کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پاش وەرگرتنی زانیاری لەمەڕ "هێرشی کۆتایی"؛ بژارەکانی ترامپ لە بەرانبەر ئێراندا کامانەن؟

11:07 - 18 بانەمەڕ 2726

ئیندێپێندێنت – جەیمز سی ڕەینۆڵدز

لە ئینگلیزییەوە: کەماڵ حەسەن‌پوور

لە کاتێکدا کە کێشەکە دوورە لە کۆتاییی فەرمی، دەڵێن وڵاتە یەکگرتووەکان خەریکی هەڵسەنگاندنی بژاردەکانە. بە گوێرەی هەواڵەکان، دۆناڵد ترامپ لە لایەن فەرماندە پلەبەرزەکانی سەربازییەوە لە ڕۆژی پێنجشەممە ٣٠ی مانگی ئاپریل (١٠ی بانەمەڕ) زانیاریی لەمەڕ بژارەکانی دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دژی ئێران بە ئامانجی ناچارکردنی ڕێژیم بۆ ڕێککەوتنێک بە مەبەستی کۆتاییی جەنگ پێ گەیشتووە.

لەگەڵ پێداگریی بەڕێوەبەرایەتییەکە کە ئاگربڕە لەرزۆکەکە بە شێوەی کاریگەر دوژمنایەتییەکانی نێوان دوو لایەنی "کۆتایی پێ‌هێناوە،" بە گوێرەی کەسانی خاوەن زانیاری، گفتوگۆکانی پشت دەرگا داخراوەکان گەڕاوەتەوە بۆ بۆمبارانکردنی ئێران. سەرچاوەکانی خاوەن زانیاری لەمەڕ گفتوگۆکان بە "ئاکسیۆس"یان گوت: ناوەندی فەرماندەیی وڵاتە یەکگرتووەکان پلانێکی بۆ شەپۆلێکی "کورت و بەهێز" لە هێرش بۆ سەر ئێران، کە وێدەچێ ژێرخانەکان بە ئامانج بگرێت، پێشکەش کردووە.

بە گوێرەی هەواڵەکان بژارەی دیکەش کە بیری لێ کراوەتەوە، ئۆپەراسیۆنی هێزە تایبەتەکان بۆ دەستبەسەرداگرتنی یەدەگی ئۆرانیۆمی پیتێنراو تا پلەی بەرز بووە. وڵاتە یەکگرتووەکان هێزێکی بەرچاوی دەریایی و هەزاران سەربازی لە ناوچەکەدا هەن. لە کاتێکدا ترامپ دەڵێ پێیوایە گەمارۆی هەنووکەیی وڵاتە یەکگرتووەکان بۆ سەر کەشتیوانیی ئێرانی کە ڕەچاوی دەکات گەلێک لە هێرش کاریگەرترە، چوونەسەری نرخی سووتەمەنی لە نێوخۆی ئەمریکا گوشارێکی زۆر دەخاتە سەر بەڕێوەبەرایەتییەکەی بۆ تێپەڕین لە دۆخی چەقبەستووی ئێستا و کۆتاییهێنان بە جەنگ. لەگەڵ هەڕەشەی ئێران بۆ بەرپەچدانەوەی توندی هەر جۆرە کردەوەیەکی سەربازیی نوێی وڵاتە یەکگرتووەکان، ئیندیپێندێنت پێداچوونەوەیەک بە بژارەکانی ترامپ بۆ گوشارخستنە سەر ئێران دەکات.

هێرشی سەربازی

وڵاتە یەکگرتووەکان بنکەی سەربازیی ستراتیژیی لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و توانایی هاویشتنی هاژەکی لە پاپۆڕە جەنگییەکانیەوە لە ناوچەکەدا هەن. ئەگەرچی پاپۆڕی فڕۆکەهەڵگری "یو ئێس ئێس جێڕاڵد ڕ. فۆرد" ئامادەی کشانەوە لە ناوچەکەیە، ژمارەیەکی زۆر توانایی سەربازیی هێزی دەریایی لە ناوچەکەدا بەو مانایەن کە پاپۆڕەکانی و ژێردەریایییەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان دەتوانن لە سەدان مایل ئەولاترەوە هاژەک ئاراستەی ئامانجەکانی ئێران بکەن.

