کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیپلۆماسیی ئێرانی؛ بەهانەیەک بۆ کوشتنی کات و تێرۆرکردنی نەیاران

18:20 - 6 بانەمەڕ 2726

 ئازاد مستۆفی

لەنێو ئەو گرووپە ٨٦ کەسییە ئێرانییەی لە باڵە جیاوازەکانی حکوومەت بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمریکی لە ئیسلام‌ئابادی پاکستان پێک‌هاتبوون، لیستێک لە کەسانی تێرۆریست هەبوون کە وەک بەشێک لە تیمی دانوستانکاری ئێرانی دەستنیشان کرابوون. ئەمە بووە بیانوویەک ئاوڕێکی خێرا لە مێژووی دیپلۆماسیی ئێرانی لەگەڵ نەیارەکانیدا بدەمەوە؛ لەو سۆنگەیەوە کە دەسەڵاتی ئێرانی هەمیشە ئەم بژاردەیەی بۆ سڕینەوەی فیزیکیی نەیارانی یان بەردەوامیدان بە سیاسەتە شەڕەنگێزییەکانی بەکارهێناوە.

لە تیۆرییە کلاسیکییەکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، دانوستان بە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی کەمکردنەوەی ململانێ و ئیدارەکردنی قەیرانەکان دادەنرێت. بەڵام لێکۆڵینەوە مێژووییەکان دەریدەخەن کە لە هەندێک حاڵەتدا، حکوومەتەکان لە ئێران دانوستانیان نەک وەک ئامرازێک بۆ چارەسەری ناکۆکییەکان، بەڵکوو وەک تاکتیکێک بۆ کڕینی کات یان کوشتن و سڕینەوەی فیزیکی نەیارەکانیان بەکارهێناوە و ئەمەش نەریتێکی دێرین بووە لە نێوانیاندا. لەم وتارەدا، بە شیکردنەوەی مێژوویی نموونەکانی وەک تێرۆرکردنی جەعفەر ئاغای شکاک لە دوای ڕاپەڕینی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهرییەوە تا تێرۆری سمکۆی شکاک لە سەردەمی ڕەزا شا، تێرۆری دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو لە ڤییەن و هەروەها ئەزموونی دانوستانە ئەتۆمییەکان، هەوڵم داوە کورت و پوخت نیشانی بدەم چۆن چەمکی «ڕیئاڵ‌پۆلیتیک» و «پڕاگماتیزمی ماکیاڤیلیستی» لە هەندێک قۆناخدا مۆدێلی ڕەفتاری دەسەڵاتی ئێرانی بووە لە دانوستان و دیپلۆماسیدا.

رێئاڵ‌پۆلیتیک و لۆژیکی مانەوە

چەمکی ڕێئاڵ‌پۆلیتیک کە لە هزری سیاسیی ئورووپادا، بەتایبەت لە بەرهەمەکانی "بیسمارک" و تیۆری داڕێژەرانی ڕیالیزمدا هاتووە، سیاسەت بە گۆڕەپانی ململانێی هێز دەزانێت. لەم چوارچێوەیەدا، دەوڵەتەکان لەبری پابەندبوون بە ئەخلاقی نۆرماتیڤ (پێوەری)، لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی نەتەوەیی کار دەکەن. "هانس مۆرگنتا" دەڵێت کە سیاسەتی نێودەوڵەتی پاشکۆی بەرژەوەندییە پێناسەکراوەکانە لە قاڵبی هێزدا (Morgenthau 1948).

لە فەزایەکی ئاوەهادا، دانوستان دەتوانێت ئامرازێکی تاکتیکی بێت بۆ بەدەستهێنانی باڵادەستیی ستراتیژی. لە هزری ماکیاڤیلیدا، فەرمانڕەوا بۆ پاراستنی دەسەڵات دەتوانێت فێڵ، پەیمان شکاندن و توندوتیژی بەکار بهێنێت. ماکیاڤیلی لە کتێبی «میر»دا جەخت دەکاتەوە کە فەرمانڕەوا دەبێت هەم "ڕێوی" بێت و هەم "شێر"؛ لەم چوارچێوەیەدا ئەخلاق پاشکۆی بەرژەوەندیی سیاسییە و دانوستان دەبێتە ئامرازێک بۆ لەنێوبردنی دوژمن، شەرعییەتیش لە هێزەوە سەرچاوە دەگرێت نەک لە متمانە.

