کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرنجێک لەسەر وتەکانی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات لە پارلمانی ئورووپادا

12:42 - 28 خاکەلێوه 2726

بێهزاد قادری

حوزووری سکرتێری گشتی و نوێنەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پارلمانی ئورووپا، نابێ تەنیا وەک دانیشتنێکی سیاسیی ئاسایی سەیر بکرێت؛ ئەم بابەتە لە ناوەرۆکی خۆیدا، هەوڵێکی گرنگە بۆ بەدەستهێنانی ڕەواییی نێودەوڵەتی بۆ پرسی کورد و نەتەوە بندەستەکانی دیکە لە ئێراندا.
پارلمانی ئورووپا یەکێکە لەو دەگمەن شوێنانەی کە دەنگی نافەرمی و دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەتەکان دەتوانن تێیدا ببیسترێن. ئەوەی کە نوێنەرانی بزووتنەوەیەکی کوردی لە ئاستێکی وەها وتار پێشکەش دەکەن، بەو مانایەیە کە پرسی کوردستان چووەتە نێو مەیدانی سیاسەتی فەرمیی جیهانییەوە. ئەمە ڕێک ئەو ئامانجەیە کە ساڵانێکی دوورودرێژە خەباتی سیاسیی بۆ دەکرێت: گۆڕانی پرسەکە لە "پرسێکی ناوخۆیی"یەوە بۆ "دۆسیەیەکی نێودەوڵەتی".
لەو چوارچێوەیەدا، وتەکانی کاک "مستەفا هیجری" سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، نابێ تەنیا وەک هەڵوێستێکی کاتی ببینرێت، بەڵکوو بەشێکە لە پڕۆژەیەکی فکری و سیاسی. ناوبراو هەوڵ دەدات لە بناغەی ئەو گێڕانەوە باوەی لەسەر ئێران هەیە بدات؛ گێڕانەوەیەک کە لەلایەن دەسەڵاتەوە بێت یان لەلایەن بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنەوە، کە لەسەر بنەمای "یەک نەتەوە، یەک زمان و یەک ناسنامە" دامەزراوە. بەڵام کاک مستەفا ئەم بنەمایە دەخاتە ژێر پرسیارەوە و ئێران وەک وڵاتێکی فرەنەتەوە دەناسێنێت. ئەم گۆڕانکارییە لە دەستەواژەکاندا، لە ڕواڵەتدا سادەیە، بەڵام لە کردەوەدا لێکەوتەی قووڵی هەیە: کاتێک باس لە نەتەوەکان دەکرێت، چیتر باسەکە تەنیا مافی کولتووری و زمانی نییە، بەڵکوو پرسەکە دەچێتە ئاستی "مافی دیاریکردنی چارەنووس" و بەشداری لە دەسەڵاتی سیاسیدا.
خاڵی گرینگ لە قسەکانی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتدا ئەوەیە کە لە قۆناغی تەنیا ڕەخنەگرتن تێپەڕ دەبێت و دەست دەكات بە پێشکەشکردنی بەدیل. جەختکردنەوە لەسەر فیدراڵیزم وەک مۆدێلێک، نیشانەی ئەوەیە کە بزووتنەوەی کوردی لە ئێراندا تەنیا خەریکی ناڕەزایەتی دەربڕین نییە، بەڵکوو خەریکی داڕشتنی نەزمێکی سیاسیی جێگرەوەیە. لێرەدا جیاوازییەکی بنەڕەتی لەگەڵ زۆرێک لە ڕەوتەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیۆن دەردەکەوێت؛ ئەوانەی هێشتا لە ئاستی ڕەتکردنەوەی کۆماری ئیسلامیدا ماونەتەوە، بێ ئەوەی وێنەیەکی ڕوونیان بۆ پاشەڕۆژ هەبێت. لە کاتێکدا لە گوتاری حیزبی دێموکراتدا، داهاتوو پێناسە کراوە: ئێرانێکی فرەنەتەوە، فیدراڵ و لەسەر بنەمای شەراکەتی ڕاستەقینەی دەسەڵات.
