کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شەهیدبوونی پێشەوا، پەیمانێکی کۆمەڵایەتی بۆ تێکۆشان و دەستگرتن بە ئامانجەکان

15:54 - 1 بانەمەڕ 2726

ئەبووبەکر کاروانی

هێگڵ -بە خوێندنەوەیەکی کوردانە- لە ساتەوەختێکی مێژوویی دیاریکراودا، پێشەوا دەکاتە «ڕوحی کورد» بە سەرپشتی مێژووەوە. بەڵام شەهیدبوونی کۆتایی بەم پێگەیە ناهێنێت؛ بەڵکوو نەمری دەکات.

پێشەوا شەهید دەبێت، بەڵام ئاڵاکەی دەستی ناکەوێت؛ بەڵکوو بە پەنجەکانی ڕۆحی هەڵیدەگرێت و دەیسپێرێت بە درێژەپێدەرانی ڕێگاکەی. ئەمەش بەرامبەر تیۆریی پەیمانی کۆمەڵایەتیی کوردییە لەنێوان ڕۆڵەکانی ئەم نەتەوە لەگەڵ یەکدی، و لەنێوان ئەوان و پێشەنگانی ناسیۆنالیزمی مێژووسازی کوردی و سەرکردایەتی. ئەم پەیمانە وشیاری و ئاگاداری دروست دەکات؛ کارێک کە لە سەردەمی نوێدا ناسیۆنالیزم لە ڕێیەوە هەوڵی نەتەوەسازی و بەهێزکردنی گیانی هاوچارەنوسیی دەدات.

لە سایەی دۆخی بێدەوڵەتیی کوردیشدا، بە گەڕانەوە بۆ دۆخی گریمانەکراوی سروشتیی کوردی -کە دۆخی سەربەخۆیی و پەیمانبەستی ڕۆڵەکانی نەتەوەی کوردە- بۆ ئەوەی لە سایەی هەست و ئامانج و ناسنامەی هاوبەشدا وەک ئەندامی نەتەوە سەیری خۆیان و پەیوەندیی نێوانیان و ئەوی دی و ئامانجی هاوبەشیان بکەن، دەتوانین ژێرخانێکی فکریی خۆماڵی بۆ ناسیۆنالیزمی کوردی دابمەزرێنین. لەو چوارچێوەیەدا، چەمکی شەهید و ڕەمزەکان دەکرێن بە کەرەسەیەکی بنەڕەتیی پەروەردەی سیاسی؛ بۆ خۆبیناکردنەوە و زاڵبوون بەسەر ناکۆکی و لاوازییە ستراتیژەکاندا. پێشەواش وەک ڕەمزی هاوبەشی ناسیۆنالیزمی کوردی و دابەشبوونی ئایدیۆلۆژی و حیزبی، دەتوانێ ڕۆڵێکی تەوەرەیی لەم پرۆسە مێژووییەدا بگێڕێت؛ ئەرکی دووبارە دارشتنەوەی پایەکانی ناسیۆنالیزمی کوردی لە ڕوانگەی مەرجەعییەتی ژێکاف و کۆمار و سەرکردایەتیی پێشەوا.

پێشەوا قازی محەممەد، کاتێک شەهید دەبێت، سەنگەر و پێگەی سەرۆکایەتی چۆڵ ناکات؛ بەڵکوو دەبێتە هەست و وزە لەنێو ڕوحی پێشمەرگە و تێکۆشەردا. بەمەش، بە واتای ڕەمزی و بەهایی و نەتەوەییەکەی، دەتوانین باس لە دۆخێکی دیاریکراوی «دۆنادۆن»ی کوردی بکەین. بەو واتایەی، پێشەوا وەک بەرجەستەکەری ڕۆحی نەتەوە لە چرکەساتێکی مێژوویی هەستیاردا، لە ڕێی کردەیەکی ڕەمزی و ڕۆحییەوە، بە پێچەوانەی بیرۆکەی دۆنادۆنی ئاینیی باوەکە، گیانی دەچێتە نێو ڕۆح و ویژدان و خەیاڵی ڕۆڵەکانی نەتەوەکەی. لەم چوارچێوەدا، ئەم «گوێزانەوە»یە تاکەکەسی و سنووردار نییە؛ بەڵکوو گشتگیرە: لە یەک کاتدا لەنێو کۆی ژیان و گیانی ڕۆڵەکاندا ئامادەیە و درێژە بە ژیانی خۆی دەدات. ئەویش لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە پێشەوا مرۆڤێکی ئاسایی نەبوو؛ تەنها بۆ خۆی و حەزە تاکەکەسییەکان نەژیا. وەک دۆرکهایم ئاماژەی پێ دەکات، ئەو جۆرە ژیانە تەنها ڕووێکی سنوورداری مرۆڤ پێکدەهێنێت. ڕووە قووڵ و باڵاکەی ژیان لەوەدایە کە مرۆڤ ئینتیمایەکی قووڵ بۆ کۆمەڵگە و نەتەوە هەبێت و لەپێناو چاکەی گشتی و خێروخۆشی هەموواندا بژیت. بەمەش مرۆڤ دەبێتە مرۆڤی باڵا و ڕەهەندە قووڵەکەی مرۆڤبوونی خۆی دەگات؛ ڕۆحی گەورەتر دەبێت و دەبێتە ڕەمزێکی ئەخلاقی. پێشەواش نموونەیەکی ڕوونە لەم جۆرە ژیانە: بۆ خۆی نەژیا، بەڵکوو بە ژیانێکی سەرمەشقانە ڕۆح و ئاواتی نەتەوەکەی بەرجەستە کرد.