لە شیکردنەوەی سیاسەتی ئێراندا، هەندێک لە توێژەران پێیان وایە تێکەڵبوونی ئایدۆلۆژیای شۆڕشگێڕانە و ڕەچاوکردنی پرسە ئەمنییەکان، زەمینەسازی جۆرە پڕاگماتیزمێکی توندوتۆڵ بووە (Abrahamian 2008).

بێگومان لە سەردەمەکانی سەفەوی و قاجاریشدا نموونەگەلێک هەن کە دەریدەخەن دیپلۆماسی هەمیشە تەنیا ئامرازی پێکهاتن نەبووە و هەندێک جار لە چوارچێوەی ململانێی هێز، توندوتیژی، سڕینەوەی جەستەیی یان بەکارهێنانی ئامرازییانەی دانوستان بینراوە. بەڵام دەبێ جەخت بکرێتەوە کە لە سەردەمە پێش - مۆدێڕنەکاندا، سنووری نێوان «دانوستان» و «زەبر و زۆر» زۆر زیاتر بگۆڕ بوو لە چاو دیپلۆماسیی مۆدێڕن؛ کوشتنی نێردراوان یان سڕینەوەی لایەنی دانوستانکار لە زۆرێک لە ئیمپڕاتۆرییەکانی تری وەک (عوسمانی، ڕووسیە، مەغۆل و ئورووپای سەدەکانی نێوەڕاست) ڕووی داوە.

قاجار؛ دانوستان وەک ئامرازی کۆنتڕۆڵکردنی سیاسی

پەیوەندییەکانی نێوان قاجار و کوردستان، بەتایبەت لە سەدەی نۆزدەیەم بەولاوە، زۆرتر لە چوارچێوەی گرژیی نێوان ناوەندگەرایی و خۆبەڕێوەبەریدا بوو. لە سەردەمی قاجاردا، دەوڵەتی ئێران لەگەڵ کۆمەڵێک ئالەنگاریی نێوخۆیی و دەرەکیدا ڕووبەڕوو بوو کە سەرچاوەکەی بێ‌توانایی و لاوازیی بەڕێوەبردنی پاشا و پاشکۆیەتیی هەندێک لە سەدرولئەعزەمەکان بوو. لە بارودۆخێکی ئاوەهادا، کوردستان کە وەک گۆشتی قوربانی لەسەر سنووری دوو پادشایەتیی قاجار و عوسمانی دابەش ببوو، گرنگییەکی ژێئۆپۆلیتیکی تایبەتی پەیدا کرد. لەم سەردەمەدا، دەوڵەتی قاجار زۆرجار تێکەڵەیەکی لە دانوستان، پێدانی ئیمتیازی سنووردار و فشاری سەربازی بۆ بەڕێوەبردنی ڕێبەرە نێوخۆییەکان بەکار دەهێنا.

ئەزموونی ڕاپەڕینەکانی وەک بزووتنەوەی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری نیشانی دەدات کە دانوستان لێی نەکەوتەوە، بەڵکوو لە زۆر حاڵەتدا بەشێک بوو لە ستراتیژیی کۆنتڕۆڵکردن و لاوازکردنی دەسەڵاتی حاکمە نێوخۆییەکان. ڕاپەڕینی شێخ عوبەیدوڵڵا یەکێک لە یەکەمین جووڵە سیاسییەکان بوو کە بیرۆکەی جۆرە بوونێکی سیاسیی کوردی بە ڕاشکاوی هێنایە ئاراوە. شێخ عوبەیدوڵڵا ڕێبەری تەریقەتی نەقشبەندی بوو و هەژموونی ئەو تێکەڵەیەک بوو لە شەرعییەتی ئایینی - نەتەوەیی، هێزی سەربازی و توانای یەکگرتوویی لە نێوان کوردەکان و ڕێگریکردن لە گرژی لەگەڵ ئەرمەنییەکان.

لە کاتی ڕاپەڕینەکەدا، هێزەکانی شێخ عوبەیدوڵڵا بەشگەلێکی پارێزگای ورمێی ئێستایان خستە ژێر دەسەڵاتی خۆیان. دەوڵەتی قاجار کە لەو کاتەدا لە ڕووی سەرچاوەی سەربازییەوە دەستکورت بوو، جیا لە هەنگاوی نیزامی هەوڵی‌ دا لە ڕێگەی دیپلۆماسی لەگەڵ ڕووسیە و عوسمانی بزووتنەوەکە سەرکوت بکات. دانوستانەکانی نێوان دوو ئیمپراتۆرییەکە لەسەر چەند تەوەرەیەک چڕ ببووەوە: ڕێگری لە گەشەکردنی ڕاپەڕین، کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکان و ڕێگریکردن لە دروستبوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردستان. لە کۆتاییدا، دەوڵەتی عوسمانی شێخ عوبەیدوڵڵای گرت و بۆ حیجاز دووری خستەوە، کە لەوێ لە ساڵی ١٨٨٣ لە بارودۆخێکی تەمومژاویدا کۆچی‌ دوایی کرد.

