کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وشیاریی نەتەوەیی وەک فاکتەری بنەڕەتیی هێزی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

20:19 - 14 خاکەلێوه 2726

عومەر ئیزەدخوا

زاراوەی وشیاری (Consciousness – آگاهی – الوعی)، بە واتای ڕێژەی بەرزی ئاگاداریی مێشکی مرۆڤە بەرانبەر ئەو کردارانەی ئەنجامیان دەدات یاخود ئەنجامیان نادات و بە شێوەیەکی ئەرێنی و لە بازنەی بەرژەوەندییەکی عەقڵانیدا دێت. بەڵام وشیاریی نەتەوەیی (National Consciousness) واتە ئاگالێبوونێکی بەرزی مێشکی مرۆڤ سەبارەت بە سەرجەمی ئەو کردارانەی دەربارەی پرسی نەتەوە و نیشتمانەکەی ئەنجامیان دەدات یاخود ئەنجامیان نادات لە دۆخێکی ئەرێنی و تەریب بە بەرژەوەندیی بەرەوپێشچوونی دۆزی نەتەوەکەی.

بنچینەی وشیاریی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ ئاستێکی بەرزی هزری تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردستان سەبارەت بە پێکهێنەر و چوارچێوەکانی نەتەوایەتی و بەها نیشتمانییەکان، شارەزابوون لە مێژوو و ڕابردوو، بەرپرسیارییەتی و جەختکردنەوە لە قۆناغە مێژووییەکان، بەرزڕاگرتنی دەستکەوتەکان و سوودوەرگرتن لە دۆخی واقعی ڕۆژگار و هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ڕاستییەکان، باوەڕنەکردن بە هەواڵی ساختەی دژ بە دۆزی نەتەوایەتی، هەوڵەکانی دوژمنان بۆ دروستکردنی دووبەرەکیی سیاسی و کۆمەڵایەتی، پاراستنی یەکیەتیی ڕیزەکان و ئاسایشی گشتی، تێڕوانینێکی بەرز سەبارەت بە بەرژەوەندییە نەتەوەییە باڵاکان لەسەرووی کۆی بەرژەوەندییە کەسی و تایبەتییەکان وەك بنچینەیەکی سەرەکیی بیری نەتەوایەتی.

ئاشنابوون و باوەڕبوون بە بنەماکانی دامەزراوەییبوون وەك بنەمای کاری ڕێکخراوەیی و بەڕێوەبردن؛ دامەزراوەییبوون بەندە بە کەشێکی دێموکراسی، بەشداریی زۆرینە و فرەیی لە دروستکردنی بڕیار، پابەندبوون بە یاسای بنەڕەتیی دامەزراوە، دەستاودەستی دەسەڵات بە شێوازی خولی و لە کات و ساتی یاساییدا و، دابەشکردنی ئەرکەکان بەپێی پسپۆڕی و شیاوی و لێهاتوویی.

مرۆڤایەتیبوون وەك تایبەتمەندییەکی گرنگی بزاوتی نەتەوەیی گەلی کورد، وەك شێوەیەکی بەرچاو بۆ جیاوازبوونی خەباتی کورد بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتە نەتەوەییەکان لە خەباتی گەلانی دەوروبەر؛ مرۆڤایەتیبوون بنەما و ناسنامەیەکی دیارە بۆ کوردایەتی، وەك چۆن کۆمەڵی کورد وشیارە بە بەرقەرارکردنی تەواوی ماف و ئازادی و بەرپرسیارییەتەکانی لە بەرژەوەندیی نەتەوەکەی، بە هەمان شێوە لەبەرچاوگرتن و داننان بە ماف و ئازادیی پێکهاتە جۆربەجۆرەکانی تر، لە مێژووی درێژی بزووتنەوەی کوردایەتی و ئەزموونەکاندا هەمیشە ئەم ڕاستییە بە کردەیی پیادە کراوە.

بە هەمان شێوە ژینگەپارێزی وەك بنەمایەکی گرنگی نیشتمانپەروەری، بووەتە ناسنامەیەکی دیاری وشیاریی نەتەوەیی. لە چەند دەیەی ڕابردوودا ژینگەپارێزی وەك ئەرکێکی مرۆیی و نیشتمانپەروەری گەشەی زۆرتر سەندووە کە خۆی لە پاراستن و گرنگیدان بە سروشتی پاك و جوانی کوردستاندا دەبینێتەوە و دەکرێ دەرنجامێک لە وشیارییەکی بەرزی نەتەوەیی ببینرێت، کە دەیان ڕێکخراو و گرووپی تایبەت بەم بوارە پێی هەستاون.

دەتوانین بڵێین وشیاریی نەتەوەیی کورد لە کۆمەڵێک پڕەنسیپی بنیادنەر پێک دێت کە گرنگترینیان بریتین لە:

- شارەزابوون لە مێژووی سیاسیی دوور و نزیکی خەباتی ئازادی.

- لەبیرنەکردنی مێژووی سەرکوت و کوشتوبڕ و کۆمەڵکوژی، پێشێلکردنی ماف و ئازادییەکانی تاک و کۆمەڵی کورد لەلایەن فاشیزمی سەردەست، وە لەهەمبەر ئەمەش هەوڵدان بۆ گێڕانەوەی تەواوی مافە زەوتکراوەکان.

- پاراستنی زمان و کولتوور، بەرزڕاگرتنی یاد و بۆنە نەتەوەییەکان.

- کەڵکوەرگرتن لە میدیا بۆ هەستیارکردنی گەل لەسەر پرسە نیشتمانییەکان و بەها هاوبەشەکان.

