کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرنگی و بایەخی پێکهاتنی هاوپەیمانیی کوردستانی !

07:50 - 11 بانەمەڕ 2726

ئیبراهیم لاجانی

قووڵبوونەوەی قەیرانی هەمەلایەنەی کۆماری ئیسلامی، هەلومەرجێکی بێوێنەی بۆ داڕشتنەوەی سیستەمی سیاسی لە ئێراندا پێک هێناوە. لە بارودۆخێکی ئاوادا، پێکهاتنی هاوپەیمانی لەنێوان لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی ئێراندا، دەبێت نەک هەر وەک کردەوەیەکی تاکتیکی، بەڵکوو وەک هەوڵێکی کارا، بۆ شوێندانان لەسەر پرۆسەی سیاسی و تێپەڕین بەرەو ئێرانێکی ئازاد و دێموکراتیک لە قەڵەم بدرێت.

ئەو هاوپەیمانییە، ئەگەر لە چوارچێوەی یاسای نێونەتەوەیی، مافەکانی مرۆڤ و ئەسڵەکانی دێموکراسیدا سیاسەت بکات، دەتوانێت ڕۆڵێکی گەورە بگێڕێت. واتە بەرگری لە داخوازییە نەتەوەییەکانی نەتەوەی کورد و کۆمەک بە چوونەپێشی دێموکراسیخوازانە لە ئێراندا بکات. هەرچەشنە هاوپەیمانییەکی سیاسی تەنیا ئەوکاتە دەتوانێت شوێندانەر بێت کە سێ کارکردی هەبێت: یەکێتیی نێوخۆیی، شەرعییەتی یاسایی و توانای مانۆڕدانی نەتەوەیی و سەرتاسەری. جا ئەگەر هاوپەیمانیی کوردستانی بتوانێت لە چوارچێوەی ئەو ئەسڵانەدا هەڵسوڕێت، دەتوانێت ببێتە هێزێکی کاریگەر لەسەر وەزعی ئێستا و داهاتووی ئێران.

کۆمەڵگەی کوردی لە کوردستانی ئێران بۆ ماوەیەکی زۆر و دوورودرێژ لەگەڵ پرشوبڵاوی و ململانێی ئایدیۆلۆژی و فشار و سەرکوتی سیاسی و ئەمنییەتیدا دەستەویەخە بووە، بۆیە پێکهاتنی هاوپەیمانیی کوردستانی لە نێوان ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستاندا، پەیامێکی ڕوون بۆ خەڵکی کوردستان و کاراکتەرە ناوچەیی و نێونەتەوەییەکان دەنێرێت. ئەو پەیامە بریتییە لەوە کە کوردەکان نەک هەر نایانهەوێت پشێوی و ناسەقامگیری و شەڕ و ئاژاوە دروست بێت، بەڵکوو ئەوان لایەنگر و خوازیاری دروستبوونی چوارچێوەیەکی سیاسیی ئەوتۆن کە دەرفەتی ئەوەیان بۆ بخوڵقێنێت بتوانن لە دامەزراندن و سەقامگیرکردنی سیستەمێکی دێموکراتیکدا لە ئێراندا، ڕۆڵی خۆیان بگێڕن.

ئێران کۆنڤانسیۆنی مافە مەدەنی و سیاسییەکان و کۆنڤانسیۆنی مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی ئیمزا کردووە. ماددەی یەکەمی هەردووکی ئەو پەیماننامەیە، مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەکان بەدەستی خۆیان بە ڕەسمی دەناسێت.

ئەگەر هاوپەیمانیی کوردستانی بتوانێت، داخوازییەکانی نەتەوەی کورد لە چوارچێوەی ئەو ئەسڵە پەسندکراوە جیهانییانەدا بێنێتە گۆڕێ، پرسی کورد و چارەسەرییەکەی نەک هەر وەک "هەڕەشە" هەژمار ناکرێت، بەڵکوو وەک "دابین و دەستەبەرکردنی تەعەهودی نێونەتەوەیی" دەوڵەتی ئێران لە قەڵەم دەدرێت. ئەوەش بۆخۆی ئاڵوگۆڕێکی گەورە لە ڕیتۆریک و زمانی سیاسەتی کوردیدا پێک دێنێت.

ئەزموونی وڵاتانی ناوچەکە ئەوە نیشان دەدات کە ڕووخانی ڕێژیمە دیکتاتۆرەکان، بەبێ حزووری حیزب و لایەنە سیاسییە بەرپرسەکان، ڕەنگە ببێتە هۆی سەرهەڵدانی پشێوی و ئاژاوە. لە وەزعێکی ئاوادا پێکهاتنی هاوپەیمانییەک کە پێ لەسەر دابینکردنی ئاسایش و ئەمنییەت و نەزمی مەدەنی و گواستنەوەی دەسەڵات بە شێوەیەکی بەرپرسانە دادەگرێت، دەتوانێت دەستەبەری دابینکردنی ئەمنییەت و ئاسایش لە کوردستاندا بکات.

ئەگەر کوردستان، لە قۆناغی تێپەڕین و گواستنەوەدا بۆ سیستەمی تازە، بتوانێت نموونە و مۆدێلێکی سەرکەوتوو و دێموکراتیک لە دەسەڵاتی ناوچەیی و خۆجێیی، سەروەریی یاسا، ئیدارەیەکی هاوبەش و مەدەنی بەدەستەوە بدات، ئەوە نەک هەر لە بەرژەوەندی و قازانجی خەڵکی کوردستاندایە، بەڵکوو ئەو پەیامەش بە سەرتاسەری ئێران دەدات کە ناوەندییەت (دیسانتراڵیزاسیۆن) و دابەشکردنی دەسەڵات نەک هەر نابێتە مایەی پشێوی، بەڵکوو دەبێتە هۆی سەقامگیریی سیاسی.