لە دۆسیەی شێخ عوبەیدوڵڵادا، سڕینەوەی جەستەیی لەنێو کۆبوونەوەی دانوستاندا ڕووی نەدا، بەڵام پڕۆسەی دانوستان بوو بەهۆی سڕینەوەی سیاسیی ئەو. لە سەرەتادا دەوڵەتەکانی ناوچەکە هەوڵیان دا لە ڕێگەی نێوەندگیرەکان، پیاوانی ئایینی و بەرپرسانی خۆجێی پەیوەندی بە شێخ عوبەیدوڵڵاوە بکەن و بە بەکارهێنانی فێڵی دانوستان، کات بکڕن تا هێزە سەربازییەکانی قاجار بەخێرایی پێشڕەوی بکەن. ئەمەش بووە هۆی کەمکردنەوەی خێرایی هێزە کوردییەکان و ڕەخسانی دەرفەتی ڕێکخستنەوەی سەربازی بۆ ئەفسەرانی قاجار؛ لەم نێوەندەشدا بە بەڵێنی سنووردار، هەندێک سەرۆک عەشیرەتیان لە پشتگیریکردنی تەواوی ڕاپەڕینەکە پاشگەز کردەوە. لەکۆتاییدا، کێشەکە گوازرایەوە بۆ ڕێککەوتنی نێوان عوسمانی و قاجار و دەستپێشخەری لە دەستی ڕێبەری ڕاپەڕینەکە دەرهێنرا.

ئەزموونی شکستی ڕاپەڕینی شێخ عوبەیدوڵڵا کاریگەرییەکی گرنگی لەسەر یادەوەریی سیاسیی کورد لە متمانەنەکردن بە حکوومەتی ناوەندی دروست کرد. چونکە هەر لەو سەردەمەدا، "نیزامولسەلتەنە" بە مەبەستی ڕاوێژ لەسەر پرسە سنوورییەکانی ئێران و عوسمانی، "جەعفەر ئاغای شکاک"ی بەفەرمی بۆ تەورێز بانگهێشت کرد، بەڵام هەر کە جەعفەر ئاغا گەیشتە تەورێز، نیزامولسەلتەنە فەرمانی بە "محەممەد حوسێن خان زەرغام" دا کە جەعفەر ئاغا بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی بانگهێشت بکات و بێ‌بەزەییانە بیکوژێت. جەعفەر ئاغا لە لایەن حەوت پاسەوانەوە هاوڕێیەتی دەکرا کە یەکێکیان مامێکی بوو. محەممەدعەلی میرزای جێنشینی ئێران لە ڕێگەی تێلێگرافەوە فەرمانی کوشتنەکەی بۆ نیزامولسەلتەنە ناردبوو. لە ڕوانگەی زۆرێک لە ڕێبەرانی بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردستانەوە، دانوستان لەگەڵ دەوڵەتە ناوەندییەکان مەرج نییە بە واتای قبووڵکردنی داواکارییەکان بێت، بەڵکوو دەرفەتێکە تا داگیرکەران پەرە بە فێڵ و پیلانەکانیان دژی نەتەوەی کورد بدەن.

کوژرانی ئەلیکساندر گریبایدۆڤ لە تاران (١٨٢٩)

یەکێک لە گرنگترین نموونەکانی توندوتیژی لە چوارچێوەی دانوستاندا، کوژرانی باڵیۆزی ڕووسیە بوو لە تاران. ئەلیکساندر گریبایدۆڤ، دیپلۆماتی ڕووسی، دوای بەستنی پەیماننامەی تورکمانچای بۆ بەدواداچوونی جێبەجێکردنی بڕگەکانی پەیماننامەکە چوو بۆ تاران. لە کاتی گرژییە سیاسی و ئایینییەکاندا، جەماوەرێک هێرشیان کردە سەر باڵیۆزخانەی ڕووسیە و نزیکەی تەواوی ئەندامانی شاندە دیپلۆماتییەکە کوژران. ئەم ڕووداوە لە کاتی دانوستانە هەستیارەکانی دوای شەڕی ئێران و ڕووسیە ڕووی دا و نیشانی دا کە دیپلۆماسی بەخێرایی دەگۆڕێت بۆ توندوتیژی. هەروەها فشاری ڕای گشتیی و پیاوانی ئایینی لەسەر ڕەوتی دانوستانەکان کاریگەر بوو و دەوڵەتی قاجار لە کۆنتڕۆڵکردنی دۆخی ئەمنیدا بێ‌دەسەڵات بوو. ئەم ڕووداوە قەیرانێکی قووڵی لە پەیوەندییەکانی ئێران و ڕووسیە دروست کرد و فەتحعەلی‌شا ناچار بوو بۆ ڕێگریکردن لە شەڕێکی نوێ، شاندێک بە دیاریی زۆر بەنرخەوە بۆ سەنپێتێرزبۆرگ بنێرێت.

