
مستەفا مەعرووفی
وا دیارە پاکستان لە هەوڵی ئەوەدایە خۆی ئامادە بکات بۆ میوانداریکردن لە وەفدەکانی ئەمریکا و ئێران بۆ وتووێژێکی دیکە و هەوڵدان بۆ ڕێککەوتن لە نێوانیاندا. بێگومان هیچ وڵاتێک پێی خۆش نییە لە پەنای خۆی شەڕێک هەبێت و نائارامی لە دەوروبەری خۆیدا ببینێت، بەڵام هەمووی هەر ئەمە نییە؛ تورکیەش ئەمجارە شانبەشانی پاکستان هەوڵەکانی لەم پێناوەدا چڕ کردووەتەوە.
مەسەلەکە ئەوەیە کە وڵاتە نادێموکرات و سەنترالیستەکان زۆرجار کێشە و نیگەرانییەکانیان لە چوارچێوەی مەسەلە ستراتیژی و دەرەکییەکاندا دێننە گوڕێ و کێشە نێوخۆییەکانی نێو سنووری وڵاتی خۆیان حەشار دەدەن و سانسۆڕ دەکەن. هەوڵی ئەم دوو وڵاتە پەیوەندیی هەیە بە کێشەیەکی دیکەی نێو خاکی خۆیان؛ تورکیە لەبەر کێشەی کورد و پاکستان لەبەر کێشەی بەلووچ. هەردوو وڵات لەگەڵ ئەوەدا کە کێشە و ململانێی ناوچەییان لەگەڵ ئێران هەیە، بەڵام نیگەرانی ڕووخانی کۆماری ئیسلامین کە نەکا کاریگەریی لەسەر دۆخی داسەپاوی کورد لە ڕۆژاوای ئێران و بەلووچ لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێرانەوە هەبێت کە بۆ خۆیان بەسەر بەشێک لەم دوو نەتەوەیەدا زاڵن. ئەوەی مەبەستی سەرەکییە لەم وتارەدا، جگە لە ئامانجی نێوەندگیرییەکان، ئەوەیە کە ئێران و ئەمریکا لەم وتووێژانەدا هەرکامیان بەدوای چیدا دەگەڕێن؟
شەڕێکی تا ئێستا بێئاکام
لە شەڕدا ڕەنگە کەس خۆی بە دۆڕاو نەزانێت، یان لانیکەم نەیەوێت دان بە شکستی خۆیدا بنێت؛ بەتایبەتی بۆ ڕێژیمێکی ئایدۆلۆژیک و ئاخیرەتی کە «شەهید»بوون و لەنێوچوونیش بە سەرکەوتنێک دەزانێت. بەڵام گەیشتن یان نەگەیشتن بە ئامانجەکانی شەڕ و ڕادەی زەرەر و زیانەکان، پێوانەیەکی لۆژیکی و وردن و بەدوورن لە هەست و سۆزی لایەنێکی شەڕەکە. لە ئاکامی دەوری یەکەمی وتووێژەکانی ئەمریکا و ئێران لە پاکستان، دوو حەفتە ئاگربەس لە لایەن ئەمریکاوە ڕاگەیەندرا. هەرچەند لەوانەیە ئێران بەهیوا بووبێت پاش ٣٩ ڕۆژ شەڕ پشوویەک بە هێزەکانی بدات کە بەتوندی لەژێر بۆمبارانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا بوون، و لە فکری ئەوەدا بووبێت کە تەرمی لەسەر دەستان ماوی خامنەیی بنێژێت و بە ڕاکێشانی ئاپۆڕای خەڵک بۆ ڕێوڕەسمی پرسە و ناشتنی، گڕوتینێک بە «تعزیە» بدات کە وەک ڕێژیمێکی مەزهەبی گرنگییەکی بنەڕەتی و ئایدۆلۆژیکیی هەیە. بەڵام دۆخی ناسکی ئاگربەسەکە و بەردەوامیی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر حیزبوڵڵای لوبنان و گەمارۆدرانی گەرووی هۆرمۆز لە لایەن ئەمریکاوە، ئەگەری وەدیهاتنی هیوایەکی وای بۆ کۆماری ئیسلامی نەهێشتەوە.