یەکێک لە گرفتەکانی سیاسەتی ئێران بریتییە لە حاشاکردن لە دیارەی فرەنەتەوەیی. واقیع ئەوە نیشان دەدات کە ئێران وڵاتێکی فرەنەتەوەیە. نەتەوەکانی نیشتەجێی ئێران خاوەنی مێژوو و فەرهەنگ و زمان و داب و نەریت و ناسنامەی تایبەتیی خۆیانن، بۆیە قبووڵکردنی ئەو ڕاستییە کە ئێران وڵاتێکی فرەنەتەوەیە، پێشمەرجی سەقامگیریی سیاسییە لەو وڵاتەدا.

یاسای نێونەتەوەیی جیاوازی لە نێوان "مافی دیاریکردنی چارەنووسی دەرەکی" (جودایی) و "مافی دیاریکردنی چارەنووسی نێوخۆیی" (خۆبەڕێوەبەری و فیدراڵیزم) دادەنێت. هاوپەیمانیی کوردستانی بۆ چارەسەری پرسی کورد لە ئێراندا دەتوانێت پێ لەسەر پیادەکردنی "مافی دیاریکردنی چارەنووسی نێوخۆیی" دابگرێت. واتە مافی خەڵکی کوردستان بۆ ئیدارەکردنی کاروباری ناوچەیی، پەروەردە و فێرکردن بە زمانی دایک، بەشداریی کاریگەر لە کاروباری حکومەتی ناوەندیدا، بەهرەمەندبوونی دادپەروەرانە لە سەرچاوە سروشتییەکان و سەروەت و سامانی وڵات. هەموو ئەو داخوازییانە لە چوارچێوەی ئێران و حاکمییەت و سەروەریی سیاسیی ئێراندا ئیمکانی دەستەبەرکردنیان هەیە.

یەکێک لە هەستیارترین و گرنگترین ڕۆڵەکانی ئەو هاوپەیمانییە بریتییە لەوەی کە دەبێتە پردێکی سیاسی لە نێوان کوردستان و هێزە سیاسییە سەرتاسەرییەکاندا. دەبێت ئەوە بزانین کە یەکێتی و هاوئاهەنگی و تەبایی نێوخۆیی لە کوردستاندا، هێز و توانای کورد بۆ دانوستان لە ئاستی سەرتاسەریدا زیاتر دەکات.

لە فەزای سیاسیی ئێراندا بە شێوەیەکی ئاسایی هەر چەشنە هێنانەگۆڕێی داخوازییە سیاسییەکانی خەڵکی کوردستان بە جۆرێک لە جیاوازیخوازی دادەنرێت. هاوپەیمانیی کوردستانی دەتوانێت لە ڕێگەی گرتنەپێشی ئەو میکانیزمانە، ئەو چەشنە نیگەرانییانە کەم کاتەوە یان ئەو جۆرە ئیدیعایانە بەرپەرچ بداتەوە. لە دەورانی تێپەڕیندا، ئەگەر دامەزراوە سیاسییەکانی کوردستان بتوانن لەسەر ئەسڵ و پرەنسیپەکانی وەک وەڵامدەرەوەبوون، بەرپرسیارێتی قبووڵکردن، سەروەریی یاسا و شەفافیەت کار بکەن، کوردستان دەتوانێت ببێتە سەرمەشقێک بۆ هەموو ئێران.

لە جیهانی ئەمڕۆدا، شەرعییەتی نێوخۆیی بە پرستیژ و ئیعتیباری نێونەتەوەییەوە گرێ دراوە. ئەگەر هاوپەیمانیی کوردستانی گوتاری خۆی لە چوارچێوەی یاسا و عورفی نێونەتەوەییدا بەرێتە پێش، دەتوانێت پشتیوانی و هاوپێوەندییەکی سیاسی و ئەخلاقیی بەرین لە ئاستی دەرەوەدا بۆ لای خۆی ڕاکێشێت.

بایەخ و گرنگیی پێکهاتنی ئەو هاوپەیمانییە تەنیا هەر پەیوەندیی بە کوردستانەوە نییە. ئەگەر بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە لە دەورانی تێپەڕیندا بتوانێت ئەرکەکانی خۆی بەڕێوە بەرێت، ئەوە نیشان دەدات کە: ناوەندییەت دەتوانێت پێش بە کەڵەکەبوونی ئیمکانات و کۆبوونەوەی لە ڕادەبەدەری دەسەڵات لە ناوەند بگرێت. لەوەش زیاتر بەشداریی ڕاستەقینەی خەڵکی کوردستان لە پرۆسەی سیاسیی سەرتاسەریدا سەرمایەیەکی گەورەی سیاسی بۆ سیستەمی تازە دەستەبەر دەکات. ئاخر قبووڵکردنی فرەکولتووری و فرەفەرهەنگی، دەتوانێت یەکێتی و هاوپێوەندیی نەتەوەیی و سەرتاسەری لە ئێراندا لەسەر بناغەی ڕەزامەندی، نەک زوڵم و زۆر، پێک بێنێت.

لە هەلومەرجێکی ئاوادا، پرسی نەتەوەکانی ژێرستەمی ئێران، وەک کورد، بەلووچ، عەرەب و تورک، لەبری ئەوەی ببێتە سەرچاوە و مایەی شەڕ و کێشە و ناکۆکیی سیاسی، دەبێتە دەرفەتێک بۆ داڕشتنەوەی سەرلەنوێی "پەیماننامەی کۆمەڵایەتی" لە ئێرانی ئازاد و دێموکراتیکدا.