- پاراستنی دەستکەوت و بەهاکان.

- پاراستنی ئاسایش و ئارامیی نێوخۆیی.

- پاراستن و بەرگریکردن لە یەکیەتیی ڕیزەکان.

- گرنگیدانی زۆر بە ئاشتەوایی نیشتمانی و داننان بە یەکتری.

- پاراستنی ژینگە و ژێرخانی ئابووری.

- ئەولەوییەتی بەرژەوەندیی گشتی بەسەر بەرژەوەندیی تایبەت.

- کەڵکوەرگرتن لە دەرفەتی مێژوویی و گۆڕانکارییە جیۆسیاسییەکان.

- ڕەنگدانەوەی مرۆڤایەتیبوون، بە پاراستنی ماف و ئازادیی نەتەوە و پێکهاتەکانی تر.

- بوونی ئیرادەیەکی بەهێز بۆ زاڵبوون بەسەر کۆسپ و چەڵەمەکان.

 

وشیاریی سیاسی - نەتەوەیی

کۆی ستراتیژ و ڕۆڵی هێزەکان لەم قۆناغە هەستیارەی هەنووکە، بەندە بە ئاستی ئەو وشیارییە نەتەوەییەی کە ڕێبەران و بڕیاربەدەستانی هێزەکان هەیانە و بەرجەستەی دەکەن، هەر وەك چۆن تاکەکانی کۆمەڵگە بەرپرسیارن بە کارکردنێکی بێوچان لەو ئاراستەیەدا، بە هەمان شێوە دەستەبژێر و چینی ناوەندی و باڵای سیاسی ئەرکی مەزنیان لەسەر شانە کە شێلگیرانە پابەندی بازنەی وشیاریی نەتەوەیی بن و لە پڕەنسیپەکانی لا نەدەن.

خاڵێکی گرنگ سەبارەت بەم بابەتە، بریتییە لە: پێشخستنی بەها و بنەما نەتەوایەتییەکان پێش بەها و بنەما حیزبی، بنەماڵەیی، ناوچەیی و مەزهەبییە جۆربەجۆرەکان. لەگەڵ ئەوەشدا کارکردن بۆ پاراستنی ئاشتەوایی نیشتمانی و داننان و قبووڵکردنی یەکتریی هێزەکان، بریتییە لە: پڕەنسیپێکی گرنگی وشیاریی نەتەوەیی کە گۆڕانکاریی مەزن بە ئاراستەی بەرەوپێشچوونی دۆزی نەتەوەیی دێنێتە کایەوە.

هەروەها خوێندنەوەی واقیع و هاوکێشە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، بریتییە لە: بنەمایەکی گرنگی وشیاریی نەتەوەیی سیاسی؛ یاریکردن بە ئاراستەیەکی نەتەوەیی لە گێژاوی قوڕاوی سیاسی و کەڵکوەرگرتن لە دەرفەتەکان، ئەوپەڕی زیرەکی و پابەندیی هێزەکان دەردەخات. بەخۆشحاڵییەوە سەبارەت بە وشیاریی نەتەوەیی لە مەیدانی جەماوەری و سیاسی، کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵات لە ئاستێکی بەرزی ئەو لایەنەدا دەبینرێت؛ دەتوانین یەکڕیزیی تاکەکانی کۆمەڵگە و باوەڕی قووڵیان بە سەرکەوتنی پرسی نەتەوایەتی وەك پڕەنسیپە بنچینەییەکانی وشیاریی نەتەوەیی بە ڕوونی هەست پێ بکەین.

 

دەرەنجام

دەبینین پرسی وشیاریی نەتەوەیی گرنگییەکی گەورەی چوارچێوەی بزاوتی نەتەوایەتیی کورد پێک دەهێنێت و پێویستی بە گرنگیی تایبەتی لایەنی ئەکادیمی و ناوەندە پەروەردەیی و میدیاییەکانە؛ بەتایبەت لە قۆناغی هەستیاری هەنووکەدا، لەسەر دەسەڵاتی سیاسیی کوردی پێویستە بە شێوازێکی ستراتیژی گرنگیی زیاتر بەم لایەنە بدات. ئەوەی لە قۆناغی هەنووکەدا سەبارەت بەم پرسە گرنگیی دیاری هەیە، بریتییە لەو هەنگاوانەی کە هێزە سیاسییەکان لەم دواییانەدا و لە قۆناغی هەستیاری ئێستادا پێی هەستان؛ هەنگاوەکان بەرز بنرخێنرێن، لە قۆناغی یەکەمدا قبووڵکردنی یەکتر و سەرخستنی پڕۆسەی ئاشتەوایی نیشتمانی، پاشان لە قۆناغێکی زێڕیندا پێکهێنانی هاوپەیمانی و دەزگای نیشتمانی بۆ ڕابەرایەتیی بزووتنەوەی ڕزگاری، دەتوانێت ببێتە ئاسانکاری و ڕێخۆشکەری گەورە بۆ داهاتووی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هێزی کورد لە ئاستی نێوخۆیی و هەرێمی.

پێشوازی و هاندانی زیاتری کۆمەڵگە بۆ هەنگاوە سیاسییە ئەرێنییەکان، ڕەنگدانەوەی بەرزی وشیاریی نەتەوەیی پێک دەهێنێت، لەو پەیوەندییەدا دەکرێ کاریگەریی گەورە لە پانتایی میدیا و سۆشیاڵ میدیا بەتایبەت پێک بهێنرێت.