کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دڕندەیی و تاوانخوڵقێنیی ڕێژیمی ئێران؛ لە جەنگی ٨ ساڵەوە تا جەنگی ئەمڕۆ

18:56 - 13 خاکەلێوه 2726

جەماڵ ڕەسووڵ دنخە

ئاماژە:

باس لە سیستمی پەروەردیی کۆماری ئیسلامییە. ئەو سیستمە فێرکاری و پەروەردەییەی لەسەر بنەمای وەهم، قسەی بێمانا و بێ‌بنەما، پیاوسالاریی ڕەها و ڕەتکردنەوەی هەر جۆرە پێشکەوتنێکی زانستی و مرۆیی داڕێژراوە، هیچ شتێکی پێ نییە جگە لە دووپاتەکردنەوە و دووپاتەکردنەوە. ئەم جۆرە پەروەردەیە لە جیاتی ئەوەی مرۆڤ بەرەو لووتکە و گەشەسەندن بەرێت، پەلکێشی ناو قووڵایی تیاچوونی دەکات. لەو جەنگەی کە سەرانی ڕێژیمی تاوانباری کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵیانگیرساندووە، هێزە سەرکوتکەر و جینایەتکارەکانی ئەم ڕێژیمە کە تا دوێنێ بەسەر جیهانی ڕۆژئاوادا دەیاننەڕاند و بڕیار وابوو ئیسرائیل لەسەر نەخشەی جیهان بسڕنەوە، ئەمڕۆ هەم بیرکردنەوەیان و هەم خۆیان خەریکە لەسەر گۆی زەوی دەسڕێنەوە. بەڵام پێش ئەوەی لەم جیهانە پاک ببنەوە، دەخوازن بنەماکانی کۆمەڵگە پتر بەرەو هەڵدێر و داڕمان بەرن.

 

بەکارهێنانی منداڵان وەک سەرباز

ڕێبەرانی ڕێژیمی تێرۆریستیی ئێران بانگەوازیان کردووە مێرمنداڵانی سەروو ١٢ ساڵ وەک هێز وەردەگرن و بڕیارە ئەم هێزانە لە ناوەندە سەربازی و ئەمنییەکاندا ڕێک‌بخرێن. ئەمە هەمان دیاردەی "منداڵ – سەرباز"ە کە لە لایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە ئیدانە کراوە و یاسا نێودەوڵەتییەکان و مافەکانی منداڵان بە توندی لۆمەی دەکەن.

لە سەردەمی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان ئێران و عێراقدا، بەگشتی ٥٥٠ هەزار قوتابی ڕەوانەی بەرەکانی شەڕ کران. لەو ژمارەیە ٣٦ هەزار قوتابی لەپێناو سیاسەتی دوژمنکارانە و خەیاڵپڵاوییەکانی ڕێبەرانی ڕێژیمی ئێران و لە سەرووی هەموویانەوە خومەینی، بوونە قوربانی و کوژران. پارێزگای ئیسفەهان زۆرترین ئاماری قوربانیانی لەم بوارەدا هەیە کە هەندێکیان ئێستاش بێسەروشوێنن.

 

ئامانجەکانی ڕێژیم لە ناردنی منداڵ - سەربازەکان بۆ بەرەکانی شەڕ

پەروەردەکردنی نەوەیەکی دڵسۆز بۆ بەها ئیسلامییەکان و گیانفیدایی هاوشێوەی ئەو خوێندکارانەی پێشتر کوژرابوون، تێڕوانینی ئەوان بۆ پەروەردە و فێرکردن بووە. ئێستا دوای تێپەڕبوونی ٣٠ ساڵ بەسەر ئەو شەڕە ٨ ساڵەیەی ڕێژیمی ئێران درێژەی پێ دا و بڕیار وابوو "لە ڕێگەی کەربەلاوە قودس ڕزگار بکات" و ئەمڕۆش بەتەمای سڕینەوەی ئیسرائیلە، هیچ شتێک نەماوەتەوە جگە لە قسە و لاف و گەزافی ڕێبەرانی ڕێژیم. زۆر لەوانەی نەخشەی تێکشکاندنی ئیسرائیل و ئەمریکایان لە خەیاڵدانیاندا دەکێشا، کوژران؛ لە سەرووی هەمووشیانەوە عەلی خامنەیی کە داڕێژەر و پەرەپێدەری ئەم بیرۆکە شوومە بوو.