لەو چوارچێوەیەدا، «بۆ خۆ ژیان» نێوەڕۆکێکی نوێ و ڕۆحی و ئەخلاقی وەردەگرێت و دەبێتە دیوی دووەمی «بۆ خۆ نەژین»؛ واتە بۆ ئەوانی دی ژیان. کاتێک مرۆڤ بۆ چاکەی گشتی و شکۆی نەتەوە و دادپەروەری دەژیت، لە ڕاستیدا بۆ قووڵایی مرۆڤبوونی خۆی دەژیت. هەر بەم هۆیە پێشەوالە کاتی ژیانیدا چێژ لە وەڵامدانەوە بە ئەرکە ئەخلاقییەکان وەردەگرێت، و لە دوای مەرگ و شەهیدبوونیشدا لە دڵی میللەتدا دەژیت و دەبێتە خاوەن ناو و ناوبانگێکی گەورە. ئەو ژیانی خۆی بۆ ڕزگاری و سەربەخۆیی و سەربڵندی نەتەوەکەی تەرخان کردبوو. هیوا و ئاواتی میللەتەکەی لە کەسێتیی خۆیدا بەرجەستە دەکرد. بە مەرگ و شەهیدبوونی ئیلهام‌بەخشی کورد و ناسیۆنالیزمی کوردییان لە تواندنەوەی کولتووری ڕزگار کرد. لە ڕێی دروستکردنی مەودایەکی زەینی و ڕوحی، لەنێوان نەتەوەکەی و گوتار و دامەزراوە مۆدێرنەکانی دەسەڵاتدا، ڕەوتی نەتەوەسازیی سەرکوتکارانەی ڕەزاشا و محەممەدڕەزاشای خاو کردەوە. هەروەها توانی بە دروستکردنی هەست و خەیاڵێکی هاوبەش دەربارەی کوردستان و کۆمار و ئاڵا و شەهیدان، بەربەستێکی دەروونی بۆ تاک و کۆمەڵگەی کوردی دروست بکات. ئەمەش بوو بە هۆی ئەوەی لە دۆخی سەختدا، کورد خۆی بەدەست نەدات و بەو گێڕانەوەیە قایل نەبێت کە "نەتەوە نییە". گەشەی ناسیۆنالیزمی کوردی و جەماوەریبوونی لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، بەڵگەیەکی ڕوونە بۆ ئەم ڕاستییە.

پێشەوا و کۆماری کوردستان واتایەکی تەواوکەرن. کۆمار هەوڵێک بووە بۆ دووبارە پەیوەستبوونەوە بە مێژووی خۆی و دروستکردنی کەڵەکەبوون و گوزارشتدانەوەیەکی هاوچەرخ لە نەتەوەیەک، کە لە ڕابردوودا سەلماندوویەتی توانای ژیان و داهێنان و خۆبەڕێوەبردنی هەیە. بۆیە کاتێک لە مێژووی نوێشیدا تووشی نسکۆ و گلان و هەوراز و نشێو دەبێت، بەردەوامیی مێژوویی پێمان دەڵێت ئەوەی کاتیی و تێپەڕە کۆمار نییە، بەڵکوو ڕووخان و کەوتنەکەیەتی. هەلومەرجی سەختی مێژووی هاوچەرخی کورد کاتییە و ئەمڕۆ یان سبەی تێدەپەڕێت.