وڵاتە یەکگرتووەکان هەروەها ئەنباری بەرچاوی هاژەکی زەمینی و سیستەمی تۆپخانەی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەن و بۆمبهاوێژەکان دەتوانن لە سەرانسەری ناوچەکەوە هێرشی بەرچاو ئاراستە بکەن. بە گوێرەی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژیک و نێودەوڵەتییەکان لە واشینگتۆن، هێرشە تۆڵەئەستێنەکانی ئێران لە کاتی کێشە پێنج هەفتەیییەکەدا کەلێنی بەرگریی ئاسمانیی ئاشکرا کرد و کەلوپەلی سەربازیی وڵاتە یەکگرتووەکان بایی ٢.٣ هەتا ٢.٨ میلیارد دۆلار لەناو چوون.

بەڵام لێکۆڵینەوەیەک لە حەوت چەک کە مانگی ڕابردوو بڵاو کرایەوە، بەو ئاکامە گەیشت کە وڵاتە یەکگرتووەکان هێندەی هاژەک هەن کە بتوانێت "لە کاتی هەر جۆرە سیناریۆیەکدا" درێژە بە جەنگ بدات. ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژیک و نێودەوڵەتییەکان مەزەندە دەکات کە یەدەگی هاژەکی تۆماهۆکی وڵاتە یەکگرتووەکان کە دەکرێت هەم لە دەریاوە و هەروەها لە وشکانییەوە ئاراستە بکرێن، پێش قەیرانەکە ٣٠٠٠ دانە بوون کە یەک لەسەر سێی ئەم ڕێژەیە کەڵکیان لێ وەرگیراوە. چاوەڕوان دەکرێت ئەمساڵ و ساڵی داهاتوو ژمارەیەکی زۆرتر ڕادەستی سپای ئەمریکا بکرێن. تەنانەت ئەگەر ئەوە ڕاستیش بێت، وڵاتە یەکگرتووەکان هەزاران جێگرەوەی هەرزانتری هەن، لەوانیاندا ١٤٠-١٨٠ هەزار بەستەی JDAM، کە توانایی پێکانی دروستی ئامانجەکان بە بۆمبی "گەمژە" دەدات.

کاربەدەستێکی پلەبەرزی سپای پاسدارانی ئێران گوتی هەر هێرشێکی نوێی وڵاتە یەکگرتووەکان دژی ئێران، تەنانەت سنوورداریش، دەبێتە هۆی دەستپێکی "هێرشی درێژمەودا و بەژان" بۆ سەر بنکە ناوچەیییەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان. هەواڵدەرییەکانی ئێران لە زمان فەرماندەی هێزی ئاسمانی مەجید مووسەوی دەگێڕنەوە کە گوتوویەتی: "ئێمە دیتوومانە بنکە ناوچەیییەکانیان تووشی چ چارەنووسێک بوون، ئێمە دەبینین هەمان شت تووشی پاپۆڕە جەنگییەکانیان بێت."

هێرشی زەمینی

لەو کاتەوەی کێشەکە دەستی پێکرد، وڵاتە یەکگرتووەکان هەزاران سەربازی گواستووەتەوە و تێکەڵی نزیکەی ٤٠ هەزار ئەندامی هێزە سەربازییەکان بوون کە پێشتر لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست جێگیر کرابوون. لە کاتێکدا کە دابەزاندنی هێزی سەربازی لەسەر خاکی ئێران هێشتا لە ڕوانگەی دەنگدەرانی وڵاتە یەکگرتووەکانەوە ناخۆشەویستە، ترامپ ئاماژەی بەوە کردووە کە هێزەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان دەتوانن بۆ ئۆپەراسیۆنی سنووردار بۆ گرتنی دوورگە بچووکەکانی ئێران بە مەبەستی کۆنتڕۆڵی دەستڕاگەیشتن بە گەرووی هۆرمۆز کەڵکیان لێ وەربگیرێت.