لەگەڵ ئەوەدا ئەمریکا و ئیسرائیل وێڕای ئامانجی هاوبەشیان لەم شەڕەدا دژ بە کۆماری ئیسلامی، ئامانج و مەبەستی جیاشیان هەبوو؛ بۆ ٣ ئامانجی سەرەکی ئەم شەڕەیان دەست پێ کرد: یەکەم، ڕووخانی کۆماری ئیسلامی کە ئامانجی سەرەکیی ئیسرائیل بوو، بەڵام ئەمریکا لەم بارەیەوە لێدوانی دژبەیەک و ناڕوونی هەبووە؛ دووەم، لەناوبردنی توانای هاژەکی و دڕۆنیی کۆماری ئیسلامی؛ سێیەم، لەناوبردنی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران و دەستبەسەرداگرتنی ئۆرانیۆمی پیتێنراو. تا ئێستا ئەمریکا و ئیسرائیل لە هیچکام لەو ئامانجانەدا سەرنەکەوتوون. بەڵام لە هەوڵی ئەم دوو وڵاتەدا بۆ گەیشتن بەو ئامانجانە، زەبری زۆر قورس بەر کۆماری ئیسلامی کەوتووە کە ئەگەر ئەم ڕێژیمە بە هەر هۆیەک لەسەر دەسەڵات بمێنێتەوە، ساڵانێکی زۆری پێ دەوێت قەرەبوویان بکاتەوە.
سەرەڕای ئەو زەبرە قورسانەی بە کۆماری ئیسلامی گەیشتوون، بەتایبەتی کوژرانی خامنەیی و ژمارەیەکی زۆر لە پلەبەرزترین فەرماندە نیزامی و ئیتیلاعاتییەکانیان، ئەم ڕێژیمە هەتا ئێستا نەڕووخاوە. بەپێچەوانەوە توانیویەتی بە هێرشی هاژەک و دڕۆن ئەمنییەت و ئاسایشی نزیک بە ١٠ وڵاتی ناوچەکە بشێوێنێت؛ توانیویەتی بە شێواندنی هێمنایەتیی گەرووی هۆرمۆز، بازاڕی نەوت و وزەی جیهان تووشی قەیران بکات.
چاوەڕوانییەکان لە دەوری دووەمی وتووێژەکان
لە بەرەبەری دەستپێکردنی دەوری دووەمی وتووێژەکاندا، هەرکام لە لایەنەکانی شەڕ پێیان وایە کارتی سەرکەوتن لە دەستی ئەواندایە. هیواکانی ئێران لەم وتووێژانەدا دوو فاکتۆری سەرەکین:
یەکەم، فشار بۆ سەر بازاڕی وزە و چوونە سەری نرخى نەوت لە جیهاندا؛ دووەم، پەرەگرتنی ناڕەزایەتی لە وڵاتانی پێشکەوتووی پیشەسازی بە ئەمریکاشەوە لە ئاکامی کەمی و گرانبوونی نرخی نەوت و سووتەمەنیدا. ئەمانە هەردووکیان خاڵی لاوازی ئەمریکان لەم شەڕەدا.
سیاسەتی ئەمریکا بە هەموو ناڕوونی و هەڵوێستە دژبەیەکەکانی، لە کردەوەدا تا ئێستا ئەوە بووە کە هەر لە نێو ئەم ڕێژیمەدا هێندێک کەس بدۆزێتەوە کە مەرجەکانی ئەمریکا جێبەجێ بکات و ڕێژیم لە تەواوەتیی خۆیدا نەڕووخێت. هۆیەکەشی ئەمەیە کە نەکا ئێرانیش تووشی چارەنووسی ئەفغانستان و عێراق بێت. ئەمریکا ئەو کاتیش لە هەڵەدا بوو و ئێستاش لە هەڵەدایە؛ ئەو کات لە هەڵەدا بوو، چونکە بە ڕووخاندنی ڕێژیمی عێراق بە کردەوە ئێرانی کرد بە زلهێزی ناوچەکە و کۆماری ئیسلامی توانی پێگە و هێزەکانی بگەیەنێتە سەر سنوورەکانی ئیسرائیل، خەونێک کە لە ماوەی ٨ ساڵ شەڕ لەگەڵ عێراق بۆی بەدی نەهاتبوو. بۆیە ئەمریکا لە ئەزموونی عێراقدا شکستی خوارد، چونکە کۆماری ئیسلامی هەبوو. ئێستا بۆ لە هەڵەدایە کە ئەگەر پێی وابێت کۆماری ئیسلامی بڕوات تووشی چارەنووسی عێراق و ئەفغانستان دەبێت؟ چونکە کۆماری ئیسلامییەکی دیکە نابێت تا ئێران تووشی چارەنووسی عێراق یان ئەفغانستان بکات. ئەمە یەکێک لە هۆیەکانی مانەوەی کۆماری ئیسلامییە.