کۆمار ڕیزپەڕ و بەرهەمی لەدەست‌دەرچووی مێژوو نییە، هەوری بەرخۆری هاوین نییە بە کاتی بێت و بەزوویی تێپەڕێت، بەڵکوو ڕەگەکانی لە مێژوویەکی دێرینتردا وزە و ژیان و مانەوە وەردەگرن، لە مێژووی هاوچەرخیشدا ڕەگێکی لە ئەزموونە حوکمڕانییەکانی کوردستانی باشوور و شێخ مەحموود و ئەوانی دیکەی لای سمکۆ و سێهەم لە پیران و باکوور، و بە گشتی مێژووی نوێ و هاوچەرخی کورد و پێشەنگانی ناسیۆنالیزمی کوردیدا هەیە. مادام مێژووی کۆماریش بە بەروارێکی کاتی و تەمەنێکی ١١ مانگی ڕواڵەتی گرێ نەدرابێت، بەڵکوو بە بەرجەستەکردنی ئاواتێکی مێژوویی فراوانتر و قوڵتر و ڕەگداکوتراوتری کورد بێت وەک نەتەوە، بە هەمان شێوە و بە ئاقاری ئایندەشدا کۆتاییهاتنی نابەسترێتەوە بە ونبوونی مەیدانییەوە، چونکە ئەویش بە حوکمی ڕەمزبوونی بەواتای ڕەمزییەکەی نەڕووخاوە، بەڵکوو شەهید بووە. شەهیدیش لە ڕووی هێما و مەعنەوییەوە نامرێت و بە جۆرێکی تر درێژە بە ژیانی دەدات، بەکردەوەش کۆمار وەک ئەزموونێکی حوکمڕانی مۆدێرنی شەهیدی کوردیی، بوو بە بەشێکی زیندوو و جیانەکراوەی کۆی یادەوەری کوردی لە مێژووی نوێدا، بۆیە ئەگەر لە ١١ مانگی کۆماردا حوکمڕانی بەشێک لە نەتەوە و قەڵەمڕەوی جوگرافیای کوردستانی ڕۆژهەڵاتی کردبێت، ئەوا دوای شەهیدبوونی و لە ئاستی مەعنەوی و هێمایەکەیدا تاکو ئێستاشی لەگەڵدا بێت، حوکمی سەرجەم کوردستانی مێژوویی و گەورە و نەتەوەی کورد و گەلی کوردستانی بە گشتی کردووە و دەیکات.

کاتێک دەسەڵاتێکی حوکمڕانی بە هێمایی کراوی مەعنەویی شەهیدیش حوکمی ناوەوەی مرۆڤی کورد دەکات، دەسەڵاتی ناسیۆنالیزمی سەردەست و زۆردار لە ئاستێکی بەرچاوی کۆمەڵ و بە تایبەتی دەستەبژێری نەتەوەیی کوردیدا توانای ڕەوایەتیی خۆی لەدەست دەدات. بە پێچەوانەی هەلومەرجی باو و واقیع و دەسەڵاتی ماددی سەپاوەوە خۆی و گوتارەکەی بە نامۆ و کاتی و زۆردار و داسەپاو سەیر دەکرێت. زیاد لەوەش چاوەڕێی دەرفەتێکی گونجاو و مێژوویی دەکرێت بۆ پاشەکشەپێکردن و مل‌پێکەچکردنی بۆ خواست و داواکارییەکان و کۆتاییهێنان بە نەرمییەت و لووتبەرزییە نەتەوەییەکەی. ئەمەش لە جەوهەردا تێکەڵە لەگەڵ پرسی (پەیمانی کۆمەڵایەتی) نوێنەرایەتی‌کردن و ڕەوایەتی سیاسی و ئەخلاقیی، لەپێناو دەستگرتن بە وەسێتی پێشەوا و شەهیدان و ئامانجە ناوەندییەکانیان.

دیوی دووەمی ئەم پەیمانە کۆمەڵایەتی و نەتەوەییە کوردییەش، کە کوردەکان لە دۆخی سرووشتی کوردیدا کە دۆخی خۆوێناکردن وەک نەتەوە و سەربەخۆییە، بەو جۆرەی پێشتر ئاماژەمان پێکرد، هەڵوێست دەربڕینە بەرامبەر ئەو پەیمانە کۆمەڵایەتی و سیاسییەی ئەو دەوڵەتە مۆدێرنانەی لەسەر دامەزراوە و کوردیان بەسەردا دابەش کراوە. بەحوکمی ئەوەی کورد وەک نەبووێک مامەڵەی لەگەڵدا کراوە، ڕێز لە ئیرادەی نەگیراوە، پرسی پێ نەکراوە و ڕای وەرنەگیراوە، چونکە وەک نەتەوە دان پێدانەنراوە، بەڵکوو بە پێچەوانەوە خواستێکی پشتئەستوور بە دەسەڵات و زەبروزەنگی دەوڵەت هەبووە بۆ تواندنەوە و سڕینەوەی لە مێژوودا. کاتێکیش ئێمە وەک نەتەوەیەکی جیاواز بەشێک نەبووبین لەو گرێبەستە، لە ڕووی شەرعی و قانوونی و ئەخلاقییەوە پابەندیمان بەرامبەری بۆ دروست نابێت. هەر بۆیە ئێمەی کورد پابەندین بەو پەیمانە کۆمەڵایەتی و ئەخلاقییەی کە پڕۆژەی ناسیۆنالیزمی کوردی و کۆماری کوردستانی لەسەر دامەزراوە. وەفاداری و پابەندبوون بە پەیامی کۆماری مەسیح‌ئاسای نەڕووخاو و هەوڵدان بۆ دووبارە بونیاتنانەوەی بەگوێرەی پێوەر و داخوازیی هەلومەرجی مێژوویی نوێ، دەچێتە چوارچێوەی پەیمانی کۆمەڵایەتی کوردییەوە، چونکە یەکێک لە بابەتەکانییەتی.

