریی پێکهاتەیی لێک دەدرێنەوە.
چوارەم: داوای لێبوردنی فەرمی و چاکسازی لە گوتاری فەرمی و میدیاییدا، بەجۆرێک کە وێنای گەلی کورد لە چوارچێوە ئەمنییەکان دوور بخرێتەوە و گوتارە فەرمییەکانی دەیەکانی پێشوو وەک لادان و بەلاڕێبردن و ڕوانگەی دژەمرۆیی هەژمار بکرێن.
دەبێ لەبیرمان بێت سەرەڕای پێویستیی ئەم چاکسازییانە، ئاستەنگی بەرچاو لە ئارادایە. ئەم ئاستەنگانە بریتین لە: بەرخۆدانی دەستەبژێر سیاسییەکان لە بەرانبەر گواستنەوەی دەسەڵات، ئاڵۆزییە ژێیۆپۆلیتیکییەکانی ناوچەکە و ئاستی بەرزی بێ متمانەیی کەڵەکەبوو. جگە لەوەش هەر چاکسازییەک دەبێ بە شێوەیەک دابڕێژرێت کە ڕێگری لە دروستبوونی گرژیی نوێ بکات. ئەمەش پێویستی بە ڕێبازێکی هێدییانە، ئارام و ڕوون لەسەر بنەمای دیالۆگ و هەوڵە پڕاکتیکییەکان هەیە؛ لەڕاستیدا دووپاتە بنیاتنانەوەی متمانە لە نێوان ناوەند و نەتەوەی کورددا، بەبێ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕەخنەگرانە لەگەڵ ڕابردوو و چاکسازیی پێکهاتەیی لە ئێستا و داهاتوودا، مومکین نییە.
لە ئێرانێکی دوای کۆماری ئیسلامیدا، سەرکەوتنی پڕۆژەی نوێی بنیاتنانی دەوڵەت، تا ڕادەیەکی زۆر پەیوەندیی بە توانای دانپێدانانی فرەچەشنی نەتەوەیی و دابەشکردنی دەسەڵات بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و دروستکردنی میکانیزم بۆ بەشداریکردنی ڕاستەقینەوە هەیە، ئەگەرنا مەترسیی دووپاتە بەرهەمهێنانەوەی هەمان نەخشە و ڕەوتە کۆنەکان لەبەردەمدا دەبێت.