هیچکام لە هێرشەکانی ئەمریکا دژی کۆماری ئیسلامی بە مەبەستی ڕووخان نەبووە، هیچ هەنگاوێکی ئەمریکا بۆ پشتیوانی و ڕێکخستنی ئۆپۆزیسیۆنی ئەم ڕێژیمە بە مەبەستی دروستکردنی ئاڵتێرناتیڤ نەبینراوە. لە کاتێکدا ڕوون و ئاشکرایە کە لە ئاسمانەوە ئەم ڕێژیمە دەکرێت لاواز بکرێت، بەڵام دەبێت لەسەر عەرز بڕووخێت. بۆ ئەمە ئەمریکا هیچ بەرنامەیەکی نە بۆ خۆی و نە لە ڕێگەی ئێرانییەکانەوە نەبووە. بەپێچەوانەوە، دژایەتی لەگەڵ ئاڵتێرناتیڤێکی ئەوتۆ لە لایەن ئەمریکاوە بینراوە. تەنیا هێزێک کە لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکاندا بۆ سەر ئێران ئاماژەی پێ کرد کە بێنە مەیدان، هێزە کوردییەکان بوون. هەر دوو ڕۆژ دوای شەڕ لەمەش پاشگەز بووەوە و تەنانەت ئێستا کە ئاگربەس لە گۆڕێدایە، تاقە شوێنێک کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەردەوامە لە بۆمبارانکردنی، بنکەی سەرەکیی هێزە کوردییەکانە کە ئەمریکا تەنانەت ئامادە نییە بە ئاماژەیەکی بچووکیش باسی بکات. کەوابوو لەبەر ئەوەی کە ئەمریکا و ئیسرائیل بە ئامانج و مەبەستە سەرەکییەکانیان لەم شەڕە نەگەیشتوون، ڕەنگە بووبێتە هۆی ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی زیاتر لە خۆی ڕاببینێت و خۆی بە دۆڕاو نەزانێت و بە ئاسانی مل بۆ داخوازییەکانی ئەمریکا لە وتووێژەکاندا نەدات کە بە تەسلیمبوون ئەژمار دەکرێت. سروشتییە کە لەم وتووێژانەدا کۆماری ئیسلامی هەوڵ بدات لە نێوان تەسلیمبوون و دەستپێکردنەوەی هێرشەکاندا کەڵک لە مێتۆدی چیرۆکی «هەزار و یەک شەو» وەربگرێت؛ واتە هونەری درێژکردنەوەی وتووێژەکان بۆ کڕینی کات، کە بە زیانی ئەمریکایە.
دووڕێیانیی بەردەم وتووێژەکان
دەوری دووەمی وتووێژەکان لە کاتێکدا دەست پێ دەکات کە ئیسرائیل و ئەمریکا زۆرجار ڕایانگەیاندووە کە «جارێ کارێکی زۆرمان بە ئێران ماوە». بەپێی سەرچاوەکان، هەر ئێستا ئەمریکا خەریکی ناردنی هێز و کەرەستەی شەڕیی زیاترە بۆ ناوچەکە و ڕایگەیاندووە ئەمە بۆ فشار هێنانی زیاترە بۆ سەر ئێران کە مەرجەکانی ئەوان قبووڵ بکات، ئەگینا شەڕ دەست پێ دەکاتەوە. ئەم وتووێژانە تەنانەت ئەگەر بۆ دواجاریش نەبن و درێژیش ببنەوە، دوو ئاکامیان زیاتر نییە: یان کۆماری ئیسلامی مەرجەکانی ئەمریکا قبووڵ دەکات و شەڕ کۆتایی پێ دێت، یان شەڕ دەست پێ دەکاتەوە کە درێژەکێشانەکەی پەیوەندیی بە دوو فاکتۆرەوە هەیە: توانای ئەمریکا لە درێژەدان بە شەڕ تا چ ڕادەیەک دەبێت (لەم حاڵەتەدا ئەگەر ئەمریکا بێ ئەوەی بە ئامانجەکانی بگات و دەست لە شەڕ هەڵگرێت، لە ڕاستیدا شکستی تاڵی ١٩٧٢ لە شەڕی ڤیێتنامدا دووپات دەکاتەوە) و توانای کۆماری ئیسلامی لە خۆڕاگری لە بەرانبەر هێرشەکان و پێشهاتە نێوخۆییەکاندا کە بێگومان سنوورێکی هەیە.