لەلایەکی دیکەوە، کاک مستەفا هیجری بەدروستی پەنجە دەخاتە سەر خاڵێکی هەستیار: مەترسیی دووبارەبوونەوەی پاوانخوازی. ئەزموونی مێژووییی کوردەکان، چ لە ئێران و چ لە پارچەکانی دیکەی کوردستان، دەریخستووە کە گۆڕانی دەسەڵات مەرج نییە ببێتە هۆی گۆڕانی پێکهاتەی دەسەڵات. ئەگەر عەقڵییەتی ناوەندگرا و تاک‌-ناسنامەیی بمێنێتەوە، تەنانەت سیستەمێکی بە ڕواڵەت دێموکراتیکیش دەتوانێت هەمان چەوسانەوە بە شێوازێکی نوێ بەرهەم بهێنێتەوە. ئەمە هەمان ئەو ئاگادارکردنەوەیەیە کە لە قسەکانی جەنابیاندا بە ڕوونی دەبینرێت؛ هۆشدارییەک کە ڕەگی لە ئەزموونە تاڵە مێژووییەکاندا هەیە، نەک تەنیا شیکردنەوەیەکی تیۆری بێت.
بەڵام ڕەنگە قووڵترین بەشی وتاری کاک مستەفا، جەختکردنەوە لەسەر ئەوە بێت کە مافی هاووڵاتیبوون بە تەنیا بەس نییە. ئەم ڕستەیە لە ڕاستیدا هێڵێکی جیاکەرەوەی جیددییە لەگەڵ گوتاری لیبرالیزمی کلاسیک کە هەوڵ دەدات هەموو کێشەکان بۆ ئاستی تاک دابەزێت. لە ڕوانگەی کوردەوە، کێشەکە تەنیا تاک نییە؛ کێشەکە ناسنامەی بەکۆمەڵە، کێشەکە مێژوویەکە لە نکۆڵیکردن و سڕینەوە. کەواتە بەبێ بەفەرمیناسینی ئەم ناسنامانە، هەر جۆرە دێموکراسییەک لە ئێراندا کەموکۆڕیی دەبێت.
لەگەڵ ئەمانەشدا، حوزووری هاوکاتی نوێنەرانی نەتەوەکانی دیکە وەک بەلووچ و عەرەبەکانی ئەهواز، نیشان دەدات کە جۆرێک لە لێکتێگەیشتن و هاوپەیمانی لە حاڵی شکڵگرتندایە. ئەم هاوکارییە ئەگەرچی هێشتا ساوا دیارە، بەڵام لەڕووی ستراتیژییەوە زۆر گرنگە. چونکە بۆ یەکەمجار وێنەیەکی بەکۆمەڵ لە ئێرانی ناناوەندی پێشکەشی جیهان دەکرێت. ئەم وێنەیە ئەگەر جێگیر بێت، دەتوانێت هاوکێشە سیاسییەکانی داهاتووی ئێران بە شێوەیەکی بنەڕەتی بگۆڕێت.
لە کۆتاییدا، دەبێ بوترێت ئەوەی لەم کۆبوونەوەیەدا ڕوویدا، تەنیا وتارخوێندنەوە یان چالاکییەکی دیپلۆماتیک نەبوو؛ بەڵکوو بەشێک بوو لە جەنگی گێڕانەوەکان. ململانێیەک لەنێوان دوو وێنە بۆ ئێران: ئێرانێکی تاقە-دەنگ و ناوەندگرا، لە بەرانبەر ئێرانێکی فرەڕەنگ و فرەنەتەوە. لەم نێوەندەدا، دەنگی کورد، بەهۆی ئەزموونی مێژوویی، یەکگرتوویی سیاسی و بەردەوامیی خەبات، یەکێکە لە دەنگە هەرە بەهێزەکان. ئەگەر ئەم دەنگە بتوانێت پێگەی خۆی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا جێگیر بکات، نەک تەنیا بۆ کوردستان، بەڵکوو بۆ داهاتووی تەواوی ئێرانیش چارەنووسساز دەبێت.