لە کاتی هێرشی پێشوودا، بە گوێرەی هەواڵەکان لە کاتی زانیاریدان بە سەرۆک‌کۆمار، دوورگەی قێشم وەک ئامانجێک بۆ هێرشی زەمینی بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی ئێران بەسەر گەرووی هۆرمۆزەوە و هەروەها دوورگەی خارگ وەک خاڵی سەرەکیی هەناردەکردنی نەوتی ئێران باسیان لێوە کراوە. ئەم دوورگەیە بە ڕووبەری ٥٥٨ مایلەوە لە دەرەوەی خاکی سەرەکیی ئێران هەڵکەوتووە و "شارێکی" ژێرزەمینیی هاژەکەکانی لێ دروست کراوە و بۆ هێرش بۆ سەر پاپۆڕەکان لە ڕێڕەوی دەریاییدا کەڵکی لێ وەرگیراوە.

دوورگەی قێشم: پاپۆڕی فڕۆکەهەڵگری ئێران بۆ پاسەوانیی گەرووی هۆرمز کە ناتوانرێ نوقمی دەریا بکرێت.

 بە گوتەی جان کەسەپئۆغڵو، لێکۆڵەرێکی بەرگری، وێنەی مانگی دەستکرد پیشان دەدەن ئێران "ژمارەیەکی بەرچاو هاژەکی دژەپاپۆڕ کە لە ژێرزەوییەوە ئاراستە دەکرێن لە قێشم" جێگیر کردوون. لە کۆتایییەکانی مانگی مارس ، لەگەڵ بەڕێوەچوونی جەنگ، ناوبراو لە ئەنستیتۆی هادسۆن (ناوەندێکی توێژینەوەی کۆنەپارێز لە واشینگتۆن) نووسی: "هەر هەڵمەتێکی وڵاتە یەکگرتووەکان لە ناوچەکە وێدەچێت بۆ سەر دوو دوورگەی یەکلاکەرەوە بەڕێوە بچێت: خارگ و قێشم." دوورگەی خارگ شوێنی هەناردەکردنی ٩٠٪ی نەوتی ئێرانە، ئەگەرچی گەمارۆی سەربازیی وڵاتە یەکگرتووەکان تا ڕادەیەکی زۆر چالاکیی بازرگانی بەرەو ئێران و بە پێچەوانەی ڕاگرتووە.

گەمارۆی بەردەوامی وڵاتە یەکگرتووەکان

دۆناڵد ترامپ ئەم هەفتەیە بە ئاکسیۆسی گوتووە ئەو هێشتا گەمارۆکە وەک "کارێکی کاریگەرتر لە بۆمبارانکردن" سەیر دەکات، ئەمە نیشانەیەکە کە ڕەنگبێ بەو مانایە بێت ناوبراو خوازیاری پاراستنی دۆخی ئێستا بێت، کە ئەو دەڵێت ڕۆژانە تێچووی ٥٠٠ میلیۆن دۆلاری بۆ ئێران بەدواوەیە.

بە گوێرەی "ڤۆرتێکسا" (کۆمپانیایەکی لێکۆڵینەوەی نەوت)، ژمارەی پاپۆڕە نەوتهەڵگرەکانی ئێران کە کەنداوی عوممانیان لە ١٣ تا ٢٥ی ئاپریل جێهێشتووە، لە بەراورد لەگەڵ هەمان مەودا لە مانگی مارسدا، ٨٠٪ دابەزیوە. لەگەڵ بەردەوامبوونی گەمارۆی دەریایی، ئابووریی پشتبەستوو بە نەوتی ئێران تووشی نەهامەتی بووە و دراوی ئێران (ڕیاڵ) لە بەرانبەر دۆلاری ئەمریکادا، لە ڕۆژی چوارشەممە تا ئاستێکی پێوانەیی دابەزیوە.

چوونەسەری نرخی نەوت و پێداویستییەکانی دیکە لەبەر بەستنی گەرووی هۆرمۆز لە لایەن ئێرانەوە، هەروەها بووەتە هۆی چوونەسەری گوشاری سیاسی و ئابووری لە وڵاتە یەکگرتووەکان. بە گوتەی پاتریک دێهان، سەرۆکی کۆمپانیای لێکۆڵینەوەی نەوت بە ناوی "گاس بادی" کە ڕۆژانە نرخی بەنزین بڵاو دەکاتەوە، هەڵاوسانی نرخی بەنزین بووەتە هۆی چوونەسەری ڕۆژانەی تێچووی ٣٠٠-٤٥٠ میلیۆن دۆلار بۆ خەڵکی ئەمریکا.

