کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەستی پاکی ساواکی‌یانە

17:54 - 30 خاکەلێوه 2726

دارسمە

"سازمان اطلاعات و امنیت کشور" بە کوردییەکەی خۆمان دەکاتە: "ڕێکخراوی زانیاری و ئاسایشی وڵات". ئەم دەستەواژە زل و قەبە و تۆقێنەرە، دەیان ساڵە لەم وڵاتەی ئێراندا دەبیسترێت و مێشکی خەڵکی پێ کون کراوە. کورتکراوەکەی لە سەردەمی پادشایەتیدا دەبووە "ساواک"، بەمجۆرە هەر کەسێک کارمەند یان پیاوی ئەو دەزگایە بووایە، پێیان دەگوت "ساواکی". با ڕاستگۆ بین، جا لەوە خۆشتر و پڕهەیبەتتر نییە مرۆڤ لایەنگر، کارەکەر، یان پیاوی ڕێکخراوی زانیاری و ئاسایشی وڵات بێت؟ هەم پارە، هەم دەسەڵات، هەم ترساندنی خەڵک!

بێگومان من حەقم بەسەر کەسەوە نییە و نامەوێت خۆم تووشی دەردیسەر بکەم، لێرەدا تەنیا قسە و بەسەرهاتی باوکی کاکە بۆرزۆی دراوسێمان دەگێڕمەوە کە بووەتە وێردی سەر زوبانی گەڕەک. خەڵکی کۆڵان دەڵێن؛ باوکی بۆرزۆ، هەر لە زووەوە و لە سەردەمی گەنجێتییەوە، ئەو سەربەرزییە گەورەیەی پێ بەخشراوە ببێتە "ساواکی". پیاوێکی سمێڵ بابۆڕیی کەتە بوو، لە سەردەمی زێڕینی دەسەڵاتی ساواکدا، وەک کۆڵەکەی ئاسایشی گەڕەک دەهات و دەچوو. بەڵام کێشەکە لێرەدایە، باوکی بۆرزۆ تەنیا بە پاراستنی ئاسایشی وڵاتەوە نەوەستابوو، بەڵکوو لە پاڵ ئەوەشدا کەیفی بە زۆر شتی دیکەش دەهات و ئاسایشی "کۆمەڵایەتی" و "دڵداری"یشی دەپاراست!

وەک دەگێڕنەوە، باوکی بۆرزۆ هاوکات لەگەڵ کارکردن و ڕاپۆرت‌نووسین بۆ ڕێکخراوی زانیاری، خزمەتێکی زۆری لەو بوارە "هین"ـترانەشدا کردووە بیلامانێ بە زەحمەت بۆ باس‌لێکردن دەبن. دەڵێن پیاوێکی وا کارامە بووە، هەرچی ژن و پیاوی "بەجۆرێک"ی ناوچەکە هەبووە، چەپڵەیان بۆ لێ داوە و بوونەتە موشتەریی دایمیی. ئەو ژنانەی "بەجۆرێک" بوون، هەمیشە زەردەخەنەی ڕەزامەندییان پێ بەخشیوە، ئەو پیاوانەش کە حەزیان لەو جۆرە کات‌بەسەربردنە بووە، بارتەقای مووچە و مەعاشی ئیدارەی ساواک، پارە و دەرفەتی کار و داهاتیان بۆ گیرفانی باوکی بۆرزۆ ڕەخساندووە. واتە کابرا هەم سیخوڕ بووە هەم بیلامانێ، هەم پارەی لە حکوومەت وەرگرتووە هەم لە حەزەکانی خەڵک! بەڵام وەک دەڵێن چەرخی زەمانە بە دڵی کەس ناسووڕێت. چەند ساڵێکی کەم دوای ڕووخانی حکوومەتە بەشکۆکەی دوو هەزار و پێنج سەد ساڵە و هەڵاتنی باوک و کوڕێک بە ناوی ڕەزا و حەمەڕەزا، ساواک هەڵوەشایەوە. باوکی بۆرزۆ، لە تاو نەمانی دەسەڵاتەکەی، پیربوون و کەم‌توانابوونی موشتەرییەکانی و وشکبوونی سەرچاوەی داهاتەکانی، تووشی خەمۆکییەکی قووڵ بوو. لە کۆتاییدا پشووی لێ بڕا و وەک ڕێکخەری پێشووی کاروباری "ژنان و پیاوانی بەجۆرێک"، چاوی لێ زەق بووە و سەری ناوەتەوە. بەڵام پێش مردنی، تەمەنێک ئەزموون و خووخدە و میراتێکی پڕبەهای بۆ "بۆرزۆ"ی کوڕی بەجێ هێشت.

