
د. ئاسۆ حەسەن زادە
لە بارودۆخێکدا کە شەڕی ئهمریکا و ئێران دهتوانێ دوورهدیمهنی جێگه و پێگهی ئێران و کوردستان سهرلهنوێ پێناسه بکاتهوه، پێویستیی هزر و ڕوانگەکانی د. عەبدولڕەحمان قاسملوو لەبارەی دێموکراسی، بهکاراکتەربوونی کورد و سیاسهتی ڕوون لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ناسەقامگیرییە ژێئۆپۆلیتیکی و گۆڕانکارییە سیاسییەکاندا زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە خۆی دەردەخا. بەڵام میراتی قاسملوو بەدیاریکراوی چییە و بۆچی هێشتا و لە ئەمڕۆشدا گرنگە؟
بە شێوەیەکی پارادۆکسیکاڵ، دڵنیاییەک بەدی ناکرێ کە ڕاوەستانی شەڕەکەی ئەم دواییە ئارامی بۆ ئێرانییەکان بەدیاری بێنێت. بۆ زۆر کەس، بەتایبەتی لە نێو کوردانی ئێراندا، نیگەرانییەک هەیە که سازانێکی نوێی نێودەوڵەتی لەگەڵ ئێران لە کۆتاییدا ببێتە هۆی درێژکردنەوەی تەمەنی کۆماری ئیسلامی، بەبێ ئەوەی ئهو ڕێژیمه ناچار بێ ئیمتیازێکی مانادار بەتایبەتی لە کایە نێوخۆییەکانی وڵات لە بەرژەوەندیی خەڵکدا بدات.
ئەم نیگەرانییە پاشخانی مێژوویی هەیە و پێشتر ئەزموون کراوە. قۆناغەکانی دوای شەڕەکان یان گرژییە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ ئێران بە دەگمەن بوونەتە هۆی کرانەوەی سیاسی له ئاستی نێوخۆییدا. بەپێچەوانەوە، زۆربەی کات بوونەتە هۆی توندوتیژی و سەرکوتی زیاتر. بۆ نموونە ڕێککەوتنی بەرجام (٢٠١٥) کە پێچەوانەی چاوەڕوانییەکان بۆ میانەڕەوی و کرانەوەی سیاسی، پهرهئهستاندنی سەرکوت و چەقبەستوویی سیاسیی له ئێراندا بەدوادا هات.
نموونەیەکی کۆنتر و دراماتیکیتر، کۆتاییهاتنی شەڕی ئێران و عێراقە لە ساڵی ١٩٨٨دا. بەدوای ڕێککەوتنی ئێران و عێڕاق لەسەر کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوانیان هەزاران زیندانیی سیاسی له ئێران لەسێدارە دران و ڕێژێم هەڵمەتێکی بەردەوامی تێرۆرکردنی نەیارانی خۆی لە دەرەوەی وڵات دەست پێ کرد. یەکێک لە یەکەمین و دیارترین قوربانییەکانی ئەم هەڵمەتە، د. عەبدولڕەحمان قاسملوو، سکرتێری گشتیی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بوو، کە لە ساڵی ١٩٨٩ لە شاری ڤییەن و لە کاتی دانوستان لەگەڵ نوێنەرانی کۆماری ئیسلامیدا تیرۆر کرا.
ئەمڕۆ، ترسێک ههیه که ڕەوتێکی هاوشێوە جارێکی تر دووبارە بێتەوە. هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی لەسێدارەدانەکان لە نێوخۆی وڵات، بەرپرسانی ئێران هەڕەشەکانی خۆیان دژی لایەنە سیاسییەکانی ئۆپۆزسیۆنی کوردی جێگیر لە هەرێمی کوردستانی عێراق دەست پێ کردووەتەوە و بەئاشکرا داوای دەرکردنیان دەکەن. ئەم حیزب و لایەنە سیاسییانە لە کاتی شهڕی چل رۆژهی دواییدا کرابوونە ئامانجی هێرشی موشەکی و دڕۆنیی کۆماری ئیسلامی و ئێستا بارودۆخیان ناسکتر و هەستیارتریشە.