سەفەوییەکان؛ دیپلۆماسی وەک بیانوویەک بۆ پەلکێشکردن و کوشتنی دژبەران

یەکێک لە نموونە بەرچاوەکان، سیاسەتی شا عەباسی یەکەم بوو بەرانبەر بە فەرمانڕەواکانی گورجستان. ئەو هەندێک لە شازادە گورجییەکانی کە وەک هاوپەیمانی ئێران دەژمێردران، بۆ دەربار بانگهێشت کرد، بەڵام دواتر لە وەفادارییان وەشک کەوت. بۆ نموونە: "لوارسابی دووەم" و "تەیمورازی یەکەم" کە لە سەرەتادا وەک فەرمانڕەوای دەستنیشانکراو دانرابوون. کاتێک شا عەباس بانگی ‌کردن، لە ترسی دەستگیرکردن یان کوشتن، ئامادە‌ نەبوون بچنە خزمەتی و پەنایان بۆ عوسمانی برد. ئەم نموونەیە نیشانی دەدات کە تەنانەت بانگهێشتی فەرمی بۆ دەربار دەکرایە هەڕەشە و بێ‌متمانەیی تەواو لە پەیوەندییە سیاسییەکانی ناوچەکەدا هەبوو.

لە سەردەمی سەفەویدا وەک قاجار، دەزگایەکی دیپلۆماسیی دامەزراو و سەربەخۆ بوونی نەبوو و دانوستانەکان ڕاستەوخۆ لەژێر کۆنتڕۆڵی شا و وەزیری ئەعزەمدا بوون. نێردراوەکان زۆرتر نوێنەری کەسیی شا بوون نەک دیپلۆماتی پیشەگەر، و دانوستان پاشکۆی ئیرادەی تاکەکەسیی شا بوو. دیپلۆماسی تێکەڵەیەک بوو لە ململانێ و پیلانگێڕی سیاسیی دەربارییەکان بۆ دەستخستنی دەسەڵات و جێبەجێکردنی سیاسەتی زلهێزەکان لە ئێراندا. ئەم پەرچەکردارانە دەریدەخەن کە تەنانەت شێوازە فەرمی و دیپلۆماتییەکان، لە ناو پێکهاتەی سیاسیی سەفەویدا دەکرا کارکردێکی ئەمنی و کۆنتڕۆڵکەرانەیان هەبێت.

لە ڕاستیدا دەکرێت بگوترێت لە سەردەمی سەفەوییەوە وەک هەندێک قۆناخی تری مێژووی ئێران، دیپلۆماسی زیاتر لەوەی لەسەر متمانەی دوولایەنە بێت، لە خزمەت بەڕێوەبردنی هەڕەشەکان و بەرهەم‌هێنانەوەی دەسەڵاتی سیاسیدا بووە؛ تەنانەت ئێستاش، سەرەڕای هەبوونی وەزارەتی دەرەوە و باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکانی ڕێژیمی ئێران لە دەرەوە، دیسانەکەش لە هەموو وڵاتێکدا "نوێنەری وەلیی فەقیهـ" هەیە کە دامەزراوەیەکی هاوتەریب لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە بەڕێوە دەبات.