دکتۆر ڤالێنتین بۆبۆک، ئابووریناسی پلەبەرزی ئەنستیتۆی توێژینەوەی کاروباری ئابووری، بە ئیندیپێندێنتی گوت کە تێچووی وڵاتە یەکگرتووەکان "زۆرتر سیاسی" دەبێت، بە نرخی بەنزین لە نێوخۆ وەک "بەرپرسیارێتیی گرنگ" لە هەڵبژاردنەکانی نیوەی دەورەی بەڕێوەبەرایەتی لە مانگی نۆڤەمبەردا. ئەو گوتی لە لایەکی دیکەوە، هاوپەیمانانی کەنداو ڕەنگبێ لەبەر نەبوونی ئاسایشی دەریایی درێژخایەن بێ‌ئۆقرە بن.

داوای یارمەتی لە هاوپەیمانە ئورووپاییەکان

ترامپ بەردەوام ڕەخنەی لە هاوپەیمانەکانی لە ناتۆدا گرتووە کە لە تێوەگلان لە جەنگدا دوودڵن. لەم دواییانەدا پێنتاگۆن باسی سزادانی ئەم هاوپەیمانانەی کردووە کە لە ڕوانگەی پێنتاگۆنەوە پشتگیرییان لە ئۆپەراسیۆنەکانی وڵاتە یەکگرتووەکانیان نەکردووە، لەوانیاندا هەڵپەساردنی ئەندامەتیی ئیسپانیا و پێداچوونەوە بە دانپێدانانی وڵاتە یەکگرتووەکان بە دوورگەکانی فالکلاند وەک موڵکی بەریتانیا.

ئەمە ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێت، بێتوو واشینگتۆن بەو ئاکامە بگات کە پێویستی بە پشتگیریی ئورووپاییەکان بۆ کردنەوەی گەرووی هۆرمۆز دەبێت، لە کاتێکدا ئێران باسی درێژەدان بە کۆنتڕۆڵ بەسەر گەرووی هۆرمۆزەوە دوای کۆتاییی جەنگ کردووە. لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، بەریتانیا و فەڕانسە پێکەوە دەیان وڵاتیان بۆ باس لەسەر یارمەتیدان بە هاوپەیمانییەک کۆ کردووەتەوە تا یارمەتیدەری دڵنیابوون لە تێپەڕینی بێ گیروگرفت بە گەرووی هۆرمۆزدا بن، بەڵام تەنیا دوای کۆتاییی کێشەکە.

بە گوێرەی "والستریت ژۆرناڵ"، ئێستا وڵاتە یەکگرتووەکان داوای پشتگیریی وڵاتانی دیکەی بۆ پەیوەستبوون بە هاوپەیمانییەکی هاوشێوە بۆ سنووردارکردنی دەستڕۆیشتوویی ئێران پاش کۆتاییی جەنگ کردووە. والستریت ژۆرناڵ، بە ئاماژە بە لێدوانێکی نێوخۆییی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی وڵاتە یەکگرتووەکان گوتی: هاوپەیمانییە پێشنیارکراوەکە، کە ناوی "دامەزراوەی ئازادیی دەریایی" لێنراوە، زانیاری هاوبەش دەکات، هەوڵە سیاسییەکان ڕێک دەخات و یارمەتیدەری جێبەجێکردنی گەمارۆکان دەبێت.

لە لێدوانەکەدا هاتووە: "دامەزراوەی ئازادیی دەریایی وەک یەکەم هەنگاوی گرنگ بۆ دامەزراندنی ئاسایشی دەریایی دوای جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەبێت. ئەم چوارچێوەیە بۆ دڵنیابوون لە ئاسایشی درێژخایەنی وزە، پارێزگاری لە ژێرخانی گرنگی دەریایی و پاراستنی ماف و ئازادییەکانی کەشتیوانی لە ڕێڕەوە دەریاییە ژینەکییەکان فرە گرنگە."

لەگەڵ ئەوەشدا، هیچ نیشانەیەک لە ویستی هاوپەیمانانی ئەمریکا بۆ پەیوەستبوون بە هێرش بۆ سەر ئێران بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە دۆخی چەقبەستووی ئێستا لەبەر دەستدا نییە.