کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مستەفا هیجری لە پاڕلمانی ئورووپا: لەبیرتان نەچێ کە کوردستان لانکەی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"یە. ئەم بەهایانە لای ئێمە پرەنسیپ و عەقڵییەتێکی بنیاتنەرن نەک دروشم

19:04 - 26 خاکەلێوه 2726

(دەقی وتاری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە پاڕلمانی ئورووپا-بڕووکسێل)

 

سڵاوتان لێ بێ بەڕێزان، ئامادەبووانی هێژا، بەڕێزان ئەندامانی پەرلەمان!

سەرەتا دەمەوێ سوپاستان بکەم بۆ ئەم دەرفەتە کە بانگێشتنی ئێمە، لانی کەمی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیتان کرد تاوەکوو لێرەوە بیروبۆچوونی خۆیان سەبارەت بە ئەمڕۆ و سبەی ئێران بخەنە ڕوو. هیوادارم ئەوە هەنگاوێکی یەکەم بێ و لە کۆبوونەوەکانی دیکەدا ئێمە شاهیدی ئەوە بین کە ژمارەیەکی زیاتر لە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بۆ باسکردن لە بیروبۆچوونی خۆیان لێرەدا کۆ ببنەوە.

ئەوەی کە ویستم بە زمانی کوردی قسەتان لەگەڵ بکەم، لەو ڕاستییەوە سەرچاوە دەگرێ کە زمانی ئێمە زیاتر لە ١٠٠ ساڵە لە ئێران ئینکار کراوە و بە فەرمی نەناسراوە. واتە منداڵانی ئێمە ئیجازەی ئەوەیان نەبووە کە بە زمانی دایکیی خۆیان بخوێنن و بنووسن، بەڵام ئەمڕۆ من لێرە بەو زمانە قسە دەکەم تاکوو بەشێکی بچووکم هەبێ لە خەبات بۆ بەفەرمی‌ناسینی زمانی دایکیی خۆم.

بەڕێزان!

 ئەمە سێیەم جارە ئێرانییەکان بۆ بنیاتنانی دیموکراسی تێدەکۆشن؛ بەو مانایەی کە خەڵکی نێو چوارچێوەی جوگرافیای سیاسی ئێران لە هەوڵێکی بەردەوام‌دان بۆ گەیشتن بە ئازادی و ڕزگاری، بەڵام بەداخەوە تاکوو ئێستا سەرکەوتوو نەبوون. لە ڕوانگەی کوردستان و بەتایبەت حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە -کە من نوێنەرایەتیی دەکەم- کێشەیەکی بنیادی لە ئێران هەیە، ئەویش دەوڵەتێکی نامەدەنی و پاوانخوازە کە ڕێگای هەر چەشنە ئازادییەکی بەربەست کردووە.

لە ئێراندا دوو جار دەوڵەت لە ئاراستەی مەدەنی دەرچووە: جارێک پاش شۆڕشی مەشرووتە، کە لەوێدا نیزامی پاشایەتی، دەوڵەتی کردە سیستمێکی پاوانخواز و جاری دووەمیش لە ساڵی ١٩٧٩ بەولاوە، نیزامی ئایینی، دەوڵەتی کردە کەرەستەی پاوانخوازی و بەڕێوەبردنی ئایدۆلۆژیای خۆی.

لە سەردەمی پاشایەتیدا، ناسنامەی فارسی دەوڵەتی بەکار هێنا تاکوو هەموو فرەییەکان بسڕێتەوە و تەنیا ناسنامەیەک، تەنیا زمانێک، تەنیا مێژوویەک و تەنیا کولتوورێک بەسەر ئەوانیتردا بسەپێنێت و ئاسیمیلەیان بکات؛ لە کاتێکدا ئێران وڵاتێکی فرەزمان، فرەناسنامە، فرەکولتوور و فرەمێژوویە.

لە ساڵی ١٩٧٩ جارێکی تر ئێرانییەکان بە هیوای بنیاتنانی سیستمێکی دێموکراتیک ڕاپەڕین، بەڵام ئەمجارە دەوڵەت لەلایەن ئایینی شیعەی وەلایەتی فەقیهـ کۆنترۆڵ کرا و ئەویش هەوڵەکانی بۆ سڕینەوەی ئازادی و فرەییەکانی نێو ئێران خستە گەڕ. ئەمڕۆ دەبینین کە دەوڵەتی ئێران تەنیا مەترسییەک نییە بۆ ئێرانییەکان، بەڵکوو مەترسییەکە بۆ هەموو جیهان.