ئەزموونی کۆماری بە هێما و خەیاڵکراو، کاتێک ویستیان لە مێژوودا بیسڕنەوە، ناسیۆنالیزمی کوردی و خەیاڵی نەتەوەیی، لە دەستی ڕفاندن و لە ویژدانی ڕۆڵەکانی نەتەوەدا بە هێما و نەمرییان کرد. وەک ڕەمزێک بۆ هەوڵدانی کورد بۆ ئامادەبوون لە مێژوودا و خۆنمایشکردن وەک نەتەوە، خستیانە سەر هەموو هاوکێشەکانی هێز و دەسەڵات. ئەوان دڵیان بەوە خۆش بوو، کۆرپەی هیوای بەرجەستەی ئێمە لە کۆماردا، هاوشێوەی مووسا، داویانە بە دەم ڕووباری مێژوویەکی بێبەزەییەوە. دڵی ئێمەش هەروەک دایکی مووسا داخورپاو ئازاری چەشت و گری گرت، بەڵام هەرگیز ئەو باوەڕەی لەدەست نەدا کە ڕووبار بەو جۆرە نییە ئەوان وێنای دەکەن. ڕۆژێک دێت کۆمار لە فۆرمێکی کامڵتر و شکۆمەندتردا دەگەڕێتەوە.

ئەم تێگەیشتن و دیدە نەتەوەیی و ئەخلاقییە شکست و پاشەکشەکان دەکات بە کاتی و تێپەڕ. نایانبەستێت بە جەوهەرێکی شکستخواردووی نامێژوویی، بۆ ئەوەی کورد و ناسیۆنالیزم و شۆڕشەکەی نەبنە قوربانی جەنگی دەروونی بەرامبەران و هاوکێشەکانی هێز، و چارەنووسی خۆیان و داهاتووی ململانێکان لە ئێستادا قەدیس نەکەن، بەڵکوو لە داهاتوویەکی جیاوازدا.

سەیری بکەن و وێنای  بکەن. داهاتوویەك، دەبێتە درێژەپێدەری ساتەوەختی ئامادەبوونی کورد وەك بکەری مێژوویی و شارستانی.  خوێندنەوە و وێناکردنێکی لەوجۆرەش شکستەکان دەگۆڕێت بە دەستکەوت، دۆخی بێبەشی و ژێردەستەییش دەکات بە گوناهی مێژوویەکی تێپەڕ. لە ئایندە یەکداخۆی دەنوێنێت ونمایش دەکات،  کورد تیایدا هەڵساوەتەوە،  تەنها شەڕی مانەوەو نەتوانەوەش ناکات، بەڵکوو گوشار دروست دەکات بۆ بەشداریکردن و هاوسەنگی و هاوشانی و یەکسانیی لەگەڵ ئەوانی دی نەتەوەییدا. لەو ئاییندە خەیاڵکراوەشەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئێستا، بۆئەوەی لەپانتایی زەین و  ڕوحیدا، جەنگی سەربەخۆیی وشیاری خۆی بکات، تاکوە ئەم پانتاییە بگۆڕێت بە گۆڕەپانی یەکەمی شکاندنی بتی زەینیی دۆخی ژێردەستەیی،  بۆ ئەوەی لەسایەی دۆخە سەختەکاندا متمانەبەخۆی نەدۆڕێنێت، لە چاوی بەرامبەرەوە سەیری خۆی و مافەکانی و جیهان و ئایندە نەکات، بەڵکوو ببێتە خاوەن چیرۆک و گێڕانەوەی تایبەت بە خۆی، چیرۆک و گێڕانەوەیەک، کۆتاییهێنان و باڵادەستی فکریی گوتاریی بەرامبەر دەکاتە سەرەتای کۆتاییهێنان بە باڵادەستییە ماددی و فیزیکییەکەی لە داهاتوودا، لەپێناو ئەوەی ئازادانە جۆری پەیوەندییەکانی خۆی بەدەوروبەر و جیهانەوە دیاری بکات.