دەوڵەتی مۆدێڕن و بانگکردنی نەیاران بۆ تێرۆر و کوشتنیان

لەگەڵ سەرهەڵدانی دەوڵەتی پەهلەوی، پڕۆژەی دەوڵەت‌سازیی ناوەندگەرا دەستی پێکرد. ڕەزا شا هەوڵی دا پێکهاتەکانی پێشوو لاواز بکات و دەوڵەتێکی ناوەندگەرا دروست بکات. سمکۆی شکاک یەکێک لە ڕێبەرە کوردەکان بوو کە لە کوردستان هەژموونێکی بەرچاوی هەبوو و بەکردەوە هەندێک ناوچەی لەژێر دەستدا بوو. ئەو لە ساڵی ١٩٣٠دا، لە کاتی دیدارێک لەگەڵ هێزە دەوڵەتییەکان کە بەمەبەستی دانوستان لە لایەن ڕەزا خانەوە بانگهێشت کرابوو، تێرۆر کرا. هەرچەندە لە چوارچێوەی رێئاڵ‌پۆلیتیکدا سڕینەوەی ڕێبەرە خۆجێیەکان دەیتوانی یارمەتیدەر بێت بۆ چەسپاندنی دەوڵەتی ناوەندی، بەڵام بەکارهێنانی دانوستان وەک تەڵەیەکی سیاسی بۆ تێرۆری نەیاران، سەرمایەی متمانەی گەلانی غەیرە فارسی بە دەسەڵات کەم کردەوە و ئەم ستەم و زوڵمە دوو هێندەیە تا ئێستا بووەتە هۆی بەردەوامیی خەباتی بزووتنەوە ئازادیخوازەکان.

دیپلۆماسیی تێرۆر و کات کوشتنی ئایەتوڵڵاکان

دوای شۆڕشێک کە لە ساڵی ١٩٧٩ لە لایەن ئایەتوڵڵاکانەوە زەوت کرا و بە بەکارهێنانی هەستی ئایینی خەڵک بەتاڵان برا، "هەناردەکردنی شۆڕش" بە ئامانجی هەناردەکردنی تێرۆریزمی دەوڵەتی، بوو بە مۆدێلێک بۆ سڕینەوەی نەیاران لە دەرەوەی سنوورەکان. نەیارانی سیاسی لە وڵاتانی جیاواز بوونە ئامانجی تێرۆری هێزەکانی قودس و گرووپە پرۆکسییەکان (نیابی)؛ لەوانە دەکرێت ئاماژە بە تێرۆری شەهید دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، دوکتور شەرەفکەندی، شاپوور بەختیار، کازم ڕەجەوی و... بکرێت.

دوکتور قاسملوو ڕێبەری بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردستان، کەسایەتییەکی دیپلۆمات بوو کە بڕوای وابوو دیپلۆماسی و دانوستانە یەکێک لە ڕەهەندەکانی چارەسەری پرسی کوردە. لە ساڵی ١٣٦٨دا شەهید دوکتور قاسملوو بۆ دانوستان لەسەر مافەکانی گەلی کورد لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بۆ ڤییەن بانگهێشت کرا، بەڵام لە کاتی دانوستانەکەدا تێرۆر کرا و گیانی لەدەست دا. ئەم ڕووداوە تێرۆریستییە کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر بێ‌متمانەیی کوردەکان بەرانبەر بە دانوستان لەگەڵ ئێران دروست کرد و یادی تێرۆری سمکۆی زیندوو کردەوە.

هەر لەم پێوەندییەدا کە دەسەڵاتی ئێرانی دیپلۆماسی و دانوستان بۆ چارەسەر بەکار ناهێنێت، بەڵکوو وەک ڕێگەیەک بۆ کات کوشتن و بەردەوامی ‌بە نەخشە شەڕانگێزییەکانیان دەبینێت، دەتوانین ئاماژە بە دانوستانەکانی چەندین ساڵەی ئەتۆمی بکەین. دانوستانە ئەتۆمییەکانی ئێران لە ساڵی ٢٠٠٣وە دەستی پێکرد، بەڵام گرنگترین قۆناخی لە نێوان ١٣٩٢ تا ١٣٩٤ بوو، کە تێیدا لە ماوەی ٢٠ مانگدا زیاتر لە ١٢ خولی دانوستانی فەرمی و دەیان دانیشتنی تەکنیکی لە نێوان ئێران و گرووپی ٥+١ بەڕێوە چوو و لە کۆتاییدا بوو بە ڕێککەوتنی "بەرجام" لە ١٣٩٦دا. دوای کشانەوەی ئەمریکا لە بەرجام لە ١٣٩٧دا، دانوستانەکانی بووژاندنەوەی، لانیکەم لە هەشت خولدا لە ڤییەن بەردەوام بوو. درێژەکێشانی زۆری ئەم دانوستانانە کە یەکێک لە ئاڵۆزترین پڕۆسە دیپلۆماتییەکانی هاوچەرخی ئێران بوو، هەروەها مێژووی دانوستانەکانیان، ئەوەی سەلماند کە لە دانوستان و دیپلۆماسیدا ئەوەی لە مێشکی دەسەڵاتی ئێرانی دەگوزەرێت لەگەڵ ئەوەی لەسەر کاغەزی گرێبەست دەینووسن و لەگەڵ ئەوەی لە کردەوەدا دەیکەن، زۆر جیاواز و دژ بەیەکن.