ئێستا بۆرزۆ، وەک میراتگری ڕەوای باوکی، ئاڵاکەی گرتووەتە دەست. لە سەردەمی پێگەیشتن و گەنجێتیی برزۆدا، ساواک ناوی گۆڕا بۆ "ئیتلاعات" یان زانیاری. بۆرزۆی حازریش، دیارە لەگەڵ شێوازی کار و ژیانی باوکیدا گەورە بووە، زۆر زوو تێگەیشت تەنیا ناوەکان گۆڕاون و نێوەڕۆک هەمان شتە. بۆیە گەیشتە ئەو ئاکامەی دەبێت بە شێوازێکی مۆدێرنتر و لە هەلومەرجی تازەدا، درێژە بە ڕێبازەکەی باوکی بدات. هەر لەبەر ئەمەشە دەستەواژەی "ڕێکخراوی زانیاری و ئاسایشی وڵات"ی کرد بە "ئیتلاعات" و خۆی خزاندە نێو دەزگا نوێیەکەوە.

بۆرزۆ ئێستا هەم کارمەندی زانیارییە و ڕاپۆرت لەسەر دراوسێکانی دەنووسێت، هەم لە دۆزینەوە و پێکگەیاندنی "ژنان و پیاوانی بەجۆرێک"دا پلەیەکی بەرزی بەدەست هێناوە و چەند قات لە باوکی زیاتر پارە پەیدا دەکات. لە سەرووی هەمووشیانەوە، بێزنسێکی نوێی خستووەتە سەر کارەکانی و مادەی "دووکەڵدار" و بێهۆشکەریش بە گەنجانی کۆڵان دەفرۆشێت. لەخوا بەزیاد بێت، ئێستا بارودۆخی برزۆ زۆر لە سەردەمی زێڕینی باوکیشی باشترە!

ئەم بۆرزۆیە ئێستا تەمەنی چووەتە سەرێ و نزیکەی چل ساڵە خەریکی ئەم بەزمەیە. بەڵام وادیارە دیسانەوە چەرخی زەمانە خەریکە خولێکی تر دەخوات. شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان بەرز بووەتەوە و زۆر دوور نییە ئەم دەزگای هەواڵگرییەی ئێستاش، بە دەردی ساواک بچێت و بۆرزۆش وەک باوکی تووشی دەربەدەری و بێنەوایی ببێت. هەموو خەڵکی کۆڵان و گەڕەک وەک ڕۆژی ڕوون دەزانن بۆرزۆ چ کارەیە. دەزانن کە جگە لە کاری گەوادی و سیخوڕی، ئەم ڕۆژانە چەکێکی ڕەشی وەک قەترانیشی وەرگرتووە و مووچەیەکیش لە ئیدارەی "بەسیج" وەردەگرێت و خۆی کردووە بە پیاوی ئایین و دەوڵەت! خەڵکی گەڕەک پەنجەی سەرسوڕمانیان گەستووە کە چۆن کوڕێک دەتوانێت هێندە بە لێهاتووییەوە جێگەی باوکە فێڵبازەکەی بگرێتەوە.

ئێستا دراوسێکان، لە نێو دڵی خۆیاندا خەریکە شایی دەگێڕن و لە خۆشیدا بەرەو هەوا دەفڕن. هەموو لایەک دەڵێن: "بەو مەترسییەی لەسەر کۆماری ئیسلامی هەیە و پایەکانی لەق بووە، بۆرزۆ تووشی کێشەیەکی قووڵ دەبێت و هەر سێ کار و کاسبییەکەی (سیخوڕی، بیلامانێ، و مادەی هۆشبەر) لە دەست دەدات و ڕیسوا دەبێت."

بەڵام کاتێک بە تەنزەوە پێی دەڵێن کە خەریکە نانت دەبڕێت، برزۆ زۆر ڕووهەڵماڵاوانە و بە پێکەنینێکی قێزەونەوە وەڵام دەداتەوە: "کوڕم، من هیچ خەمی کاسبیی خۆمم نییە! ئینشائەڵڵا کوڕی شاش دەگەڕێتەوە و دەبێتەوە پادشا... ئەوکات بەبێ پەردە پێتان دەڵێم: گیا هەر لەسەر پنجی خۆی دەڕوێتەوە، ئاخر منیش وەک باوکە ڕەحمەتییەکەم، ڕیشەکەم دەتاشم و قردێلەیەک دەبەستم و دووبارە دەبمەوە بە ساواکی!"