مۆدێلی ئێمەی کوردستانی، بەر لە هەموو شتێک کۆنترۆڵکردنی پاوانخوازیی ئەو دەوڵەتەیە. بەدیاریکراوی ئێمە دەمانەوێت دەوڵەت ژێردەستی هاووڵاتی بێ، نەک هاووڵاتی ژێردەستی دەوڵەت. میکانیزمی ئێمە بۆ ئەو شێوە لە حکوومەتە، نیزامێکی دێموکراتیک، فیدراڵ و سێکۆلارە. لێرەدا هێز لە ناوەندێکدا کۆ نابێتەوە و دەتوانێ پاوانخوازیی دەوڵەت کۆنترۆڵ بکات.

ئێمە ئەوە بە تەنیا چارە دەبینین بۆ بنیاتنانی ئێرانێکی دێموکراتیک، ئازاد و سێکۆلار کە لەوێدا ئێران ببێتە موڵکی هەموو دانیشتووانەکەی، نەک موڵکی گرووپێک.

لە بەرامبەر ئەم داخوازییەدا، ڕێژێمەکانی پاشایەتی و دوای ئەو کۆماری ئیسلامی بۆ پاراستنی تۆتالیتاریزم و پاوانخوازیی خۆیان، ئەم داخوازییە دێموکراتیک و پێشکەوتنخوازانەیان وەک سەربەخۆیی‌خوازیی ئەو نەتەوانە لەقەڵەم داوە و بەو تاوانە سەدان هەزار کەسیان ئێعدام و زیندانی کردووە، یان ناچاریان کردوون لەژێر گوشاری سەرکوتدا وڵاتی خۆیان بەجێ بێڵن و پەڕیوەی هەندەران بن. ئەوە لە حاڵێکدایە کە ئەزموونی دنیای پێشکەوتوو نیشانی داوە کە ڕێزگرتن بۆ جیاوازییەکان و بەڕەسمی‌ناسینیان، نەک هەر نەبووەتە هۆی دابەشبوونی وڵات، بەڵکوو ڕاست بەپێچەوانەوە، بەهێزترین ئامرازی یەکگرتوویی ئارەزوومەندانە و پاراستنی وڵات و نیشتمانن. یەکگرتوویی خاک و نیشتمان ئەوکاتە دێتە دی کە هەموو پێکهاتە جیاوازەکان لە بەڕێوەبردنی ئیدارەی وڵات و ناوچەکانی خۆیاندا بەشدار بن و بەو شێوەیە وڵات ببەنە پێشەوە، نەک گرووپێک لەژێر سەرکوت و زەبروزەنگ هەموو وڵات بۆ خۆی داگیر بکات و ئەوانیدی دیکە پەراوێز بخات.

بزووتنەوەی ئێمە پشتی بەو بەها مرۆڤانە بەستووە و دەیەوێ بەپێچەوانەی دوو ڕێژێمی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامی، سەرانسەری ئێران بە کوردستانیشەوە ببێتە مەکۆی سەقامگیری و پەیوەستبوون بە جیهانی ئازادەوە.

لەبیرتان نەچێ کە کوردستان لانکەی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"یە. ئەم بەهایانە لای ئێمە پرەنسیپ و عەقڵییەتێکی بنیاتنەرن نەک دروشم. بزووتنەوەکەشمان لە خانەی ئەو بەهایانەوە خۆی پێناسە کردووە، هەربۆیە ئێمە بیر لە چەوسانەوە، ناسەقامگیری و نەمانی ئاسایش ناکەینەوە، بەڵکوو بۆ بەدیهێنانی هەوڵ دەدەین؛ مەگەر ئەوەی جارێکی دیکە هەوڵی لەنێوبردنمان بدەن.

لە کۆتاییدا، بە ناوی هاوپەیمانی و بەتایبەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە سوپاستان دەکەم بۆ ئەم دەرفەتە و لە دواییدا ئەگەر کات هەبێ، دەکرێ دووبارە باسەکانمان درێژە پێ بدەین.

سپاس بۆ هەموو لایەک.