لە بارودۆخێکی وادا، مەسەلەی کورد چیتر بابەتێکی پەراوێزی یان تاکتیکی نییە، بەڵکوو جارێکی تر دەبێتە شوێنی بهرجهستهبوونی درز و کەلێنێکی سیاسیی گەورە؛ درزێک کە جارێکی تر گرنگیی وریاکردنەوەکان و ڕێباز و ڕوانگەکانی د. قاسملوو دەخاتەوە بەرچاو. ڕێک لەو کاتانەدایە که نەبوونی ئەو بەئاشکرا هەست پێ دەکرێ؛ نەک هەر لەبەر ڕەتکردنەوەی شێلگیرانە و لێبڕاوانەی پاشەکشە لە بەردەم بارودۆخە سەختەکان و ئامادەیی بۆ قبووڵکردنی ریسکی دەسپێشخەرییەکان لهلایهن قاسملووهوه، بەڵکوو ههروهها لهبهر هەبوونی دووربینی و ڕوانگهیهكی سیاسیی بەهێز لهلای ناوبراو.
هیچ کەسایەتییەکی سیاسیی کورد نەیتوانیوە بەو ڕوونییە پڕۆژەیەکی سیاسی دابڕێژێت کە داخوازییەکانی کورد بە بیرێکی فراوان و گشتیگیر بخاتە ڕوو. بیر و کردهوهی قاسملوو له سهردهمی ئێستادا تەنیا بایهخێكی مێژوویی نیه، بەڵکوو گرینگییهكهی بۆئیعتباری ئەو چوارچێوەیە دەگەڕێتەوە که ئهو بۆ ئاڕاستەکردنی پێکگەیشتنی نێوان مافەکانی کورد، خەبات بۆ دێموکراسی لە ئێران و سیاسەتی نێودەوڵەتی دایڕشتبوو.
د. قاسملوو بە شێوەیەکی هاوکات لە دوو بەرەی پێکەوەبەستراودا -کوردی و ئێرانی- هەڵدەسووڕا. لە ئاستی ئێراندا، ئەو بۆ بنیاتنانی جێگرەوەیەکی جێ متمانە لەبری کۆماری ئیسلامی تێدهکۆشا. بەڵام لە ڕوانگەی ئەوەوە، جێگرەوەیەکی ئاوا نهدهبوو لەسەر دروشمی ناڕوون یان هاوپەیمانیی هەلپەرستانە دابمەزرابێت، بەڵکوو پێویستی بە بناغەیەکی سیاسیی ڕوون و پتەو هەبوو. بۆ وی پێوهرێکی ئهم بناغهیه بهڕهسمی ناسینی فرهنهتهوایهتی له ئێراند وەک مەرجێکی پێویست بۆ هەر هاوپەیمانییەکی پایهدار بوو. هەر ئەم هەڵوێستە بووە هۆی ئەوەی ئەو هاوپهیمانی نەک تەنیا لەگەڵ ڕەوتە پاشایەتیخوازەکان، بەڵکوو بەگشتی لەگەڵ هەر هێزێک کە دێموکراتی ڕاستەقینە نەبوو، ڕهت بکاتهوه.
لە ئاستی کوردیدا، ئەندێشەی ئەو تێکەڵەیەک بوو لە واقیعبینی و پلانی درێژخایهنی نەتەوەیی. ئەو دابەشبوونی کوردستانی لە نێوان چەند دەوڵەتدا وهك واقعیهتێکی عهینی دهدیت و جەختی دەکردەوه که پێویسته بزوتنەوهی کورد لە هەرکام لە بەشەکانی کوردستان خەباتەکەی لە چوارچێوەی نەتەوەیی تایبەت بە خۆیدا بەرەو پێش ببات. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەمەی بە واتای دابڕان و ترازانی نێوان کورد نەبوو. بەپێچەوانەوە، ئەو چالاکانە بۆ بەهێزکردنی هاوپشتیی نێوان پارچە جیاوازەکانی کوردستانی گەورە هەوڵی دەدا و پێی وابوو ئەم خەباتانە، هەرچەندە لێک جیاوازن، بەڵام به قووڵی پێکەوە بەستراونەتەوە. هەروەها جەختی دەکردەوە کە نابێ پەیوەندییە ناوچەییەکانی بزوتنهوهی کورد لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەی تێیدا چالاکن لەسەر حیسابی بەرژەوەندییەکانی کورد لە پارچەکانی دیکەی کوردستان بێت. ئەم ڕوانگە گشتگیره یەکگرتووییەکی بە پڕۆژە سیاسییەکەی قاسملوو بەخشیبوو کە ئەمڕۆ تا ڕادەیەکی زۆر کاڵ و ونە.
