کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردستان ئەمجارەش بە سازی خۆی هەڵپەڕی

18:23 - 6 بانەمەڕ 2726

دارسمە

بڕوا بکەن نووسەری ئەم چەند دێڕە نە بەکرێگیراوی فارسانە و نە بە زمانی فارسییش فرچکی گرتووە. کێشەکە تەنیا ئەمەیە، پێی وایە لەم سەردەم و زەمانەیەدا، هیچ دەستەواژە و مەستەواژەیەکی کوردی و تەنانەت زمانەکانی دیکەش ناتوانن هێندەی زاراوەکانی خودی نیزام، قووڵایی و گاڵتەجاڕیی ئەم دۆخەمان بۆ وێنا بکەن. بۆ نموونە؛ چۆن دەتوانیت وەسفی ئەو "ئۆممەتە" بکەیت لە مەیدانەکە ڕایکردووە و پشتی کردووەتە ئەوانەی لە کاتی تێشکانیشدا سینگ ڕەپێش دەخەن و دەڵێن: "ئێمە سەرکەوتووین"؟ لێرەدایە دەبێت بە قەرزیش بێت پەنا ببەینە بەر دەستەواژەی "امت فراری از صحنە".

ڕەببی زمانی ئەو کەسە لاڵ بێت، باسی تێکشکانی ڕێبەرانی "امت فراری از صحنه" دەکات. کوا ئەمە تێشکانە؟! "ئۆممەت"ێک بە دەستی ئەمەریکا و ئیسرائیل، ڕێبەرێکی چەمووش و دەیان فەرماندەی بەناو "قارەمان"ی لە کۆڵ بووەتەوە؛ هەمان ئەو فەرماندانەی خەریک بوون تەواوی ماڵ و سامان و قووتی خەڵکی نێوخۆی ئێرانیان دەدایە "بەرەی خۆڕاگری" (جبهە مقاومت) و لە هەندەران و وڵاتانی عەرەبی شەڕی بەوەکالەتیان پێ دەکردن. ئایا ئەم ئۆممەتە حەقی نییە لە شایی ئەم "سەرکەوتنە" مەزنه هەر لە خۆیەوە جووتە بهاوێژێت و جیفڕکان لە خۆی بدات؟ کەواتە من هەڵەیەکی گەورەم کرد، بەم سەرکەوتنەم گوت تێشکان!

ئۆممەتی مێگەل‌ئاسا و خێڵی دواکەوتووانی ڕێبەر هەر لێیان مەپرسە. ئەو بەرپرس و "دەوڵەتمەردانە"ی کاری ڕۆژانەیان تەنیا ڕۆیشتن  بەسەر ئاڵای ئەمەریکا و ئیسرائیلدا بوو، ئێستا بەردەوام هاواری سەرکەوتنیانە و باس لە داستانی قارەمانێتیی خۆیان دەکەن. سەرکەوتن لەوە گەورەتر لەبری ئەوەی وڵات بە وڵات و کووچە بە کووچە لە هەندەران و لە وێرانییەکانی دیمەشق و بەیرووت و بەغدا و ئوورشەلیم بە دوای دوژمندا بگەڕێیت، دوژمنی ژمارە یەک ڕابکێشیتە نێو خاکی خۆت و لێرە بە گژیاندا بچیتەوە؟

ئەوەتا لە ماوەی ئەو جەنگە ٣٩ ڕۆژەیە لەگەڵ زایۆنی و ئەمەریکادا، ڕێبەرانی ئەم ئۆممەتە لەنێو ماڵی خۆیاندا بەرەنگاری دوژمن بوونەوە. لە کاتێکدا دەیان هەزار بۆمب و مووشەک بەسەر ئاسمان و زەویی ئێراندا دەبارین و لە یەکەم ڕۆژی جەنگەکەدا ڕێبەرانی نیزام بەکۆمەڵ بە دەستی دوژمن دەکوژران، لە وەها هەلومەرجێکدا دەیان فڕۆکەی پێشکەوتووی دوژمن هێنرانە نێو خاکی ئێرانەوە! لە "سەرکەوتنێکی گەورەتر"دا، گوایە یەکێک لە فڕۆکەکان بە دەستی "ڕەزمەندە-گان" لەکار خراوە. لەمەیان سەیر و سەمەرەتر ئەوەیە دوژمن ناچار کراوە بە چەند فڕۆکەیەکی دیکە و کۆمەڵێک سەربازی لێهاتووەوە بێتە نێو خاکی ئێران. کۆمێدیای دۆخەکە لێرەدایە؛ لە کاتێکدا عەشایری غەییوور لە چوارچێوەی هێزی بەسیجدا لەبری چەکدارانی "بەرەی موقاوەمە"ی دەرەوەی وڵات، لە چیاکانی زاگرۆس بە بڕنۆی درێژ و سەرتۆپ و تاپڕی ساچمەزەنەوە بە دوای فڕۆکەوانە لێقەوماوەکانی دوژمندا دەگەڕان، ئەمەریکا ناچار کرا کەلەشی چەند فڕۆکەیەکی تێکشکاوی دیکەی خۆی لەسەر خاکی پیرۆزی "ئێرانچییانی غەیوور" جێ بهێڵێت!