 

چاندنی ئایدۆلۆژیا لە مێشکی نەوەی نوێدا

تەواوی ئەم بیرکردنەوانە لە ڕێگەی میدیاکان، دامەزراوە پەروەردەییەکان، قوتابخانە و زانکۆکان، کتێبە خوێندنەکان و دروستکردنی چیرۆکی حەماسیی دوور لە ڕاستی – کە لە سەروویانەوە چیرۆکی "حوسێن فەهمیدە" بوو– بە زۆر بەسەر مێشکی قوتابییان و کۆمەڵگەدا سەپێنران و وەک ڕاستی نیشان دران. بەڵام دەرکەوت کە ئەمانە تەنیا بۆ جووڵاندنی هەست و سۆز بوون، تاوەکوو پەرداخە خوێنەکانی ڕێبەرانی ڕێژیم بەو منداڵە - سەربازانە پڕ بکرێنەوە کە هێشتا لە یارییەکانی نێو کۆڵان و بازاڕ تێر نەببوون.

سەپاندنی ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە لە ناوەندی پەروەردە و فێرکردندا، نیشانەی ئەوەیە دامەزراوەیەکی ئاوا گرنگ کە ئەرکی پێگەیاندنی تاکی بۆ داهاتوویەکی مۆدێڕن لەسەر شانە، خراوەتە خزمەت ئایدۆلۆژیا پاشکەوتووەکانەوە؛ ئایدۆلۆژیایەک کە لە توێشووەکەیدا تەنیا تۆوی دوژمنایەتی هەڵگرتووە و ئەنجامەکەشی تەنیا وێرانکارییە.

ئەو بانگەوازەی چەند ڕۆژ لەمەوبەر ڕێکخراوی تێرۆریستیی سپای پاسداران بۆ بەکارهێنانی قوتابییان لەپێناو خزمەتی سەربازیدا بڵاوی کردەوە؛ هەمان ئەو بیرۆکەیەیە کە ٤٧ ساڵ لەمەوبەر لە مزگەوت و حوجرە ئایینییەکاندا گەڵاڵە کرا. بڕیار وابوو بەپێی ئەو بەرنامە پەروەردەییەی کە خامنەیی و هاوکارانی دایانڕشتبوو، ئێران لە ساڵی ١٤٠٤ی هەتاویدا بگاتە "ژیانی پاکژ" (حیات طیبە) و لەسەر ئاستی جیهانیش لە ڕیزی وڵاتە پێشکەوتووەکاندا بێت. بەڵام ئەمڕۆ ساڵی ١٤٠٥ی هەتاوییە و داڕێژەرانی ئەو پلانە هەموویان تێداچوون و قوتابییەکانیشیان هەوڵ دەدەن بەم جۆرە بانگەوازانە، دووپاتە هەمان جەنگی ٨ ساڵە تاقی بکەنەوە و ژمارەیەکی دی لە قوتابییانی لە ئامێزی باوک و دایکیان بێبەش بکەن و لە باوەشی مەرگیان باوێن.

هەر قوتابییەک یان هەر کەسێکی تر ببێتە ئەندامی ڕێکخراوی سپای پاسداران، بە تێرۆریست دادەنرێت؛ چونکە ڕێکخراوی سپای پاسداران لەلایەن یەکیەتیی ئورووپا، ئەمریکا و چەندین وڵاتی تری جیهانەوە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناسێنراوە. کەواتە پێویستە کۆمەڵگە، دایک و باوکان و مامۆستایان لەم مەترسییە ئاگادار بکرێنەوە. بەدڵنیاییەوە، پەروەردە و فێرکردن لە ئێراندا بە هەموو پایە و ژێرخانەکانیەوە هەر لە سەرەتاوە بەرەو تیاچوون ڕۆیشتبوو؛ ئەم تێداچوونەش میراتی ڕێژیمی پێشووی پەهلەوی بوو کە بە سیاسەتی ناوەندگەرایی، لە جیاتی خزمەتکردن بە نەتەوەکانی ئێران، سیاسەتی نکۆڵیکردن و سڕینەوەی گرتبووە بەر، کە پەروەردە ڕۆڵێکی سەرەکی لەو سیاسەتەدا هەبوو. ڕێژیمی تێرۆریستیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەم جۆرە بانگەوازانە، لەم سەردەمەدا مەبەستیەتی تاوانێک بخوڵقێنێت و دواتر ئەو تاوانە وەک قوربانییەک نیشانی جیهان بدات. بەڵام خەیاڵیان خاوە.