زۆرێک لە لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن هێشتا باس لە گۆڕینی ڕێژێم دەکەن بهبێ ئەوەی ئاوڕ لە فرەیی و هەمەجۆریی نێوخۆیی ئێران بدەنەوە. لە هەمان کاتدا، لەنێوان هەندێک گرووپی کوردیشدا، داخوازییە سیاسییەکان هەندێک جار بێ ئەوەی بخرێنە نێو چوارچێوەیەکی بەرفراوانتری ئێرانییەوە، دەخرێنە ڕوو. قاسملوو بەتەواوی بەدوای دروستکردنی پرد بوو لە نێوان ئەم دوو ڕەهەندەدا. چ ئەم واقیعە قبووڵ بکەین و چ نا، و هەرچەند ڕەنگە دڵخوازیش نەبێت، ئەو بە باشی تێگەیشتبوو کە داهاتووی ئێران و چارەسەری مەسەلەی کورد دوو بابهتی لێک دانەبڕاون.
بۆ ئەو، تەنیا دەربڕینی ئامانجە سیاسییەکان بەس نەبوو؛ بەڵکوو دەبوایە بە هەمان ڕادە بایەخ بە شێوازەکانی تێکۆشانیش بدرێت. ئەندێشە سیاسییەکەی ئەو جیا نەبوو لە پابەندییەکی ئەخلاقیی بەهێزیش. قاسملوو بەردەوام جەختی دەکردەوە شێوازەکانی خەبات دەبێت ڕەنگدانەوەی ئەو بایەخانە بن کە بەرگرییان لێ دەکرێت. ئەو ئارگیومێنتی ئەوەی دەهێناوە کە خەبات لەگەڵ ڕژێمێک کە سەرەتاییترین پێوەرە مرۆییەکان پشتگوێ دەخات، نابێت ببێتە هۆی وەلانانی بنەما ئەخلاقییەکان. ئەو پێشمەرگەکانی خۆی ڕاسپاردبوو لە شێوازە تیرۆریستییەکان دوور بکەونەوە، بە شێوەیەکی مرۆیی لەگەڵ دیلەکاندا بجوڵێنەوە و ئازادیان بکهن، تەنانەت ئەگەر ئەم کارە ببێتە هۆی ئەوەی لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا کەمتر ببینرێن و کهمتر فۆکووسیان بخرێتەسەر.
ئەم یەکانگیرییە ئەخلاقییە بۆ کایەی نێودەوڵەتیش درێژ دەبۆوە. سەرەڕای ئەوەی قاسملوو لە جیهانێکدا ژیابوو و خوێندبووی کە بەهۆی دابەشکارییەکانی شەڕی ساردەوە دروست ببوو، ئەو بە ڕاشکاوی دەستێوەردانی سۆڤیەتی لە پراگ لە ساڵی ١٩٦٨ و هەروەها بەبارمتەگرتنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تاران لە ساڵی ١٩٧٩ی مەحکووم کرد. لە کاتێکدا هەڵوێستی ئاوا ئەوەندەش ئاسان نەبوو. ئەو دواتر، لە دەیەی ١٩٨٠دا، "سۆسیالیزمی دیموکراتیک"ی هێنایە نێو بەرنامەی حیزبەکەیەوە و لە مۆدێلە سۆسیالیستییە دیکتاتۆرەکان دوور کەوتەوە، ئهمهش وهک رێگایهک بۆ ئهوهی دەرفەت بۆ پێوەندی و کارلێکی لەگەڵ لایەنە ڕۆژئاواییەکانیشی بۆ بڕهخسێ.
قاسملوو بە تێگەیشتنێکی ورد لە بەرتەسکی و سنوورداربوونی پشتگیریی نێودەوڵەتی، پەیوەندیی لەگەڵ سۆسیال دێموکراتەکانی ئەورووپا گرێ دا و هەوڵی ئەوە بوو پەیوەندییەکانی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش پەرە پێ بدات. کەمێک پێش تیرۆرکردنی، چاوەڕوان دەکرا سەردانی واشینگتن بکات. لەگەڵ ئەوەشدا، هەمیشە دژی پاشکۆیەتی و بەستراوەبوون بوو و جەختی لەسەر سەربەخۆیی سیاسیی حیزبەکەی دەکردەوە.