بەڵام با جارێ واز لە ئەمەریکا و سەهیۆنییەکان بهێنین و بگەڕێینەوە سەر کرۆکی بابەتێکی زۆر هەستیارتر و جێگەی مەترسیی گەورەتر، ئەویش بابەتی "دژە شۆڕش" (ضد انقلاب)ە. کوردەکانی نێو جوگرافیای ئێران ئەمجارە بە تەواوی سەلماندیان بەڕاستی "زیددی ئینقلاب"ن. چل ساڵی ڕەبەق بوو لەلایەن دامودەزگاکانی دەستەڵاتی کۆماری ئیسلامیەوە بەم حیزب و لایەن و گرووپە کوردانە دەگوترا "دژە شۆڕش و بەکرێگیراو"، ڕێک مەبەست بۆ ڕۆژێکی وا بوو! "ئۆمەتی ڕاکردوو لە گۆڕەپان" چاوەڕوان بوون زیددی ئینقلاب و جوداییخوازەکان لەوەها سەردەمێکدا بە سازی ئەمریکا و مەمریکا و ئیسڕائیل و میسڕائیل هەڵپەرن، بەڵام ئەوان هیچ بەشدارییەکیان لە هێرشی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران نەکرد و هەوڵیان نەدا ئینقلابێک لە هزری خەڵکی دەرەوەی "ئوممەتی ڕاکردوو لە گۆڕەپان" بکەن بۆ ئەوەی ئەم باوەڕە لای خەڵک دروست بێت کورد بەکرێگیراوی بێگانەن. کاتێک ئەم ئینقلابە لە هزری خەڵکی بێلایەن و تێگەیشتوو ڕووی نەدا، کوردان سەلمانیان زیددی ئینقلابن.

بابەتێکی دیکەی گرینگ بۆ ئەمە دەبێت باسی بکرێت، ئەویش ئەمەیە هەر لە سەرەتای دروستبوونی ئەم گرووپە کوردە جوداخوازانەوە دیار بوو ئەوان تەنیا داوەت و هەڵپەڕکێی خۆیان دەزانن؛ نە لە سەمای عەرەبی تێدەگەن و نە سەما و قون‌بادانی فارسی و تورکی دەزانن. تەنانەت فێری دانسە ڕۆژاواییەکانیش نەبوون و بەردەوام سەرقاڵی هەڵپەڕکێ، سێپێیی، گەڕیان و چەپڵەی خۆیانن. ئەم خۆبەزلزانانە هێندە بە کولتوور و هەڵپەڕکێی خۆیانەوە نووساون، لەم دواییانەشدا ئامادە نەبوون لەگەڵ ئەمەریکا و ئیسرائیلدا تەنانەت دوو لەقە دانسیش بکەن!

ئەم چەمووشییە و سەربەخۆییەی کورد وای کرد، پیاوانی پاشماوەی "شێرە ڕێبەر و فەرماندە پارچەپارچەکراوەکان" لێیان وەخۆ بکەون. ئەوان ئاگربەسیان لەگەڵ دوژمنی سەهیۆنیدا قبووڵ کرد، تەنیا بۆ ئەوەی بە درۆن و مووشەک بکەونە گیانی ئەم کوردە "جوداخوازانە".

دیمەنی کۆتایی ئەم شانۆگەرییە زۆر تراژیدییە؛ ئێستا لە کاتێکدا "ئۆممەتی هەڵاتوو لە مەیدان" بە تەواوی پشتی کردووەتە پاشماوەی سەرانی پارچەپارچەکراوی، ئەوان لەژێر ڕێنوێنییەکانی "ڕێبەرێکی نوێ"ی نێو گۆڕەپانی ژیریی دەستکرددا (AI) لە دەوری یەکتر کۆبوونەتەوە. بە کەوچک و مەمکەشووشە پەیام و فەرمایشت و فەتوا بە دەمی ئەو ڕێبەرەدا دەکەن و شانازی بە بەردەوامیی هێرشی درۆنی و مووشەکی بۆ سەر "دژە شۆڕشە کوردەکان" دەکەن. ئەمەیە لوتکەی سەرکەوتن لە فەرهەنگی خوازیارانی یەکپارچەیی ئیرانێک، شێرە پشیلەئاساکەی بە نێوەندی ئاڵاوە دەشەکێتەوە و خەریکە نەهێڵێت خۆر دەرکەوێت.