ئەو جەختی دەکردەوە پشتگیریی دەرەکی هەرگیز نابێت لەسەر حیسابی وەلانانی سەربەخۆیی سیاسی یان ڕێگری لە ئازادیی کردەوەی سەربەستانە بێت. بە بڕوای ئەو، چارەنووسی کورد نە لە واشینگتن، نە لە لەندەن و نە لە پاریس، بەڵکوو لە خودی کوردستان دیاری دەکرێت. ئەم ڕوانگەیە، ڕەتکردنەوەی دیپلۆماسی نەبوو، بەڵکوو بانگهێشتێک بوو بۆ خۆبەڕێوەبەریی سیاسی و خۆڕاگریی نێوخۆیی. ئەم وریابوونەش ڕەگی لە ئەزموونی مێژووییدا هەبوو. ئەو لە ساڵی ١٩٨٨ و لە کۆتایی شەڕی ئێران و عێراقدا وانەی ساڵی ١٩٧٥ی بە بیر سەرکردایەتی و هێزەکانی پێشمەرگەی حیزبەکەی هێنایهەوە؛ کاتێک کە دوای ڕێککەوتنامەی جەزائیر لە نێوان ئێران و عێراقدا، هێزە کوردییەکانی عێراق لەناکاو لەلایەن هاوپەیمانە دەرەکییەکانیانەوە تەنیا مانەوە. لە ڕوانگەی قاسملووەوە، ئەم ڕووداوە نیشاندەری ناسەقامگیریی هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەکان و پێویستیی پشتبەستن بە خۆ بوو.
شەڕی ئێستا و دەرهاویشتە نادیارەکانی، تەنیا گرنگیی ئەم بابەتە زیاتر دەکەن. لە کاتێکدا ئەکتەرە دەرەکییەکان خەریکی پێداچوونەوەن بە ستراتیژییەکانی خۆیان بەرامبەر بە ئێران، مەترسیی هەمیشەییی پشتگوێخرانی داینامیکە نێوخۆییەکان -لەوانە داخوازییەکانی کورد- بوونی هەیە. له سهردهمی ئێستادا زۆر جار فاکتەری کورد دێتە ئاراوە، بەڵام زۆربەی کات بە شێوەیەکی ئامرازی و دابڕاو لە هەر ئەندێشەیەکی سیاسیی مانادار.
نزیکەی چوار دەیە دوای سەردەمی قاسملوو، ئۆپۆزسیۆنی ئێران هێشتا پەرشوبڵاوە و ڕوون نییە کە ئایا سەرنجدانەوەی نێودەوڵەتیی بۆ مەسەلەی کورد لە ئێران بە شێوەیەکی کاریگەر بەکار دەهێنرێت یان نا. پرسیار دەربارەی چۆنیەتی تێکەڵکردنی داخوازییە نەتەوەییەکان لەنێو جێگرەوەیەکی سیاسیی یەکگرتوودا، و ئەوە کە ئایا کوردەکان دەتوانن دەسپێشخەرییەکە جارێکی تر بگرنەوە دەست یان نا، هێشتا بێ وەڵام ماوەتەوە. لەم بوارەدا، ڕوانگەی قاسملوو کەمتر وەک سەرچاوەیەکی مێژوویی و زیاتر وەک دەرفەتێکی لەدەستچوو دێتە بەرچاو.
خوێندنەوەی دووبارەی میراتی قاسملوو بە واتای سەیرکردنی ڕابردوو نییە، بەڵکوو ڕووبەڕووبوونەوەیە لەگەڵ ئەو پرسیارانەی هێشتا بێ وەڵام ماونەتەوە.ساتەوەختی ئێستا ئەم مەسەلانەی جارێکی تر به چهشنێک هێناوەتەوە گۆڕ که بیرکردنهوه له گرینگیی تێکەڵکردنی واقیعبینیی سیاسی لەگەڵ پابەندییەکی قایم بە ئامانجە ستراتیژییەکانی دۆزی کورد و بنیاتنانی خەبات لەسەر بنەمایەکی ڕوون و توانای چالاکی لە چەندین بەرە و لە ژینگەیەکدا کە تا دێت ئاڵۆزتر دەبێت دهکاته پێویستییهكی بێئهملاوئهولا. زیاتر لە هەموو شتێک ئهوهی میراتی قاسملوو بۆ ئهمڕۆ به ئێمهی دهڵێ دەوری سەرەکیی عاملییەتی نێوخۆییه پێش ئەوەی داینامیکە دەرەکییەکان جارێکی تر کوردانی ئێران بەرەو پەراوێز ببهنهوه.
***
وهرگێڕانی له ئینگلیسییهوه: رۆژنامهی "کوردستان"
(سهرچاوه:www.theamargi.com )